نەورۆز. هونراوەی لەیلا ساڵحی

نەورۆز. هونراوەی لەیلا ساڵحی
ئاهەنگساز. مەسعوود یارە
دەنگبێژ. ماهان بەهامین


کوردستانێک پڕ نەورۆز
کوردستانێک ڕازاوە
نیشتمان ناوت پیرۆز
ئەستێرەت لێ پڕژاوە

کیژۆڵانی سەربەستی
باڵێک دەچنن تا دەریا
لاوانی مەستی ئاگر
چۆمێک دەچڕن بۆ دونیا

لە دڵی ئەو شارە تا شاخ
هێشووی ئاگر ڕاساوە
نەورۆز تا نەورۆز سوورە
سیروان سیروان نەخشاوە

تا دڵ دەدرەوشێ بۆ باغ
کوردستان هەر پیرۆزە
نووسرا لە ناخی باران
قەندیل ناوی نەورۆزە