مەرگەموش. بەشی ٣ و ٤ و کۆتایی

ئەحمەد حوسێنی

دەنگ و باسی ئەو وەزعەی بە سەر ئێمە دا هاتبوو لە هەموو بنکەو بارەگاکانی حیزب دەنگی دایەوە و بە گەرمی باسی لێ دەکرا لە بنکەی سلێمانیەوە چوونیەوە بنکەکانی خۆمان لە بازیان، لەو ماوە دا ئەوەندە هەڵسورا بووم بۆ دەرباز کردنی هاوڕێکانم ئاگام لە وەزعی خۆم نەبوو کە منیش دەرمانم خواردوە، شەوانە خەوم نەبوو گیانم دێشا، چووم حەمامێک بکەم هەر کە سەرم دایە بەر شێرەی ئاوی بەرمیلەکەی حەمام ، ئاوم کرد بەخۆما دیتم بەشی زۆری مووی سەرم هەڵوەری و هاتە خوار، چوومە سلێمانی کاری دەرمان خواردنەکە بوو، فەتاحی سەعیدی کاری بەشی نەخۆش و برینداری دەکرد لە سلێمانی بردیانمە لای دوکتوو، وەزعەکەم بۆ باس کرد وتی من دەزگای ئازمایشی ئەو تۆم نیە بۆ تەشخیسی ئەو دەرمانە بەڵام بە پێی زانیاری و ئەزموونی خۆم تالیۆم یان سالیۆمە کە بە کوردی پێێ ئەڵێن (مەرگەمووش) پێویستە سەردانی شوێنێک بکەی کە بتوانن تاقیکاری پێویستت بۆ بکەن.

گەرامەوە بازیان و پەیامێکم بۆ سکرتاریا نارد و ئاگادارم کردن وەزعم ئاوای بە سەر هاتوە مووی بەدەنم لە وەریندایە وڵامیان دامەوە بچم بۆ دەرفتەری سیاسی، بەیانی‌یەک زوو لە سەربانی بنکەکەمان ڕاوەستا بووم تاکسی بارێکی سپی هات، بینیمان تەرمی عەتای تێدایە، تەرمەکەیان هێناو لە حەوشەی مەقەرەکەمان دایاننا، ئیستەش لە گوێم دا دەزرینگێتەوە ڕازاوی خێزانی عەتا بە پێخواسی بەدوای جەنازەکەدا بە هەڵاتن هات و هاواری دەکرد عەتا منم ڕازاوم، عەتا چەند مانگێک بوو ژنی هێنابوو، چەند رۆژ پێشتر کاک ساڵەیان گەیاندبوو نەخۆشخانەی حیزب لە کۆیە و لەوێشەوە بۆ بەغدا، دوای ناشتنی عەتا منیش چوومە کۆیە و لە گەڵ کاک مستەفا هیجری دانیشتم لە وەزعی پرسیم دەستم برد بۆ سەرم پڕ مشتم لە مووی سەرم هات بە دەستمەوە وتم . ئاوام لێ هاتوە ، نیگەران بوو بڕێک دڵخۆشی دامەوە و فەرموی بەڕێت دەکەین بۆ بەغدا.

