کەسایەتی خۆشناوی سەردەشت مامۆستا مەلا باقی. حەمەڕەسووڵ کەریمی
کەسایەتی خۆشناوی سەردەشت مامۆستا مەلا باقی
مامۆستا مەلا باقی کوری مەلا عەزیزی کۆیی، ناسراو بە مەلا واعیزی کۆیی کەسێکی عالم و زانا و بەتەدبیر بوو، خوێندەوار و ساحەب تێگەیشتنێکی ئیسلامی و کۆمەڵایەتی بوو.
زۆرجار لە یەکێک لە شەقامەکانی شار نایلۆن یا کارتۆنی ڕادەخست و کتێبی ئیسلامی و ئەو کتێبانەی کە بۆ خۆی خوێندبوونیەوە دەیفرۆشتنەوە. نەمر کاک مەلا باقی، مرۆڤێکی بە هەست و سۆز و نیشتمانپەروەر بوو، دڵێکی ساف و بێگەرد و ئیرادەیەکی قائیم و پتەو و نەترسی هەبوو، کەم کەس دەیوێرا بە چاوی چەپ یا خوار چاو لە ساواک و شا و دارودەستەکەی بکات، بەڵام مەلا باقی ئەگەر تووشی کەسێکی دەوڵەتی بایە ئەوە گووتنێکی تایبەت بە خۆی و بە کوردی دەیگووت: تەرەس، ” شا قورم ساخەکەت تەرەسە”، لە کاتی تووڕەبوونی دا بەرامبەر بە هێزەکانی رژێم بە تەکان دانی دەستی تەنانەت بەرامبەر پادگانی سەردەشت لە شاژنی ئێران دەژەنی و جنێوی بە شای ئێران دەدان و بەداخەوە زۆرجاریش لە لایەن کاربەدەستانی میری، تووشی گیران و لێپێچینەوەی تووند بۆتەوە، هۆکاری قەڵس بوونەکەی هەرچی بوو بێ، ئەو کات نەمدەزانی، بەڵام دواتر کە گەورە بووم، بۆم دەرکەوت ئاشقی شۆڕشی کوردستان و مەلا مستەفا بارازانی نەمر بوو، نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ ی زائینی و چەک داماڵینی هێزی بارزانی و پارتی کاریگەری لە سەر ڕووح و دەروونی مەلا باقی دانابوو، ئەو زوڵم و ستەم و غەدرە گەورەیەی کە لە لایەن شای ئێرانەوە لە شۆڕشی کوردستان کرا بوو بۆی تەحەموول نەدەکرا.
مامۆستا مەلا باقی زۆر بە باشی مێژووی شۆڕشەکانی گەلی کوردی دەناسین و لەگەڵ شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان دەستەملان بوو، سەردەمانێک هاورێ و هاوکاری شۆڕش و پێشمەرگە ببوو. دواتریش ژیانی خۆی تەرخانی بەخشینی زانیاری لە سەر شۆڕشەکانی کورد و زانستی دینی ئیسلام کردبوو.
هەرکەس پرسیاری لێکردا بێترس و خۆف و بە حەسرەتەوە بۆی باسی شۆڕشەکانی کورد و گەورەیی ڕێبەرانی کورد، وەک شەهید پێشەوا قازی، نەمر شێخ مەحموود و نەمر مەلا مستەفای بارزانی دەکرد.

لە پاییزی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە کاتی ڕاپەرینەکانی دژی ڕژێمی پاشایاتی دا، مامۆستا مەلا باقی لەپێش هەموو بەشدارانەوە دەرۆیشت و ڕۆڵ و کاریگەری تایبەت بە خۆی هەبوو، زۆر جار بۆ خۆی مێرمنداڵ و گەنجەکانی کۆ دەکردنەوە شێعری نیشتمانی بۆ دەخوێندنەوە و دواتر بە درووشم دان بە شەقام دا دەهاتنە خوار، یەکێک لە درووشمەکانی مەلا باقی ئەوە بوو: ” بژی کوردی عێراقی مامۆستا مەلا باقی” و دواتر دەستی بە درووشمی دیکە دەکرد.
مامۆستا مەلا باقی بە هەست و سۆزێکی شاعیرانە و بوێرانە و زۆرجار لەبەر دەم قوتابخانەکانی شەهیدانی ١٤ سەرماوەز و شەهید مەلا ئاوارە چاوەروانی پشوو و یا تەعتیل بوونی قوتابیەکانی دەکرد و هەر کە قوتابییەکان دەهاتنەدەر، لەوێ را بە درووشم دان دەیهێنانە نێو بازار و ڕاستە شەقامی شار و زۆرجار لە دەوری پارکی شار کە مەیدانی گەورەتری هەبوو چەند شێعر و وتەیەکی هەست بزوێنی بۆ ئاپۆرای خەڵکەکە دەگووت.
مامۆستا مرۆڤێکی ئارام و لەسەرەخۆ بوو، شەرم بەخۆ و زانا و تێگەیشتوو بوو، دوژمن هەوڵی دابوو کە بە شێوەیەک لە شێوەکان وەک نەخۆش لە کۆمەڵگادا بیناسێنێ، بەڵام خەڵک دەیان زانی و دەیانناسی کە مامۆستا مەلا باقی نەک نەخۆش نییە، بەڵکوو یەکێک لەو مرۆڤە خەمخۆرانەیە کە بە عیلم و زانستی خۆی و زۆر مەبەستدار و تێگەیشتووانە سەر بۆ ڕژێم دانانوێنێ. مامۆستا لە هەر هەر دوو رژێمی پاشایەتی و ئیسلامی دا لە لایەن هێزە بە ناو ئەمنییەتییەکانەوە زۆرجار گرفتیان بۆ درووست دەکرد و موزاحیمی دەبوون، هەر بۆیەش مامۆستاش لە ناخی دڵەوە نارەحەت دەبوو، زۆر بە کەمی دەستی دەوەشاند، بە قسە و وتەکانی بەگژیان دادەچۆوە، بەڵام ئەگەر بەرپرس و یا پیاوێکی دەوڵەتی و یا کەسێکی دزێو و خوێن تاڵ و بێ ئەخلاقی چاوپێکەوتبا و یا هەستی کردبا کە غەدر لە کەسانێک دەکا و موزاحیمی خەڵکن، ئەوکات ئەو “هێزە و یا ئەو کەسە” دەکەوتە بە ڕق و تووڕەیی مامۆستا مەلا باقی و تەنانەت دارکاریێکی چاکی دەکرد و دەیگووت: تەرەس برۆ چیت دیتوە بۆ گەورەکانتی بگێرەوە مەبەستی ساواک و ژاندارم و پاسەبان و دواتریش پاسدار و جاشەکان بوون.
سەردەمانێک هێزەکانی سوپا و ساروڵلا و جیندوڵڵا و دار و دەستە گۆپاڵ بەدەستەکانی کۆماری ئیسلامی فشاریان بۆ خەڵک و لاوەکان هێنا بوو، هەر بۆیە کاتێک مامۆستادەیزانی، ئەوە هێزەکانی سوپا کۆسپ و تەگەرە دەخەنە بەردەم خەڵک و لاوەکان، بە دەنگێکی دلێر ڕوو بە چەکدارەکانی ڕژێم هاواری دەکرد و دەیگووت : بێشەڕەف، تەرەس ” در مارغان شکست خوردی ، اینجا بیحیایی میکنی” واتە تەرەس لە مارەغانی تێکشکاون و لێرە بێ حەیایی دەکەن.
زۆربەی ڕۆژەکان لە بەرامبەر پادگان لەبەردەم دووکانی حاجی ڕەحمانی جەلیلی، وەک باوکی ڕەحمەتی خەریکی بەخشینی زانیاری بوو و هەروەها خەریکی نیشتوو نووسین دەبوو، کتێبی دەفرۆشتن، قەڵەم و دەفتەر و بنێشتی کوردی دەفرۆشت، ئەگەر کەسێک پووڵی پێ نەبا دەیگووت کورم هەڵیگرە و جارێکی دیکە شتێکمان بە پووڵی خۆت لێ بکرە، شاری سەردەشت بەو کەسایەتییانەوە جوان بوو.
نەمر مامۆستا مەلا باقی خۆشەویستی خەڵکی سەردەشت و گەورە پیاوەکان و دانیشتووانی شار و ناسیاوانی بوو، مرۆڤێکی تەژی لە پاکی و ڕاستگۆیی بوو، ساحەب ماڵ و منداڵ بوو، منداڵەکانی خوێندەوار و پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بوون، بە گشتی خاو و خێزانەکەشی وەک خۆی کوردپەروەر و خۆشەویست بە ئەمەگ بوون، دووکانەکەی کە بە ماڵی خۆیانەوە بوو، جێگای خوێندن و عیلم و زانست بوو، لەگەڵ ئەوەدا بۆ خۆشی زۆر دەوڵەمەند نەبوو، بەڵام دەستگرەوە و دڵفراوان و مشوورخۆر بوو، نووسین و هەڵوێستەکانی جێگای پەسەندی گشت لایەک بوون و کەسایەتییەکی تایبەت بە خۆی هەبوو، هەر بۆیەش خۆشەویست و لەبەردڵان بوو.
مخابن مامۆستا مەلا باقی وەک پەپولەکانی دیکەی شاری سەردەشت لە ٧ ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٦ ی هەتاوی بە شیمیابارانی حکوومەتی نگریسی سەددام و بەعس شەهید دەبێ و هەموو نووسینەکانیشی تێدا دەچن، هیوادارم کە خزم و کەس و کارەکانی کۆکراوەی نووسینەکانی بکەنە بەرهەمی ڕەنج و زەحمەتی ئەو نەمرە و بیکەنە توێشووی لاوانی شار و ناوچەکە، ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
نووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی
١٤ ـ ٠١ ـ ٢٠١٥ی زائینی