چارەنووسی کوردی ڕۆژاوا لە ژێر تەم‌ومژی ترس و ئومێد دا! ڕەحمان حەسەن‌زادە

چارەنووسی کوردی ڕۆژاوا لە ژێر تەم‌ومژی ترس و ئومێد دا! ڕەحمان حەسەن‌زادە

ڕۆژاوای کوردستان دەکرێ بڵێین لە ماوەی ١٣-١٤ ساڵی ڕابردوو دا بەجۆرێک مەنتیقەی خۆیان ئیدارە کردوە، بەتایبەت کە لەگەڵ داعش شەڕی قارەمانانەیان کرد و مەحبووبیەتێکی جیهانیان پەیدا کرد.
سیستمێکی ئیداریی پێشکەوتوو، یاسایەکی بنەڕەتی گوونجاو و ئەرتەشێکی نەتەوەیی بەهێز، لە خسووسیاتی بەرچاوی ئەو موودیریەت و دەسەڵاتەیە بەڵام بە هۆی سیاسەتی تەجاوزکارانەی تورکیەوە هەڕەشە و مەترسی لەسەرە.
بەشار ئەسەد دوژمنی کورد بوو بەڵام سیاسەتی پێشکەوتووی کوردی سووریە ئەو بارودۆخەی بەسەر بەشار ئەسەد دا سەپاندبوو کە تەحەمموولیان بکات.

ئێستا وەزعەکە بۆ کوردی سووریە زۆر هەستیارە و ئاڵووگۆڕی زۆری بەسەر دا هاتووە واتە هەتا ئێستا و تا ئەو لەعزەیە زەرەرمەندی گەورە لە وێ کوردە و ئەوەی لە هەموو کەس زیاتر قازانجی کردوە تورکیەیە، بەو هۆیانەوە کە لە خوارێ ئاماژەیان پێدەکەم:

یەکەم، ئەوەی کە تورکیە بەهۆی هێزی نیابەتی خۆیەوە توانی بەشار ئەسەد لە مەیدان دەرکات.

دووهەم، بیر و باوەڕێکی هێناوەتە سەر حووکم لە سووریە کە لەگەڵ شێوەی بیرکردنەوەی خۆی هەماهەنگە واتە بەشێوازێک یارگیری کردوە کە ئەوەی هاتۆتە سەر کار لەگەڵ بینش و سیاسەتگوزاری تورکیە یەکدەگرێتەوە. ئەوەش لە ڕاستیدا نفووز و دەستڕۆیشتوویی تورکیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کردوە بە هێزی سەرەکی.

سێهەم، دەستی ئێرانی بە شێوەی عام لە ڕەقابەتی ناوچەیی دا لە سووریە بە تەواویی کوورت کردۆتەوە و مەیدانی پێ خاڵی کردوە. کەوایە، بەخۆشییەوە ئێران شکستێکی گەورەی خواردوە.

چوارەم، لە چارەنووسی دواڕۆژی سووریە دا، تورکیە بەو دەسەڵاتەی کە لە وێ دا پەیدای کردوە، کارتی براوەی زۆری بەدەستەوە هەیە کە دەتوانێت لە دژی کورد بەکاریان بێنێت.

پێنجەم، ئێستا تورکیە هەم لە مەنتیقەی ئازەربایجان واتە لە قەفقاز، هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سووریە و هەم لە لیبی لە شیمالی ئەفریقا حزووری هەیە و لە ڕاستای بەرژەوەندیەکانی سیاسی خۆی بەهرەبەرداری لە بارودۆخەکە دەکات.

بۆیە لە ئاڵووگۆڕی سیاسی ئێستا و دواڕۆژی سووریە دا زۆر گرینگە کە ڕۆژاوا بتوانێ لە یاسای بنەڕەتی سووریە دا مافەکانی خۆی بچەسپێنێ.

شتێک کە جێی دڵخۆشیە و دەکرێ بەهیواوە بۆی بڕوانین ئەوەیە کە ئیسرائیل پێی‌خۆش نیە حکوومەتێکی ئیفراتی ئیسلامی سوونی بێتە سەر کار، هەر وەک چۆن هێندێک لە وڵاتانی خاوەن دەسەڵاتی عەڕەب وەکوو میسر، عەڕەبستانی سعوودی و ئوردۆنیش ئەوەیان پێ‌خۆش نیە و خوازیاریشی نین. چونکی دەزانن کە ئەوانە هەموو بەشێوازێک پێوەندیان لەگەڵ “ئیخوان‌الموسلمین” هەیە.
ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە میسر لەسەر کارە، دەسەڵاتێکی مەقبووڵە هەم لە نێوخۆی میسر و هەمیش لە نێو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دا. هەر ئەو هێزەش بوو کە ئیخوان‌الموسلمینی لە میسر لە دەسەڵات خست.

خاڵێکی دیکەی جێی ئاماژە پێکردن ئەوەیە کە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل قسەیەکی زۆر مەنتیقی کرد و گووتی: ئێمە لەو مەنتیقەیە دا کەمینەین و هەتاسەر و لە دواڕۆژیش دا کەمینە دەمێنینەوە و فشارمان لەسەرە. بۆیە دەبێ دۆست و هاوپەیمانمان هەبێت. هەروەها گووتی: ئێمە حەوڵ دەدەین لەگەڵ ٤٥ میلیون کورد و هەروەها لەگەڵ درووزییەکان پێوەندی دۆستایەتی دابمەزرێنین.

هەرچەند ئەو مەترسیانەی تورکیە لەسەر کوردی سووریە دەگۆڕێ دان بەڵام ئەو ئومێدانەی کە ئیشارەمان پێکردن هەن و ئەوانە دەتواندرێن لە دواڕۆژ دا بە قازانجی کورد بشکێنەوە.

هەروەک ڕوون و ئاشکرایە، ئیسرائیل کاریگەری و شوێن‌دانەری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا، ئورووپا و هێندێک وڵاتانی عەڕەبیش هەیە. گەر بێتوو لەوێ لۆبیگەری بۆ کورد بکات خۆی لە خۆیدا یەکێک لەو شتە ئەرێنیانەیە کە دەکرێت بۆ کورد هیوابەخش بێت.
بۆیە ئەگەر فاکتۆرە ئەرێنی و نەرێنیەکان بۆ بەراورد کردن بەیەکەوە هەریەکەو لە تای تەرازوویەک دابنێین. هەرچەند ئێستا لە حاڵی حازر دا ئەو مەترسیانە کە بەهۆی سیاسەتی تورکیە بۆ کوردی ڕۆژاوا لە ئارا دان بەڵام لە دواڕۆژ دا بە پێی ئەو خاڵە ئەرێنیانەی کە ئاماژەمان پێکردن دەتوانرێ بە قازانجی کورد تەواو بن.

ئەو وەخت ئەگەر کوردی سووریە بتوانێ یان ئەوەندەی یاریدە بدەن کە بۆخۆی فیدراڵێکی هەبێت، بە شێوەی گشتی بە قازانجی هەموو مەسەلەی کورد تەواو دەبێت. واتە فیدڕاڵی کوردی ڕۆژاوا دەبێتە هۆی بەهێز بوون و باشبوونی فیدڕاڵی کوردی باشوریش.

بە هۆی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە سووریە لە ئارا دایە نزیک بە ١٠٠ هەزار کوردی شاری حەلەب لە جێگە و شوێنی خۆیان هەڵقەندراون و ئاوارە بوون بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە ناوچە کوردنشینەکانی دیکە.
چارەنووسی حەلەب بەداخەوە هەروەکوو کەرکووکی لێهاتوە.
لەگەڵ هەموو ئەو پێشهاتانەی کە ئێستا لەبەر چاون، بەهێزترین واحیدێک کە لە سووریە دا وجوودی هەیە کوردە کە دەتوانێت لەسەر مافی خۆی وەجواب بێت.
مەبەست و مانا ئەوەیە کە، وەنەبێت کورد دەستی خۆی بەردابێتەوە و هەموو هیوایەک لەدەست چووبێت.
ئەگەرچی دڵەڕاوکێ و نیگەرانیەکان هەتا ئێستاش نەڕەوینەوە بەڵام هیچ دوور نیە کە سبەی‌ڕۆژ وەرەقەکە نەگۆڕدرێت.
بۆ نموونە بەدوور نەبیندرێت لە داهاتوو دا ئەو ئیسلامیستانە تووشی کێشەی نێوخۆیی نەبن. یان ئەوەی کە هێزێکی دێموکراتیک لە نێو خوودی سووریە دا پەیدا بێت کە لە کاتی داڕشتنەوەی یاساکانی بنەڕەتی (قانوونی ئەساسی) دا دیفاع لە مافی کورد بکات.

ئێستا دەسەڵاتی سووریە لە ڕێگەی هێزە نیابەتیەکانیەوە بەدەست تورکیەوەیە. هەروەک چۆن حەماس لە ئیختیار ڕژیمی ئیسلامی ئێران دابوو، ئێستاش ئەو ئیسلامیستیانە لە ئیختیار تورکیە دان و سیاسەتی ئەوان لە ناوچە دا بەڕێوە دەبەن.
بەو پێیە، بەداخەوە براوەی ئەو قەزیەیە هەروەک پێشتر باسم کرد تورکیەیە واتە ئەو لێکەوتانە لە ڕەهەندی ناوخۆیی (بووعدی داخیلی) نێو تورکیە دا ئوردۆغان بەهێزتر دەکات.
واتە دەکرێ بڵێین تورکیە بەبێ شەڕ وڵاتێکی گرتوە.

بۆیە وا پێدەچێت تەواوی ئەو عەمەلیاتانە لە ژێر چاوەدێری و هەژموونی کاربەدەستانی تورکیە، کە دەمێکە کاری بۆ کراوە هیدایەت کرابن و بەڕێوە چووبن.

جیا لەو شتانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن، لەبیرمان نەچێ کە دە ساڵ لەوەپێش قەرار وابوو نەوت و گازی قەتەر، ئیمارات، کوەیت، ئێراق و عەڕەبستان کۆ بکرێتەوە و لوولەکەی بە هەرێمی کوردستان دا بێت. سەرەتا قەرار وابوو بە ئێران دا لە ڕێگای خوزستان بێتە خاکی تورکیە و لە دەریای ڕەشەوە بنێردرێتە ئورووپا. دژایەتی ئەمریکا و ئورووپا وایکرد کە ئەو پرۆژەیان لە ئێران ئیجرا نەکرد.
دواتر ویستیان بە کوەیت و هەرێمی کوردستان دا بچێتە خاکی تورکیە بۆ ئەوەی بگاتە ئیتالیا و ئورووپا. سەرهەڵدانی مەسەلەی داعش و هاتنە گۆری لە بنەڕەت ڕا هەر لەو ڕاستایە دابوو بۆ ئەوەی کە داعش لە سووریە، ئێراق، قەتەر و ئیمارات دەست بەسەر ناوچەکە دا بگرن و خاترجەم بن بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەوانەوە لوولەکە بە سووریە دا بڕوات.

شەڕی تیروریزمی داعش وایکرد کە جێبەجێ کردنی ئەو پرۆژەیە لە لایەن وڵاتانی ئورووپایی وەدوا بکەوێت.
لێکەوتەیی و ئەو پێشهاتانەی ئێستای سووریە وا بەراورد دەکرێ کە بەڕێوەبردنی هەمان تەرح و پلان بێت.

بەشار ئەسەد کە شیعەیەکی ئیفراتی بوو و لەگەڵ میحوەری مقاوەمەتی ئێرانی دا بوو و هاوکات دونیای سوونی پێی خۆش نەبوو و خوازیاریش نیە کە تەجارەت و بازرگانیەکەی لە هەندێ شوێن لە ژێر چاوەدێری و نەزارەتی شیعەی ئیفراتی دا بکرێت کە دژایەتی سوونیگەری بکات.
بۆیە هیچ بەدوور نابیندرێت کە ئەو تەرحە بە هاوکاری تورکیە و بە ئاگاداری عەڕەبستان، قەتەر و ئۆردۆن کرابێت کە بەشار ئەسەد بەو شێوەیە لە سەر دەسەڵات لابەن و لە مەیدان وەدەر نێن.
بۆ ئەوەی پرۆژەی کێشانی لوولەی نەوت و گاز لە ڕێگای سووریە بۆ نێو خاکی تورکیە و دەریای مەدیتەرانە جێبەجێ و هەناردەی ئورووپا بکرێت.

لە کۆتایی باسەکەم دا، دەمهەوێ بە ورووژاندنی پرسیارێک رای خۆم وەکوو کاکڵی باسەکە لە چواچێوەی وڵامێک دا بخەمە بەر دیدی ئێوە خوێنەری بەرێز و هێژا.

بۆچی ئەو شەڕەی لەسەر دەکەن و وەها تەرحێک ئیجرا و جێبەجێ دەکەن؟
بۆ ئەوەی بەستراوەیی ئورووپا بە گاز و ئینێرژی ڕووسیە، کەم بێتەوە، واتە لە ڕاستی دا خوودی تەرحەکە بۆ دژایەتی لەگەڵ نەوت و گازی ڕووسیەیە. ئێستاش کە ئێستایە ئەگەر ئاڵمان گاز لە ڕووسیە نەکڕێت، تەنانەت لە جەنگەی شەڕی ڕووسیە و ئۆکڕاین دا، کە هەموو وڵاتانی ئورووپایی دژایەتیی ڕووسیە دەکەن، بە گازی ڕووسیە نەبێت، پیشەسازیی ئاڵمان تووشی قەیران و کەمیی بەرهەمهێنان دەبێت.
بەو شێوەیە وڵاتانی عەڕەبی کە بەدەوری ئەو پرۆژەیەوەن قازانج دەکەن چونکی گاز و نەوتێکی زۆر و بە ڕێگایەکی هەرزان دا دەفرۆشن و هەناردەی دەکەن. بە خاکی ئوردۆنیش دا دێت بۆیە ئۆردۆن قازانجی پێ دەبڕێ. بە ناوچەکانی ڕۆژئاوای چۆمی فورات دا تێدەپەرێ. لەو نەقشانەی کە دەیکێشن بەدەست سووننییەکانەوەیە و کە بێتە خاکی تورکیە، بۆ تورکیەش کوردگوتەنی وەک گەنجی قاڕوون وایە.
من پێموایە تەرحەکە لە پێناو ئەوە دایە واتە ئورووپا دەبووژێنێتەوە و ئوڕووپا لە وابەستەگی بە نەوت و گازی ڕووسیە نەجات دەدات و ئەوەش خۆی لە خۆیدا تەنبێ‌کردنی ڕووسیەیە، بەتایبەت کە داهاتی سەرەکی ڕووسیە فرۆشتنی نەوت و گازە بە ئورووپا. هاوکات پێشموایە کە ئەو کارتێلە نەوتیانەش خۆیان لە تەرحەکە دا چالاکن و بە نەزەری من ناتۆش پشتیوانیان دەکات.
واقعییەت ئەوەیە کە ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتەی کە لە ١٣ ساڵ لەوەپێشەوە ڕۆژاوای کوردستان هەیبوو ئێستا لە مەترسی دایە. مەترسیەکەش سیاسەتی غەڵەتی دەوڵەتی تورکیەیە بەرامبەر بە کورد.

هیوادارین دەسەڵاتێکی وا لە سووریە بێتە سەر کار و مافی کوردیش لەو وڵاتە دەستەبەر بکرێت.