لە شانسی بەدی من ئەو ڕێگەی دەبوو پێیدا بڕۆین لە نێوان یەکیەتی و پارتی دا شەڕ بوو لەولا تریش پرسگەی حکومەتی عێراق ، دەبوو بە نێو ئەو شەرەدا دەر باز بین، دوو کەس لە شۆفیرەکان زۆر پیاوانە وتیان ئێمە ئامادەین بە نێو ئەو خەتەرە دا بت بەین، ئەو دوو کەسە یەکیان بێهروزی مەنوچێهری و ئەوی تریش کاووسی نیازمەند بوو، دوو ماشێن ئامادە کران و ئاڵای سپی لە ماشێنەکان بەسترا و بەناو بەرەی شەڕی هەردوو لایەن دا بەغدا خۆت بگرە و هاتم، سەیارەی یەکەم دەرچوو بە نەفەراتی پێشی جەبهەی دەوت بریندار مان پێیە و تەقە مەکەن و لەو تێدەپەری دەچوە ئەوبەری جەبهە ئەوانیشی ئاگادار دەکرد و ئیمەش بە دوایاندا دەڕۆیشتین، تا بەو شێوە دەرباز بوین و گەیشتینە یەکەم بازگەی حکومەتی عێراق لە سەر رێگەی کەرکووک بەغدا، لەوێ ماشێنێکی حیزب بە ڕانندەگی کاک مستەفای مێهرپەروەر هات و دیتمانن ئەمن بە تەنیا لە ماشێنە لانکرۆزەکەی بێهروز دابووم، ئەحمەد پادگانی لە گەڵ مستەفای مێهرپەروەر دا بوو، بێ ئەوەی چاوی بە من بکەوێ وتی دوکتوورەکان ساڵە سەقزیان دیوە وتویانە هەر کەس لەو دەرمانەی خوارد بێ ڕادەی کەم و زۆری فەرق ناکات ئەیکوژێت، ئەوە منیش گوێم لە قسەی ئەحمەدە، هات بەم لاوە منی بینی، وتم کاک ئەحمەد منیش خواردومە زۆری پێناخۆش بوو گوێم لە قسەکەی بوە و بە منی نەزانیوە ویستی پینەی کات ، بەڵام من سیگناڵی خۆم بە گوێی خۆم بیست ، با ئەوەشی لێ زیاد کەم محێدین ڕیحانی کادری نەخۆشخانەی حیزب لە قەڵا دەستی برد بۆ دیوارەکە وتی سەید ئەحمەد چۆن ئەزانم ئەم دیوارە سپیە ئاواش ئەزانم ئەو دەرمانە نات کوژێ ، لە نێوان قسەی محێدین و دوکتوری بە غدا دامابووم کامیان دروستە مان یا مردن؟ مەرگی عەتاشم بە چاوی خۆم دیبوو تای تەرازو زیاتر بە لای بۆچوونی دوکتورەکانی بەغدا دا دە شکایەوە.

گەیشتینە بەغدا کاک حەمەنەزیف و مەجید هاتنە لام و کاک حەمەنەزیف وتی ئەوەی لە دەستمان بێت بۆت دەکەین ، مەجید ، کاتی دوکتوری بۆ گرتبووم. سواری ماشێنی کردم و بەرە و نەخۆشخانەی عەدنان خەیروڵای بردم و بۆ یەکەم جار لە ژیانم دا لە سەر تەختی نەخۆشخانە خەواندیانم ، بە تەنیا لە دیوێک دابووم ، لە ژووری دیکەی رووبەروم چاوم بە کاک ساڵەی هاوڕێم کەوت ئەویش لەوێ خەوێنداربوو. عەباسی بەدری پێشمەرگەی مەڵبەند کۆمەگ و چاودێری دەکرد ئەمجار دوکتورەکان هاتن و چاویان لێکردم و کیسەی ئاویان لێ وەسڵ کردم ١٢٠ کیسەی ئاویان لە کارتۆن دا هێنا و ، سکیان کون کردم و دەبوو چوار چوار کیسە ئاو بێتە سکمەوە پاشان بە شلینگ بگویزرێتەوە بۆ ناو کیسە نایلۆنێکی دیکە کە لە تەنیشتم دانرابوو دەبو هەموو ناو وڕگ و ڕیخۆڵە بشۆردریتەوە.
ژەهری سالیۆم یا مەرگەمووش دەبێ لە ڕێگەی ششتنەوە لە بەدەن دەر بکرێ کە هەزم بوو نفوزی کرد عیلاجی زۆر سەختە ، لە پەستا هەموو جۆرە ئازمایشیکیان بۆ دەکردم، نان و شتێكی وام بۆ نەدەخورا، دەیان وت دەبێ تەنیا شتی ئاوەکی و شلەمەنی بخۆی.

ماوەیەکی کەمی پێچوو هەستم کرد ساڵە لە ژوورەکەی ڕووبەڕووم دیار نەماوە ، لە مەجیدم پرسی وتی بردویانەتە نەخۆشخانەیەکی دیکە خوێنی دەگۆڕن ، لێـم دوبارە کردەوە کێشای بە تەڵاقا (ئەمزانی لای مەجید تەڵاق و تەنەکە هەر یەکە) دوو جار منیشیان برد خوێنیان تەسفیە کردم ، شەوێک لە نەکاو کاک حەمەنەزیف و مناڵەکانی لە گەڵ کاک قەسیم قادری و چەند پێشمەرگەیەک هاتنە لام ، ژوورەکەم پڕ بوو، هەر تماشایان دەکردم ، یەکێک لە پێشمەرگەکان لە پشتەوە وتی خۆ شکور ئەم باشە ، کاک حەمەنەزیف ڕووی تێکردم وتی پێم خۆشە وسیەت نامەیەک بنووسی ، وتم بۆ؟ پێکەنی وتی هەر ئەمەوێ بزانم چیت هەیە ، وتم هیچم نیە و ناینوسم ، خۆ هەر چی تماشای خۆم ئەکەم و دەست لە خۆم ئەدەم لەوە ناچێ بمرم، وتی شۆخی ئەکەم هەر وتم بزانم چیت هەیە، پێموابێ نیوەی هەر ڕاست بوو گەر نیوەشی شۆخی بوبێ.

عەباسی بەدری کە پێشتر لای کاک ساڵە بوو هاتە لای من، ڕادیۆیەکی تووشیبای سێ مەوجی چوکەم پێ بوو عەباس گرتبووی گوێم لێبوو باسی مەڵبەندی دووی کرد ، پاڕازیدی زۆر بوو حاڵی نەبووم لە خەبەرەکە، پرسیم عەباس ئەوە چی وت؟ لای کردەوە چاوەکانی پڕ بوون لە ئاو دەگریا ، خەبەری شەهید بوون و ناشتنی کاک ساڵەی دەخوێندەوە، چمەس ئەو شەوە کاک قەسیم هاتبوو جەنازەی کاک ساڵە بەرنەوە بۆ کۆیە، دیارە محەممەدی بەهاری ناسراو بە دڵسۆز کاری تەداروکاتی بنکەی بەغدای دەکرد یەکێکی دی لەو کەسانە بوو چاوەدێری کاک ساڵەی دەکرد و تا کاتی گیاندانی هەر لە لای مایەوە و خواردنی تایبەتیشی دروست دەکرد و بۆ منی دەهێنا .
کات دەهات و دەڕۆی زۆر زەعیف ببوم بۆ خۆم وەزنێکی ئەوتۆم نەبوو چواردە کیلۆی تریش لە وەزنی خۆم کەم کردبوو، لە پەستا مووی بەدەنم دەوەری ، کەچەڵ ببوم مووی سەرم تاق و لۆقە مابوون و ڕۆژانە بەبێ ئەوەی هەست بکەم هەڵدەورینە سەر تەختەکەم ماوەی چەند ڕۆژێک کەسێک بە لیباسی نیزامیەوە دەهاتە ژوورەکەم و چەند سەعاتیک دادەنیشت نەمدەزانی بۆ چی دێت ، پێموایە مەشکووک بوون کە دیموکرات نەبم و کەسێکی دیکە بم دوای چوار ڕۆژ دیار نەما و هەرگیز نەهاتەوە.
دوو دوکتور سەرپەرەستی نەخۆشیەکەی منیان دەکرد، دوکتور عەزیز شێخلی و دوکتور حەیفا، دوکتور حەیفا لە ئەسڵ دا ئاڵمانی بوو، کەیسی نەخۆشی من لە لایەن حیزبەوە لە دەفتەری پاریس بە هۆی محەممەدی حەسەن زادە لە گەڵ دوکتورەکانی پاریس باسکرا بوو، مەجید بە دوکتورە عیراقیەکانی وتبوو ئیمە دەتوانین پەیوەندی ساز بکەین لە نێوان ئیوە و دوکتورەکانی پاریس لە سەر کەیسی ئەو دەرمانداوە ، بەڵام دوکتورەکانی عیراق وتبوویان ئیجازەمان نیە ، ئەو کات عیراق لە شەڕ دابوو، پەیوەندی گرتن لە گەڵ دەرەوەی وڵات بە بێ ئاگاداری حکومەتی بەعس قەستی سەر بوو، جارو بار نەزەری دوکتورەکانی پاریس بە شفاهی بە دوکتورەکانی بەغدا دەوترا ، مەجید بۆ ئەو شتانە زیرەک بوو هەم شەرم و شکۆی نەبوو هەم چاو نەترس و دە م نەوێستاو.

