وردە بیرەوەری پێشمەرگایەتی

ئەحمەد حوسێنی

لە کۆنگرەی هەشت چەند کەسێک باسیان کرد لە مێژە پێشمەرگەین و لە زەمانی ڕێژیمی شا دا تێکۆشانمان بوە ئێستە هیچ فەرقمان لە گەڵ ئەوانەی تازە دێن بۆ پێشمەرگایەتی نیە ، چۆن وادەبێ !؟ بە تایبەت لە بیرمە عەلی شەم یەکێک لەو کەسانە بوو چوە پشت میکڕۆفۆن و باسی کرد چەندی بە دۆشکە شەڕ کردوە بەڵام لە گەڵ تازەهاتوەکان فەرقی پێنەکراوە ، لە کۆنگرە پێشنیار کرا هەوڵ بدرێ شتێکی لە چەشنی میداڵ دروست بکرێ هەر کەس دە ساڵی پڕ کردوە میداڵێکی بدرێیتێ

لە پێشمەرگایەتیدا بڕێک بزێو بووم جار و بار گۆنگەڵ و شۆخی تایبەتم ساز دەکردن دەعوەتی کاک حەمەنەزیف قادری بووم لە مێژ نەبوو ژنی هێنابوو کونیاکێکی هێنا بیخۆینەوە تماشام کرد وێنەیەکی ناپلئۆنی پێوە بوو کڵاوێکی نیزامی لە سەر دابوو ڕەنگێکی زەردو جوانی هەبوو (لە میداڵ دەچوو)، لە گەڵ میداڵی ڕاستی بە زەحمەت لێک جیا دەکرانەوە،

وتم لە نێوان دوو کەس دا کە دە ساڵیان تێپەر کردوە نەیدەم بە یەکێکیان ؟ دەستی کرد بە پێکەنین ، وتم بەڵام ئەگەر توشی گێچەڵ بووم ئەبێ حەلی کەی ! با دڵگران نەبن ، هەر پێدەکەنی نە وتی وا مەکە نە وتی وا بکە.
میداڵم لێکردوە و هەڵم گرت ، توشی یەکیان بووم پیشانم دا وتم دوو مداڵیان ناردوە ، لە مەڵبەندی خۆمان بەر دو کەس دەکەوێ تۆ و فڵان کەس ، وتی ، فرە خاسە ، پیشانم دا وتم بەڵام دەرزی پشتەکەی پێوە نیە ، وتی چتێ نیە سوحا ئەیوەم لە دەربەندیخان دەرزی بۆ خاس ئەکەم و ئەیکەم بە قەو خۆما ، وتم باشە جارێ ئەمەیان ئەبەم بۆ ئەو دوایی میداڵەکەی تۆش دێنم وتی خاسە.

کاک حەمەنەزیف م ئاگادار کرد، توش یەکیان بووم ئەوە داستانەکەی بوو قاقای لێدا و کەیفی ساز بوو، وتم بزانم ئەوی تر ئەڵێ چی ؟
دوای یەک دوو ڕۆژ نەفەری دووهەمیشم بینی وتم دوو میداڵمان بۆ هاتوە بۆ تۆ و بۆ فڵانکەس، دامە دەستی وتی ئەوە کێیە ؟ وتم ناوەکەیم لە بیر نەماوە پێم وابێ فەرمەندەیەکی حیزبە ، وتی وەڵا ڕاست ئەکەی حەمەی نانەوازادەیە !
——————————————-
ئەو کاتانەی جەولەکانی پێشمەرگە لە بناری شاخەکانەوە بەرەو نزیک شارەکان دەستی پێدەکرد ڕژیم زیاتر حەساس دەبوو هەموو هەوڵی خۆی دەخستە گەڕ ڕێگە لە پێشمەرگە بگرێ لەو شوێنانەی هەبوونیان دەبێتە هۆی دەنگدانەوەی زیاتر لە نێو خەڵک ، رێگە نەدا عەمەلیاتی هێرش کردن بەڕێوە بچێت، بۆیە بە هەمو تواناوە فشاری دەخستینە سەر و هێرشی دێنا ، دوورمان خاتەوە و بەرە ناوچە شاخاویە دوور دەستەکان بچین و لە خەڵک دامان بڕێنێ ، لە ناوماندا هەبوو پێی خۆش بوو زیاتر بەرە و ئەو ئاواییانە بڕۆین کە لە سنورەکان نزیکن و قایم ترن بۆ شەڕ و بەرەنگاری ، جارێکیان پشت لە شار ڕوو لە کوێستانەکانی لای مێرگەنەخشینە و شێخ چۆپان دەڕۆیشتین ( ش . تایرنەسەب) مان لە گەڵ بوو ئەو هەوایەی پێخۆش بوو لە پشتی ئاوایی قشڵاخەچکۆلەوە بەرەو قەبەغلوو لەوێشەوە بە لای مازوارە دا جادەی سەقز بانەمان بڕی و نیەتمان ئاوایی کانی بەن بوو بە نزیک ئاوایی شیوەتوو دا تێپەڕ دەبوین تایرنەسەب حەزی لە ئاوایی کانی بەن بوو. خوا خوای بوو لە شیوەتوو لانەدەین زانیوبوی بۆ کانی بەن دەچین زۆر خۆشحاڵ دەبێ دەس دەکا بە قسەی خۆش و ئەپرسێ کێ لە پێشەوەیە ناوی من دەبەن ئەویش شێعرێک بە من دا هەڵدەچنێ ، گەیشتینە کانی بەن و بۆ بەیانیەکەی کە دەچووم لە حەوزی ئاوایی دەمو چاوم بشۆرم ، دوو پێشمەرگەم دی چاویان بە من کەوت هەر پێدەکەنین وتم چ خەبەرە ؟ وتیان وەڵا ئەمشەو (ش . تایر نەسەب) شێعری بۆ داناوی ، وتم پیاوی چاک بن جا تایرنەسەب و شێعر کوجا مەرحەبا ؟ پێکەنین ، وتم شێعرەکە چیە؟ وتیان لە ڕوومان هەڵنایە باسی بکەین، وتم هەر چی بوە بە منی وتوە مادام سەری قسەتان دەرخستوە ، ئەبێ بیڵێن ، بەزەردە خەنەوە  بڕێک تماشای یەکیان کردو و یەک وتی وەڵا وتویەتی

لە ژێر ئاسمانی شینی شیوەتوو — لە قوونت بم سەید ئەحمەد ئەتوو
———————————————————————-

بە مەبەستی قسە کردن بۆ موسافیرەکانی جادەی سەقز- سنە بڕێک بە درەنگەوە چوینە سەر جادە دەسمان کرد بە ماشێن ڕاگرتن و موسافیرەکانمان دێنا خوارێ و قسەمان بۆ دەکردن ، شوێنە کە بڕێک حەساس بوو تەنیا ئەو ماشێنانەمان ڕادەگرتن کە موسافیری زۆریان تێدا بوو، ماشینێکی سەر بە دەمودەزگای ڕژیم هات و لایاندا و پێشمەرگە سوتاندیان ، دوای ئەوە ئەو شوێنەمان بەجێهێشت و ڕوومان لە بەرزاییەکان کرد، بۆ بەیانیەکەی ڕژیم بۆ تۆڵە کردنەوە بەرەو چەند شوێنێک کە گومانی مانەوەمانی لێی هەبوو چەند گوللە خومپارە و تۆپی ئاوقا کردین، لای نزیک نیوەڕۆ لالە حەمە خان خەریک بوو کولیچەی بۆ دروست ئەکردین کولیچە لە ناو تاوە ڕەش سوور دەبوەوە و هەر قرچەی دەهات لە پڕ خومپارەیەک هات و لەو لا لالە حەمە خان کەوت و تەقیەوە لە گەڵ کاک شاروخ مورادی شەهید و عوسمانی مەحمودزادە و چەند پێشمەرگەیەک لە نزیک یەک دانیشتبوین ، دیتمان لالە تماشای کرد خومپارەیە، تاوەکەی لە سەر ئاگرەکە بە جێ هێشت و هەڵات بۆ بن شاخەکە ، شاروخ وتی, لالە ئەوە چەس؟! لالە ، وتی چەس؟! تڕ بان جادەس .

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت