کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری شاری سەردەشت مام دەروێش قادر
کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری شاری سەردەشت مام دەروێش قادر
ڕێکەوتی ١٠ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٥ی زائینی کەسایەتی دیار و خۆشناوی شاری سەردەشت مام قادر خزرنیا ناسراو بە مام دەروێش قادر (قادری برایم زێرینی) ئەندامی لەمێژینەی حدکا بە هۆی بە ساڵاچوویی و نەخۆشی لە ئامێزی بنەماڵەی خۆیاندا کۆچی دوایی کرد.
مام دەروێش قادر لە دوو قۆناخ و لە دوو حکوومەتی زاڵ بە سەر ئێراندا وەک کەسێکی دیار و خۆشناوی شاری سەردەشت جیا لە کار و کاسبی، هاوکات لە گەورەترین مزگەوتی شار، مزگەوتی جامعە و یا مزگەوتی سووری شاری خەریکی مجێوری و پێڕاگەیشتن بە کار و باری نێو مزگەوتی سوور بوو.
بەرێز مام دەروێش بە هۆی تێکەڵ بوون لەگەڵ خەڵک و هاتووچۆی زۆری خەڵک بۆ مزگەوت گەورەو و بچووکی خەڵک و هاوکات لە هەموو چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگای سەردەشت و دەوروبەری بە باشی دەناسی و جێگەی متمانەی هەموو لایەک بوو. مام دەروێش خۆشەویستی بە کار و ژیانی و بێ ئیدیعایی لە کارەکەی دا وای لە مام دەروێش قادر کرد بوو کە وەک پیاوێکی باوەڕمەند بە ئایینی ئیسلام، وەک کەسێکی دیاری نێو کۆمەڵگا، خەڵک ڕووی تێبکەن و ئەویش بە دڵفراوانییەوە کارەکانی خەڵک لە هەموو بوارەکاندا بە دڵسۆزییەوە ڕابپەڕێنێ، مام دەروێش قادر مریدی شێح محەممەدی زێرەمێرگ بوو و هەموو حەوتوویەک بۆ زکر و تەلیلە هاتووچۆی مزگەوتی خەلیفە فەتاحی دەکرد و راز و نیازی خۆی لە گەڵ خوای خۆی دەکرد،.
ئەوەی مام دەروێش قادر لە خەڵکانی دیکە جیا دەکاتەوە، شۆڕشگێر بوون و ئەندام بوونی لە حیزبی دێموکرات دا بوو، بە دڵ و بە گیان و بوێرانە و نەترسانە لە هەموو قۆناخەکانی دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کاری گەورە و پڕ مەترسیداری وەک ئەندامی حیزبی ڕادەپەڕاندن، جێگەی متمانەی کاسبکار و بازاڕی و وەرزێر و مامۆستا و قوتابی و حوجرە و قوتابخانەکان بوو، هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی فێری گەل خۆشەویستی و نیشتمان دۆستی کرد بوو، هەر بۆیە هەر لە سەرەتای شۆڕش دا یەکێک لە کوڕەکانی بە تاوانی هاوکاری لەگەل شۆڕش چەندین ساڵ لە زیندانەکانی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران دابوو، هاوکات کوڕێکی دیکەشی بە ناوی ڕەحمان خزرنیا لە ڕێکەوتی ٠٥ ـ ٠٤ ـ ١٩٨٣ ی زائینی بەرامبەر بە ١٦ ـ ٠١ ـ ١٣٦٢ی هەتاوی لەگەڵ پێنج کەسی دیکە بە ناوەکانی ” کەماڵ کەسرایی، محەممەد مووسازادە، ناسر ئیبراهیمی، شەریف عومەری و عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور” لە نێزەرۆی شاری سەردەشت گوللەباران و ئێعدام کران و چەند ڕۆژ دواتر مامۆستا کەریم شافیعی بە دەستی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێعدام کرا.
لەگەڵ ئەوەدا مام دەروێش کوڕێکی شەهید کرا بوو و کوڕێکی دیکەشی لە زیندان دابوو، بەڵام بە هۆی ورە و ئیمان و خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان و حیزبی دێموکرات هەروا وەک دارە بەنەکانی کوردستان کە ڕیشەیان لە قوڵایی خاکی نیشتمان دا داکوتراون، ئەویش سەربەرز و راوەستاو و خۆڕاگرانە لە بەر هەموو ڕەشەباکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا ڕاوەستا.
مام دەروێش دوای شەهید بوونی کوڕەکەی زیاتر لە پێشوو قۆڵی هیممەت و بوێری هەڵماڵی بوو بە کەسێک کە وەک شاکلیلی کارە تەشکیلاتییەکانی نێو شاری سەردەشت و دەوروبەری بەردەوام هەموو قفڵە داخراوەکانی پێ دەکراوە.
مام دەروێش بە هۆی ئەوە کە تەمەنی هەبوو، زۆرجار بە ڕێگەی زۆر سەخت و مەترسیدار دا خۆی دەگەیاندە لای کادرە تەشکیلاتییەکانی شار و هەموو بن دار و دەوێنێکی شوێنی مانەوەی کادرەکانی بە سەر دەکردەوە و خۆی دەگەیاندە لای کادرەکان، هەر بۆیە ئێمە کادرەکان نێومان بۆ دیاری کرد بوو و ناوی ماهوارەی لە سەر داندرا بوو.
لە زۆربەی کاتەکان دا مام دەروێش بە دڵەوە و نەترسانە ڕێگەی چوونە نێو شاری بۆ کادرەکان تاقی دەکردوە و کادرەکانی لە شوێنی مەترسیدار ڕزگار دەکردن و دەگەیاندنە شوێنی دیاری کراو.
جیا لەوانە مام دەروێش لە گەیاندنی نامەی تەشکیلاتی بۆ تیم و هەستەکانی نێو شار و هێنان و بردنی هەندێک کەل و پەلی پێویستی وەک داو و دەرمان و ڕۆژنامە و تراکت و تەنانەت شتی زۆر گەورەتر و پێکهێنانی جەوێکی باش بۆ کادرەکان نەخش و ڕۆڵی کاریگەری گێرا و هەمیشە چاوەروانی هاتنی کادرەکانی دەکرد و ئەوەی لە دەستی هات بە دڵەوە کردی و خزمەتەکانی بۆ ئێمە کادرەکانی نێو شاری سەردەشت هیچ کات لەبیر ناچنەوە و گەلێک خۆشحاڵم کە کەسایەتی بەرزی وەک مام دەروێش قادرم ناسی، گەورەیی حیزب لەوە دایە کە ئەندام بوون و کار کردن لە حیزبی دێموکرات دا نە تەمەن و نە ڕەگەز و نە ئایین ناناسێ و هەموو چین و توێژێکی نێو کۆمەڵگا خۆیان لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان دا دەبیننەوە.
مام دەروێش قادر بۆ سەردانی کادر و پێشمەرگەکان سنوورە دەستکردەکانی دەبەزاند و چەند جار لە نزیکەوە لە بنکە و بارەگا و کەمپەکانی حیزبدا بە خزمەتی گەیشتم، هەمیشە بە دیاری و دەستی پڕەوە لە قەڵادزێ و ڕانیە و قەندیل و سونێ و دێگەڵە و کۆیە پەیدا دەبوو، نامە گرینگەکانی دەگەیاندە لای کۆمیتە شارستان و لەوێشەوە نامەکانی دەبردنەوە بۆ نێو شاری سەردەشت و دەوروبەری.
دوایین جار دوای برینداریم، لە نەخۆشخانەی ئازادی کۆیە و هەروەها لە ماڵی هاورێی زیدە ئازیزم کاک حوسێن سەردەشتی بە خزمەتی گەیشتمەوە، چەند دیاری و بەستەیەکی بۆ من و حوسێن و کەسرایی و خۆشکەلام هێنا بوو، مرۆڤێکی سەخی و بە دڵ بوو، ژیانی لێوڕێژ لە کاری شۆڕشگێرانە بوو، کاتێک زانیبووی کە لە مەئموریەتی حیزبی دا بە هۆی تەقینەوەی مین، جەستەم شەقار شەقار بووە، خۆی بۆ نەگیرا بوو و ڕاست هات بۆ نەخۆشخانەی ئازادی لە کۆیە. دیار بوو زۆر غەمبار بوو، بەڵام هەروەک جاران بە ورەوە گووتی دەنگی شاری سەردەشتم بۆ هێناوی، خەڵک بۆت بە پەرۆشن، بەڵام لە هەمان کاتدا چاوەروانی هەستانەوەت دەکەن و ئێمەش هەموومان دەبینە گۆچانی دەستی تۆ. ئای ئەم چەند وتەیە بۆ من چەندە بە هێز بوون بۆ هەستانەوە و بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان، کاتێک وشەکانی تەواو بوون، نەمر مام حەسەن حەکیم زادە و نەمر حاجی ڕەحمانی باوکم و نەمر حاجی حوسێن حەدداد، مام دەروێشیان لە ئامیز گرت، هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان لەو تەمەنە دا بوون کە دڵیان زۆر ناسک بوو، بەڵام هەموویان بە یەکەوە وەک شاخە بەرزەکانی کوردستان هەر یەکەوە بە شیوەیەک خزمەتیان دەکرد و ببوونە کانی و سەرچاوەی ئاو و ژیان و خەبات و تێکۆشان.
لەوە دڵنیام کە مام دەروێش قادر لە دوایین ساتەکانی ژیانیشی دا هەروا چاوی لە ئازادی کوردستان بوو، چاوی لە هاتنەوەی کادر و پێشمەرگە و حیزبە خۆشەویستەکەی بوو، مخابن مام دەروێش کۆچی دوایی کرد و ئازادی کوردستانی بە چاوی خۆی نەدی، بەڵام لەوە دڵنیام کە مام دەروێش لە ئازادی کوردستان دا ڕووح و ڕەوانی لەگەڵ هەموو شۆڕشگێران دەبێ.
هەر چەند لە سەر کار و خەبات و تێکۆشانی مام قادر بنووسین ئێستا کەمە، بەڵام پێویستە ژیانی مام قادر بکەینە فیلمێک لە خۆڕاگری و لە بوێری و نیشتماندۆستی و کوردپەروەری بۆ منداڵەکانمان ، بۆ ئەوەی ژیانی ئەو گەورە پیاوانە وون نەبێ و لە داهاتووی ئازادی کوردستان دا بە شانازییەوە یادی بکەینەوە و نەهێڵین خەبات و تێکۆشانی مام دەروێش قادر و حاجی قادر مەولانی و هەروەها مام حەسەن حەکیمزادە و حاجی حەمەدەمین حەسەنپوور و دەیان کەسایەتی لەم چەشنە بە نادیاری بمێنێتەوە.
لە کۆتایی دا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی مام دەروێش لە کچ و کوڕ و نەوەکانی و گشت خزمانیان و لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە تایبەت کادرە تێکۆشەرەکانی نێو شاری سەردەشت دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی مام دەروێش قادر دەزانم.
ڕووحی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
١١ ـ ٠١ ـ ٢٠٢٥ی زائینی