یادێک لە رۆژی شەهیدانی کوردستان. عوسمان کەوکەبی شاد

یادێک لە رۆژی شەهیدانی کوردستان. عوسمان کەوکەبی شاد

پێشەوا و سەرکردە و پێشمەرگەکانی کوردستان گیانی خۆیان فیدای ئازادی و سەربەستی گەلی کورد کردووە. شەهیدانی کوردستان بەرژەوەندی گەلی کوردیان وەپێش بەرژەوەندی تاکە کەسی، خاو و خێزان و بنەماڵەی خۆیان خستووەو بە دڵێکی پڕ لە ئاوات و ئامانجەکانی پیرۆزی کوردایەتی خەبات و تێکۆشانینان کردووە. ئەوان زۆر رێگای دژوار و هەوراز و نێشویان بڕیوە. کۆسپ و چەڵەمەی زۆریان هاتۆتە پێش و بەڵام هەستی پاکی کوردایەتی بۆ سەربەستی کورستان هاندەری ئەوان بووەو و لە سەر رێگای شۆرشگێری و خەبات کردن بەردەوام بوون. زۆر لەو تیکۆشەراانە، ئەشکەنجە و ئازاری جەستە و دەروونی نەماوە کە لە زیندانی داگیرکەرانی کورستان دا نەیچێژن. هەر بۆیە رێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان، ئەڕک و ئەمەگناسی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە. ئێمەی کورد قەرزدار و منەتباری شەهیدانی کوردستانین و پێویستە رێگای پیرۆزی خەباتیان کە ئازادی و سەربەستی کوردستانە بەرنەدەین و بەردەوام بین.

یەكێک لەو سەرکردە بوێر و لێهاتوانەی کورد پێشەوا قازی محەممەد بووە. ئەو رێبەرە مەزنەی نیشتمانپەرەری کورد، زۆر شێلگیرانە لەو کات و زەمانەی جیهان و کوردستاندا پێشەوایی گەلی کوردی بە دەستەوە گرت و ئەڕکێکی پیرۆزی کوردایەتی و بەرپرسایەتی خستە سەر شانی خۆی. پێشەوا قازی محەممەد زۆر ژیرانە و بە لێهاتوی و بوێرانە کۆماری کوردستانی لە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ زاینی، بەرامبەر بە ٢ ی رێبەندانی ١٣٢٤دامەزراند. کۆماری کوردستان باوەشی کوردایەتی بۆ کوردی باشور، باکور و رۆژئاوایی کوردستان کردبۆوە. هەروەها بەرپرسایەتیان لە کار و باری کۆماردا پێدا بوون. هەر بۆیە ئەو کۆمارە هی هەموو گەلی کرد بوو و قازی محەممەدیش پێشەوای کورد بە گشتی بوو. پێشەوا هەموو کات بۆ یەکریزی و یەک دەنگی گەلی هەوڵی داوە و تێکۆشاوە. ئەو سەرکەوتن و ئازادی و سەربەستی گەلی کوردی بە یەکریزی و یەکگرتوی کورد گرێدا بوو. زۆر بە داخەوە ئەو کۆمارە ماوەی ١١ مانگ بەردەوام بوو. هەر چەند تەمەنی کۆماری مەهاباد کورت بوو، بەڵام لاپەرەیەکی زێڕینی لە نێو مێژووی کوردستاندا تۆمار کرد، کە هەموو کوردێک شانازی پێوە دەکات.

قازی محەممەد لە شاری مەهاباد لە رۆژی ١ی مای ١٩٠٠ ی زاینی لە دیک بووە. پێشەوا رووناکبیرێکی لێهاتو و پێشەکەوتو بوو. زمان زانێکی باش بوو و زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، هتد …. دەزانی. ئەو وەک پسپۆرێکی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵاتی سەیر دەکرا و رێزی لێدەگیرا. پێشەوا لە ئێش و ئازاری گەلی کورد باش تێگەیشت بوو، هەر بۆیەش بە کردەوە بۆ گەێشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی گەلی خەباتی کردوو و گیانی خۆی فیدای گەلە چەوساوەکەی کرد. لەبەر زیرەکی، لیهاتوی، زانایی، بوێری و هەستی پاکی کوردایەتی گەلی کورد نازناوی پێشەوایان بۆ قازی محەممەد بە رەوا زانی.

پێش روخان و داگیر کردنەوەی کوردستان بەرێوەبەرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری مەهاباد و مەلا مستفەفا بارزانی هەوڵیان دا کە پێشەوا لە گرتنی بە دەست لەشکری محەممەد رەزا شا رزگار کەن. بەڵام پێشەوا بە برێوەبەرانی کۆماری کوردستان و بارزانی گوت ئێوە بڕۆن و خۆتان لە گرتن و کوشتن رزگار بکەن. من نارۆم و لە گەڵ گەلەکەم دمێنەوە. گوتی باش دەزانم کە ژیانم دەکەویتە مەترسی، بەڵام من ناتوانم گەلەکەم بە جێ بێڵم. پێشەوا بەو سوێند و پەیمانەی کە لە کاتی راگەیاندی کۆماری کوردستان خوارد بووی و دابووی، بە وەفا مایەوە و گیانی خۆی فیدای گەلەکەی کرد.

رۆژی ١٧ی دیسامبری ١٩٤٧ ی زاینی لەشکری حکومەتی ئێران هاتەوە بۆ شاری مەهاباد و داگیری کرد. بە داگیر کردنی مەهاباد کۆماری کوردستان شکا و گەلی کورد بێ کۆمار و سەرۆک مانەوە. تێکشکانی کۆماری جوانەمەرگی کوردستان ئێش و ئازارێکی گەلێک بە تین بوو بۆ هەموو گەلی کورد. سەرتیپ هومایون کە داگیر کردنەوەی کوردستانی پێسپێردرا بوو، لە کوردستان هەمە کارە بوو و ئەمری کرد کە پێشەوا قازی محەممەد و بەرێوەبەرانی کۆماری کوردستان دەستگیر کەن. پشەوا و هاوکارەکانی زۆر بە شێوەیەکی نادادپەوەران دەستگیر کران و رەوانەی زیندان کران. لە زیندانی مەهاباد پێشەوا قازی محەممەد، سەیفی قازی و سەدری قازی لە رێکەتی ٣٠ ی دیسامبری ١٩٤٦ دادگایی دەکرێن. دادگایی کردنیان نهێنی بوو و کەس نەیدەزانی لە دادگا چی روو دەدات. ئەوان داوایان کرد کە پارێزەر بۆ خۆیان بگرن، بەڵام دادگا رەتی کردبۆوە. دادگای نیزامی بە رواڵەت دادگا بوو بۆ چاو بەستنی گەلانی ئێران و دەرەوە. دادگا کردنیان زۆر بە نادادپەوەرانە بەڕیوە دەچوو. لە گەڵ ئەوەیدا کە نەیانتوانی پارێزەر بۆ خۆیان بگرن، بەڵام پێشەوا قازی محەممەد زۆر بوێرانە پارێزگاری لە خۆی و هاوکارەکانی کرد و تەواوی تۆمەتەکانی دادگای رەت کرد بۆوە. پێشەوا زۆر چاو نەترسانە بەرپرسایەتی دامەزراندنی کۆماری کوردستانی خست بۆوە سەر شانی خۆی و پارێزگاری لە ئازادی و سەربەستی گەلی کورد کرد بوو. دادگای فەرمایشی شا ویستی کە قازی محەممەد لە راگەیاندنی کۆماری مەهاباد پێشمان بێتەوە و بۆ رزگاری بوونی بپارێتەوە. بەڵام پێشەوای گەلی کورد نەک پەشیمان نەبۆوە، بەڵکو گوتی ئێوە ئێستا هەموو گەلی کورد و کۆماری کوردستان و دێموکراسی و ئاوات و ئامانجەکانی گەلی کورد دادگای دەکەن. من لە سەر ئاوات و ئامانجەکانم سوورم و گیانی خۆم فیدای گەلی چەساوە و ماف خورای خۆم دەکەم. پێشەوا وەفادار بە گەلی خۆی مایەوە و سەربەرزانە شەهید کرا و ناوی لە ناو مێژووی کورد و کوردستان هەتا، هەتایە تۆمار کرا. هەموو گەلی کورد قازی محەممەد بە پێشەوا و شەهیدی خۆی دەزانی.

پێشەوا و سەیفی قازی و سەدری قازی لە ٣٠ی مارسی ١٩٤٧ ی زاینی بەرامبەر بە ١٠ ی خاکەلێوەی ٢٦٤٧ ی کوردی لە کاتژمێر ٣ ی بەیانی لە مەیدانی چوار چرای مەهاباد، ئەو شوێنەی کە پێشەوا کۆماری کوردستانی راگەیاند لە سێدارە دران. دادگای فەرمایشی نیزامی محەممەد رەزا شا بە نادادپەوەری و بە دزی بەرێوە چوو و هەروەها لە سێدارەدانی پێشەوا و سەیفی قازی و سەدری قازی بە دزی بەرێوە چوو.

سەری نەوازیش و کرونوش بۆ پێشەوای شەهید و هەموو شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم و هیوادارم کە کورد رێبازی شەهیدان بەر نەدا، هەتا گەیشتن بە دامەزراندنی کۆمارێکی دێموکراتیکی کوردستان.

عوسمان کەوکەبی شاد

وڵاتی نۆرویژ، شاری هامار

رێکەوتی ١٠ی ١ ی ٢٧٢٤ ی کوردی ( ٣٠ ی ٣ی ٢٠٢٤ ی زاینی)