بە بۆنەی مەحکومکردنی حوکمی داسەپاوی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی
بە بۆنەی مەحکومکردنی حوکمی داسەپاوی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی
دوای ساڵێک لە داوای پێداچوونەوە بە حوکمی داسەپاوی لەسێدارەدان بۆ هەریەک لە بەندکراوانی سیاسیی کورد؛ پەخشان عەزیزی و وریشە مرادی، بەداخەوە پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند کە حوکمی لەسیدارەدانی ناوبراو لە لایەن دیوانی باڵای دادوەریی ڕێژیمەوە تەئید کراوە.
پەخشان عەزیزی کە گەلاوێژی ساڵی پار لە تاران دەستبەسەر کرا و تا ئێستا لە زیندانی ئێڤین ڕووبەڕووی گەلێک ئازار و ئەشکەنجە بۆتەوە، بە پێی وتەی خۆی، پارێزەرەکەی، ئەندامانی بنەماڵەکەی و زۆرێک لە نزیکانی، جیا لە چالاکیی مرۆیی لە بواری تەندروستی و هاوکاریگەیاندن بە خەڵک، لە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی بەری بووە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی پشتراستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوەکانی پشتیوانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نیگەران کردوە و لەم پێوەندییەدا هەوڵی جۆراوجۆر لە پێوەندی لەگەڵ وەڕێخستنی کەمپەینی ناڕەزایەتیی دژ بەم حوکمە و ڕاگرتنی، لە ئارا دایە.
شەپۆلی ڕەشبگیریی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەروەها داسەپاندنی حوکمی ناڕەوای جۆراوجۆر بەسەر زیندانیانی سیاسی لە کوردستان و شوێن و ناوچەکانی دیکەی ئێران، لە لایەک نیشانەی لاوازی و شکستی ڕێژیم بەرانبەر بەو قەیرانە نێوخۆیی و ناوچەییانەیە کە ڕووبەڕووی بۆتەوە و، لە لایەکی دیکەش ترسی لە تەقینەوەی ڕەق و بێزاریی پەنگخواردوی گەلانی ئێرانە کە دەیان ساڵە سەرکوت دەکرێن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێی وایە بە گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و داسەپاندنی حوکمی قورس و ناڕەوا بەسەریاندا دەتوانێ فەزای ترس و تۆقاندن بە سەر خەڵک و وڵات دا زاڵ بکات و بە خەیاڵی خۆی پێش بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بگرێ. ئەوە لە حاڵێک دایە کە جیا لەوەی بازنەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیم بەرینتر بوونەتەوە، خودی ڕێژیم بە هۆکاری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کێشە ئەساسییە نێوخۆییەکانی، لە دۆخێکی تەواو قەیراناوی دایە و بازنەی لایەنگرانی لە هەموو کات بەرتەسکتر بۆتەوە و لە هەڵوەرینی زیاتر دان.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکومکردنی داسەپاندنی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، وریشە مرادی و هەموو ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە بە ناڕەوا حوکمی جۆراوجۆریان بەسەردا سەپاوە، پشتیوانی لە هەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە بە ئەرکی ئازادیخوازان و بەتایبەت کۆڕ و کۆمەڵەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و وڵاتانی دێموکراتیک دەزانێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەری
٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣
١١ی ژانوییەی ٢٠٢٥