کام ئاپی پەیوەندیگرتن لە هەمووان ئەمینترە؟ کەماڵ حەسەن‌پوور

کام ئاپی پەیوەندیگرتن لە هەمووان ئەمینترە؟ کەماڵ حەسەن‌پوور
دیاریکردنی “ئەمینترین” ئامرازی پەیوندیگرتن بە فاکتەری جۆراجۆرەوە بەستراوەتەوە، وەکوو پێداویستییە ئەمنییەتییەکانی تایبەتی تۆ، مودێلی هەڕەشە و هەروەها حەزەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی سایبەری. ئامرازی جۆراجۆر ئاستی جۆراجۆر لە ئەمنییەت و پارێزگاریی دەستەبەر دەکەن و ئەوەی کە ڕەنگبێ بۆ یەکێک گونجاو بێ، ڕەنگبێ بۆ کەسێکی دیکە گونجاو نەبی. بەڵام، هێندێک ئامرازی پەیوەندیگرتن هەن کە بە شێوەی بەربڵاو تایبەتمەندیی ئەمنییەتییان هەن:
١- سیگناڵ (Signal): ئاپی سیگناڵ بە هۆی کۆدکردنی بەهێزی پەیامەکان لە سەرچاوەوە و بۆ لایەنی مەبەست، ئەرکدارییەکەی بۆ پاراستنی هەرێمی کەسێتی بەکار هێنەران و ئەو ڕاستییە کە هی هیچ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت نییە واتە ئۆپێن سۆرسە، جێگای پەسەندی بەربەرینی ئەو کەسانەیە کە گرینگیی بە پاراستنی ئەمنییەتی سایبەریی خۆیان دەدەن. ئەو ئاپە ئیزن بە بەکارهێنەر دەدا تا پەیوەندییەکانی بە نووسراوە، دەنگ، ڤیدیۆ یان بەشێنەوەی فایل بە کۆدکراوی بگەیەنێتە لایەنی مەبەست. پرۆتۆکۆڵی پارێزەری سیگناڵ بە شیوەی سەربەخۆ تاقی کراوەتەوە ئەو ئاپە لە لایەن لایەنگرانی پاراستنی هەرێمی کەسێتی و پسپۆڕانی ئەمنییەتی سایبەری پشتگیریی دەکرێ.
٢- وایەر (Wire): وایەر ئاپێکی دیکەی پەیامنێرە کە پەیامی نووسراوە، دەنگی و ڤیدیۆییەکان لە سەرچاوە تا مەبەست کۆد دەکات. ئەو ئامرازەش وەکوو ئامرازێک کە جەخت لەسەر ئەمنییەت، شەفافیەت و پاراستنی هەرێمی کەسێتی بەکارهێنەر دەکاتەوە ناسراوە. وایەر خزمەتگوزاریی وەکوو پەیامێک کە بە شیوەی ئوتوماتیک لەنێو بچێ پێشکەش دەکات.
٣- واتسئاپ (WhatsApp): واتسئاپ هی کۆمپانیای مێتایە کە خاوەنی فەسیبوک، ئینستاگرام و ترێدزە. واتسئاپ بە هۆی بە هێند نەگرتنی پاراستنی هەرێمی کەسێتی بەکارهێنەران ڕەخنەی لێگیراوە. ئەو ئاپە خزمەتگوزاریی کۆد کردنی پەیام لە سەرچاوە ڕا تا شوێنی مەبەستی بۆ “چاتە تاکە کەسییەکان” هەیە. ئەوە بەو مانایەیە کە تەنیا بەڕێکەر و وەرگری پەیامەکە دەتوانن پەیامەکان بخوێننەوە و واتسئاپ بۆخۆی ناتوانی دەستی بە ناوەرۆکی پەیامەکان ڕابگات. بەڵام، بەکارهێنەران دەبێ ئاگادار بن کە ئەو ئاپە لایەنی دیکەی وەکوو مێتا داتا و پاشەکەوت کردنی پەیامەکانی لە کڵاود (هەور) هەیە کە ڕەنگبێ لایەنی دیکە دەستیان پێ ڕابگات.
٤- تریما (Threema): تریما ئاپێکی پەیوەندیگرتنە کە پێشترییەتی بە پاراستنی ئەمنییەت و هەرێمی کەسێتی بەکارهێنەران دەدا. ئەو ئامرازەش پەیامی نووسراوە، دەنگ و چاتی بە کۆمەڵ کۆد دەکات و هەروەها خزمەتگوزاریی وەکوو پەیامی خاوەن نادیار و پشتڕاست کردنەوەی ناسنامەی هەیە. ئەو کۆمپانیایە سێرڤەری تایبەت بە خۆی هەن و لە وڵاتی سویسە کە وەک وڵاتێکی خاوەن یاسای بەهێز بۆ پاراستنی هەرێمی کەسێتی بەنێوبانگە.
٥- تێلێگرام (بۆ چاتی نهێنی): تێلێگرام خزمەتگوزاریی کۆد کردنی “پەیامی نهێنی” هەیە بەڵام دەبێ لە لایەن بەکارهێنەوەرە چالاک بکرێ. چاتی نهێنی لایەنی ئەمنییەتی باش دەستەبەر دەکەن، وەکوو پەیامی ئەوتۆ کە بە شێوەی ئوتوماتیک لەناو دەچێ و کلیلەی کۆد کردن لە ئامێری بەڕێکەر و وەرگردا پاشەکەوت دەکرێ. بەڵام چاتی ئاسایی لە خۆیدا کۆدی لەسەر داناندرێ.
لە کۆتاییدا، “ئەمینترین” ئامراز بۆ پەیوەندیگرتن بە پێداویستییەکان و حەزی ئێوە بۆ خۆپارێزیی ئێوەوە بەستراوەتەوە. بە گشتی هیچ زانیارییەک کە دەگاتە سەر ئینتەرنێت، سەدا سەد ئەمین نییە. چونکە هەمیشە لایەنە دەوڵەتییەکان (بە تایبەت زلهێزەکان) ئامرازی ئەوتۆیان هەن کە بێتوو بیانهەوێ، زانیارییە کۆد بۆ داندراوەکان ئاشکرا دەکەن. بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ کە بڕوا ناکەم زلهێزەکان هێز و وزە بۆ ئاشکرا کردنی پەیامی ن‌ێنی هەموو کەس تەرخان بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە گرینگە پێش کەڵک وەرگرتن لە هەر کام لەو ئامرازانەی پەیوەیدیگرتن، لایەنە ئەمنییەتییەکانی، سیاسەتەکانی پاراستنی هەرێمی کەسێتی بەکاربەران و ئاستی جێگای متمانە بوونی ئەوان، چؤنیەتی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ داتاکانی ئێمە و شەفافیەتیان لەو بوارەدا هەڵسەنگێنین. بێجگە لەوە هەمیشە ڕێنماییەکانی پاراستنی ئەمنییەتی سایبەری خۆمان، وەکوو کەڵک وەرگرتن لە وشەی نهێنی بەهێز، کارا کردنی خۆ ناساندنی جووت فاکتەری و بەڕۆژ کردنەوەی بەردەوامی نەرمەواڵەکانی کەڵکیان لێ وەردەگرین، بۆ بەهێزتر کردنی پاراستنی ئاسایشی سایبەریی خۆمان ڕەچاو بکەین.