یادێک لە شەهید مەحموود خەلیفانی، ناسراو بە مەحموود سمێڵ. سەید عەلی هاشمی

یادێک لە شەهید مەحموود خەلیفانی، ناسراو بە مەحموود سمێڵ. سەید عەلی هاشمی
لە داوێنی چیای زاوەکێو، لە ئاوایی زەنگیاوێ لە پانتایی دەشتی خاناڵی، هەڵکەوتوو لە بەشی مامەشانی پیرانشار لە سەر چۆمی ئاوەژەڕۆیە، بنەماڵەیەکی وەرزێر ” مامە شێخە” لەو دەشتە پڕ پیت و بەرەکەتە نیشتەجێ بوون، لە داوێنی مامە شێخە و پورەخواز ٣ کوڕ بە نێوەکانی مراد و مەحموود و ئەحمەد هاتنە سەر دونیا، لە ئاوایی زنگێاوێ بە ماڵە ” شێخەی خوازێ” ناوبانگیان دەرکردبوو.
کوڕی نێونجی ئەو بنەماڵەیە بە نێوی مەحموود خەلیفانی دەگەڵ خەڵکی ئاوایی زەنگیاوێ وەک هەرکوردێکی زەحمەتکێش بە کاری وەرزێری خەریک بوو، کاک مەحموود بە هۆی نەرم و هێدی، هێور و خوێن شیرن و شیرین ئاکار و لەسەرەخۆ، ڕێزێکی تایبەتی لە ناو گوند هەبوو، لە لایەن خەڵکەوە بۆ شۆڕای دێ هەڵبژێرا و کاک مەحموود لە چالاکیەکانی ناو دێی پشکی شێری بەردەبڕا، وەک شۆڕای دێ و لە شەوانی کولتووری جوانی کوردەواری لە مزگەوتی زەنگیاوێ بە لێدانی دەففە، وتنی گۆرانی بە دەففو دەنگە خۆشەکەی، بە میر میرێن و قسەخۆشەکانی، مەجلیس و شایی کۆڕەکانی ناو ئاوایی دەڕازاندەوە.
مام مراد و کاک مەحموود وەک هەر کوردێکی نیشتمان پەروەر لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دێنە ناو ریزەکانی حدکا، مراد خەلیفانی ناسراو بە مام مراد لە ریزەکانی یەکیەتی لاواندا لە دەستەی شەهید سەدیق کوهی لە دێ شنۆزەنگ دەبێت بە پێشمەرگە، کاک مەحموودیش بڕیار دەدات لە لکی یەکی ئەوکاتی هێزی ئاوارە لەئاوایی سێڵوێ(ناوچەی بەربنە) بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە دەکاتەبەری و چەکی پارێزگاری لە نیشتمان دەکاتە شانی.
ئاشنایی من و کاک مەحموود
لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا لە شاری پیرانشار لاوێکی ئەو شارە لە لایەن سوپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرابوو، لە لایەن پێشمەرگەکانی ئەوکاتی هێزی ئاوارە پۆلێک پاسدار بەدیل گیرابوون کە بەسیجێکی بە تەمنیان دەناو دابوو، ئەو بەسیجە خاوەنی شەش، حەوت مناڵ بوو، هاوسەرەکەی چەند جارێک بە مناڵەوە هاتبووە هێز و کۆمیتەی شارستانی پیرانشار بۆ ئازاد کردنی هاوسەرەکەی.
لە لایەن فەرمەندەری هێز “شەهید سەید ڕەسووڵ دێهقان” داوا لە کۆمیتەی ناوچەی پیرانان کرا کە هەڵێک ڕێک بخەن بۆ گۆڕینەوەی ئەو لاوەی پیرانشار بەو بەسیجە، لە ناو تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوچە من ئەرکدار کرام، چوونکە ئەو شوێنەی قەرار بوو ئاڵووگۆڕی تێدا بکرێ لە باری دابەشکردنی کاری حیزبی بە من ئەسپێردرا بوو، منیش کارم بۆ کرد و ٣ نەفەری باوەڕ پێکراوی ناوچەی پیرانان “محیەدین شێخاڵی خەڵکی بەردەقەل و دوونەفەری دربکەم دانان بۆ ئەوەی وەک شۆڕای دێ ڕێخۆشکەربن و بچنە سوپای پاسدارانی خانێ، گەر بکرێ ئەو لاوە بە بەسیجەکە بگۆڕینەوە.
کۆمیتەی ناوچەی پیرانان کاک سەید ڕەسووڵی لە ئاکامی پەیوەندیەکە ئاگادار کردەوە،کاک سەید ڕەسووڵ پۆلێک پێشمەرگەی بە سەر پەرەستی فەرمەندە مەحموود خەلیفانی ناسراو بە مەحموود سمێڵ ئەرکدار کرد کە لەگەڵ بەسیجە بە تەمەنداچوەکە بێن بۆ لای ئێمە، منیش لە خزمەت کاک مەحموود و پێشمەرگەکان بۆ گوندی گەنەدار و کەندەقوڵان بۆ ئەو ئەرکە وەڕێکەوتین، لە ماوەی سێ ڕۆژ لە گەڵ سوپای پاسدارانی پیرانشار بە هۆی ئەو سێ شۆڕایە بۆ ئاڵوگۆڕی لاوە پیرانشاریەکە و بەسیجەکە لە بەینی گوندی دربکە و کەندەقوڵان ڕێک کەوتین، بەڵام لە دواین رۆژ دەرکەوت کە سوپای پاسدارانی پیرانشار وەک کردەوەی هەمیشەی خۆیان خەریکی داو دانانەوە و فرتوو فێڵ بوون و چەند مەرجیان بۆ داناین، یەکەم مەرجیان ئەوە بوو کە ئێمە دان بەوە دابنێین کە ئەو لاوە ئەندامی حیزبی دێمۆکڕاتە، بەڵام ئەو لاوە تەنیا کوردێکی دڵگەرمی نیشتمان پەروەربوو. (هەربۆیەش دوای ماوەیەک ئەو لاوە بێتاوانە ئازاد کرا)
بێئاکام گەڕاینەوە بۆ بنکەی هێز، لە ئاوایی سۆغانلوێ بە هەڵکەوت تووشی شەهید سەید رەسووڵ هاتین و بەسیجەکەمان تەحویل دایەوە، شەهید مەحموود و پێشمەرگەکان گەڕانەوە بۆ بنکەکانیان لە لکی ١ و منیش بۆ بنکەی تەشکیلات.
فەرمەندە شەهید مەحموود خەلیفانی لە کوێ و چۆن شەهید بوو.
لە نزیک پادگانی گەورەی پیرانشار دوو پێگەی دوژمن دانرابوون(پایەگای گردەسوور و گردی عارەبان) و ئەم دوو پێگەیە زۆر کێشەیان بۆ ژیانی خەڵک و پێشمەرگە دروست کردبوو، بۆ لابردنی ئەو کۆسپە لەسەر رێگای کاری حیزبی و خەڵکی ناوچەکە وپێشمەرگە، فەرمەندەکانی نیزامی لە لکی١ ولکی ٢ و لکی٤ دەگەڵ هێز و کۆمیتەی شارستانی پیرانشار بەرنامەی گرتنی ئەو دوو پایەگایەیان داڕشت، لەرێکەوتی ٥/١/١٣٦١ بەبەرنامەیەکی رێکوپێک،لەبن پادگانی پیرانشار لە شەڕێکی دەستەو یەخەدا هەردووک پایەگایان لەماوەیەکی زۆر کورتدا گرتن، تەواوی کەلوپەلی نێو مۆڵگەکان ،بەسیلاحی قورسو ماشێن و شتوومەتی نیزامی دەستی بەسەر داگیرا، ئەوەی بۆیان نەهات ئاوەریان تێبەردان.
لکی یەک، پێشمەرگەکانی لکی ١ی هێزی ئاوارە لەکاتی دیاری کراو بەبەرنامەیەکی رێکوپێک، لە دوو کیلۆمیتری پادگانی پیرانشار لە شەڕێکی دەستەو یەخە و بە ماوەیەکی زۆر کورت توانیان دەست بەسەر پایەگای “گردی عارەبان” دابگرن، تەواوی کەلوپەلی نێو مۆڵگەکە کەوتە دەستی پێشمەرگە، ئەوەی بۆیان نەهات ئاوریان تێبەردان.
بەداخەوە لە گرتنی گردی عاڕەباندا ٤ پێشمەرگە شەهید بوون بە ناوەکانی:
١ مەحموود خەلیفانی ناسراو بەمەحموود سمێڵ، یەکێک لە فەرماندەی ئەو عەمەلیاتە، خەڵکی ئاوایی زەنگیاوێ.
٢ محەممەد پیرمەند، خەڵکی زێوکە.
٣ محەممەدی گوڵابی، خەڵکی کۆنە خانێی پیرانشار.
٤ حەسەنی زێنێ، خەڵکی کەڵەکین.
لە هەمان کات و شەودا لکی ٢ و لکی ٤ یش بە هەواهەنگی بەرنامەیەکی داڕێژراو دوای شەڕێکی قارەمانانە و هەڵۆ ئاسا و دەستە و یەخە، دەستیان بە سەر پایەگای گەورەی گردەسوور داگرت و دەبێ بگوترێ پێگەی گردەسوور تەنیا چوار کیلۆمیتر لە پادگانی گەورەی پیرانشار دوور بوو، ئەوانیش هەر وەک لکی یەک ئەوەی بۆیان هات هێنایان و تۆپ و ماشینەکانیشیان ئاور تێبەردان، لەو عەمەلیاتە گەورەیەدا ئەو دوو لکە بە خۆشیەوە هیچ شەهیدیان نەبوو، چەند پێشمەرگەیەک بریندار بوون بە ناوەکانی: عوسمان خالیدی , سەیدرەسوڵ سەید ئەحمەدی(چکۆلە)، عوسمان مێوژ، محەممەد قوربانزادە، حەمەدەمین خەراپە، رەسوڵ ئەندێزەیی، عوسمان مامەش، حوسێن حەجەم، عەبدولا موکری و تاهیر خزری.

زیاتر لە ١٠٠ کەلاک، بە چەکوچۆڵەوە کەوتە دەست پێشمەرگەکان، ٣٠ دیلی شەریشیان دەگەڵ خۆیان هێنا.
بەداخەوە تەرمی پیرۆزی شەهیدان مەحموود خەلیفانی و حەسەنی زێنێ لە ناو پایەگای گردی عارەبان لەبەر تاریکی شەو و کەلاکی زۆری دوژمن بەجێ مابوون، دوای دوو رۆژ تەرمی شەهید مەحموود خەلیفانی لە لایەن حیزب، لە ئاوایی جەڕان وەرگیرایەوە و لە ئاوایی شنۆزەنگ بە خاک ئەسپێردرا، لە گرتنی پایەگای گردی عارەبان چەند پێشمەرگەش لە لکی ١ بریندار بوون بە ناوەکانی: مستەفا ئەحمەدی، ڕەحمانی قادری ئازەر ، مەحموودی مستەفالۆکی، قادر حەسەنفەڕ.
روحی شەهید مەحموود سمێڵ و هاوسەنگەرانی و شەهیدانی کوردستان شادبێ.
سەید عەلی هاشمی ٢٠٢٣/١٠/١٦