هەر تاو نەتاوێک چەند خوێندکاری کوڕ و کچیان دەهێناو دوکتورەکان منیان پیشان دەدان و قسەیان بۆ دەکردن ، وەک ئازمایشگام لێهاتبوو، جاریکیان بردمیانە شوێنێک پازدە بۆ بیست کەسێک لە ساڵۆنێکد دا دانیشتبوون ، پڕۆژۆکتۆرێکیان دانابوو ئیشارەیان بۆ من دەکرد و نەزەریان دەگۆڕیەوە.
شەهید کەریم سەقزی هاتبوو بۆە لام لەو کاتەدا ئەویشم لە گەڵ بوو بەڵام لە دەرەوەی ژوورەکە ڕایان گرتبوو ئیجازەی هاتنە ژوورەویان نەدا.
ئەم کەسانە لەو کاتەی لە سەر تەختی نەخۆشخانە بووم بە نۆبە لە لای من دەمانەوە، عەبدلا مەسعودی ، مەحمود شیرین گوفتار ، حێشمەت خوسرەوەی ، جەلال کەریمی عەباسی بەدری کە زۆربەیان پێشمەگەی مەڵبەند بوون، جەعفەری شەریعەتی هاتە لام و زەڕەبینێکی پێ بوو هەر زەڕەبینەکەی ئەخستە سەر سەرم و پێدەکەنی ئەیوت هیچ موو نابینم.

ئەو نەخۆشخانە قانونێکی هەبوو ، هەر کەس بهاتایە خزمەتی نەخۆشی بکردایە لەوێ نەخۆشی هەبوایە بە خۆڕایی چارە سەریان بۆ دەکرد ، لەو کاتە حێشمەت لای من بوو فیتقی بو (قۆڕ بوو) بردبوویان بۆ عەمەل نەم زانیبوو، منیش تەنیا بووم زۆر بێتاقەت بووم کەس دیار نەبوو، ماوەیەک بوو قاچی ڕاستم خەریک بوو لە ڕۆشتن دەکەوت ، کە هەڵدەستام برۆم دەبوو بە دەست پاڵێکی پێوەنێم، هەر چۆنیک بوو شیلانگ و قایش و قروشم لە خۆم کردوەو خۆم کرد بە ئاسانسۆردا بۆ خوارەوە لە بیرمە لە مەرتەبەی یازدە بووم ، کەس دیار نەبوو لە نەخۆشخانە چوومە دەر ئاوی دیجلە لەو نزیکە تێپەڕ دەبوو ماوەیەکی باش بۆی دانیشتم ڕۆحێکی تازەم هاتەوە بەر، دەوری سەعات شەشی بەیانی بوو، دوای ئەو پشووە وتم تا دوکتورەکان نەهاتوون بگەڕێمەوە شوێنی خۆم باشە.

بە ئاسانسۆردا چوومەوە سەر و پێش ئەوەی بگەمە ژوورەکەی خۆم تووشی دوکتوور شێخلی بووم بە دەست ئیشارەی بۆ کردم و ڕایگرتم بڕێک تماشای سەرمی کرد، هەر ئەوەندەی لێ حاڵیبووم ، وتی موعجیزە پەرستاریکی بانگ کرد و وەک پێشوی لێ کردمەوە و شیلانگ و شتەی دامەزراندوەوە، دوای چوونەوە سەر تەختەکەم ، مەجید هات و دواتر دوکتوریش هات دەستی کرد بە قسە لە گەڵ مەجید ، وتی پێێ بڵی نامرێ چونکە رەشایی خەریکە سەر هەڵئەداتەوە ، خەبەریکی خۆش بوو.

ئەمجار خەبەریان دامێ کاری پاسپۆرتەکەت خەریکە تەواو ئەبێ ، دوکتورەکانیش ئیجازەیان دام بگەڕێمەوە بنکەی حیزب لە ناوشاری بەغداو خەبەر هەموو ڕوولە خۆشی بوون ، بەشێک لە هاوڕێکانم لە کۆیەوە هاتن بۆلام و بەشێکیش نامەی هەواڵ پرسیان بۆ دەناردم ، دوکتورەکان سێ شتیان بۆ من دانابووکە بە کەڵکن بۆ عیلاجی ئەو دەرمانە (هەنگوین و بیرە و تەماسی جنسی) جۆری ئەو دەرمانە بە شێوەیەکە فەقەت دەبێ لە بەدەن دەفع بکرێ رێگە چارەی دیکەی نیە، کاک حەمەنەزیف زوو زوو دەیبردم بۆ ماڵی خۆیان، جاری یەکەم زۆر کەچەڵێکی نالەبار بووم .سەرو سەکوتێکی ناحەزو ناجۆر هەر چوومە ژوور ئەو کات هەژیری کوری تازە پێی هەڵگرتبوو نازانم شتی وەک منی قەت نەدیبوو چی، هەر چاوی پێم کەوت یەک بە خۆی زیڕاندی ، شێوە خانم خێرا گرتیە باوە شی و هەموویان پێکەنین جاری وابوو کە بە شەقامەکاندا تێدەپەڕیم مناڵ و هێندیک جار ژنان خۆیان لێ لادەدام.

کاری پاسپۆرتم تەواو بوو وتیان کاک نەورۆز کە کادریکی حیزب بوو لە ڕادیوی دەنگی کوردستان لە بەشی کرمانجی بێژەر بوو تا پاریس لە گەڵت دەبێ کاک حەمەنەزیف بۆ خۆشی تا وڵاتی ئۆردۆن لە گەڵمان هات و بەو شێوە بەڕێ کەوتین یەک دوو شەو لە ئۆردون ماتڵ بووین و پاشان بەرەو پاریس.

بەشی چوار و کۆتایی.
گەیشتینە پاریس و لە لایەن نوێنەرانی حیزب لە تەیارەخانە وەرگیراین ، پێشتر کارئاسانیان کردبوو نۆبەی دوکتور و کات و ساتی چاوپێکەوتن دیاری کرابوو ، کەژاڵ خانم کادری حیزب دەی بردمە لای دوکتور ، هەم لە بەغدا و هەم لە پاریس دەیان وت نابێ حەب و دەرمان بخۆی تەئسیری باشی نابێ ئەو شتانەی لە مەوادی شیمیایی دروستکراون بۆ من زیانیان هەبوو، لە پاریس دوو مانگم پێچوو ، هەر دەهات و وەزعم بەرەو باشی دەڕۆی ، کاک شاهۆ ، کاک ئەحمەدی شێربەیگی ، کاک ،دوکتور تایری ئەرەدەڵان ، کاک رەئوفی کەعبی ، دوکتور خوسرەو عەبدولاهی ، هەمویان دەعوەتیان دەکردم ، کاک ئاکۆ و کاک ئاسۆ حەسەنزادە زۆر شوێنیان دەگەڕاندم ، کاک عەلی پورئامان و کاک ڕەسوڵ قادریش لوتفیان هەبوو لە گەڵم ، سەفەرێکی ئاڵمانیشم کرد بۆ لای شوکری تەریق زەحمەتی زۆری پێوە کێشام ، لە ئاڵمان برادەرێک بە ناوی (ح٠م ) وتی وەرە ناوت بنوسم داوای پەنابەری بکە لێرە بەو کەیسەوە دوای حەوتویەک قەبوڵ دەبی گەر بش رۆیەوە پارەکەت بۆ دەنێرمەوە ، وتم قەت کاری وا ناکەم ، من بۆ موعالیجە نێردراوم و ئەندامی ڕێبەری حیزبم ،گەر حەزم لە کاری وابێ پاکانە حیساب دەکەم و پیاوانە واز دێنم ، ڕاستە بەو وەزعەوە وەر ئەگیرێم بەڵام ئەوەندەش کەم هیمەت و ترسنۆک نیم نەڕۆمەوە و بڵێن لە ترسی کۆماری ئیسلامی خۆی گل دایەوە نەیوێرا بگەڕێتەوە جا تەعەهودی ئەخلاقیش با لە جێی خۆی وەستابێ ، من رفێقەکانم تازە لە پەنا دەستم شەهید بوون کاری وا چۆن ئەکەم ، لەوانەیە داواکاری (ح.م) لە ڕوی نیازپاکی و جۆرێک بەزەیی هاتن بە من دا بووبێ ، بەخۆشیەوە لە ژیاندا ماوە سپاسی دەکەم ، سەرجەم نزیکەی سێ مانگ مامەوە، دوای ئەو ماوەیە.

کاک خوسرەو عەبدوڵاهی لە دەفتەری پاریس کاری دەکرد بلیتی تەیارەی بۆ کڕیم و لە گەڵم هات بۆ تەیارەخانە و بەرەو وڵاتی ئوردۆن بەڕێی کردم ، کە گەشتمە ئەوێ جێژنی قوربان بوو ، وڵات تەحتیل بوو دەبوو بە ماشین بەرەو بەغدا بگەڕێمەوە یەک دوو رۆژێک تاخیر بووم و پاشان سواری ماشین بووم بۆ بەغدا. لە یەکەم پرسگەی عێراق هێنایانمە خوار ، رۆژنامە و گۆفاوێکی زۆری حیزبم پێبوو، خۆشم کامپیوتێرێک و رادیۆیەکم پێ بوو ،لە سەیتەرەکە تەماحیان لە ڕادیۆ کە کردبوو بڕێک جوان بوو کابرای بەرپرسی سەیتەرە هەر تماشای دەکرد و بە عەرەبی پرسیاری دەکرد منیش هەر ئەوەندەم دەزانی بە عەرەبی دەموت ئانی مەعاریزە ئێرانی مقەرنە لیل بەغداد مەسئول محەممەد نضیف قادری هازا هاتف ، کابرا دەیزانی عەرەبیەکەم دووکەڵ ئەکات لێی دوبارە ئەکردمەوە وتی؟ وین راح ؟ منیش هەرئەوەی پێشووم دوبارە دەکردەوە ، و پێدەکەنی ، کاک محەممەدی حەسەنپوری شەهید زۆر جار پێی دەگێڕامەوە و مەجلیسمان پێ گەرم دەکرد ، عەسکەرێکیان هێنا کورد بوو لێی پرسیم وڵامم داوە پاشان وتی دەڵێ یا دەبێ ڕادیۆکە بە جێبێڵێ یا ئەو نوسراوانە تا لە مقەڕە کەیانەوە کەسێک دێت ناتوانێ هەمویان لە گەڵ خۆی بەرێ ، منیش بیرم لێکردەوە وتم رۆژنامە و شتی وایان ناوێ، بەڵام ڕادیۆکەم لێ بزر دەکەن ، وتم رۆژنامەکان بە جێ دێڵم ڕادیۆی دامەوە و ڕۆشتم بەیانی دەوروبەری سەعاتی هەشت گەیشتمەوە لای کاک حەمەنەزیف لە حەی زەیوونەی بەغدا و باسی سەیتەرەم بۆ گێڕایەوە مەجیدی نارد شتەکانی هێناوە.
لە بەغداوە دوای چەند ڕۆژ بەرەو کۆیە گەڕامەوە هەموان خۆشحاڵ بوون سلامەتم و زیندوو ماوم و لە دەفتەری سیاسی دەعوەتێکیان بۆ ساز کردم و دواتر بەرە وشوێنی کارەکەم لە بازیان وەڕێ کەوتم ، کە گەیشتمەوە بازیان بە سەر خەبەرێکی ناخۆش دا کەوتم ، بۆیان باس کردم عەباسی بەدری کە لە بەغدا ئاگای لە من و کاک ساڵە بوو ، لە گەڕانەوەدا چوەتە ماڵی پووری لە شاری سلێمانی ، ماوەیەک دیار نابێ پاشان عەتای فەیزی پێشمەرگەی فیداکاری مەڵبەندی دوو کە لە گەڵ عەباس ڕفێق دەبن ئەڵێ من ماڵی پووری پێدەزانم و عەتا دەنێرن بە دوای عەباس دا ، لەو سەرەوە کە دەگەرێنەوە بۆ بنکەی مەڵبەندی دوو لە بازیان ، لە پرسگەی نێوان سلێمانی و بازیان خائینان و خۆفرۆشان لەو پرسگە هەر دوکیان بە بیانوی لێپرسینەوە کێن ؟ و چکارەن ؟ دابەزاندبوون ودواتر بە پێی تەوتەئە و پیلانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی ئەو خائین و بەکرێگیراوانەی لەو بازگەیە بۆ گیان پێشمەرگەی دیموکڕات دایان نابوون ، هەر دوکیان دەکوژن و جەنازەکانیان لە و دەورو بەرە فڕێ دەدەن ، غەم و نیگەرانی ساڵە سەقزی و عەتا کێلەشینی تەواو نەببوو کۆستی عەباس بەدری و عەتا فەیزیشی هاتە سەروجەنایەتێکی دیکە ڕووی دزێوی خۆی دەرخست.

ئەوە بەسەرهاتی ئەو خەیانەتە بوو، کە نەوید کردی، ئەو دەیتوانی بە ئێمە بڵێ ئەو شێرینیە دەرمانی تێکراوە و ئێمەش لە پاداشتی ڕاستی وتنەکەی هیچی پێنەڵێین ، بەڵام ئەو خەیانەتی هەڵبژارد و ڕووڕەشی و سەرشۆڕی ، پاش ئەو خەیانەتە بڕێک پوڵ و پارەیان وەک پاداش پێدابوو ماوەیەک لە کەرەج دەژیا و هاوتوچووی سەقزیشی دەکرد. نەوید لە مێژە نەماوە، گۆڕ بە گۆڕ بوە و کوژراوە.
دوای ماوەیەک لە گەرانەوەم بیستمەوە بنەماڵەی یەکێک لە شەهیدەکان پرسی بویان نازانین چۆنە عەتا و ساڵە تیا چوون بەڵام سەید ئەحمەد ماوە،لە دەرفەت دەگەرام بیان بینم و جەرەیانەکەیان بۆ باس بکەم. دوای چەند ، ساڵ کەسێک لە بنەمالەکەیان هات و بۆم باس کرد.
لە جەرەیانی پێشمەرگایەتی دا زۆر جار رووی داوە لە ناو چەند کەسیک دا بە هەڵکەوت یەک نەجاتی بوە بۆ نمونە لە شەری قوڵقوڵەی سەقز شەش کەس پێکەوە خەوتبوین تەقەیان لێکردین هەر من بەر نەکەوتم و باقی هاورێکانم بریندار و دواتر شەهید بوون.
لە پشتی هەرمێدۆڵ دوو هێز پێشمەرگە بووین، من و سادق ئاتەش ئەفروز پێکەوە خەوتبوین لە کیسەخەوەکانماندا پشتمان دابوو بەیەکەوە سەرمامان نەبێ تەقەمان لێکرا سادق شەهید بوو من ڕزگارم بوو.
لە دەرمان خواردنەکەش سێ کەس بووین هەر دوو هاوڕێکەم شەهید بوون و من لە مردن ڕرزگارم بوو.
دیارە لە چەند شوێنی دیکەش تووش بووم بۆیە ئەو نمونانەم باسکردن دەیان شاهیدی زیندوو ماون و دەزانن ژیانی پێشمەرگایەتی بۆ منیش و بۆ هەموو پێشمەرگەکان لە کات و ساتە ئاستەمەکاندا هەر ئاوا بوە بەشی زۆری پێشمەرگەکان دەیان جار بە قەراغی مەرگ دا تێپەڕیون ڕاستە ئەو ڕۆژانە بوون بە مێژوو، بەڵام ئەو ڕوداوانە پڕ بوون لە ڕاستی و دروستی و حاشاهەڵنەگرن.

