حەماسەی دێموکرات. وەستا رەحمان
حەماسەی دێموکرات. وەستا رەحمان
کات رۆژی هەینی ٢١-٠٢-١٩٩١ی زایینی رۆژی بە خاکسپاردنی مامۆستا هەژار موکریانی شاعیر و نوسەری گەورەی کورد لە شاری مەهاباد بوو
لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی را خەڵک وردە وردە لە دەوروبەری مزگەوتی سورور مەهاباد کۆ دەبوونەوە ، رۆژێک زووتر خۆم گەیاندبۆ مەهاباد، شەو لە ماڵی کەسایەتیەکی کوردپەروەری مەهاباد کۆ ببوینەوە و باسی پلان و بەرنامەی بەیانیمان دەکرد کە بە چ شێوەیەک ئاراستەی مەراسیمی ناشتنی مامۆستا هەژار بە دروشمی شۆرشگێری و پاڵپشتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وهاواری پەنگ خواردووی گەل بکەینە کارنەڤالێکی گەورە ، لە بەیانی زوەوە خەڵک کۆ دەبوونەوە حەوشە و کۆڵانەکانی دەوروبەری مزگەوتی سور هەر جمەی دەهات لە حەشیمەت، ئەو رۆژە شاعیر و نوسەر و رەوشەنبیر و لاوانی بە هەست و شۆرشگێر لە زۆربەی شارەکانەوە خۆیان گەیاندبۆ مەهاباد و تێکەڵ بە خەڵکی کوردپەروەری مەهاباد ببون ، خەڵکەکە هەر دەهات و زۆرتر و زۆرتر دەبوو بە جۆرێک کە شەقام و کۆلانەکانی مزگەوتی سور دیمەنی فیستیواڵێکی گەورەی دەیان هەزار کەسیان بەخۆوە گرتبوو، کەش و هەوایەکی حەماسی زەینی جەماوەری خرۆشاوی دەجوڵاند، لە سیمای خەڵکەکەدا دەخوێندرایەوە و دیار بوو کە حەماسەیەکی گەورەی شۆرشگێری و نەتەوەیی بەرێوەیە حەماسەیەک پر بە باڵای دێموکرات و مەهاباد کانگای بیری کوردایەتی .
کاتژمێر یەکی دوانیوەرۆ دوای تەواو بوونی نوێژی جومعە لەپر بە بڵیندگۆ هاوریان کرد و داوایان لە خەڵک کرد کە برۆنە سەر قەبران و دوایی جەنازەکە بە ماشێن دێنین، بەڵام ئەو داوایە بە توندی لە لایەن خەڵکەوە رەد کرایەوە، ئەوجار جەنازەی مامۆستا هەژاریان لە مزگەوت هێنا دەر و لە نێو ئاپۆرای خەڵکدا لە سەر شانان بەرەو گۆرستانی بوداق سوڵتان وەرێکەوتن، چەند سەد میترێک تا لە چوار رێی مەیدانی ئاردی پەرینەوە کۆری دەف ژەنان و سەڵاوات لێدەران لە پێش جەنازەکەوە بوون، بەڵام روون بوو ئاپۆرای خرۆشاوی دەیان هەزار کەسی چاوەرێی حەماسەیەکی گەورە بوون تا پر بە گەروویان هاواری ئازادی بکەن و بێزاری خۆیان بەرامبەر رژێمی پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران دەرببرن و هاوکات باشترین دەرفەت بوو تا وەفاداری خۆیان بە جیگرەوی رێبەری گەورە دوکتور قاسملوو واتە دوکتور شەرەفکەندی سکرتێری حیزبی دێموکرات نیشان بدەن .
هەر بۆیە بە پێی پلانی دارێژراو هەرکە لە چوارڕێی ئاردی پەرینەوە دەستەیەک لە لاوانی خوێن گەرم و چاونەترس خۆیان گەیاندە دەوری جەنازەکە و بە بەرزکردنەوەی دروشمی هەژاری موکریانی پێشمەرگەی کوردستانی، رێبەرمان شەرەفکەندی دوکتور هەر شەرەفکەندی جڵەوی رێپێوانەکەیان گرتە دەست و بە گووتنەوەی دروشمەکان لە لایەن ئاپۆرای خەڵکەوە ئاراستە و رێرەوی رێپێوانەکە بە تەواوی کەوتە دەست لاوانی بە جەرگ و چاونەترس، ئەوجار بە تێپەراندنی شەقامەکان هەر لە مزگەوتی سوورەو تا چواررێی ئازادی و تا گەیشتینە مەیدانی ئیستیقلال و لە وێوە بۆ گۆرستانی بوداق سوڵتان بە درێژایی ئەو رێگایە دروشمەکانی :
(بژی حیزبی دێموکرات، پێشاندەری رێی خەبات
قاسملوو قاسملوو، رێگات درێژەی هەیە
رێبەرمان شەرەفکەندی، دوکتور هەر شەرەفکەندی
هەژاری موکریانی، پێشمەرگەی کوردستانی
میللەت وەرن تێکەل بن، دەنگی مە دەردی وەیە)
لە نێو ئاپۆرای گەورەی خەڵک بە دەنگی دەیان هەزار کەسی دووپات دەکرانەوە و دەنگی بەرزی ئەو دروشمانە لە ئاسمانی شاری مەهاباد پایتەختی کۆماری کۆماری کوردستان دەنگی دەدایەوە و دڵی داگیرکەرانی کوردستانی وەلەزە خستبوو، بە درێژایی شەقامەکانیش ژنان و کچان و مێر منداڵان لەو بەرەو بەری سەربانەکان بە راوشاندنی دەست و دەربرینی هاوپشتی بۆ دروشمەکان جۆش و خرۆشێکی شۆڕشگێری وەهایان خستبۆ ناو دڵی ئاپۆرای خەڵکەوە کە دیمەنەکانی میتینگی سەد هەزار کەسی حیزب لە مەهابادی لە هەست و زەینی خەڵکەکەدا زیندوو دەکردەوە .
سەرەنجام دوای چەند کاتژمێر دروشمدان ئاپۆرای خەڵک گەیشتنە گۆرستانی بوداق سوڵتان و بە خویندنەوەی سرودی ئەی رەقیب و ئەی شەهیدان لاوانی خوێن گەرم و چاونەترسی دێموکرات کۆتاییان بەو کارنەڤاڵە گەورەیە هێنا کە لە مەراسیمی بە خاک سپاردنی شاعیر و نوسەری گەورەی کورد مامۆستا هەژاری موکریانی پێکیان هێنابوو.
وەستا رەحمان
فینلاند ۲٥-٢-٢٠٢٥