پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بۆ خاتوو “نەرگس محەممەدی”، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی ٢٠٢٣

پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بۆ خاتوو “نەرگس محەممەدی”، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی ٢٠٢٣
کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی ناوی نەرگس محەممەدی، چالاکی مافەکانی مرۆڤ، زیندانی سیاسی و پشتیوانیی درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”ی وەک براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاند. کۆمیئتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل ڕایگەیاندووە بەهۆی “لەسۆنگەی سەرکوتی سیستیماتیکی ژنان لە ئێران و تێکۆشانی بێ‌وچانی خاتوو نەرگس محەممەدی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بۆ هەموو لایەک ئەم خەڵاتەی دەدرێتێ.

پێدانی ئەو خەڵاتە بەبایەخە جیهانییە لە کاتێک‌دایە کە دوای شەهیدکرانی “ژینا ئەمینی” کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز شۆڕشێکی گەورە لە کوردستان و سەرجەم شارەکانی ئێران دەستی پێ کردووە و درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک ڕەمزێک بۆ یەکیەتی و هاوئاهەنگی نێوان گەلانی ئێرانی لێ هاتووە. هەروەها یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سەرهەڵدانە ڕۆڵی پێشەنگایەتی و هەراوی ژنان لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکان بووە کە لەلایەن براوەی ئەم خەڵاتەوە -کە لە بەندیخانەدا بوو- بەردەوام پشتیوانی لێ دەکرا و تێچووەکەشی بە ئەشکەنجە و بێبەشکردنی لە مافەکانی وەک زیندانییەکی سیاسی بۆ داوە.

نەرگس محەممەدی لە کاتێکدا ئەو خەڵاتە وەردەگرێ کە ژنانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بەتایبەتی و سەرجەم گەلانی نیشتەجێ لەم جوغرافیایەدا، لەژێر هێژموونی چەسانەوەی توندی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا رۆژانە بەرەوڕووی سەرکوت و گرتن و سێدارە دەبنەوە، کە تازەترین نموونەیان ئارمیتا گراوەند، کچەکوردێکی دیکەیە کە ئێستا بەهۆی توندوتیژیی هێزەکانی ڕێژیمەوە لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لە کۆمادایە. بەڵام، سەرەڕای هەموو ئەو سەرکوت و چەوساندنەوانە، ئازایانە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان تێ‌دەکۆشن و لە هەوڵی بەردەوام‌دان.

ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەیەوە وێڕای دەستخۆشی لە کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە خاتوو نەرگس محەممەدی و سەرجەم ژنانی زانا و ئازای کوردستان و ئێران، و هەروەها هەموو ئەو کەسانە دەکا کە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و ئازادی لە هیچ چەشنە زەحمەت و تێکۆشانێک وێڕای تێچووی زۆرەوە، تەنەخی ناکەن.

ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی

(٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)