هەم عەتا و هەم ساڵە زۆر لە منەوە نزیک بوون نێوانمان زۆر خۆش بوو بەداخەوە توشی کردەوەی نەویدی خائن بوین و ئاوامان بەسەر هات ، شەهید کرانی عەباسی بەدری و عەتای فەیزی لە سەیتەرەی بازیان زۆر ناخۆش و دڵتەزێن بوو ئەوە ڕێگایەکی سەرەکی ئێمە بوو بەرەو سلێمانی کە ڕۆژانە پێی دا تێپەر دەبوین لەوێیش هەر خائینی لێبوو لە ماشینیان دابەزاندبوون و شەهیدیان کردبوون.
ساڵح شەریفی ناسراو بە ساڵە سەقزی ئینسانێکی نمونە ، کادرێکی خۆشناو و تابڵێی جێ باوەڕو متمانە بە خۆ و متمانە پێکراو، خەڵکی ئاوایی سونج لە ناوچەی گەورکی سەقز عەتا ڕەزاپوور خەڵکی کێلەشینی ناوچەی گەورکی سەقز کادرێکی جێکەوتوی تا بڵێی ڕازدار و ئەمیندار و لە سەرەخۆ و فیداکار ئەهلی کار و مەشوەرەت.
عەباسی بەدری کوری خەڵیفەسەعی خەڵکی شاری سەقز بوو لەو بەسەرهاتەدا لە گەڵ من و کاک ساڵە بوو لە بەغدا، ئەو بە خوڕ بۆ شەهید بوونی کاک ساڵە دەگریا مخابن بۆ خۆیشی ئەوەندەی نەخایاند شەهید بوو، پێشمەرگەیەکی خۆشناو و دڵسۆز بوو بۆ گەل نیشتمان.
عەتا فەیزی پێشمەرگەی ئازا و چاو نەترس لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر و گەل دۆستی شاری سەقز بوو رۆح سوک و بویر و چوست و چالاک و ئامادە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی پێ ئەسپێردراو، برا گەورەکەشی کاک رەزا هەر پێشمەرگەی دیموکراتە تەمەنی دریژ بۆ کاک ڕەزای بەڕێز.
سپاس و ڕێزی بێ پایان بۆ هەر هەموو ئەو کەسانەی لە ساتەوەختەکانی توش بونمان بەو کارەساتە تا ئاخر هەر یەکەو بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دەنگمانەو هاتن و هاوکاریان کردین.
سلاو لە یاد و ناوی هەر چوار تێکۆشەری دیموکڕات.
ساڵە سەقزی ، عەتا رەزاپوور، عەباس بەدری ، عەتا فەیزی
ڕووڕەشی بۆ خائینان و نیشتمان فرۆشان،
هیوادارم نەوەکانی داهاتوو بە مێژوی نەتەوەکەیاندا بچنەوە نرخی ئەو ئازادیەی بۆیان دێتەدی بزانن بە چ رەنج و فیداکاری و گیان بەخشینێک بەدیهاتوە

ئەحمەد حوسێنی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت