شەڕی شاخی ڕووش . نووسینی: ئەحمەد حوسێنی

لە شەڕو تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی دوژمن ئەو کاتانەی کە پێشمەرگە بۆی نە دەگونجا خۆی گەڵاڵەی شەر دابڕێژێ و ئیبتکاری

عەمەل بە دەستەوە بگرێ ، هێندێک جار پێچەوانەکەی ڕووی دەدا و دوژمن دەستی پێش دەخست . لەو کاتانەدا ئاکامی شەڕەکە لە قازانجی پێشمەرگە نەدەشکایەوە.
تەبێعەتی شەڕیش هەر وایە ، هێزێک هەر چەند بە تواناش بێت ناتوانێ هەموو کات لە هەموو شەڕەکاندا سەرکەوتنی تەواو مسۆگەر بکات . شەڕی شاخی ڕووش لە ناوچەی سەقز یەکێک لەو تێکهەڵچونانە بوو کە نەمان توانی لە ئاستی چاوەڕوانی تەواو دا بین و ڕژیم شەڕێکی سەختی بە سەر دا سەپاندین

کادر و پێشمەرگەکانی مەڵبەندی دووی کوردستان لە ڕێکەوتی ٨،٨،١٣٦٥ ( 1986) لە درێژەی تێکۆشانی حیزبی لە ناوچە جیاوازەکانی مەڵبەندی دوو (سەقز / هەوشار / دیواندەرە) چوینە ئاوایی خورمتا لە ناوچەی سەرشیوی سەقز .

ئەو کات بەر پرسی مەڵبەند کاک حەکیم ڕەزایی بوو ،پلەی تەشکیلاتی کاک حەکیم ئەندامی ئەسڵی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دەیموکڕات بوو . کاک شاپوور فیروزی فەرماندەری هێز بوو ، بەڵام لەو کاتەدا لە گەڵمان نەبوو ، جێگرەکەی کاک عەلی ئەشرەف مەجیدیان سەر پەرەستی و فەرماندەهی هێزی دووی ڕیبەندانی لە ئەستۆ بوو ، بۆ نان خواردنی شەو و پشوو دان بە سەر ماڵەکانی ئاوایی خورمتا دا دابەش بووین.

نیازمان وابوو تا مەلا بانگ دانی بەیانی لە ئاوایی بمێنینەوە و دواتر بڕۆینە دەر و گوند چۆڵ کەین ، هێندێک کێشە لە ئاوایی لە نێوان دانیشتوانەکەی ڕووی دابوو ، چەند کەسێک لە خەڵکی خورمتا وتبویان قەرارە سۆزی دەوڵەت بۆ حەلی ئەو کێشە بێنە ناودێ.

بۆ قایم کاری بێجگە لە نگابانەکانی دەوری ئاوایی عەلی ئەشرەف تیمێک پێشمەرگەی بە بەرپرسایەتی عەلی ئەمینی (عەلیە ڕەش) لە سەعاتی دووی نیوە شەودا ناردبوە شاخەکانی پشتی گوندەکە بە هەڵکەوت لە گەڵ عەلی ئەشرەف و شاڕوخی تایر نەسەب لە سەعاتی یازدەی شەو لە سەر بانی ماڵێک لە ناوەڕاستی ئاوایی خورمتا ڕاوەستا بووین مانگا شەوێکی خۆش بوو .کورد گوتەنی زەنگیانەت لە بەر بگرتایەتەوە ، تایر نەسەب ڕووی لە ئێمە کرد و وتی ! لەو تیرەگە شانەی ڕوبەڕومان چەند چەکدارێکم دیوە ! شوێنەکە بڕێک دوور بوو بۆ لێک کردنەوەی چەک دار و بێ چەک عەقڵ نەی دەبڕی، عەلی ئەشرەف زەردەیەکی گرت و وتی لەوانەیە گوێدرێژ و وڵاخ و شتی وا بووبێ ! دواتر دەچنەوە بۆ لای کاک حەکیم و ئەوانی دی دەگێڕنەوە زۆر بە شاڕوخ پێدەکەنن .
ئەویش دەڵێ (نەمردین کەری موسەلەحیشمان دی) جگە لە من باقی ئەندامانی مەڵبەند هەموو لە یەک ماڵ دا بوون

پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مەڵبەندی ٢ی کوردستان

کازیوەی بەیانی گوێ بیستی چەند ڕەگباڕێک بوین لەلای کەمینەکانی سەر شاخ . قسەکەی تایر نەسەب بە ڕاست گەڕا ، چاوە تیژەکانی لە حوکمی دوربین دابون ، عەلیە ڕەش لە شاخەوە پەیوەندی بە عەلی ئەشرەفەوە دەگرێ و پاشان بە گەرم بوونی تەقە تەماس نامێنێ، گروهە زەربەتەکانی سپای پاسداران لە سەقزەوە هاتبوون و خەیاڵی گرتنی شاخی پشتی ئاواییان هەبوو ، وادیار بوو لە سەر بوونی ئێمە لەو ناوە ئاگادار بوون ، ئەگینا بۆکێشەیەکی بچوکی خەڵکی ئاوایی بەو نیوە شەوە ئەو شاخ و بەرزایی گرتنەی ناوێ ، وردە وردە تەقە گەرم بوو پێشمەرگەکان لە ماڵ هاتنە دەر و بە گورجی خۆمان پێچایەوە, تا خۆمان ڕێک خست کات درەنگی کرد هەوا تەواو ڕووناک بوو

، فریای گەیشتن بە شوێنی دوور نەدەکەوتین ، وا ساخ بوینەوە بەرەو شاخەکانی ئاوایی (وەرێ نانی) و(شاخی ڕووش) بڕۆین و خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین ،عەلی ئەشرەف ، موزەفەری کەریمی و چەند پێشمەرگەیەک بۆ کۆمەکی کەمینەکان دەنێرێ بەڵام پێش گەیشتنیان کەمینەکان دێنە خوار و ئەوانیش لە گەڵ خۆیان دەگێڕنەوە ئەو گڕە شاخە دەکەوێتە دەست هێزەکانی دوژمن.

شوێنی شەڕمان لە مەجبووری هەڵبژارد فریای هیچ کوێی دیکە نەدەکەوتین ،لە شاری سەقزەوە نزیک بوو ، بۆیە دوژمن لە پەستا بۆ هێنانی هێزی زیاتر دەست بە کار بوو ، هەر چوار لامان بە شاخ و داخیەوە ڕێگەی ماشین ڕەوی هەبوو ، ئەوە لە قازانجی دوژمن و لە زەرەدی ئێمە شکایەوە ، ڕێکەوت/ ٩،٨،١٣٦٥.

بە سەر دوو بەرەی شەڕ دا دابەش بوین

یەکەم ! ڕیزە شاخەکانی پشتی ئاواییەکانی وەرێنانی و سەڵتەکەڵتوو

دووهەم ! شاخی ڕووش لە شاری سەقزەوە دیارە وبە سەر زۆر شیو و دەر و دۆڵ و چەندین گوند و هەر وەها شاری سەقز و پادگان و جادەی سەقز-بانەدا دەڕوانێ

دوژمن لە هەر چوار لامانەوە ئەم شوێنانەی لێ گرتین

ئاواییەکانی ! / کەس نەزان / وەرێنانی / خورمتا / سەڵتەکەلتوو / هێجانان / قشڵاخەچکۆلە / وێڕای زۆربەی بەرزایی و شاخ و دۆڵێک کە سەر بەو گوندانەن .

سەعاتی نۆی سەر لە بەیانی بە تۆپ و خومپارە و کاتیوشا باران لە خوار ئاوایی وەرێنانی بە چڕی هەموو سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کردە ئاماج ، دواتر و بە هێزی پیادە بۆ گرتنی سەنگەرەکان پەلاماریان هێنا، هەموو جار تێک دەشکا و دواتر تۆپخانەی دەخستەوە کار. لە زۆر شەڕدا بەشدار بووم بەڵام ئاگری تۆپخانە و کاتیوشاو خومپارەبارانی لەو شێوەم بە کەمی دیوە، بێ پسانەوە لە هەوڵی نابود کردنمان دا بوون ، فیداکاری و ورەی بەرزی پێشمەرگە ڕێگەی نەدا یەک سەنگەریش داگیر بکەن .

ئەو ە لە حاڵێک دا بوو بەشێکی بەرچاو لە پێشمەرگەکانمان چەند رۆژ پێشتر بۆ کارێکی تایبەت بەرەو نزیک شاری سەقز ناردبوون، لە کاتی ئەو شەڕە دا ئەوان لە نزیک ئاوایی مامەشا هەڵکەوتوو لە پەنای پادگانی شاری سەقز دابوون جادەی سەقز – بانە لە نێوانمان دابوو ، نەیاتوانی بەشداری لە شەڕەکە دا بکەن و لە دورەوە چاویان لە مەیدانی شەڕەکە دەکرد.

لە کاتژمێر نۆی بەیانی تا نزیک نۆی شەو شەڕ درێژەی کێشا ، چوار هێلی کۆپتێر بەنۆبە و بە بەردەوامی سەنگەرەکانی ڕاکێت باران دەکردین ، لە هەر چوار لاوە هێرشمان دەکرایە سەر. پێشرەوی دوژمن محاڵ بوو . کاک عەلی ئەشرەف لە سەر پێشنیاری کاک حەکیم چەند جار هەوڵی دا لە قۆڵێکەوە پێشڕەوی بکەن و لە دامێنی شاخی ڕووش سەنگەرەکانی پاسداران بگرن و لە تۆپخانەکە نزیک ببنەوە بەڵام شوێنەکە ڕووتەن بوو بۆ ئێمە ئیمکانی پێشڕەوی نەبوو قورسایی شەڕەکەش زیاتر لە سەر ئەو شەڕگەیە بوو.

بە هۆی ئاگری قورسی تۆپخانە لە تەماسی فەرماندەکانەوە هەستمان بە برینداربوونی بەشێک لە هاوڕێکانمان دەکرد. لە بیرمە کاک تەیمور لە کاک حەکیمی ڕەزایی پرسی حەیدەر(هەوشاری) لای تۆیە ؟ کاک حەکیم لە وڵامدا وتی ئەرێ بە قوربانی حەیدەر بم گەر حەیدەر و نەجمە (زورئەسنا) نەبن من دەتوانم لێرە دانیشم ! لە درێژەی شەڕ دا زۆر جار دوژمن هەوڵی داگیر کردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی دووپات و چەند پاتە دەکردەوە، بەڵام بێ سوود بوو ، هەر بۆیە هەموو هەوڵی خۆی خستە سەر ئاوربارانی بێ پسانەوەی چەکە قورسەکانی لە لای پادگانی شاریشەوە بە تۆپی دوور هاوێژ ئاور بارانیان دەکردین.

عەلی ئەشرەف کە فەرماندەهی شەڕەکەی دەکرد بریندار بوو و دەست و لاقی بە قەناسە پێکرا، پاشان لە نزیکی من و عوسمان کەس نەزانی حەمە هەژار برینی قورسی هەڵگرت. لە درەنگ وەخت سدیقی قۆجە بە سەختی بریندار بوو، ساڵح میرزایی شەهید بوو , بێسیمێکی یاشام پێ بوو باقی بێسیمەکانی دیکەی کۆنتڕۆڵ دەکرد و گوێ بیستی قسە و باسی هەموو هاوڕێیان دەبووم ڕادەی شەهیدەکان چوار کەس و بریندارەکان گەیشتنە دە کەس، کوژراوی دوژمن ٣٠ کەس مەزەندە کرا.

کاک تەیمور چەند جار بە بێسیم بانگی کاک حەکیمی کرد وڵام نەبوو مەشکووک کەوتین ،پاش ماوەیەک کچە پێشمەرگەی بە غیرەت مێهری بە بێسیمەکەی کاک حەکیم قسەی کرد و زانیمان کاک حەکیم شتێکی لێ بە سەر هاتوە ، عەلی ئەشرەف پێش بریندار بوونی خۆی دەگەیەنێتە لای کاک حەکیم و دەبینێ کە پڕێشکی خومپارە لە پشت چاوی دراوە و شەهید بووە ،
دوژمن هەموو شوێنی دوور و نزیکی شەڕەکەی بە هێزی نیزامی تەنی بوو تا شەو نەتوانین دەرباز بین و لە کەمین مان بخات. تەنانەت هەموو گەون و پوش و پەڵاشی شاخ و دەرەکانی دەور و بەری ئاور تێ بەردابوون بە تایبەت (کەلی گەوناوی) بۆ ئەوە بە هۆی شەوقەکەیەوە شوێن پێی دەرباز بوونمان بزانێ. حەمە‌هەژار بەدەم ناڵەی برینەکەیەوە پێی وتم سەرم بخەرە سەر ڕانت بەحاڵ قسەی بۆ دەهات برینەکەی قورس بوو پاش ماوەیەک چاوەکانی لە سەر یەک دانا و ماڵئاوایی لە ژیان کرد..

پێشمەرگەکانی پشتی ئاوایی وەرێنانی جەنازەی کاک حەکیم یان شاردبوەوە بەڵام بە سەرە نەیزە نەدەکرا ئەو شوێنە ڕەقانیە هەڵکەنی و باش حەشاری بدەی ، هەر بۆیە بۆ بەیانیەکەی دوژمن جەنازەکەیان دۆزیبوەوە و بردبویانە شاری سەقز، جەنازەی حەمە هەژاریشمان بۆ دەرباز نەبوو ، کاک عەلی ئەشرەف و سدیقی قۆجەمان بە برینداری لە گەڵ خۆمان برد، باقی بریندارەکان برینەکانیان زۆر قورس نەبوو، پاش کەمێک ڕێگە بڕین گەیشتینە پشت ئاوایی هێجانان، سەدیق قۆجەش لە ڕێگە شەهید بوو ، هەر لەوێ لە نێو تۆقە دارێک دا جەنازەکەیمان حەشاردا .

برینی عەلی ئەشرەف قورس بوو بەڵام غیرەتی لە تاقەت بەدەری هەر باس ناکرێ، یەکەم جاری بریندار بوونی نەبوو ، بەڵکوو هەشتەمین جار بوو بریندار دەبوو ! جارێک لە بەر قورسی برینەکەی نێردرایە وڵاتی فەڕانسە ، پاش ساڕێژ بوونی برینەکەی گەڕایەوە سەنگەری بەرگری گەل ، عەلی ئەشرەف لە فەرماندە کارامەکانی ٥٩ عەمەلیاتی هیزی بیستوونە لە هەرکوێ سەنگەری دەگرت مەگەر سەنگەر جووڵابا , ئەگینا کشانەوە لە مەزەبی دانەبوو . تا دڵ دەخوازێ ئازا و چاو نەترسە ، بە سەر هێسرێکەوە بوو داوای ئاوی لێکردم ، وتم نات دەمێ خەتەرە دەت کوژێ ، وتی کورە خۆم بە قەد دوکتورێکی لێ ئەزانم بم دەرێ خەمت نەبێ بەقسەم نەکرد.
.
لە گەڵ ئەو تیمەی بۆ مەئموریەت چوبوون تەماسمان گرت و لەوەزعی خۆمان ئاگادارمان کردن و ئەوانیش هاتنەوە لامان و لە نێوان ئاوایەکانی هێجانان و قەبەغڵوو یەکمان گرتەوە.

ئەمجار بەو هەموە ماندوویی وشەکەتیە لە دەس دانی کاک حەکیم و حەمە و سدیق و ساڵە و دە بریندار ، جا وەرە لە دەس ئەو هەموە کەمین و خەتەریاتە خۆت ڕزگار بکە شەو درەنگە و دەور و بەری دووی نیوە شەوە و لە ١٥ کیلۆمیتری شاری سەقزین و دوژمن بە غەنیمەتی دەزانێ بە دوامانەوەن بۆ زەربە لێدانی زیاتر ، دەبێ چی بکەین ؟ و چۆن بکەین توشی دەرگیری زیاتر نەبین؟

بەر پرسی یەکەمی مەڵبەندەکەمان شەهید بوە و فەرەماندەی یەکەمی هێزەکەمان بریندارە لە ئەندامانی مەڵبەند من و کاک تەیمور و شاروخی تایر نەسەب مابوینەوە ، لە گەڵ کاک تەیمور مستەفایی و هەر دووک شاڕوخ کۆبونەوەیەکمان بەست ، هەر چی سەرمان دێنا و دەبرد ! نەمان دەتوانی بۆ شوێنی دوور دەرباز بین (شاڕوخی تایر نەسەب پێی وابوو دەبێ بچینە پشتی مێرگە نەخشینە و شێخ چۆپان مەگەر بە هیلی کۆپتێر بگەشتینایە) ئاوایی مازوارە لە نزیکمان بوو پێشمەرگە بە کەمی ڕێی لە مازوارە دەکەوت ، بەڵام بە تیم ئێمە دەچوین و هەم من و هەم مام ڕەحمان خەڵکەکەمان دەناسی .بەر لە پێشمەرگایەتیش بەشێک لە خەڵکی مازوارەم دەناسی.

(جارێک کە بە تیم لە مازوارە مابوینەوە بڕێک نوسراوە و ڕۆژنامەی کوردستانی زمانحاڵی حیزبمان دابوو بە کەسێک بیان گەیەنێتە شوێنێک ، منداڵێکی بچوکی مەدەرەسەییان هەبوو ، بە دزی باوکیەوە ڕۆژنامەیەک دەخاتە کیفەکەی دەیباتە مەدرەسە هەر کە دەچێتە کلاسی دەرس ڕۆژنامەکە دەداتە دەست مامۆستاکەی و ئەڵێ ئاغای مودیر ! ئا لەم کتێبەمان پێ بڵێ ! ئەمە خۆشترە لە کتێبەکەی خۆمان ، ئەمشەو کاک …بۆی هێناوم ، مامۆستاش لە دەستی وەر دەگرێ و دەبینێ ڕۆژنامەی کوردستانی حێزبی دیموکڕاتە ، هیچ ناڵێ دواتر باوکی منداڵەکە بانگ دەکات و بۆی دەگێڕێتەوە و ئاگاداری دەکات ! وریای ئەو جۆرە کارانە بن ، دیارە مامۆستا ئێمەی لە نزیکەوە دەناسی و پایگاش لەناو دێ نەبوو هیچ گرفتێک لەو بابەتە ڕووی نەدا).

پێشنیارم بە هاوڕێکانم کرد باشترین گوزینە ئەوەیە بە سەر ماڵەکانی مازوارە دا دابەش ببین ، هەر چەند زۆر خەتەر بوو ، گەر دوژمن هەستی بکردایە گومانی تێدا نەبوو دەرچونمان محاڵ بوو ، هەم لە شار نزیک بوو ، هەم لە پەنا جادە ئیسفاڵتی سەقز- بانە بوو . هەم دوژمن بە هێزی پۆشتەو پەرداخی شەڕەوە لە نزیک و بەدوامانەوە بوو . هەم ئێمە شەکەت و ماندوو بوین و دە بریندارمان پێ بوو، لە گەڵ هەموو ئەو ئەگەرانە بە پێشنیارەکە ڕازی بوون لەوێ بمێنینەوە کاک تەیمور لە کەسە خاوەن بڕیار و بەغیرەتەکان بوو.

لە نزیک ئاوایی مازوارە پێشمەرگەکانمان بە سەر چەند تیم دا دابەش کرد و لە گەڵ مام ڕەحمان بە دوو قۆڵی تیم بە تیم دەمان بردن بە ماڵەکانمان دەناساندن و دەمان وت ئەمانە پێشمەرگەی حیزبن و رفێقی ئێمەن و لێیان دڵنیا بن . لەو وەزعەدا ، فەرهادی غەفاری بە هیچ جۆرێک نەدەچوە ماڵ ، هەر چی لێمان ئەپرسی بۆ ناچی ؟ هیچی نەدەوت ،هەرچی کردمان بە خاتر و خوایش نە چوە ژوور ! ( لەو کاتە ئاستەمانەدا دێمو گۆپاڵ لە دیموکراسی چاکترە) بەو جۆرە دە دوازدە ماڵێک پێشمەرگەیان بەر کەوت مازوارە هەر ٢٥ بۆ ٣٠ ماڵێک دەبوو،

لە شێرە کوڕانی مازوارەیی لە هەر چوار دەوری ئاوایی خۆیان مان کردە نگابان و خۆمان لە ماڵەکاندا ماینەوە ، هەر جووڵەیەک بوایە فەوری ئاگاداریان دەکردین ، بۆ بەیانی هەموو دەورو بەرمان پڕ بوو لە پاسدار ، مازوارە یەک بەردیشی لێ نەبوو گەر توشی شەڕ بوایەین سەنگەری لێ بگرین , مەگەر بە خەڵکەکەمان بووتایە تکایە ماڵە کان تان چۆڵ کەن با نەکوژرێن و ئازادمان کەن کە بەهۆی ئێمەوە ماڵ وێران دەبن.

ماشینێکی پاسدارەکان لای نێوەڕۆ بەرەو ئاوایی هات و ئاگاداریان کردین ! بەڵام نەهاتە ناو ئاوایی و بڕێک نزیک بوەوە هەڵوێستەیەکیان کرد و گەڕانەوە دواوە ، وەک نوشتەی چاوەزارمان بۆ نوسرابی ! هەموو شوێنیان پشکنی غەیری ئاوایی مازوارە! دوژمن بیری لەوە نەدەکردەوە لەو بنەو پاڵە بمێنینەوە پێیان وابوو دوور ڕۆشتوین.

تیمێک پێشمەرگە لە ماڵێک دەبن و ماڵێکی دیکەش کە پێشمەرگەی لێ دەبێ , کچێکیان دەنێرن بۆ ئەو ماڵە ، وابزانم پێشمەرگەکان داوای سیگاریان کردبوو ، لەوێ شاڕوخی تایر نەسەب بە کچەکە دڵێ نابێ بگەڕێیتەوە بۆ ماڵی خۆتان! ئەڵێ بۆ ؟ پێی ئەڵێ ئێمە پێشمەرگەین تۆ ئێمەت دیوە ئاشکرا دەبین ، هەقت نیە بڕۆی! ئەویش ئەڵێ کاکە ! ماڵی ئێمەیش پڕیەتی لە پێشمەرگە لە بەر ئەوان هاتووم ! داوای سیگاریان کردوە بۆیان دەبەم. بەمجۆرە پاشەکشە بە شاڕوخ دەکا و پاشان دەڕوا.

ئێوارە داهات و دوژمن لە بەرزاییەکان پاشەکشەی کرد و بەرە و ناوشاری سەقز گەڕایەوە ، ئێمەش لە ماڵەکان هاتینە دەر, بریندارەکان لە لایەن بەشی دەرمانی خۆمانەوە برینەکانیان تیمار کرابوون ، مالەکان لیباسی خوێناوی بریندارەکانیان بۆ شۆردین ، میوانداری چاکیان لێ کردین و کۆڵەپشتیەکانیان بۆ پڕ کردین لە نان و پێخۆر و کاتی خوا حافیزی بە گۆزە و پووت و سەتڵ ئاویان لە بەر پێ و شوێن پێی پێشمەرگەکان دەڕشت بە نیشانەی بێ وەی بوون و بە سڵامەت دەرچوون.

وەک چۆن خاک وزە و هێز دەبەخشی بە گژ و گیا و دار و دەوەن ، خەڵکی مازوارەش بەو شێوە هێز و وزە و ورەیەکی نوێیان بە بەر ئێمەدا کرد ، ئەو میوانداری و زەحمەت پێوە کێشانەی خەڵکی مازوارە و باقی شوێنەکانی دیکەی ناوچەی سەقز شایانی کڕنۆش بۆ بردن و چەمانەوەیە لە ئاست هیمەتی بەرز و ڕەوشتی جوانی کوردانەیان ،

حەکیمی ڕەزایی ڕێبەرێکی لێهاتوو ، سیاسیەکی بەهەتوان , مودیرێکی لێزان و شۆڕە سوارێکی تا بڵێی میهربان بوو, بە لەدەسچوونی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات , ڕێبەرێکی جێ متمانە ، حیزبی دیموکڕات تێکۆشەرێکی ماندوو نەناس و مەڵبەندی دوو بەرپرسێکی خاکی و خەڵکی یان لە کیس چوو. سدیقی قۆجە کادرێکی تێکۆشەری ناوچەی هەوشار وشۆڕشگێڕێکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر و دڵپاک بوو. حەمە هەژار نمونەیەک لە پێشمەرگەی ئازا و فیداکار، لە ئاخرین هەناسەکانی ژیانی داوای لێکردم سەری بخەمە سەر ڕانم بە بەجێ هێنانی دوا وتەکەی گیانی پێشکەش بە نیشتمان کرد.

ساڵەی میرزایی پێشمەرگەیەکی ئازا و چاو نەترس و ڕۆح سووک بوو شۆڕشگێڕێک لە ناوچەی دیواندەرە لەهیچ فیداکاریەک لە پێناو گەلەکەی درێغی نەدەکرد.

سڵاو لەو ڕۆژانەی داهاتوو بۆ گەلەکەمان دروست دەکەن..

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت