نامیلکەی جووڵانەوەی شۆرشگێڕانەی ساڵەکانی ١٣٤٦ـ ٤٧ ی هەتاوی

نامیلکە بە بۆنەی جووڵانەوەی شۆرشگێڕانەی ساڵەکانی ٦٧ – ١٩٦٨ی زایینی ڕٶڵەکانی حیزبی دێموکڕات لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

چەند وتەیەک
خوێنەری هێژا! بۆ سپاس و پێزانین و ئەمەگ ناسی بۆ کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦ – ١٣٤٧(٦٧ – ١٩٦٨) کە لە دژوارترین هەلومەرجی ئەوسەردەم دا دەگەڵ درندەترین و دیکتاتۆرترێن رێژیمەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واتە رێژیمی پەهلەوی شەڕی مان و نەمانیان کردو بزوتنەوەیەکی سیاسی و تەشکیلاتیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پیێ کرد کە ١٨ی مانگی خایاند. سەرەڕای هەموو کەندوکۆسپێک و کەمووکووڕیەک ئەم جووڵانەوەیە بوو بە لاپەڕەیەکی زێڕینی خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی زۆرداری و سەرەڕۆیی، بەڵام بەداخەوە هەلو مەرجی ناوچەکە و ناکۆکی و نەبوو ئیمکانانی ئەوتوو و یارمەتی جاش و خائینانی کورد بە رێژیمی پاشایەتی بۆ گەران و دۆزێنەوە شۆڕشگیڕان بەشی هەر زۆری ڕێبەرانی ئەم جووڵانەوەیە شەهید و یان ناجوانمێرانە ڕادەستی ئەم رێژیمە کرانەوە. بێگومان خەبات و تێکۆشانی ئەم قارەمانانە بەرگێکی نوێیان لە خەباتی حەقخوازانەی نەتەوەی کورد بۆ وەدێهینانی مافی دیاری کردنی چارەنووسی ئەم گەلە خستە سەر لاپەرەکانی مێژووی خەباتی رەوای کورد.

هەربۆیە منیش بۆ یاد و بیرەوەی 45 ساڵەی ئەم جووڵانەوەیە دەستمدا کۆکردنەوەی نووسراوە، ژیاننامە و وێنەی بەشێک لە شەهیدان و خەباتگێرانی ئەم جووڵانەوەیە و بۆ زیاتر دەوڵەمەندی کردنی ئەو کۆکراوەیە تێرادیوانە داوام لە کۆمەڵێک هاوڕێی دێرین و تێکۆشەر کرد کە بە نووسینی بابەت و هەڵسەنگاندن لەسەر ئەم جووڵانەوەیە یارمەتیم بدەن کە بەخۆشیەوە وەڵامی ئەرێنیان دایەوە، دەستیان خۆش بێ خامەیان هەروا رەنگین و نموونەیان زۆر بێ، هەروەها بەوەش نەوەستام بەنێو کتێب و پەرتۆکە کوردیەکان کە بۆ ئەم مەبەستە شتیان نووسیبوو گەرام بەشێکم لێ هەڵینجان و دووبارە تایپ و ڕێک و پێکم کردنەوە. دەستی نووسەرانی ئەم کتێبانەش خۆش و هەر سەرکەتوو و تەمەن درێژ بن.

رەنگ بێ ئەو نامێلکەیە شایانی خەباتی قارەمانە و لەخۆبردوویی ڕۆڵە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکانی جووڵانەوە ساڵەکانی ٤٦ – ١٣٤٧ (٦٧ – ١٩٦٨) نەبێ بەڵام دیسان بە هەموو کەم و کوڕێکەوە، دەتوانی بۆ زانیاری نەوەی نوێ کورد کەلکی خۆی هەبێ و کۆمەڵانی خەڵکی کورد باشتر ڕۆڵە نیشتمانپەروەکانی خۆیان بناسن کە چۆن بۆ بەگری لە خاک و نیشتمان باشترین سەرمایە ژیانیان واتە گیانیان پێشکەش کردوە.

جارێکی دێکە سپاس و پێزانین بۆ هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌ کە بەشێوەیە لە شێوەکان بەشدارییان ئەم جووڵانەوەیە دا
کردوە. لە کۆتایی دا زۆر سپاسی نووسەر و تێکوشەری دیرینی گەلەکەمان هاوڕی برایمی جەهانگیری دەکەم کە زەحمەتی کێشاوە و پێشەکی ئەم نامێلکەکەیە نووسیوو، دەستی خوش بێت، هەر ساخ و سەلامەت و تەمەن درێژ بێ بۆ نەتەوەکەمان.

سڵاو له‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی ساڵه‌کانی ٤٦ – ١٣٤٧ (٦٧ – ١٩٦٨) و هه‌موو شه‌هیدانی ڕێگای رزگاری کوردستان.

تێبینێ: ئەم نامێلکەکە جاری دیکە بە چەند نووسراوە و بابەتی تازە بۆ ٥١ هەمین ساڵوەگەری ئەم جووڵانەوەیە نۆژەن کرایەوە.

به‌رێزه‌وه‌ ره‌حمان نه‌قشی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت