خەتی خوار و گای پیر. عەلی بداغی

خەتی خوار و گای پیر. عەلی بداغی

حەوتوویەک دوای هێرشی ئاسمانی و دەریایی و لەسەر عەرزی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، تازەترین ئامارەکان باس لە کوژرانی ١٥٠٠ کەس و برینداربوونی پتر لە ٦ هەزار کەس لە غەززە دەکەن. ئاماری کوژراوەکانی هەتا ئێستای ئیسڕائیلییش ١٣٠٠ کەس ڕاگەیەندراوە. هەروەها وێرانی و کاولکارییەکانی هەتا ئێستاش بەتایبەت لە بەشی ژێرخانی ئابووریی کەرتی غەززە بە سەدان میلیۆن دۆلار قەبڵێنداراوە و هەموو ئەوانەش بۆ ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نایهەوێ هیچ ئاشتی و ئارامی و سەقامگیرییەک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چێ ببێت و جێ بگرێت!

لەگەڵ ئەوەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی پەلهاویشتنی شەڕەکە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسڕائیل حاشا لە ڕۆڵ و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خۆی لە هێرشەکانی حەماسدا دەکا، بەڵام بۆ کەس جێگای هیچ شک و گومانێک نییە حەماس بەبێ هاوکاریی ڕاستەوخۆی زانیاری و لۆجستیکیی کۆماری ئیسلامی توانای هێرشێکی لەو چەشنەی بۆ سەر ئیسڕائیل نەبووە. خۆ قازی حەمد، وتەبێژی حەماس هەر ڕۆژی یەکەم لە وتووێژێکدا لەگەل بی بی سی ڕایگەیاند کە ئەمن شانازی دەکەم بەوەی زۆر لە وڵاتان یارمەتیمان دەدەن، بەتایبەت ئێران کە نەک‌هەر پشتگیریی سیاسیمان دەکا؛ بەڵکوو پووڵ و چەکوچۆڵ و کەرەستەی شەڕمان دەداتێ. پێشتریش کاربەدەستانی حەماس دانیان بەوە دانابوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران مانگانە ٣٠ میلیۆن دۆڵار یارمەتیی نەختییان دەداتێ، جیا لە پێدان و بەرهەمهێنانی مووشەک و چەکوچۆڵ و ڕاهێنانی هێزەکانیان. هەروەها نێوەڕاست مانگی هاوین بوو حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەرانی حەماس، جەهادی ئیسلامی و لایەنە دژبەرەکانی دیکەی ئیسرائیلدا پێی لەسەر پشتیوانیی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی بۆ “میحوەری مقاومەت” داگرتەوە. دنیاش لەبیریەتی کە حەسەن نەسڕوڵڵا، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان لە هاوینی ٢٠١٦دا ڕاگەیاند “هەتا ئەوکاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پارەی هەبێ، ئێمەش هەمانە و هێز هێز و لایەنێک ناتوانێ ڕێ لە گەیشتنی ئەو هاوکارییانە بە ئێمە بگرێ.

لەگەڵ ئەوەدا کە کەس شک و گومانی لە پێوەندیی سیستماتیک، ئیدئۆلۆژیک و مەیدانیی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی بۆ هەر جووڵە و کردەوەیەکی سیاسی و سەربازی لە ناوچەدا نییە، چەند پرسیاری سەرەکی ئەوەیە هێرشەکەی حەماس بۆ ئێستا و لەو بارودخەدا کران؟ زۆرترین دەسکەوت و قازانجی ئەو شەڕە دەچێتە باخەڵی کێ؟ دوورەدیمەن و ئاسۆی ئەو ڕەوشە تڕاژیکە ئاماژە بە چی دەکەن؟

هێرشە سامناک و بەربڵاوکەی حەماس بێ سێ‌ودوو پەیمان یان ڕێککەوتنی ئیبراهیمی بەئامانج گرتووە و بە مەبەستی پەکخستنی ڕەوتی وتووێژەکانی ئاساییکردنەوەی پێوەندییە سیاسی و دیپلۆماتیکییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستان پلانی بۆ داندراوە؛ ئەویش ڕاستەوخۆ بە بڕیاری خامنەیی، وەک دژبەری سەرەکیی ئەو وتووێژ و پەیمانەی نێوان ئیسڕائیل و دنیای عەرەب کە بێگومان زەبری کاری و گورچووبڕە لە ستراتیژی و ئیدئۆلۆژیی سیاسی و هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی. دیسانەکە هەموو لەبیرمانە کە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەر خامنەیی لە وتارێکدا گرێدانی پێوەندی لەگەڵ ئیسڕائیلی بە “هەوڵێکی نەزۆک و چرووک” ناو برد و هەڕەشەی لە وڵاتە ئیسلامییەکان کرد و گوتی “هەر وڵاتێکی بیەوێ خۆی بە قوماری ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلەوە خەریک بکا، دەدۆرێ.” بۆیە لە ڕوانگەی خامنەییەوە شەڕێکی خوێناویی بەوەکالەت بۆ هەڵخڕاندنی سۆزی ئایینیی دنیای عەرەب و ورووژاندنی هەستی دژبەرایەتیی ئیسڕائیل دەتوانێ وڵاتانی عەڕەبی لە چوونە نێو پەیمانی ئیبڕاهیم هەس بداتەوە و لانیکەم لە ئێستادا کۆسپێکی گەورە لە بەردەم ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی عەڕەبستان و ئیسرائیلدا دروست بکا. خۆ دیسانەکەش لەبیرمانە کە تەنیا ٥ ڕۆژ پێش هێرشەکەی حەماس، ئۆسامە حەمدان، ئەندامی دیاری ئەم ڕێکخراوەیە لە کۆبوونەوەی گشتیی “کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی وەحدەتی ئیسلامی” لە تاران ڕایگەیاند کە گەورەترین هەڕەشەی ئێستای سەر خەڵکی فەلەستین هەوڵەکانی ئیسڕائیل بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیە و دەبێ پێشی پێ بگیردری و نەهێڵین ئەوەیان بۆ بچێتە سەر.

ئامانجێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەو شەڕە نیابەتییەی بە حەماس کردی، تۆڵەیەکی قورس بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستە ئەمنیەتییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی لە ئیسڕائیل بوو. تەڕاتێنی مووساد لە بۆشاییە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، کوژرانی چەند فەرماندەی سپای پاسداران، هێرشی درۆنی و تێکدەرانە بۆ سەر چەند بنکەیەکی مووشەکی و ئەتومی، کوژرانی کۆمەڵێک زانای ئەتومی و مووشەکیی ڕێژیم، دزەکردنە نێو ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دزینی چەند تۆن بەڵگەنامەی نهێنیی مووشەکی و ئەتومی و گواستنەوەیانی بۆ ئیسڕائیل لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئۆتۆریتە و هەیمەنەی ڕێژیمی بەتەواوی داڕماندبوو. بۆیە کۆماری ئیسلامی پێویستییەکی زۆری هەم بۆ تۆڵەئەستێنی لە ئیسڕائیل و هەم لێدان لە شان و شکۆ و هەیمەنەی سەربازی و ئەمنیەتیی ئەو وڵاتەی هەبوو کە توانیویەتی لانیکەم لە کورتخایەندا ئەو ئامانجەی بپێکێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات بە هەڵگیرساندنی ئەو شەڕە جارێکی دیکەش توانای ناوچەیی و هێزی شوێندانەری تێکدەرانەی خستەوە بەرچاوی ڕکەبەرەکانی بۆوەی پێیان بڵی بێتوو هەڕەشەی مان و نەمانی بکرێتە سەر دەتوانی گڕ لە هەموو ناوچەکە بەر بدات. هەروەها سیلەچاوێکیشی لە دژبەران و خەڵکی نێوخۆی وڵات بوو بۆوەی بەوانیش بڵێ دوای شۆڕشی ژینا و سەرەڕای گشتگیربوون و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ئێستاکەش لە نێوخۆ دەسەڵاتەکەی سەقامگیر و لە دەرەوەش زلهێزی ناوچەکە کە بێگومان لەوەدا سەری لە بەرد داوە؛ چونکی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی و خەبات و مافخوازیی گەلانی ئێران بەو سیناریۆ و پێشهاتانە ناوەستن. هەڵبەت جگە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، وڵاتانی ڕووسیە، تورکیە، سووریە و عێڕاقیش چەند لایەنێکی دیکەن کە بە هۆکاری جۆراوجۆر قازانج لە ناسەقامگیریی ناوچە دەکەن و لە دۆخی ئیستادا هەوڵ دەدەن دەسکەوتەکانیان هەڵگرنەوە.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا پێناچێ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ وەستاندنی ئاساییکردنەوەی پێوەندیی نێوان عەڕەبستان و ئیسڕائیل و بەرینبوونەوەی پەیمانی ئیبڕاهیم سەر بگرن. ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان باوەڕیان وایە بەرینبوونەوەی پەیمانی ئیبڕاهیم و گرێدانی پێوەندی لەنێوان عەڕەبستان و ئیسڕائیل باشترین نەخشەرێ بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ بەرزەفری، قەیرانخوڵقێنی و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی و وەستانی ئەم ڕێژیمەیە. بەتایبەت کە لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ لێدانە لە کاریگەریی حەماس لە فەلەستین، حوسییەکان لە یەمەن، حیزبوڵڵا لە لوبنان و لایەن و میلیشیاکانی دیکەی ڕێژیم لە ناوچەدا.

لەڕاستیدا ئەوەی لەو نێوەدا جارێکی دیکەش بۆوە قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی خەڵکی مەدەنی و بزووتنەوەی ڕەوا و ڕزگاریخوازیی فەلەستینە کە لەلایەک بووەتە دەستەچیلەی ساتوسەوداکانی کۆماری ئیسلامی و لەلایەکی دیکەوە لەسۆنگەی هێرشە هۆڤانەکەی حەماسەوە خەوشی هەڵگرت و زەبرێکی گەورە لە جێگەوپێگەی کەوت.