کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناوی گەلەکەمان کاک محەممەد ئیسماعیل‌زادە ناسراو بە حەمە مەلۆی نستان

کۆچی دوایی کەسایەتی خۆشناوی گەلەکەمان کاک محەممەد ئیسماعیل‌زادە ناسراو بە حەمە مەلۆی نستان
ڕێکەوتی ١٨ ـ ٠٧ ـ ١٤٠٢ی هەتاوی کاک محەممەد ئیسماعیل‌زادە ناسراو بە حەمە مەلۆی نستان دۆست و یار و هاورێی هەموو قۆناخەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتی دیاری ناوچە بە هۆی پیری و بە ساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.
خاڵە حەمە مرۆڤێکی دڵسۆز و خۆشەویست و ساحەب ئیرادە و کوردپەروەر بوو، لە قۆناخەکانی پێش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی مووچە و مەزرا و ماڵی شوێنی حاوانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی ساڵانی ١٣٤٦و ١٣٤٧ی هەتاوی شوێنی شەهیدان مینەشەم، موعینی‌یەکان، حوسێن خاتوون و دەیان کادر و پێشمەرگەی ئەو سەردەم بووە، ئەوانەی کە لەم قۆناخەدا خەباتیان کردووە شاهیدی بۆ متمانە و خەمخۆرییەکانی خاڵە حەمە مەلۆ دەدەن.
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی و هەروەها دانانی مەقەڕی پێشمەرگەکان لە گوندی نستان و درووست بوونی هێزی بەرگری میللی خاڵە حەمە بە چەک و ڕەختی شەخسی خۆیەوە پەیوەست بە هێزی بەرگری میللی دەبێ و بە حەق لە هەموو شەڕەکانی ناوچەدا وەک پێشمەرگەی هێزی بەرگری سەر بە هێزی شەهید مینەشەم بەشداری کردووە.
لەگەڵ گیرانەوەی ناوچە بە دەست هێزە ئەهریمەنییەکانی سوپای پاسداران خاڵە حەمە شێوەی خەباتی خۆی گۆڕیو وەک یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکان ماڵ و مووچە و مەزرای ترخێنان و خڕ و دۆڵەکانی ئەو ناوچەیە کردە شوێنی حاوانەوە و حەسانەوەی بریندارەکان وهێزی پێشمەرگە و کادرەکانی ئەو ناوچەیە.
بە هۆی دڵسۆزی و خەمخۆری و متمانەیەک کە لە لای خەڵک و هێزی پێشمەرگە هەیبوو هەمیشە ڕژێم بە چاوی گومانەوە سەیری دەکرد و زۆرجار مووچەی چەوان بە گڕی تۆپ و خۆمپارە و کاتیۆشا و دۆشەکە گڕی گڕت و دار و باخ و مووچەی لێکرا بە خەڵووز بەڵام هیچ کات خاڵە حەمە نە لە هێرشەکان و نە لە هەڕەشەکانی دوژمن نەترسا و بەردەوام خزمەتی خۆی لە چەند بوار دا لەگەڵ شۆڕش و شۆڕشگێرانی دێموکرات لێک گرێدا، جیا لە نان و پێخور و حاوانەوە، هەر کات کادرەکان و یا هێز و کۆمیتە شارستانی ڕەبەت پێداویستی جۆراوجۆری هەبا لە پەیدا کردنی باتری بۆ بێ‌سیمەکان، داو دەرمان، شاردنەوەی بریندارەکان، ناردنی نامە و هێنانی نامە لە شوێنەکانی دوورتر را ئەوە خاڵە حەمە بە دڵەوە هاوکاری هەموو لایەکی دەکرد و وەک دڵسۆزترین کەس ئەرکی نیشتمانی خۆی و حیزبی دێموکراتی رادەپەراندن، لەگەڵ سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە و بە تایبەت لە ناوچەی ڕەبەت و نستان شاگەشکە دەبوو و لەگەڵ بیستنی شەهید بوونی هەر پێشمەرگەیەک ئەوە وەک باوکێک بۆیان بە پەرۆش دەبوو.
خاڵە حەمە مرۆڤێکی ڕاستگۆ و نەهێنی پارێز بوو، لە گەڵ کادرو پێشمەرگەکان هەڵوێستێکی نیشتمانی و باوکانەی هەبوو، لە بەرامبەر دوژمن دا خۆڕاگر و لە نێو خەڵکیش دا خۆشەویست و ساحەب قسە و دەست ڕۆیشتوو بوو، هیچ کات نائومێد و بێ هیوا نەبوو و هەمیشە دڵی پڕ بوو لە خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان و هێزی پێشمەرگە.
یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی