یادێک لە کۆمەڵێک هاوڕێی کۆچکردوو. نووسینی کاکەبرا ئەلیاسی

یادێک لە کۆمەڵێک هاوڕێی کۆچکردوو. نووسینی کاکەبرا ئەلیاسی
مرۆڤە گەورەکان پاش مەرگێش هەر بە زیندوویی دەمێننیەوە و مەرگیش ناتوانیت ئەوان بۆ هەمیشە لە بیر و هزری هاوڕێ و دۆستانیان بەرێتەوە. ئەو کۆمەڵە هاوڕێیە لە ژیانی خۆیان دا زۆر چەرمەسەری و نەهامەتیان چێشت. ئازاری زۆریان دیت، شەو نەخوونی، دەربەدەری، و ئاوارەیی بوو بە بەشێک لە ژیانیان و تا دوا هەناسەی ژیانیان لە سەر ئەو بیروباوەڕەی خۆیان بەردەوام بوون. ئەو تێكۆشەرانە هەرکامەیان لە فەترەیەک لە تەمەنیان دەور و کاریگەرییان لە خەبات لە پێناو ڕزگاری نیشتمانەکەیان دا هەبووە. ئەوان لەو ڕێگا پڕ هەوراز و نشێوەی خەبات دا قەت ناهومێد نەبوون. بە داهاتووی خەباتەکەیان خوشبین بوون و لە ڕابردووی خەباتەکەیان هەستیان بە شانازی و غرور دەکرد.
لە ماوەی نزیک بە ٣٦ ساڵ کە لە وڵاتی سوئید نیشتەجێ بووم ئەو شانازییەم بە نسیب بوو کە لە گەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی ببمە هاوڕێ و هاوکار کە ئەو دۆستایەتی و هاوکارییە هەتا دوا هەناسەی ژیانی ئەو کۆمەڵە هاوڕێ بە نرخانە و پاش مەرگیشیان بەردەوام بوو و ڕێز لە یاد و بیرەوەریان دەگرم.

کاک سەعید کوێستانی کەسایەتێکی خاکی و خەڵکی

یەکێک لە ئەو تێكۆشەرانە کاک سەعید کوێستانی بوو. ناوبراو یەکێک لەو تێکۆشەرە دێرینانەی کورد بوو کە لە ژیانی خۆی دا زۆر جار تووشی چەرمەسەری، ئاوارەیی و هەڵات هەڵات هاتبوو. ناوبراو خەباتکارێکی بە بیرو باوەڕ و قسە زان و خاوەن قەڵەم بوو. ئەم مرۆڤە گەورەیە سەرەڕای ئەو هەموو ئەزموونە سیاسییە کە لە خەبات و تێکۆشانی دا بە دەستی هێنا بوو وەک مرۆڤێکی خاکی و خەڵکی هەڵسووکەوتی دەکرد و قەت خۆی لە هاوڕێیەکانی پێ زاناتر نەبوو. سەربردە و ژیانی کاک سەعید، لە سەنگەری خەباتدا، لە ئاوارەیی ناو عێراق و دوورە وڵاتدا، لە باشووری کوردستان وەک رۆمانێکی پڕ لە ئازار و ورە و نەسرەوتن وایە کە نیشان دەدا کورد بوون و شۆرشگێربوون چەند سەخت و ئاستەمە.
مخابن کاک سەعید چەند ساڵ پێش ئێستا بە هۆی هەڵكشانی تەمەنەوە کۆڕی یارانی بە جێهێشت. جێگای کوێستانی لە کۆری یاران دا بە ڕاستی دیارە. یادی بەرزو بەڕێز بێ.

کاک حەسەن سەر سپی فەرماندە قارەمانەکەی هێزی بێستوون

مرۆڤێکی دیکەی خەباتکار، قارەمانێکی بە مانای تەواوی وشە فەرماندە حەسەن سەرسپییە، کاک حەسەن زارعی کە بە حەسەن سەرسپی ناو و ناوبانگی دەرکردبوو یەکێک لە فەرماندە ئازاکانی خەباتی ڕزگاری خوازی نەتەوەی کورد بوو. کەم کەسێک هەیە کە ناو و ناوبانگی کاک حەسەن سەر سپی نەبیستبێ و داستانی قارەمانەتی ئەو مرۆڤە تێکۆشەرەی لەڕۆژە سەختەکانی خەبات دا بۆباس نەکرابێ. ئەگەر باسی بێستوون و مەڵبەندی کرماشان بکەی، بێ دوو دڵی حەسەن سەرسپی لەو مەڵبەندە لە یەکەمین ناوەکانە کە جارێکی دیکە لە بیرو زەینی ئەویندارانی ئازادی و سەربەستی سەرهەڵدەداتەوە و داستانی مێرخاسی و قارەمانەتی ئەو شۆڕشگێڕە خاوەن ئیرادە پوڵایینە بۆ نەوەی داهاتوو نەکرێت. کەواتە تا بێستون مابێ، حەسەن سەرسپی لە مێژووی ئەو ناوچەیە و خەباتی ڕزگاری خوازی بۆ ژیانێکی باشتر بەردەوام دەبێ. یادی بە خێر

مرۆڤێکی گەنج بەڵام ڕۆح سووک کاک جەمیل عوزەیری

کاک جەمیل عوزەیری کە بە داخەوە لە تەمەنی گەنجی تووشی نەخۆشینی شێرپەنجە هات و بە نا بەدڵیی بە جێی هێشتین، یەکێک لەو مرۆڤە ڕۆح سووک و خاوەن بیروباوەڕانە بوو کە چەند ساڵێک وەک هاوکارێکی جیددی و کارامە پێکەوە لە خزمەت گەل و نیشتمان بووین. کاک جەمیل سەرەرای ئەوەی لە گەڵ نەخۆشینی شێرپەنجە لە بەربەرەکانیدا بوو، بۆ هیچ ئەرکێکی نیشتمانی لارەمەل نەبوو. بە هەموو وجوودیەوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکە پێسپێردراوەکانی هەوڵیی دەدا و دڵسۆزانە ئەو ئەرکانەی بە ئەنجام دەگەیاند. عوزەیری هەر لە تەمەنی گەنجیەتیەوە ڕێگای رزگاری نیشتمانی گرتە پێش، تا دڵیی لە لێدان کەوت چ لە شاخ و چ لە دەرەوەی وڵات لە خەبات بۆ ئازادی و سەربەستی نیشتمان ڕانەوەستا. یادی کاک جەمیل عوزەیری کوڕە ڕۆح سووکەکەی سنەی قارەمان بە خێر.

مەلا چەتە کەسێکی ماندوونەناس و قسە خۆش

هەر کەسێک لە نزیکەوە محەممەد گۆمانی ناسراو بە مەلا چەتەی لە نزیکەوە ناسیبێ قەت ناتوانێت میهرەبانی، قسە خۆشی و زانایی ئەو زاتە شۆڕشگێڕە بێ ئیدیعایەی لە بیر بچێتەوە. مەلا چەتە یەکێک لەو خەباتکارە شۆڕشگێڕانە بوو کە لە ژیانی خوی لە ژێر ستەمکاریی دوو رژیمی دژەکوردی پاشایەتی و ئیسلامیدا، تووشی زیندان، ئەشکەنجە و دەربەدەری زۆر هاتبوو.
چەند ساڵیک بوو بۆ زۆر بۆنەی نەتەوەیی و سیاسی لە گەڵ مەلا چەتە و کۆمەڵێک هاوڕێی دیکە دەڕۆیشتین. ناوبراو زۆر ڕووداوی گرینگی میژوویی بزوتنەوەی کوردی لە هەر دوو بەشی ڕۆژهەلات و باشووری کوردستانی لە یاد مابوون و بە وردی ئەو ڕووداوانەی بۆ باس دەکردین. ماموستا گۆمانی لە ژیانی سیاسی خویدا سەرەڕای زۆر چەرمەسەری و ئاوارەی لە سەر بیروباوەڕەکەی سوور بوو و چوونە سەری تەمەن و زەبر و زەنگی رۆژگار و بێوەفایی یار، هیچ تەئسیری لە سەر ئیرادەی شۆڕشگێڕی ئەو دانەنابوو. ئەو بە ڕاستی هاوڕێیەکی زانا و خاوەن هەڵوێست بوو. ماموستا ئەزموونی خەفەقان و سەرکوتی ڕایەلکەکانی ساواک و ساوامای هەبوو و چەند جار لە پیلانی تێرۆری ئەو دوو رژیمە رزگار ببوو و یەکیەتی نێو ماڵیی کوردی بە کلیلی سەرکەوتنی نیشتمان دەزانی و پێی وابوو، لە خەبات بۆ ئازادی دەبێ پشت بە کەسانی پاک و خوشناو ببەستین و خومان لەو کەسانە بە دوور بگرین کە قۆڵبڕ و فورسەت تەلەبن. خەباتی نەهێنی و ئاشکرای مەلا محەممەد لە قۆناغە سەختەکاندا بۆ کەسانی لێزان و پێزان جێگەی رێز و لێ‌فێربوونە.
مخابن ئەو ئینسانە گەورەیە بە هۆی پەتای کرۆنا کۆڕی یارانی بە جێ هێشت و لە بێدەنگی سامناکدا لە سەحرای بێوەفایی مرۆڤدا کەوتە بەر لێشاوی لەبیرچوونەوە. یادی هەموو کات بە خێر بێ.

کاک ئەحمەد کاکەمەمی، کەسایەتی ئەدەبی و سیاسی

کەم کەسێک هەیە لە وڵاتی سوئید ژیابێ و ناو ناوبانگی کاک ئەحمەد کاکەمەمی نەبیستبێ. کاکەمەمی کە بەداخەوە ئەویش لە ناکاو بە جێی هێشتین یەکێک لەو مرۆڤە تێکۆشەرو ماندوونەناسانەی نەتەوەکەمان بوو کە بەشێکی زۆر لە تەمەنی خۆی لە پێناو سەربەستی و ڕزگاری نەتەوە و نیشتمانەکەیدا تێپەڕاند.
ئاشنایەتی من و ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵیی ١٩٨٩. ئەو کاتە هەردووکمان لە کۆبوونەوەیەکی ڕێبەرە تاقانەکی کورد کاک دوکتور قاسملوو بەشدار بووین. لە ساڵیی ١٩٨٩ تا کاتی کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە تێکۆشەرە پێوەندی سیاسی و تەشکیلاتی و دۆستانەمان هەبوو. ناوبراو لە کاری سیاسییدا کەسێکی ورد بین و بە ئەزموون لە کاری ڕێکخراوەیی دا بوو. ئەو بۆ بردنە پێشی بیروبۆچوونە سیاسییەکانی کە لە پێناو رزگاری و ئازادی کورددا بوون، زۆر پێداگر و شێلگیر بوو. کاکەمەمی کاری سیاسی و ئەرکی حیزبی بە پاکی و سەداقەتەوە بەئەنجام دەگەیاند. ناوبراو وێرای ڕاپەراندنی ئەرکی سیاسی و هەڵسورانی ژیانی تاراوگە لە بواری نووسین دا کەسێکی سەرکەوتوو بوو. کاک ئەحمەد یەکێک لەو کەسانە بوو بۆ مناڵانی کورد لە هەندەران سێ کتێبی بەنرخی بە ناوی گوڵبەهارە چاپ و بڵاوکردەوە کە تاکوو ئێستاش مامۆستایانی کورد کەڵک لەو کتێبانە بۆ فێرکردنی مناڵانی کورد، وەردەگرن.
ئاخرین بەرهەمی ناوبراو کە بەداخەوە پاش مەرگی چاپ و بڵاو بووەوە فەرهەنگی هەنگەواژەی کوردیە کە لە دوو بەرگ پێکهاتووە .
کاکەمەمی لە ماوەی ژیانی سیاسی خویدا لە گەڵ زۆر کەسایەتی کورد لە سوئید پیوەندی دۆستانەی هەبوو. ئەو کەسێکی خۆشناو، کەسایەتێکی سیاسی و خاوەن قەڵەم بوو. کۆبوونەوە و بۆنە و کۆرەکان بێ کاک ئەحمەدیان پێوە دیارە. ئەم کادرە لێهاتوویە، لە ماوەی نیو سەدەدا، لە کۆمەڵگا و مەکتەبی پێشمەرگەدا پێگەیشتبوو و ئاشقانە کوردستان و خەباتی خۆشدەویست.
یادی کاک ئەحمەد بە خێر و ڕەوانی ئارام

نووسینی کاکەبرا ئەلیاسی