خوێندنەوەیەکی نوێی ژیۆپۆلیتیکی بۆ خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمڕۆ
خوێندنەوەیەکی نوێی ژیۆپۆلیتیکی بۆ خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمڕۆ
پلاتفۆرمی ئیکس – ئێڤا جەی کولوریۆتی. وەرگێڕانی: كەماڵ حەسەنپوور
مانگی مارچی ڕابردوو، عەڕەبستانی سعودی بە نێوبژیوانیی چین، یادداشتێکی لێک تێگەێشتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. زۆرێک لە چاودێران ئەو یادداشتەیان وەک ئیمتیازێک لە لایەن ڕیاز لە بەرانبەر هەڵکشانی ئێران سەیر کرد، کە ئەوکاتی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دا لە ترۆپکی خۆی دابوو. ئەو تێگەیشتنە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی بە نێو ستراتێژیی ‘یەکیەتی بەرەکانی’ی تەوەری ئێران. ئەمڕۆ، لە ژێر ڕووناکایی ئاڵوگۆڕە هەرێمییەکاندا و لاواز بوونی ئێران، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست وێدەچێ پێی نابێتە نێو کێبڕکێی نێوان سێ پڕۆژەوە، کە یەکیان دەیهەوێ هاوکێشەکە بگەڕێنێتەوە پێش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر [هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣. و.] و دووەکانی دیکە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی نوێێ دڵخوازی خۆیان دەوێ.
لە ١۵ی جانیوەری ٢٠١٦، ڕێککەوتنی ناوکی ۵ لایەن کۆ ١ [بەرجام] و ئێران هاتە بواری جێبەجێ کردن. ئەو ڕێککەوتنە تەنیا تاقمێک پێشمەرجی تەکنیکی بۆ پێشگرتنی کاتیی بە دروست کردنی بۆمبی ناوکی لە لایەن ئێرانەوە نەبوو، بەڵکو لە جیاتان ئیمتیازێکی نێودەوڵەتی بوو کە چرای سەوزی بۆ ڕێژیمی خامنەیی هەڵکرد تا کۆنتڕۆڵی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەدەستەوە بگرێ، کە بە پشتگیریی لە ڕیژیمی ئەسەد بۆ بەدەستەوە گرتنی کۆنتڕۆڵی شاری حەڵەب، بە گوڕەشەگیریی لە عەڕەبستانی سعودی بە هۆی هاژەکەکانی میلیشیاکانی حوسییەکانی یەمەن دەستی پێکرد و تا ٧ی ئۆکتۆبەر درێژەی هەبوو. ئەمڕۆ، دەکرێ بڵێین تێگەیشتن لە ڕێککەوتنی بەرجام، لە ڕوانگەی هەرێمییەکەیەوە بە بڕیارێکی ئیسڕائیل دوای کشانەوەی ترامپ لە لایەنە ئابوورییەکەی لە یەکەم بەڕێوەبەرایەتییەکەی دا کۆتایی هاتووە.
وردە وردە، دوو پرۆژە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەستیان بە سەرهەڵدان کرد تا سوود لە ئاکامەکانی لاواز بوونی پرۆژەی ئێرانی وەرگرن. یەکەمیان پرۆژەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ، کە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ئاماژەی پێدەکات و ئەوی دووهەم پرۆژەی ئیسلامی سیاسی، کە لە لایەن تورکیەوە لە کاتی سەرهەڵدانی بەهاری عەڕەبی هاتە ئاراوە و بۆ ماوەیەکی کاتی وەلانرا، تا ئەمڕۆ و دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە، بە شێوەیەکی نوێ و کەمێک پراگماتیکتر بگەڕێتەوە. پرۆژەی ئێران کۆتایی هاتووە، کە وا بوو سروشتی نوێی پەیوەندیی تورکیە-ئێران و تورکیە-ئیسڕائیل لە ژێر ڕووناکایی ئەو ئاڵوگۆڕانە چۆنە؟
لە پێش هەموو شتێکدا، دەبێ بگوترێ کە ئەمڕۆ ڕێژیمی ئێران دەستی کردووە بە داڕشتنەوەی کارتە نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی، بەو هیوایە بتوانێ بەشێک لەو دەسەڵاتەی توانیویەتی لە ناوچەدا وەدەستی بێنێ بپارێزێ. لێرە، پێویستە بگەڕێینەوە سەر داوی پێشووم کە لەویدا شیکاریم بۆ دوایین جموجۆڵەکانی ڕێژیمی ئێران کرد. لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل لە سەرتۆپی دوژمنەکانی رێژیم لە لایەن مێدیای فەرمی ئێرانەوە بوو، لەو دواییانەدا تورکیە جێگای گرتووەتەوە، بە تایبەت دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە. کە پێویست دەکات ئێمە چاوێک بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیەدا بخشێنین.
بێجگە لە بزەکان و پرۆتۆکۆڵەکانی نێوان سیاسەتوانانی ئەو دوو وڵاتە، ئانکاڕا و تاران لە سەر زۆر پرسی ناوچەیی هاوڕا نین. لە کاتی کێبڕكێی ئەو دوو وڵاتە بۆ پەرەپێدانی دەستڕۆیشتوویی لە باکووری عێراق، کە وەک هەرێمێکی ستراتێژی و دەوڵەمەند لە ڕوانگەی سامانی نەوتییەوە سەیر دەکرێ، لە ساڵانی ڕابردوودا لە عێراق شاهیدی هێرشی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی تورکیە بووین، لە کاتێکدا تورکیە پشتگیریی لە تاقمەکانی سەر بە تورکمانەکان دەکات، چەند بنکەی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا هەن و پەیوەندیی گرینگی لەگەڵ حیزبە کوردی و عەڕەبییەکان هەیە. تاران ئەو نفوزەی تورکیە وەک هەڕەشەیەک بۆ پرۆژەکەیان کە کۆنتڕۆڵی تەواو بەسەر هەولێرەوەیە سەیر دەکات. لە ڕابردوودا، سوپای پاسداران و ڕێکخراوی کوردیی پەکەکە پەیوەندیی دوو لایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبووە کە ئانکاڕا ئەو پەیوەندییانە وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی سەیر دەکات. بۆیە، تورکەکان یەکەم لایەن دەبن کە هەوڵ بدەن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، بێتوو بەغدا کودەتایەک لە دژی نفوزی ئێران بەڕێوە بەرێ.
لە سووریە، تاران ئانکاڕا وەک هۆی ڕآستەوخۆی ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد بە پشتگیریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری سووریە سەیر دەکات، لە کاتێکدا تورکیە پێی وایە ئێران لە پشت بڕیاری ڕەت کردنەوەی بەشار ئەسەد بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەردۆغان و کرانەوەی دەرگای ئاسایی بوونەوەی پەیوەوندییەکان لەگەڵ دیمەشق بووە. ئەمڕۆ، تورکیە یەکەم لایەن بوو کە سەردانی دیمەشقی کرد و زۆر خوازیارە پەیوەندیی سیاسی، سەربازیی و ئەمنییەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریەدا دروست بکات. لە لوبنان، تورکیە توانیویەتی لەو ساڵانەی دواییدا، کەڵک لە کشانەوەی عەڕەبستانی سعودی لە گۆرەپانی سیاسی لە بەیروت وەرگرێ و پەیوەندیی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی سوننی کە وەک بەرهەڵستکاری حیزبوڵڵا و نفوزی ئێران لە لوبنان سەیر دەکرێن، دروست بکات.
بە بۆچوونی من پەروەندەی پەیوەندیی تورکیە-ئازەربایجان یەکێک لە هەستیارترینەکان بۆ ڕێژیمی ئێرانە. کاربەدەستانی ئێرانی دەستکەوتەکانی باکو لە شەڕی ئەو دواییانەی ناگۆرن و قەرەباخ، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەیر دەکەن. ئەو ترسە تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ گرینگیی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەرمەنستان و گرینگیی پشتگیریی سەربازیی ئیسڕائیل لە ئازەربایجان، بەڵکو هەروەها پەیوەندیی بە ئاسایشی نێوخۆیی ئێرانیشەوە هەیە، چونکە ئەوان پێیان وایە هەر ڕووداوێکی جەماوەریی لە نێوخۆی وڵاتدا، دەبێتە هۆی ئەوە کە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، کە هاوسنووری کۆماری ئازەربایجانن، یەکەم لایەن بن کە داوای جیابوونەوە لە تاران و لکانیان بە باکووە بکەن. بۆیە، بە خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکە، دەبێ بڵێین، لە ڕوانگەی گەلێک لە چاودێران و سیاسەتوانانی ئێرانییەوە، پڕۆژەی تورکیە لە هەڕەشەی ئیسڕائیل مەزنترە بۆ سەر پرۆژەی ئێران. بەڵام، ئاخۆ پرۆژەی تورکیە لەگەڵ خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی نوێی ئیسڕائیل دا دەگونجێ؟
سەرەڕای لێدوانە دوژمنانەکانی نێوان کاربەدەستانی تورک وئیسڕائیلی، ڕەنگبێ ئەوانە لە وێنەی مەزنتری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دا وردەکارییەکی نا گرینگ بن. خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی نوێی ئیسڕائیل، بەو شێوەی ئێمە ئەمڕۆ دەیبینین، تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنکۆڵ کردنی پرۆژەی ئێران لە ناوچەکەدا داڕێژراوە (کە بە قازانجی تورکیەشە)، تا ڕێبازی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەڕەبی، کە دوای دۆڕاندنی ترامپ لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ سڕ کرا.
ئەمڕۆ، بە سەرکەوتنی تڕامپ لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی وڵاتە یەکگرتووەکان دا، دەکرێ بڵێین ئەو ڕێبازە جارێکی دیکە ئاوەدان دەکرێتەوە و، ڕیاز دەیهەوەی لە سەرووی ئەو لیستەدا لە پەنجەرەی یەمەنەوە بێ. عەڕەبستانی سعودی وئیسڕائیل لە لایەن کۆنتڕۆڵی حوسییەکان بەسەر سەنعاوە، زەرەریان پێ دەگات، بۆیە هاوکاریی ئەو دوو وڵاتە بۆ کۆتایی هێنان بە میلیشیاکانی حوسی لە یەمەن، رێگا بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان خۆش دەکات کە ئەوەش دەبێتە هۆی هاندانی وڵاتانی دیکەی عەڕەبی و ئیسلامی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل.
بە پێچەوانەی پرۆژە مەزنیخوازانەکەی ئێران، کە لەسەر خەونی گەڕاندنەوەی ئیمپراتوری پارس، دوژمنایەتی لەگەڵ بوونی ئیسڕائیل، سنووردار کردنی نفوزی تورکیە و سەرکوتی دەوڵەتە سوننییەکانی ناوچەکە دامەزرابوو، پرۆژەی ئیسڕائیل و تورکیە، لە چەند خاڵ دا، کە گرینگترینیان پەیوندیی لەگەڵ ئازەربایجانە یەک دەگرنەوە و لە چەند خاڵدا، کە دەکرێ ئاماژە بە پرسی فەلەستینییەکان و کوردان بکرێ، لێک جیاوازن. لەگەڵ لاواز بوونی ئێران، کاربەدەستانی تورکیە و ئیسڕائیل، زۆر زوو بەروڕووی ڕاستییەکی نوێ دەبنەوە. یان ئەو دوو پرۆژەیە بۆ نفوز لە ناوچەدا لەگەڵ یەکتر دەکەونە کێبڕکێ، یان هاوکاریی یەکتر دەکەن.
بە بۆچوونی من، سیاسەتی تڕامپ لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ئەو شتەیە کە شێوەی پەیوەندیی تورکیە-ئیسڕائیل لە لایەک و خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ لە لایەکی دیکەوە دیاری دەکات.