تارمایی سێدارە بەئاسمانی ئێرانەوە

شەماڵ ڕەسوڵی

کۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو ئەو حکومەتانەی کە لەمێژووی ئەو وڵاتەدا دەسەڵاتیان بەسەر نەتەوەی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاندوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان خستوەتە گەڕ بۆلەسێدارەدان و ڕاپێچکردنی کوڕان و کچان و لاوانی گەلەکەمان بۆ بەندیخانەو بەردەم پەتی سێدارە لەپێناوی ملکەچکردنی نەتەوەی کورد بۆسیاسەتە چەوتەکانی “ڕژێم” و “ولایەتی فەقهی.
سزای مەرگ یان لەسێدارەدان واتە کوشتنی کەسێک بەفەرمانی دادگا وەکو سزایەکی پێشگیری گشتی و قەدەغەکردنی ئەوکارەی کە سزادراو ئەنجامی داوە، ئەوتاوانەش کە سزاکەی کوشتن و لەبەین بردنە بەتاوانی مەرگ ناودەبرێت، سزای مەرگ گرانترین سزایە کەدەکرێت بۆ مرۆڤ ببڕێتەوە و زیاتر دەوڵەت بڕیارەکەی دەدات ئەگەر هات و کەسێکیش بەهەڵە سزادرا لەبەرئەوەی کەئیتر ناژیت هیچ شتێک ناتوانێت قەرەبوی ئەوقوربانیە بکاتەوە، هەر لەبەرئەوەیە کە لەم سزایەدا قەرەبووکردنەوە شتێکی بێمانەیە.
سزای مەرگ لەبنچینەدا بۆئەوکەسانە دانراوە کە چیتر زیانی گەورە لەکۆمەڵگاکەی خۆیان نەدەن، دەبێت ئامانجی سزادان لەکەسی تاوانبار بۆ چاکسازی کۆمەڵگا بێت نەک تۆڵەکردنەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران دژی ئەوکەسانە بەکاری دەهێنێت کە وێڵن بەدوای ژیانێکی شایستەدا و داوای مافەکانیان دەکەن و دەیانەوێت لەوڵات و نیشتمانی خۆیاندا بە ئارامی و ئازادی و بێ ترس بژین.
لەسێدارەدانی لاوانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی ئەوەدێت کە گەلی کورد پشت سارد بکاتەوە لەخەبات و ئەو ڕۆڵە گرنگ و پڕ بایەخەی کە کورد لەمێژوی خۆیدا بینیویەتی و ئەو قورساییەی کە ئێستا لەئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستی هێناوە، لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت تۆوی دوبەرەکی و شین و زاری لەنێو خەڵکی کوردستاندا بچێنێت و کۆمەڵگا لەئاستی خەبات و تێکۆشانی حیزبە کوردیەکان بێهیوا بکات تا بتوانێت بەردەوامی بدات بەدەسەڵاتی ستەمکارانەی خۆی لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەوەی لەبیرچۆتەوە کە کوشتن و لەسێدارەدانی هەرلاوێکی کورد بۆتە ڕەمزو سنبوڵی خەباتێکی نوێ و گشتگیر بۆ بەگژداچونەوەی ڕژێم و گڕوتینێکی دیکەی بەلاوانی کورد بەخشیوە بۆ درێژەدان بەخەبات و تێکۆشان تا دەستەبەرکردنی ڕزگاری یەکجاری لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

حەفتاو دوو ساڵ لەوەوپێش یەکەمین سەرۆک کۆمار لەمێژووی گەلی کورددا بوو بەقوربانی گەل و نیشتمانەکەی، لەبەردەم پەتی سێدارە ڕادەوەستێ و دەرسی نەترسین و سوربوون لەسەر مافی ڕەوای فێری ڕۆڵەکانی گەلەکەی کرد ، پیێ وتین کە مەرگ لەڕێگای ئازادی نیشتماندا سەرەتای ژیانێکی ئەبەدیە و ڕزگاری گەل و نیشتمان ئەوە دێنێت سەری لەپێناودا ببەخشین و گیانی لەڕێدا ببەخشین، فێری قوربانیدانی کردین لەپێناوی نیشتماندا تا بەدنیای نیشاندەین کە ئێمەی کورد خاوەنی مافێکی ئەوەندە مەزن و پیرۆزین لەپێناویدا لەهیچ چەشنە پەتی سێدارەیەک و گیانبازو بەختکردنێک سڵ ناکەین.
نەتەوەی کورد لەمێژوی پڕ هەورازو نشێوی خۆیدا سەلماندویەتی کەهیچ کات لەهیچ هەل و مەرج و دۆخێکی تایبەت و دژواردا ملکەچی سیاسەتەکانی هیچ ڕژێمێکی زاڵ و داگیرکەر نابێت، درێژە بەخەبات و تێکۆشینی ڕەوای خۆی دەدات بۆوەی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ نەوەکانی داهاتوی مسۆگەر بکات.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە گرنگترین ناوچەی دەوڵەمەند بە نەوت و زێڕ و ئاو و دەیان سەرمایەی دیکەی ژێرزەوی، ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت تا کێشە سیاسیەکانی کورد لەناوچەکەدا چارەسەر نەکرێن و سێدارە و کوشتن و زیندانی و ئەشکەنجە کۆتایی پێ نەیەت و دان بەمافی ڕەوای کورددا نەنرێت وەکو نەتەوەیەکی خاوەن خاک و نیشتمان و زمان و کلتورو ووڵاتی خۆی. لەڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێران داواکردنی مافەکان لێکدەدرێتەوە بە دژایەتی کردنی ڕێبەری وڵات و دژایەتیکردنی ڕێبەریش واتە ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی خودا و بۆیەش هەردەبێ لەسێدارە بدرێن، ڕژێم مەبەستیەتی لەهەناوو ویژدانی کۆمەڵگادا سێدارە وەک بەشێکی جیانەکراوەی کلتوری گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی بناسێنێت و جێگای بکاتەوە.
جگە لە ئێران لەهیچ کوێیەکی دنیادا دیاردەیەک بەنێوی فتوای کوشتن و ستایشی مردن نیە ، هیچ یاساو دەوڵەت و ئایدیایەک هەوڵنادات ئەوتاوانە بکاتە کلتور و لەویژدانی گشتی کۆمەڵگادا وەک فاکتەرێکی فەرهەنگی و دینی و بەشێک لەبوون و باوەڕی دینی جێبکاتەوە تەنها ڕژێمی ئێران نەبێت.
ئەو لەسێدارەدانانەی کە ڕژێمی ئێران ئەنجامیان دەدات بەهیچ شێوەیەک ناچنە نێو چوارچێوەی سزایەکی یاساییەوە کە لەسەر بنەمایەکی مافناسانە و بەپاڵپشتی بەڵگە و بڕگە مافناسی و ماف پەروەریەکان ئەنجام بدرێن، بەڵکو کۆی تەواوی ئەو لەسێدارەدانانە قەتڵی بەئەنقەستن، شیرینکردنی مەرگەو هەوڵە بۆ بەکلتوریکردن و جێگیرکردنی لەکلتوری گشتی کۆمەڵگاو ویژدان و فەرهەنگی خەڵکدا.
لەسێدارەدانی ئاشکراو لەشوێنە گشتیەکاندا دیاردەیەکی دیکەی ترسناکی کۆماری ئیسلامییە و دەزگای بەناو دادوەری ئێران زۆرکات بێئەوەی پێشتر ڕایبگەیەنێت لەشەقامەکاندا سزای لەسێدارەدان لەپێش چاوی خەڵک جێبەجێ دەکات و زۆرجار منداڵان ڕاستەوخۆ ئەو دیمەنە دەبینن، ئەوەش کاریگەری خراپی بۆسەر دەرونیان هەیە، ڕاکێشانی خەڵکی بۆ تەماشاکردنی ئەو دیاردە دژە مرۆڤیە ئەوە دەردەخات کە ڕژێم چەندە مینبەری سێدارەو خوڵقێنەری مەرگە ، چەندە مەبەستیەتی ترس و تۆقاندن بکاتە تارماییەکی دانەبڕاو لەنێو دڵ و دەرونی خەڵکیدا و بیکاتە پەیامێک کە بەڵێ هەرکات بمەوێ و هەرکەسێکتانم مەبەست بێت بەوجۆرە بەپەتی سێدارەیدا دەکەم!
ئێران دووەمین وڵاتە لەجیهاندا لەدوای چین کە زۆرترین سزای لەسیدارەدانی تێدا ئەنجام دەدرێت و ساڵانە بەسەدان کەس لەسێدارە دەدات، لەو ڕێژەیەش پشکی گەورەی بەر کورد دەکەوێت بەجۆرێک کە ۱۲٪ ی لەسێدارەدراوانی جیهان کوردن ، “جاوید رەحمان” ڕیپۆرتەری نەتەوەیەکگرتوکان بۆپرسی مافی مرۆڤ لەئێران چەند ڕۆژ پێش لەکۆنگرەی ڕێگریکردن لە لەسێدارەدان ڕایگەیاند: بە نیگەرانیەوە بەپێی ئاماری ۱۰ ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ۱٥۰۰۰ هەزار کەس لەگرتوخانەکانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە و لەچاوەڕوانی مەرگدان!
پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەجۆرێکە تەواوی ئەوکەسانەی کە بەموخالیفی خۆیانی دەزانن بەناوی دژایەتی کردنی خوداوە ڕاپێچی زیندانیان دەکات و لەژوری ئەشکەنجەدانی تایبەت کە ناویان ناوە “تەختی مەرگ”! ئەشکەنجەیان دەدات، دەگمەنن ئەو زیندانیانەی کە بەزیندوویی لێی بێنە دەرەوەو فریای پەتی سێدارە بکەون، بەڵکو هەر لەژێر ئەو جۆرە ئەشکەنجەیەدا دوور لەچاوی ڕاگەیاندنەکان و بەبێدەنگی گیانیان لەدەست دەدەن و بۆ هەندێکی کەمیشیان وا بڵاوی دەکەنەوە کەبەهۆی نەخۆشی و پێڕانەگەیشتنی پزیشکیەوە گیانیان لەدەستداوە دەنا هەواڵی گیانلەدەستدانی زۆربەیان بەبێدەنگی دەمێنێتەوەو ناگاتە دەستی ڕۆژنامەو میدیاو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ، “تالیب بەساتی” نمونەی نوێترین ئەو زیندانیانەیە کە لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتدا گیانی لەدەستدا.
ئەوە لەکاتێکدا کە ئەسڵی ۳٨ لە یاسای بنەڕەتی ئێران دەڵێت : هەرچەشنە ئەشکەنجەیەک بۆ گرتنی ئیعتراف و ئاگاهی قەدەغەیە، ناچارکردنی زیندانی بۆشایەتیدان، سوێندخواردن و دانپێدانان ڕەوانیەو ئەگەر بەوجۆرەش بەڵگەیەک وەدەست بخرێت بێبایەخە.

سەرباری ئەوەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام ڕەخنەی ئەوە لە ئێران دەگرن کە واز لەسەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا بێنێت کە ئێستا نەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی ۱٨ ساڵی ، بەڵام ڕژێمی ئێران گوێی بەوجۆرە داواکاریانە نەداوەو لەدوایەمین وڵاتانی جیهانە کە تائێستاش ئەو کەسانە لەسێدارە دەدات کە لەمنداڵیدا تاوانێکیان ئەنجامداوە، بۆنموونە یەکێک لەوانەی کەلە گرتوخانەکانی کەرەج لەسێدارەدرا ۳۰ ساڵ لەوەوپێش لەتەمەنی ۱٦ ساڵیدا تاوانی ئەنجامدابوو! بەگوێرەی ڕادیۆ زەمانی دوو کەسی تریش لەبەندیخانەکانی کرمان و تەورێز بەهەمان شێوە لەتەمەنی خوار ۱٨ ساڵیدا سزای لەسێدرەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، چەند ڕۆژ پێش ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە لەندەنە داوای لەبەرپرسانی ئێران کرد هەرچی زوترە حوکمی سێدارەی ۳ منداڵی کورد بەناوەکانی “موحەمەد کەلهور” لەبەندیخانەی بڕووجێردی لوڕستان و “بەرزان نەسڕوڵڵا زادە” لەبەندیخانەی ڕەجایی کەرەج و “شایان سەعید پوور” لەبەندیخانەی شاری سەقز ڕابگرن ، هاوکات “سالح حیجازی” جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەباکوری ئەفریقای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: بەرپرسانی ئێرانی هەرچی زوترە بۆ ڕزگاریکردنی گیانی ئەو سێ لاوە هەوڵبدەن، لەئێستادا مەترسی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەکەیان لەئارادایە، بەپشت بەستن بەئامارەکانی ڕێکخراوی هەنگاو بۆمافەکانی مروڤ کەتایبەتە بەڕەوشی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئێستادا۲۰ منداڵی کورد لەچاوەڕێی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەدان.
لەسێدارەدراوانی ئێران بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆرن جۆرێکیان ئەوانەن کەبەتۆمەتی سیاسی حوکمی سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنرێت و لەسێدارە دەدرێن جا چ ئەوەی تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ بووبێتەوە یان بەسەریاندا ساغ نەبووبێتەوە بەشەکەی تریشیان ئەوانەن کەلەسەر بیروباوەڕی ئاینی حوکمەکەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت ، لەکاتێکدا “سادق لاریجانی” بەرپرسی دەزگای دادوەری ئێران لەکۆبوونەوەیەکدا نکۆڵی لەهەبوونی زیندانی سیاسی لەئێراندا دەکات و دەڵێت: ئەگەر کەسێک دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی کارێکی کردبێت ئەوە وەکو تاوانێکی جیا دەبێ بەدواداچونی بۆبکرێت، تاوانی سیاسی لەیاسا پێناسەی خۆی هەیە و بەدواداچونیش بۆ ئەو مەبەستە ڕێکاری تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ئێستا ئێمە لەئێراندا زیندانی سیاسیمان نیە!
کەم نین ئەوانەی لە ئێران بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئێرانەوە بەتۆمەتی سیاسی دەسگیردەکرێن و دوای زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانێکی زۆر ڕاپێچی بەردەم پەتی سێدارە دەکرێن.
نوێترین نموونە “هیدایەت عەبدوڵا پوور”ی تەمەن ۲٥ ساڵە کە لەشاری شنۆ بەتۆمەتی بەشداریکردن لەپێکدادانێکی نێوان پێشمەرگەکانی دێموکڕات و سوپای پاسداران بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەک دەسگیرکرا بەپێی شایەتحاڵەکان ئەو لەکاتی پێکدادانەکەدا لەدوکانەکەیدا سەرقاڵی چاکردنەوەی سەیارەیەک بووە و ئاگاداری پێکدادانەکە نەبووە. “ئەحمەدی نیازی” پارێزەر لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆ فەردای سەربە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت: ئەو هەرچەندە لەپێکدادانەکەدا لەوێ نەبووەو هیچ ڕۆڵێکی نەبووە بەڵام بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، یەکێک لەدادوەرەکانی دادگای باڵا بەڕاشکاوانە بەمن و باوکی هیدایەتی ووت کە هیدایەت بێتاوانەو هیچ پەیوەندیەکی بەپێکدادانەکەو ڕوداوەکانی دواترەوە نەبووە و بڕیاری لەسێدارەدانەکەی بەهۆی بڕیاری سووپاو دەزگا هەواڵگریەکانەوە بووە. لەدوکانی فیتەریەوە دوای زیندانیەکی زۆرو ئازارو ئەشکەنجە بۆبەردەم پەتی سێدارە براو لەسێدارە درا.
لەکاتێکدا ئەسڵی ۳۲ لەیاسای بنەڕەتی ئێران دەڵێت : هیچ کەسێک نابێت بێ بەڵگەو بئ حوکمی یاسایی بگیرێت، لەئەگەری گرتنیشیدا تاوانی ئەوکەسە چیە دەبێ بەشێوازی فەرمی بەتاوانباری ڕابگەیەنن و لە ۲٤ کاتژمێردا پەروەندەکەی بەڕێی دادگا بکەن.
“خالید مەنسور بەلاغی” و “شەهرام احمدی” و “پوریان موحەمەدی” سێ نموونەی ترن لەو ٤۹ هاوڵاتیه کوردە سووننە مەزهەبەی کە لەگرتوخانەکانی رەجایی شاری کەرەج لەماوەی دوو ڕۆژداو بەسێ قۆناغی جیاواز لەسەر بیروڕای ئاینی و سووننەیی بوون بەکۆمەڵ لەسێدارە دران .
لەکاتێکدا ئەسلی ۲۳ لەیاسا بنەڕەتی ئێران دەڵێت: لێپرسینی باوەڕی و هەقیدە لە ئێران قەدەغەیە و نابێ بەهۆی باوەڕی جیاواز کەسێک تۆمەتبار یان تاوانبار بکرێت.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی دیکتاتۆری ئێران دەرهەق بە خەڵکی دەیکات و لەسێدارەیان دەدات ئەوە نیشاندەدات کە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ پەیوەستیەکی ئەخلاقی و یاسایی بە هیچکام لە بەندەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و تەنانەت پەیوەست نیە بە بەشێک لەیاسا بنەڕەتیەکانی خۆشیەوە.
بۆ پێشگرتن لەهەر گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ئێران، بۆ کپکردنی هەموو ئەودەنگانەی داوای ژیانێکی ئارام و شایستەو بێترس دەکەن، ڕژێم جوغرافیاو ئاسمانی ئەو وڵاتەی کردوەتە پەتی سێدارە، بۆ نوسەر، لێکۆڵەر، شاعیر، مامۆستا، ڕۆژنامەوان و چالاکانی کرێکاری، خوێندکاری، مەدەنی و ژینگەیی، تەنانەت ئەوانەشی کە مەشغووڵی کارو کەسابەتی ڕۆژانەی خۆیانن و وێڵن بەدوای پەیداکردنی پارویەک نان بۆسەرسفرەکانیان وخەمی گەورەیان دەسکەوتنی بژێوی ئەوڕۆژەیانە بەترسەوە ژیان دەکەن، هەمیشە ترسی ئەوەیان هەیە بەیانیەک بەدەنگی لەدەرگادانی ئیتلاعات خەبەریان بێتەوە، یا ئیتلاعات هەڵکوتێتە سەر شوێنی کارەکەیان و بەدروستکردنی تۆمەتێک تاوانباریان بکات کەنەک هەر لێی بێبەرین و نەیان کردوە بەڵکو ئەسڵەن بەفکریشیاندا نەهاتووە بیانگرێت و وەکو “هیدایەت عبدڵڵا پوور” ڕاپێچی زیندان و بەردەم پەتی سێدارەیان بکات، تارمایی سێدارە بەجۆرێک باڵی کێشاوە بەسەر ئاسمان و زەمینی ئێراندا ترسی خستوتە نێودڵی تاک بەتاکی هەموو ئەوانەی کەلەژێر چەتری حوکمی دیکتاتۆری ئێراندا دەژین.
شەماڵ ڕەسوڵی

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت