ئاوایە ڕێگەی ئاشقان …کەریم فەرخەپوور

بۆ تەوارە تیژباڵەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانم!
کچانی بوێر و زیت و ئازای وڵاتی من، نەوبووک و نەونەمام، ژنانی پێشەنگ، ئێوەی یاغی لە فەرمانی شا و شازادەکان تەختی شاهانتان هەژاند. کۆشکی مەملەکەتی زۆردارتان لەرزاند. هێڵە سوورەکانی یاسای ئەهریمەنیتان بەزاند.

نەبوونە نێچیر و مەلی بەندی قەفەس، نەبوونە دیل و کۆیلە، ئازایانە کۆت و زنجیری دیلیتان پساند. لەگەڵ لێدانی سەمفۆنیای مەرگ، مەرگتان دەستەمۆ و بوێرانە لووتی لەمپەرتان شکاند. برووسکە ئاسا وەرزی وەیشوومەتان هەژاند. بوونە ترووسکەی خۆری حەقیقەت، نەپرینگانەوە لە شەختە و کڕێوە و باهۆز، زستانی تووشتان کردە بەهار و نەورۆز. بوونە گەردەلوولی پاپۆری ترس و، لەنێو جەرگەی شەپۆل و هەژاندا دروشمی ئازادی و ئازایەتیتان بە گوێجکەی کەڕی مێژوودا دا. پێنووس بە دەست فێری وانەی بەرەنگاریی بوون و ئاڵا بەدەست بوونە پێشەنگ و پێشمەرگە.

ئێوەی سەوداسەری ئازادی، چەک لە شان چوونە مەیدانی جەنگ و بوێرانە بۆ ئازادیی جەنگان. ئێوەی یاغی لە کەلتووری سەقەت، ئازایانە هاتنە مەیدانی گلان و هەستانەوە. لەگەل چەخماخەی شۆڕشی کورد دا، شکۆی ژنتان گەیاندە کەشکەڵان، سەرتان هەردەم لەنێو سەران، بەجێی بازنە و گەردانە قەتارەی فیشەکتان لە سینە و بەرۆک هاڵان. بوونە قەڵا و پشت و پشتیوان، بوونە هیوای بی دایک و هەتیوان، بوونە قەڵغان، بوونە پێشەنگ، مەشخەڵ بەدەست بەرەو ئاسۆی ئازادیی خرۆشان، بوونە مەرهەمی زامی حەسرەتی دڵی دایکی شەهید و پێشڕەوی کاروانی خەباتی فریادڕەسی بێنەوا و بێبەشان.

ژنان و کچانی سەرقافڵەی ئەم کاروانە، عەزیمە، سوڕەییا ، فاتمە، پەروین، زەروەشان خانمی دایکی شەهیدان، سوهەیلاکەی من و نەسرینی بناری هەیبە سوڵتان، لەیلاکەی زیندان، رووسوور و یاخی لە سوڵتان، نموونەن بۆ ئازایەتی و غروور و پێناسەتان.

دایکان و نەوبووکانی وڵاتی من دوای هەر کۆستێ هەڵدەستنەوە، کچانی سەوداسەری ئازادیی زێدەکەی من، بە هزر و هێزەوە، دوای گلان برووسکە ئاسا ڕادەبنەوە، دەبنەوە کڵپە و بڵێسەی سووری ئاگر و بەگژ تاریکی و جەهالەتدا دەچنەوە. بۆ ستاندنی هەق، بە دوای ڕزگاریی وەتەندا ڕێی سەختی تێکۆشان و نەسرەوتن دەپێون. تەلیسم و بەندی دێوەزمەی شەڕ دەڕمینن، خەو لەچاوی دژمن ودژبەر دەتارێنن.

تەوارەکانی وڵاتی خۆر ئاوازی ئازادیی دەچڕن، گیان دەبەخشن و ڕوح لە پێناو، ئازادیی بە خوێن دەکڕن. مات و سەرگەردان، دەستەوەستان بە خەیاڵی ئەستێرەی بەخت وچارەنووس دەستەوئەژنۆ دانانیشن، دەبنە مۆمی بەر پەنجەری هیوای هەموو ماڵێ، دەبنە گوڵی گوڵدانی بەرهەیوانی هەموو خانەلانێ، دەبنە ئەستێرەی ئاسمانی ئازادیی وڵات، لە کاکەشان دەدرەوشێنەوە هەتا شەوچرای ماڵە قوڕینەکانی شەوەزەنگی نیشتمان خامۆش نەبێ.

دوور لە سۆزی کوڕە حەیرانان ئاسکە ئاسا دەستەملانی چیا دەبن، ڕووسووریتان لەجێی پەچە و ڕووبەند، لە رووسووریتان خوێن لە جەرگی چیای سووتمان دەتکێ و پێنووس و چەک و بیر و باوەڕتان ئاوێتە و ئاوێزانی یەک دەبن. سروەی شەماڵ لەجێی هەناسەی دەزگیرانی دابڕاو و ونبووتان، لە ئەشقی نیشتماندا خاک دەکەنە دڵبەر و دڵدارتان، لە ئامێزی سەنگەردا، خوێن تارای سووری بووکێنی و خەنەی شەوی خەنەبەندانتان، قرمژنی چەک و گرمەی بۆمبا ئاواز و مۆسیقای شایی و زەماوەند و گۆڤەندتان.

ئەگەر گلان، نیشتمان خۆش، بەڵام دڵنیام ڕۆژێ باوەش بە باڵای گوڵستانی ئازادییدا دەکەن، پەیکەرێ لە باڵاتان چێ دەبێ و دەبێتە زیارەتگەی ئاشقان و ئەویندارانی نیشتمان. دەزگیرانی شەهید لە نێرگزەجاڕی ئاگری و بیستوون و موکریان چەپک چەپک بۆ پێشوازیی ماندووییتان گوڵی نێرگز دەچننەوە، لە پەرتووکی دیرۆکی ئازایەتیتان، هەڵبەستوان و هۆزانبێژ لاوک و هۆزان و هۆنراوە دەهۆننەوە و ئێوە لە هەر دێڕە شێعر و بەستەیەکدا دێنەوە و پڕ بە گەرووتان هاوار دەکەن و دەڵێن «ئاوایە ڕێگای ئاشقان.»

هێمن گوتەنی:

«ئەختەر کچی کوردی چاومەست!

ئیلهامبەخشی شێعر و هەڵبەست!

ئەی پێشمەرگەی میللەت پەرەست

که دیتمی تفەنگ به دەست

زانیم گوڵی هیوا پشکووت

بەیانی ئازادی ئەنگوت»…

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت