کۆچی دوایی حاجی غەفوور باوکی خاتوو نەسرین مەحموودنژاد لە شاری سەردەشت

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرە ئاگادار کراین کە ئەمرۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، کەسایەتی خۆشناو و ماندوویینەناسی شاری سەردەشت بەرێز کاک حاجی غەفوور مەحموودنژاد ناسراو بە وەستا غەفووری حاجی شەخسەی باوکی خاتوو نەسرین مەحموودنژاد هاوسەری کاک ڕەحیم حەسەن‌پوور لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا لە ئامیزی بنەماڵەکەیان دا لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.

حاجی غەفوور لە ئامێزی بنەماڵەیەکی خۆشنا و دیاری شاری سەردەشت دا لە ساڵی ١٣٠٧ ی هەتاوی دا لە دایک بووە و وەک زۆربەی خەڵکی ئەو سەردەم شانی وەبەر کاری قورس و تاقەت پروکێن داوە و بە کرێکاری و وەستایەتی لە تەنیشت ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی ژیانی ئاسایی خۆی بەرێوە بردووە.

حاجی غەفوور مرۆڤێکی زەحمەتکێش و وەستاکارێکی باش و بەننایەکی شارەزای شاری سەردەشت بوو، بە هۆی دەست ڕەنگینی و وەستایەتی خزمەتێکی زۆری بە خەڵک کردووە و لە درووست کردنی پرد و کانی و سەرچاوە و ناشتنی نەمام و دار و گوڵ دەستێکی باش و خێرخوازانەی هەبووە و لە باری ژینگە پارێزی‌یەوە لە کەسە هەرە دیارەکانی شاری سەردەشت بوو.

نەمر حاجی غەفوور بە هۆی دەست ڕەنگینی و پیشەی بەننایەتی لە نێو خەڵکدا دا بە وەستا غەفوور ناوبانگی دەرکرد بوو. ناوبراو بە هۆی باوەڕمەندی بە ئیسلام و ئەوین و عیشق بە کاری هەرەوەزی ساڵانێکی دوور درێژ، وەکوو قەبر هەڵکەن کاری خێرخوازی کردووە و هەر لە هەڕەتی لاوەتی‌یەوە دەستی داوەتە خزمەت کردن بە هاونیشتمانیان و کۆمەڵانی خەڵکی سەردەشت و دەوروبەری و زۆرجار خۆبەخشانە و دڵسۆزانە لە ڕێگای قەبر هەڵکردن و بە خاکسپاردنی کۆچ کردووان خزمەتی بە خەڵکی ئەم شارە کردووە.

شایانی باسە کە حاجی غەفوور لە کاتی شیمیابارانی شاری سەردەشت و بە کۆمەڵ شەهید بوونی خەڵکی ئەو شارە و بە هۆی زۆربوونی شەهیدەکان و لە کاتی ناشتن و بە خاکسپاردنیان دا وێرای بەشداری نەبوونی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان خەمی لە بە خاکسپاردنی شەهیدەکان خواردووە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە بۆ خۆشی تووشی شیمیایی ببێ و ساڵانێکی زۆر و تا کاتی ماڵئاوایی یەکجاری بە ئازاری سی‌یەکانی‌یەوە بناڵێنی و تووشی تەنگە نەفەسی ببێ.

حاجی غەفوور لەو مرۆڤانە بوو کە لە کاتی شەهید بوونی پێشمەرگە دا هەوڵی دەدا کە تەرمەکانیان بە خاک بسپێرێ، بە تایبەت لە هێنانەوەی تەرمی شەهید حەمەساڵح حەسەن‌پوور لە ناوچەی شنۆ بۆ گۆرستانی شەهیدانی سەردەشت دەوری سەرەکی گێراوە و دواتر بە دەستی خۆی بە خاکی سپاردۆتەوە.

حاجی غەفوور مرۆڤێکی خۆشەویست و جێگای متمانەی خەڵکی سەردەشت و دەوروبەری بوو و تا  کاتی ماڵئاوایی یەکجاری و بە پێی توانایی خۆی لە خزمەت خەڵک دابووە و ئەوەش وایکردووە کە خەڵک وەک خەمخۆری گەل و نیشتمان سەیری بکەن و ڕیزی لێبگرن.

بە بۆنەی کۆچی دوایی بەرێز حاجی غەفوور لە لایەن بنەماڵەی نەسرین مەحموودنژاد و ڕەحیم حەسەن‌پوور کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی لە شاری تۆرکۆ بۆ دانیشتووانی تۆرکۆ و دەروبەری بەرێوە دەچێ، وەک بنەماڵەی نەسرین و ڕەحیم داوا لە هەموو خزمان و دۆستانی ڕێگای دوور دەکەین بە هۆی دووری و مەودای ڕێگای فینلاند و وەڵاتانی سکاندیناوی زەحمەتی بەشداری کردن نەکێشن و لە ڕێگای تەلەفوونەکانی خوارەوە دەتوانن هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆیان بگەیێنن.

لەگەڵ ئەوەدا باردوخی کاری دۆستان و هاورێیان لە ڕۆژانی ئاسایی حەوتوودا بۆ ئەو جۆرە کارانە گونجاو نییە ، بەڵام بەداخەوە بە هۆی دەست نەکەوتنی ساڵۆن بۆ کۆری پرسەکەمان ناچار بووین کە کاتژمێری پرسەکە بخەینە شەو و هەروەها ڕۆژی کاری و هەر بۆیە داوای لێبوردن لە گشت لایەک دەکەین.

لە گەل رێزماندا ، بنەماڵەی نەسرین مەحموودنژاد و ڕەحیم حەسەن‌پوور و ڕەحمان حەسەن‌پوور

ژمارە تەلەفوونی نەسرین 00358443220370

ژمارە تەلەفوونی ڕەحیم 00358440505661

کات و شوێن :

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ ـ ٠٣ ـ ٢٠١٩

کاتژمێر ٢٠ تا ٢٢:٣٠ ( هەشتی ئێوارە تا دە و نیوی شەو)

Vanha Hamentie 105

22:30 – 20:00 : Klo

……………………………………………………….

بە بۆنەی کۆچی دوایی بەرێز حاجی غەفوور مەحموودنژاد لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بەرێزان خاتوو نەسرین مەحموودنژاد و کاک ڕەحیم حەسەن‌پوور و ڕەحمان حەسەن‌پوور و کچ و کوڕ و نەوە و خزمانیان و برا و خوشک و کەس و کاریان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات بە گشتیو بە تایبەت برازا و خوشکەزاکانی حاجی غەفوور دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو کەسایەتی‌یە دەزانین. ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.

بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیارەنگ

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت