بیرەوەری ٢٤ پێشەنگ. نووسینی: ئەحمەد حوسێنی

هێندێک لە ئۆرگانەکانی حیزبی شێوەکارێکی تایبەت بە خۆیان هەبوو بۆ گەڕانەوە لە گەرمێنەوە بۆ کوێستان و دەسپێکی هەوڵێکی نوێ لە تیکۆشان هەر وەها بۆ ڕایی کردنی ئەرکی حیزبی دوو شێوە کار باو بوو کە سەرنجی زیاتریان دەخرایە سەر، شەڕی چەکداری و کاری تەشکیلاتی، هەر دوو بەش هەم گرینگ بوون و هەم پێویست , لە هەمان کات دا تەواوکەری یەکتر.

مەڵبەندی دوو یەک لەو دەگمەن مەڵبەند و کۆمیتانە بوین کە بەرلە گەڕانەوەی تێکڕای کادر و پێشمەرگەکان ، پێش وەختە تیمی تێکەڵاوی کادر و پێشمەرگەمان لە ناوخۆی وڵات حزوری پەیدا دەکرد،(پێشەنگ) کەلێن و قوژبنی دەپشکنی وبە دوای سەرەداوەکان دا دەگەڕا.

هەوڵی ئەوەی ئەدا کروکیەک لە لەسەر هەل و مەرجی ناوچەی تێکۆشان و بەرنامەی دوژمن و هەر زانیاریەک پێویست بوایە ، هەم لە خەڵک و هەم لە ئەندام و لایەنگرانی حیزب کۆبکاتەوە ، کاتی گەرانەوەی بەرپرسان لە سەر ئەو زانیاریانە تەرح و بەرنامەی خۆیان گەڵاڵە دەکرد و بەرچاو ڕوونیەکی باش بوو، بۆ داڕشتنی چۆنیەتی کار و ئەولەویەتەکانی ئەو ساڵە بۆ ئەرکە هەنوکەییەکان .

ساڵی ١٣٦٦ وەک پێش قەڕەوڵ و نزیکی مانگێک پێش گەڕانەوەی مەڵبەند، خۆمان گەیاندە ناوچەی تێکۆشانمان ، کە بریتی بوین لەم کەسانە، ئیقباڵ بەیگی- عەلی ئەمینی- عەبەی مەسعودی – تایر عوسمانی – هیوا گوڵ محەمەدی – ڕەحمان مورتزازادە ،–باقی ئەمینی- حامید عەبدەوی- ئەحمەد حسەینی- تۆفیق ئەڵماسی – حەسەن قەبەغڵوویی.

ئەو ساڵە مەڵبەندی یەک و مەڵبەندی دوو و کۆمیتەکانی بۆکان و بەشێک لە کۆمیتەی مهاباد پێکەوە گەڕابوونەوە دەیان و سەدان پێشمەرگە دەبوون ، لە سنوری ناوچەی مهاباد بوون کە تەماسیان لە گەڵ گرتین بچین بە یارمەتیانەوە و چاوساخیان بکەین بۆ شوێنی تێکۆشان.

بە دەم زەردەی خۆرەوە لە بەرزە شاخی (قوتەی حەمەشۆخ ) زاڵ بە سەر ئاواییەکانی میرەدێ – قۆڕەدەرە- سیادەری خواروو- تەمووتە، قەبەغڵووجە، چاوەدێری ڕێگای سەقز – بانەمان دەکرد ،بۆ ئەوەی کاتی پەڕینەوە لە جادە تووشی کەمینی دوژمن نەبین، لەو ڕاونینەدا بۆمان دەرکەوت کە ‌هێزیکی زۆر بە دەیان ماشێن ڕوو بە ئاوییەکانی، وزمەڵێ و داراوێ و مێرگەنەخشینە ، شێخ چۆپان دەکەن ، ئێمە هاوڕێکانمان ئاگادار کردوە کە حاڵەتێکی ئاوا هەیە ئەگەر ئێوە نایەنە شوێنی مەبەست ( سەرتوون ) ئێمە بەو هێزە کەمەوە خۆمان لە قەرەی ئەو هێزە زۆرەی دوژمن نادەین! وتیان ئێوە وەرن ئێمەش دێین.

شەو حەرەکەتمان کرد و لە جادەی سەقز -بانە پەڕینەوە دەورو بەری سەعاتی یەک بۆ دووی نیوە شەو گەیشتینە پشتی ئاوایی خافورەدێ دیتمان شەوقێکی کزی لەنتەر ئاسا لە ناو مزگەوتەکەوە دیارە ، نەفەرێک دەبیندرێ کە هاتوو چوو دەکات ، هەڵوێستەیەکمان کرد و سەرنجمان خستە سەر، بە باشی لێمان ڕوون نەبوو چکارەیە؟ مەشکووک کەوتین، بە هێواشی لە هاوڕێکانم پرسی؟ گومانتان بۆ چی دەچێ ؟ عەلی ڕەش وتی وابزانم فەقێ یە دەور دەکاتەوە ، هەر چەند زۆر دڵنیا نەبوین ، بەڵام چونکە هەموومان هیلاک بوین بە دوودڵی و دڕدۆنگی و بە نابەدڵی باوەڕمان بە خۆمان هێنا.

ڕوومان لە موچەی ماڵێک کرد کوڕەکەیان یەکێک لە بەر پرسانی یەکەمی (ک )بوو ! لەو ناوچە و شەڕی توندیش لە و کاتەدا لە نێوانمان دا هەبوو.

بەڵام لە دڵسۆزیان گومان مان نەبوو، هەر دولامان باش یەکترمان دەناسی ئەوەندەی ڕێمان لەو گوندە بکەوتایە سەردانم دەکردن، گەیشتینە ئەو شوێنەو دیتم کوڕێکیان شوانە و مێگەلە مەڕی پێ یە و شەو بێدارە، . قسەم لە گەڵ کرد و وتم ئێمە ماندوین ، ئەخەوین، ئەگەر شتێکت هەست پێ کرد ئاگادارمان کە ؟! وتی زۆر چاکە.

کیسە خەومان ڕاخستن بە نیازی خەوتن ،لە پەنامانەوە خوڕەی ئاوی سازگاری کوێستانی سەرتوون بە شیوەڵێک دا دەهاتە خوار ، ویستم ددانم بشۆرم ، خەمیری ددانم پێ نەمابوو، داوام لە هیوا گوڵ محەمەدی کرد وتم خەمیر ددانت پێ یە ؟ بەڵێ ! دایە دەستم و ددانم شۆرد، هەر چی میسواکم بە ددانم دا دێنا کەفی هەڵ نەدەخست ، دوای شۆردنی ددانم خەمیرەکەم دایەوە دەستی ، هەستم کرد دەم و ددانم چەورە، تێگەیشتم لە جیاتی خەمیری ددان کرێمی دەس وپلی داومەتێ لە بەر تاریکی هەستی پێ نەکردوە.

شەبەقی بەیانی شوانەکە هات هەڵی ساندین ، وتی هەستن ها پاسدار بەرە و لوتکەی سەرتوون هەڵدەکشێن! ئێمە لەچاڵایی دا بوین و ئەوان بە تیرەگە شانێک دا ڕێک بەرە بەرزاییی سەرتوون دەرۆیشتن ،هەستیان بە بوونی ئێمە لەو شوێنە نەکردبوو، چونکە جێگەمان نەوی و نسێ بوو ، بەڵام ئەوان لە بەرزایی باش دەبینران، بە گورجی خۆمان پێچایەوە بە خێرایی بەرە و لوتکە هەڵکشاین تا ئێمە گەیشتین ئەوان دەستی خۆیان پێش خست و بەرزاییان گرت بە بێ ئەوەی هەبوونی ئێمەیان هەست پێ کردبێ.

ئیمە مەجبوور لە گڕە بەردێکی بن شاخی سەرتوون لە ژێر چاوەدێری پاسداران دا ماینەوە ، بە جوانی ئەوانمان دەدیت تیشکی خۆر لە چەکەکانی دەدان و بریقەیان دەدایەوە،بە ئیشتیای خۆیان ئەم بەرد و ئەو بەردیان دەکرد، دڵ خۆش لەوەی بە بێ گرفت لوتکەی بەرزی سەرتوونیان دەست بە سەر دا گرتوە ، بێ خەبەر لەوەی بە چەکی کڵاشێنکۆف دەتوانین بیان ئەنگێوین.

لە گەڵ هاوڕێکانمان تەماسمان گرت و وتمان لە کوێن ؟ وڵامیان دایەوە هەر لە شوێنی ڕۆژی ڕابردووی خۆمان زەمین گیر بوین و هێزێکی یەگجار زۆری دوژمن شاخ و دۆڵ و بەرزاییەکانی گرتوە و خۆمان حەشار داوە بۆ ئەوەی دەرگیر نەبین.

ئەو هێرشە لە ئەسڵ دا بۆ هێزە گەورەکە بوو کە لە چۆمی کەڵوێ پەڕیبوونەوە و دوژمن لە ناوچەی پیرانشار و سەردەشتەوە بۆیان لە کەمین دابوو ، کە زانیبوی دەرباز بوون ویستی لە سنوری ناوچەکانی سەقز- بۆکان و مهابادەوە بەریان پێ بگرێ پێش ئەوەی بگەنە قووڵایی تووشی شەڕ و دەرگیریان بکات و بە ئاسانی نەتوانن لە ناوچەی تێکۆشانیان واتە قووڵایی خاکی کوردستان دەست بە جموجووڵ بکەن ئێمەش وەزعی خۆمان مان بۆ هاوڕێکانمان باس کرد.

ئەو ساڵە کاتی گەڕانەوە بێسیمەکەم عەیبێکی چووکەی لێ پەیدا ببو ، وەستا ئەحمەدی کوهگەرد فەرماندەری هێزی بەیان وتی بێنە بۆت چاک بکەم ،دامە دەستی ىڕێ دەسکاری کرد و سیمێکی بە ئەندازەی قولانجێک لێ وەسل کردبوو ، دەبوو هەمو جارێ لە ئانتینەکەم دابا پاشان دەنگی بەڕێ دەکرد جاری وابوو لە بیرم دەچوو گرفتی بۆ دروست دەکردم، هیچ دەنگ نەدەرۆشت (ڕەسوڵ قۆرخی لە موخابراتی ناوەندی ڕاپۆرتی بەرز کردبوەوە لە سەر دەسکاری بێسیم)دواتر دەفتەری سیاسی پەیامیان دابوو بۆ کۆمیتەی بۆکان بە وەستا ئەحمەد بڵێن دەسکاری بێسیمەکان نەکات.

ئێمە هەر لە نزیک پاسدارەکان خۆمان مەڵاس دابوو، هەڵس و کەوتیانمان لە ژێر چاوەدێری گرتبوون ،شوێنەکەمان زۆر تەنگە بەر و چووکە بوو، دوازدە کەس بوین لە گڕە بەردێکی پەنجا بۆ شەست میتری خۆمان جێگیر کردبوو، لە سەعاتی یەکی نیوەڕۆ پاسدار بێ ئەوەی بە ئێمە بزانن نزیکەی دە بۆ دوازدە کەسێک چەکەکانیان هەر بە شانیانەوە بوو، بێ خەم بە دەم قسە کردن و پێکەنینەوە، ڕاست هاتنەوە خوار بۆ سەر سەری ئێمە .

باقی دیواندەرە لە ڕیزی پێشەوە بوو ، هەر کە پاسدار گەیشتنە هەشت نۆ میتری هاواری کرد ئیست(ایست) و رەگباری کرد ، تیرەگە شانێک بوو خۆیان خست بەو دیو دا و کەوتنە نەدیوی ، شوێنەکەمان بە جۆرێک بوو تەنیا چەند کەسی پێشەوە دەیانتوانی تەقە بکەن ، وتم باقی چەند کەست کوشت ؟ وتی کەسم پێ نەکوژراو ، و خۆشم کوێر کرد ، یانی چی؟ وتی وەڵا نەمزانیوە چەکەکەم خان بڕ بوە هەمووی فیشيکەکان لە یەک میتری خۆم کەوتن.

بەمجۆرە پاسدار بە سڵامەتی بۆی درباز بوون ، شوێن مان ئاشکرا بوو، جاوەرە نۆرەی دوژمنە تۆپخانەی خستە کار ، لە یەکی نیوەڕۆ تا هەشتی شەو تۆپ و خومپارە و کاتیۆشا لە کار دابوون بەڵام شوێنیکی ئاستەم و باشمان هەبوو لە بەر هەڵدێری شوێنەکەمان زۆربەی تۆپ و خومپارەکان سەریان دەکرد و کەمتر بەر سەنگەرەکانمان دەکەوتن زیاتر مینی کاتیۆشاکان جارو بار سەنگەرەکانیان دەپێکا.

تەماسمان لە گەڵ هاوڕێکانمان گرت و وتمان ئاشکرا بوین و شەڕ دەستی پێ کردوە گەر دەتوانن وەرنە کۆمەکمان ، وتیان ئێمە دوورین وهیچمان لە دەست نایە و ناتوانین کۆمەکتان بۆ بنێرین،کاک حەمە نەزیف قادری پێی وتم شاخیان بشکێنن، لە بیرمە کاک ئەحمەد نستانی لە بەری ناوچەی ڕەبەت هاتە سەر خەت، وتی بە سواری ئەسپ چەند کەسێک بە تیربارەوە بنێرن با لە پشتەوە کۆمەکیان بکەن ئەوەشیان بۆ نەکرا.

شانس مان هەبوو لە دیوی بانەوە ، لای ئاوییەکانی ساوان و سەدبار هێزی دوژمن نەهاتبوون لە پشتەوە ئەرخەیان بوین لە سەعات یەکی نیوەڕۆ شەڕ درێژەی کێشا تا هەشتی ئێوارە زۆر چاک دیفاعمان کرد و ڕێگەی پێشڕەوی بە دوژمن نەدرا ،ئازایەتی ئەو پۆلە تێکۆشەرە بە من نانوسرێ، هەرچەند ئەوان ڕادەیان زۆر بوو لوتکەی بەرزی شاخی سەرتونیان بەدستەوە بوو، بەڵام نەمان هێشت پێشڕەوی بکەن و سەنگەرمان لێ داگیر کەن.

دەوروبەری سەعاتی پێنجی ئیوارە ئەو کرێمەی لە جیاتی خەمیر ددان دەم و دانم پێشۆرد بوو ئەوەندی پڵیتە هەڵ خست و دەستم پێدا هێنابوو تینوێتی فشاری بۆ هێنام کانیاویکی جوان و ئاوێکی ڕوون سەد میترێک لای خوارەومان بوو ، بەڵام ڕووتەن بوو لە دیدی پاسداران دا بوو نەمان دەتوانی بچین و ئاوی لێ بخۆینەوە، وابزانم ئەونەفەراتەی پاسدارەکانیش هەر بۆ سەر ئەو کانیاوە دەهاتن بە سەر ئێمەدا کەوتن

لێوەکانم وا باری بەستبوو تونیەتی فشاری بۆ هێنام .، تاقەت پڕوکێن بوو کە مەجبوور ی کردم لە جیاتی ئاو میزی خۆم بخۆمەوە ، هەر بۆ باس نابێ چ پەندێکم بە سەر هات وچاوەکانم بۆ ماوەیەک هیچی نەدەدی.

شەڕ بەردەوام بوون تا لانکە سێبەری ئێوارە بە سەردا هات ،خۆمان گەیاندە سەر کانیاوەکە دەممان لە کانی کوێستان ژەند و تا هەناسەمان بڕی کرد و ورگمان گرتی ئاومان خواردەوە ، بە هۆی چەکی خان بڕی باقیەوە ئەو پاسدارانەی هاتنە خوارەوە بە سەلامەت دەربازیان بوو و کەسی کوژراومان نەبینی هەردوو لامان بێ زیان ماینەوە

دوژمن هەر خەریکی جێ خۆش کردن و مانەوە لە شاخی سەرتوون بوو ئێمەش هاوڕێکانمان ئاگادار کرد و وتمان سەلامەتین تیمی( پێشەنگ دەبێ ئێرە بە جێ بێڵێ ) لە جادە دەپەڕینەوە و لەم ناوە خۆمان دوور دەخەینەوە، شەو چوینە ئاوایی کێلەشین و بۆ بەیانیەکەی لە داوێنی کێوی مەمەڵ خان لە هەوای سازگار و کانیاوی کوێستانی کێلەشینی نزیک گەردەنەی خان ڕاست ڕووبەڕووی شوێنی شەڕی رۆژی پێشوو ،نان و پێخۆری باشیان بۆ هێناین ، برینج و گۆشت و دۆی مەشکۆلەی ڕەش، (هەی لە ئەمڕۆ و هەی لە دوێنێ)، بە دەم نان و چایی خواردنەوە هەر تماشای جێگای شەڕی ڕۆژی ڕابردوی خۆمان دەکرد و هەر کەسەو لە بەر خۆیەوە شتی خۆشی لە شەڕەکە دەگێڕایەوە و بە چەکی خان بڕی باقی پێ دەکەنین ، ڕوداوەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی بەو شێوە بوون هەم تاڵ و هەم شیرین

تێبینی. (لەو تیمە ١٢کەسیە ناوی یەکێکیانم لە بیر نەماوە هیوادارم ئەو هاوڕێیانەی لە گەڵ بوون ناوەکەیم بیر بێننەوە بۆم بنوسن)

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت