شکۆی نەورۆز و پوچەڵ کردنەوەی پیلانی دوژمن! هاشم رۆستەمی

شکۆی نەورۆز و پوچەڵ کردنەوەی پیلانی دوژمن! هاشم رۆستەمی

ڕێوڕەسمە نەورۆزیەکانی ئەمساڵ لە کوردستانی ڕۆژهەلات هەر لە باشوور ڕا تا باکوور بە شێوەیەکی ئەوتۆ پڕ شکۆ بەڕێوە چوون کە لە مێژووی ئەم بەشە لە کوردستاندا بێ وێنە بوون. ئەو ڕەنگاوڕەنگی و تێکەڵاوەیە کە لە ئیلام ڕا تا ماکۆ لە هەموو مەڕاسیمەکاندا خۆی دەنواند و جوانترین جیلوەی جوانی بەم بەهارە دەبەخشی، تەنیا هەڵپەڕکێیەکی ساکار و خۆشییەکی ماوەدار نەبوو، بەڵکو تەواوی ئەو جل و بەرگانە، لە جامانەو لیباسی خاکی پیاوانەوە بگرە تا دەگاتە لەبەر کردنی کەوا و پانتۆڵ لە لایان ئافرەتانەوە، لە دەست لێک گرێدانی کچان و کوڕان لە گەڕێ داوەتێدا، لە پێشەنگایەتی کەس و کاری سەربەرزی شەهیدانەوە بۆ ئاگر کردنەوە و تەنانەت گەڕی داوەتێش، لەو پەیامە پڕ نێوەرۆکانەی کە لە بۆنەکاندا خوێندرانەوە و زۆر دیاردەی دیکەی ڕەچە شکێنانە کە لە سەرجەم رێورەسمەکاندا دەبیندرێن، موژدەی ئاڵ و گؤرێکی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە گوێی جیهاندا دەدەن و نیشانیان دا کە خەڵکی کوردستان بە پێچەوانەی سیاسەتی ڕەشپەرستانەی کۆماری ئیسلامی و کولتووری داسەپاوی باو، ئەوان خوازیاری دونیایەکی پڕ لە شادی و خۆشین، خوازیاری ئەوەن کە بە پێناسەی نەتەوەیی خۆیانە ڕێز لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکان بگرن. ئەوان بە شێوەیەکی مانادار نیشانیان دا کە لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕیون و چیتر خۆیان لە چوارچێوە و قەید و بەندەکانی ئەو نیزامەدا نابیننەوە.

لە وەسفی شکۆی ئەم نەورۆزە هەر چەندی بنووسم هێشتا کەمە. جگە لەوەش لەم وتارەدا زۆرتر مەبەستم ئەوەیە کە لە پەڕاوێزی ئەو هەموو شکۆ نەورۆزیەدا، ئاماژە بە هێندێک لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بکەم کە غافڵ بوون لێیان، لەوانەیە تووشی زیانی قەرەبوو نەکراوەمان بکات.

ڕەنگە زۆر کەس باوەڕ بەوە نەکەن کە بڵێم بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی ئەم نەورۆزە، کۆماری ئیسلامی(فارسەکانی نێو دەستەڵات) کەلێنێکی کردەوە و تا ڕادەیەکی زۆر چاوی لە ئاست بەڕێوەچوونی جێژنە نەورۆزییەکان کە لە ئەساسدا بوونە بۆنەی نەتەوەیی، قووچاند و خۆی لێ بێ دەنگ کردن. سەرفینەزەر لەوە کە ئەلحەق خەڵکی کوردستان توانیان بە باشترین شێوەی مومکین لەو کەلێنە کەڵک وەر بگرن، با بزانین ڕێژیم بۆچی ئەم کەلێنەی کردۆتەوە و بە دوای چیدا دەگەڕێ.

بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی لەم بوارەدا کەمێك بۆ دوایە دەگەڕێمەوە و باسی هێندێک ڕەفتاری رێژیم لە ئوستانەکانی تەورێز و ورمێ(“ئازەربایجان”) دەکەم. ڕەنگە بفەرموون جا ڕەفتاری رێژیم لەو دوو پارێزگایە چ پێوەندیەکی بە نەورۆزەوە هەیە! بەڵام بە زیاتر ورد بوونەوە لە بابەتەکە، زۆرتر روون دەبێتەوە کە لە کوێ ئەم دوو بابەتە یەکانگیر دەبن. هەمووتان کەم تا زۆر ئاگاداری کێشەکانی کۆماری ئیسلامی و حکومەتی ئازەربایجان هەن، هەر لەم ڕاستایەدا کێشەکانی نێوان تورکیە و ئێرانیش جێگەی سەرنج و لێ ورد بوونەوەن. کۆماری ئیسلامی لەم ساڵەی دواییدا و بە دوای شۆڕشێ “ژن ژیان ئازادی” دا، ترسێکی زۆری سەبارەت بە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئازەرییەکان لێ پەیدا بووە. هەر ئەو ترسەش وای کردووە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نەرم و سیستیماتیک دەستی کردووە بە ڕاگواستنی بەرپرسانی نیزامیی ئازەری زمان لەو دوو پارێزگایە. لەم دوایانەشدا وردە وردە دەستیان بە ڕاگواستنی بەرپرسانی سیاسی و ئیداریش کردووە. لە جێگەی ئەوانیش کەسانی فارس زمان و لە هێندێک شوێنیش کورد زمان دادەنێن. بەو پێێە وێدەچێ کە فارسەکان لە هاوبەشیی دەیان ساڵەی خۆیان و ئازەریەکان لە دەستەڵاتدا نائومێد بووبن و بە “دوای جێگرەوەدا” بگەڕێن.

ئاکامی هەڵبژاردنەکان بۆ مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی، کە لە ورمێ دوو کاندیدی کورد “سەرکەوتن” و نەمایشێکی جەماوەریشی لێ کەوتەوە، لە ڕاستای ئەم سیاسەتی گەڕان بە دوای جێگرەوەدا خۆی دەنوێنێ. هەر لەم ڕاستایەدا هەواڵەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە سوپای پاسداران لەم ماوەیدا بە شێوەیەکی بەرچاو چەک و چۆڵی بەسەر ژمارەیەک کوردی ئەو ناوچەیەدا بڵاو کردونەتەوە، کە زۆر جێگەی پرسیارە.

جگە لە مانەش کاربەدەستانی فارس زمان لە ڕێگەی هێندێک لەو کوردانەی کە گوێیان بۆ ڕادەگرن، لە هەوڵی ئەوەدان کە ترس و خۆفێک لە نێو کۆمەڵگادا بڵاو بکەنەوە و بڵێن کە ئەگەر ئەم نیزامە نەمێنێ، ئەوە حکومەتەکانی ئازەربایجان و تورکیە دەست بە سەر ئەو دوو پارێزگایەدا دەگرن و ئەو کات ئێوەی کورد لەم بەشەدا دەچنە ژێر ئیختیاری تورکەکانی تورکیە و ئاکامێکی نادیارتان دەبێت.

کۆی ئەو جموجۆڵانەی رێژیم (فارسەکانی نێو دەستەڵات) ئەوەمان پێ دەڵێت کە فارسەکانی نێو دەستەڵات بەرە بەرە خەریکی بەستەرسازین بە هەڵگیرساندنی شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە بەینی دوو نەتەوەی کورد و ئازەریدا، هەر وەک شەڕەکەی نەغەدە.

لێرەدایە کە پێویستە هەموومان وشیار بین و بە هیچ جۆرێک نەکەوینە نێو داوی ئەو پیلانەی ڕێژیم.

رێژیم بە چاو نوقاندن لە بەرنامە نەورۆزیەکانی ئەمساڵ، چەند سیگناڵی دیکەشی ناردن. سیگناڵ هەم ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی کردستان و هەم ڕوو بە حیزبە سیاسیەکان. ڕوو بە خەڵکی کوردستان دەی هەوێ بڵێت کە ئەوەتا رێژیم بە دڵی ئێوە نەرمی نواندوە و هیچ پێویست ناکات وەدووی قسە و سیاسەتەکانی حیزب و ڕێکخراوەکان بکەون. ڕوو لە حیزبەکانیش دەیهەوێ بڵێ کە فەرموون ئەوە ئێمە نیسبەت بە خەڵکی کوردستان نەرمیمان نواند و بزانین ئێوە چ دەکەن. ئەمە سیگناڵە ئاشکراکانن. سیگناڵەکانی پشتی پەردەش من ئاگام لێ نێن.

بەڵام من بە شێوەی گشتی ئەو سیگناڵانە چ ئاشکرا بن و چ بە نهێنی بن، بە پیلانێکی مەترسیداری کۆماری ئیسلامی دەزانم. چوونکە پێموایە بەو سیگناڵانە، هەر وەک ئاماژەم پێ کرد دەیانهەوێ لە لایەک، لە نێوخۆی وڵاتدا بەستەری شەڕێکی ماڵوێرانکەرمان بۆ ساز بکەن، لە لایەکی دیکەشەوە لە هەوڵێ ئەوەدان کە ناکۆکی نێوان حیزب و رێکخراوە کوردستانیەکان لە گەڵ ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی قوڵتر بکەنەوە و ئەوەندە لێک تێگەیشتنە سەرەتایەش کە دروست بووە، لە بار بەرن.

ئەو خاڵانەی کە ئاماژەم پێ کردن کورتەیەکن لەو پیلانانەی رێژیم کە لە ئێستادا بە دوایاندا دەگەڕێ. بەڵام بە خۆشیەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و حیزب و رێکخراوەکانی زۆر لەوە وشیارترن کە فریوی ئەم پیلانانە بخۆن و هەر وەک دیتمان لەو کەلێنە کە ڕێژیم بە پیلان کردبوویە، بە پلانی دروست و نەتەوەییانە، باشترین کەڵکیان وەرگرت و کردیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی.

زستان دەڕوات و ڕووی ڕەش بۆ ڕەژی دەمێنێ.

هاشم رۆستەمی

٢٨ ـ ٠٣ ـ ٢٠٢٤