زمانی دایک و پرۆسه‌ی فێربوون، برایم فەڕشی

زمانی دایک و پرۆسه‌ی فێربوون، برایم فەڕشی
زمان؟

بە پێی تازەترین زانیاری دوو ملیۆن ساڵ لە بوونی مرۆڤ، دوو سەت هەزار ساڵ لە دەرهێنانی دەنگ لە لایەن مرۆڤی هێمۆساپینس،

دوو سەت هەزار ساڵ له‌ بەکارهێنانی سەمبول و هێما، شەست بۆ حەفتا هەزار ساڵ لە بوونی زمان، شەش هەزار ساڵ لە بەکارهێنانی نووسین تێدەپەڕێ.

کۆنترین دۆزینەوەی ئارشیۆلۆگی و کۆنینەناسی بوونی زمان بە پەنجا بۆ سەت هەزار ساڵ مەزندە دەکەن، دۆزینەوەی چەند هەزار خشتی گڵی سەمبول و نیشانە لە سەر لە مێزۆپۆتامیا (ناوچۆمان) لە شوێنی ئەمڕۆی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوە دەسەلمێنێ کە مرۆڤ بەر لە دوازدە هەزار ساڵ لەم ڕێگایەوە کۆمۆنیکاسیۆنیان لە گەڵ یەکتر هەبووە.

ئەوەش ده‌زاندری زمانی سەرەتا، گەلێک سادە و ساکار بووە. هەر ئێستا لە شوێنە دووردەستەکانی ئافریقا، ئامریکا و ئامریکای لاتین نموونەی زمانە سەرەتاییەکان ماوەتەوە. هەمەجۆری زمان، مانەوەی تەنیا حەوت هەزار زمان و لە ناوچوونی گەلێک زمان باسی بابەتەکەی من نییە!

پڕۆسەی دەنگ، وشە، ڕستە و سازبوونی زمان لە فێربوونی زمانی دایک و هه‌ر زمانێکدا خۆی دەردەخات.

زمان دایک چییە؟

زمانی دایک، سەرەکیترین زمانە و ئەو زمانەیە کە منداڵ لە دایک و باوک و کەسانی دەوروبەری فێری دەبێ و دەرخەر و دەربڕی پێناسەی فەرهەنگی، مێژوویی و تاقیکردنەوەی کەسەکەیە. لێزانی لە زمانی دایک بۆ دانووستاندن ،گفتوگۆ، کۆمۆنیکاسیۆن، داڕشتنی بیر و هزر، هەست و لێحاڵیبوون و تێگەیشتن لە بابەتی چەتوونی هەمەجۆر، دەوری سەرەکی لە کەسایەتی کەسەکەدا دەگێڕێ. زمانی دایک بنەمایە بۆ فێربوونی هەر زمانێکی تر، ئەو منداڵەی زمانی دایک بە باشی فێر دەبێ، زمانی تریش باش فێردەبێ.

پڕۆسەی چێ بوونی زمانی دایک

پرۆسه‌ی پێکهاتنی زمان و زمانی دایک، پاش کامڵبوونی مێشک‌، له‌ حه‌وت مانگان بەر لە دایکبوون ده‌ست پێده‌کات، منداڵ سەرجەم دەنگ و گوتنی دەوروبەری خۆی دەبیستێ و مێشک لەم بەستێنەدا چالاک دەبێ.

پاش لە دایکبوون تاقیکردنەوەی ڕاستەوخۆ لە گەڵ دەنگ، وشە، ڕستە، میمیک، زمانی لەش، مانا و حاڵەتی دەم و چاو و شێوەی بەکارهێنانیان دەست پێدەکات، منداڵ لەو دەورەیەدا لاسایی دایک و باوک و کەسانی نزیکی دەکاتەوە و لە گەڵ لایەنەکانی زمان و ئاخاڤتن و گوێگرتن ئاشنا دەبێ.

لە ساڵی یەکەم منداڵ بە شێوەی سروشتی وشە، ڕستە، شێوەی گوتنی زمان، ڕێزمان وگرامێر بەکاردەهێنێ کە پرۆسەی سروشتی فێربوونە. منداڵ دەبینێ، دەبیستێ و دووبارەی دەکاتەوە و سەرنج دەداتە حاڵەتی دایکی و هاوکات چێژ لە فێربوون وەردەگرێ کە ئەوە دایکیشی دەگرێتەوە و هەر دوو لا بەشدار دەبن لەم پڕۆسەیەدا. چێژ وررگرتن و پێکەوەکارکردنی هەر دوو لا، هاندەری هەر دوو لایە بۆ فێربوون. لێرە دایک دەبێتە هاوڕێی منداڵ، منداڵیش دەبێتە هاوڕێی دایکی بۆ فێربوون. گەر ئەم مێتۆدە سروشتییە لە ژیاندا بەردەوام بێت، فێربوون لە ژیان جیا ناکرێتەوە.

ئەم تاقیکردنەوەیەش هەیە کە منداڵ بەر لە دایکبوون لە گەڵ چەند زمان ئاشنا ببێ، ئەوەش ئەو کاتەیە کە دایک و باب دوو زمانی جیاوازیان هەبێ. ئەمە گرنگە بزاندرێ کە سەردەمی منداڵی سەردەمی زێڕینی فێربوونی زمانە و لەو دەورەیەدا منداڵ لێهاتوویی فرە بۆ فێربوون و خۆگونجاندن لەخۆی نیشان دەدات و پاش فێربوونی زمانی دایک زمانی تر باشتر و گونجاوتر فێردەبێ.

مێشک و زمان

پێشکەوتنی زمان پرۆسەیەکی چڕوپڕی فێربوونه‌ و بە ملیارد سیناپس و نۆیڕۆنی ناو مێشک تێیدا به‌شدارن، ناوه‌ندی زمان به‌ر له‌ دایکبوون له‌ مێشکدا چالاکه‌ و پاش له‌ دایکبوون بەشەکانی په‌یوه‌ندیدار چالاکتر دەبن و منداڵ لە گەڵ هەر تاقیکردنەوەیەک هەنگاو بە هەنگاو دەکەوێتە ناو پرۆسەی فێربوونی زمانی دایک. لێکۆڵینەوە، تاقیکردنەوە و تۆژینەوە دەریانخستووە، چۆنیەتی بەکارهینانی زمانی دایک لە ناو مێشک و پێوەندی نۆیرۆنەکان جیاوازی دەنوێنێ و گرێدراوی نویڕۆن و سیناپس و خانەکانی نۆیڕۆنی‌یە کە پڕۆسەیەکی ساکار نییە.

زمانی دایک دەوری سەرەکی و بنەڕەتی و ستروکتوری و وێنەئاسا، لە مێشکدا بۆ فێربوونی زمان دەگێڕێ و کاریگەری جیددی هەیە بۆ وەرگرتنی زانیاریی کە بەرەو مێشک دەچێ و بەخشینی زانیاری کە لە مێشکەوە لە ڕێگای گوتن و زمانی لەش و حاڵەت دەردەچێ. چەند زمانەبوون، ناوەندی زمان لە مێشکدا چالاکتر دەکات و زمانی دایک لەم پێوەندییەدا چالاکترین و سەرەکیترین دەور دەبینێ.

دوو بەش لە ناو مێشکدا بە ناوەکانی (Broca)و (Wernicke) دەوری کاریگەر لە مەڕ کارو باری تایبەت بە زمان و زمانی دایک دەگێڕن. پاول برۆکای فەڕانسی سەدەی نۆزدە (چیرۆگ،ئاناتۆم، پاتالۆگ و ئانترۆپۆلۆگ) ئەم بەشەی لە مێشکدا ناساندووە.

بەشی برۆکا لە لای چەپی مێشک هەڵکەوتووە و دەور لە بەرهەمهێنانی زمان و چۆنیەتی وشە دەگێڕێ. زیان بینینی ئەم بەشە لە مرۆڤدا دەبێتە گرفتێک کە بە Broca Aphosie ناو دەبردرێ و گرفت لە بەکارهێنای دروستی گرامێر و سازکردنی ڕستەی بەجێ و تەواو، ساز دەکات، لە کاتێکدا تێگەیشتن لە زمان تووشی کێشە نابێ.

Carl Wernicke کارڵ وێرنیکە، نۆیرۆلۆگ و دەروونناسی ئاڵمانی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی بیست، پێناسەی ئەم بەشەی مێشکی کردووە.

وێرنیکە بە شێوەی ئاسایی لە نزیک بەشی برۆکا لە لای چەپیەوە هەڵکەوتووە و ئەرکی سەرەکی تێگەیشتنی زمان و گرێدانی وشە، ڕستە و پێوەندی نێوانیان و نووسین دەگرێتەوە. گەر ئەم بەشە سەدەمە ببینێ کەسەکە دەتوانێ بە ڕەوانی قسە بکات بەڵام بۆ تێگەیشتن و سازکردنی ڕستەی مانادار تووشی کێشە دێت. ئەم دوو بەشە بەیەکەوە بەشێکن لە بازنەیەکی مەزنتری مێشک کە لێهاتووی زمان لە مرۆڤدا مسۆگەر دەکەن.

ئەمانە بەیەکەوە و گرێدراو لە گەڵ بەشەکانی تر، کار لە سەر زانیاریی گەیشتوو بە مێشک دەکەن و دەنگ و وشە دەناسنەوە و مانا لە ڕستە دەدەنە دەست و لێهاتوویی مۆتۆریکی بەرهەمهێنانی زمان، کۆنترۆڵ دەکەن.

دەبێ ئەمە لە بەر چاو بگرین، پێکهاتنی زمان و لێهاتووی مرۆڤ بۆ بەکارهێنانی زمان، تەنیا لەم دوو بەشەدا تەواو نابێ و سیستەمێکی گەلێک چڕوپڕ و ئالۆز لە کاردان بۆ ئەوەی من لە گەڵ ئێوە و ئێوە لە گەڵ من قسە بکەن و بیروڕا و هەست بگۆڕینەوە.

هه‌ر وشه،‌ ڕسته‌ و بۆچوون که‌ بێنه‌ سه‌ر زمانی مرۆڤ، تێکه‌ڵ به‌ هه‌ست و ده‌ربڕینی زمانی له‌ش، میمیک و حاڵه‌تی دەم و چاو ده‌بن‌، ئه‌م لایه‌نانه‌ خۆڕسک تێکه‌ڵ به‌ گوتن ده‌بن و یارمه‌تی منداڵی ساوا ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زمان و مانا وه‌ربگرن.

زمانی دایک و پرۆسەی فێربوون

لە یەک چرکەدا بە بێ ئەوەی مرۆڤ خۆی بخوازێ یەک ملیارد بایت Byte [هەر بایت ٨ Bit واتە نیشانەیە] زانیاریی لە ڕێگای بیستن، بینین و هەست پێکردن دەگاتە مێشک کە دەبێتە بارستایی ١٢٩ کتێب، واتە هەرچی لە دەوروبەری ئێمە تێدەپەڕی، دەگاتە مێشک. نەودونۆ لە سەتی ٩٩٪ ئەم زانیارییانە بێکەڵکن و لە لایەن مێشکەوە دەسڕدرێنەوە. ڕێگای دووهەمی فێربوون، فێربوونی دڵخواز و ئاگابەخۆیە، کە لە یەک چرکەدا دەبێتە ڕستەیەکی دوازدە نیشانە ، بۆ وێنە بە کرمانجی ” Ez j te hez dkem.”

فێربوونی زمان و زمانی دایک ئەم چەند لایەنە دەگرێتەوە:

* ئیمۆسیۆن -هەست: هه‌ر شتێکی ده‌وروبه‌ر بۆ منداڵ تازه‌ و نوێیه‌، ئەو هەستیار گوێ دەگرێ و سەیر دەکات و لاسایی دەنگ، وشە، چۆنیەتی گوتن، شێوەی بەکارهێنان ده‌کاته‌وه‌ و مانای ڕستە و بەکارهێنانی فێردەبێ. ئەم پڕۆسەیە تێکەڵ هەست و ئیحساسی منداڵە!

* هەڵە ڕاستکردنەوە: کاتێک منداڵ تووشی هەڵەی گوتن، مانا و بەکارهێنانی ڕستە دەبێ، کەسانی نزیک دەوری سەرەکی بۆ هەڵە ڕاستکردنەوە دەگێڕن. ڕاستکردنەوەی هەڵە لێهاتوویی و بەردەوامی منداڵ بۆ فێربوون زۆرتر دەکات و لە هەمانکات منداڵ فێر دەبێ کە هەڵەکردن و ڕاستکردنەوەی ئاسایی و سروشتییە، ئەمە دایک و بابیش ده‌گرێتەوە.

* وەرگرتن: منداڵ بۆ ئەوەی توانایی بەکارهێنانی زمانی دایک و زمان پەیدا بکا، پێویستی بە فێربوونی وشە و ڕستەی ساکار و چەتوون لە بواری جیاواز هەیە، کە ئەوە لە ڕێگای فێربوونی بەردەوام و گرێدراویی منداڵ و کەسانی دەوروبەر مسۆگەر دەبێ .

* بەشداری دوولایەن: فێربوونی زمان بە بوونی دوو لایەن سه‌ر ده‌گرێ، دایک- منداڵ، منداڵ- باب، منداڵ- دەوروبەر، منداڵ -کۆمەڵگا، منداڵ – منداڵ، منداڵ -کەرەسە(تەلەفوون، کامپیۆتێر، گەمە و…).

* پرۆسەی ناو مێشک: پرۆسەی فێربوونی زمان تەنیا لە وشە و هەستدا گردوکۆ ناکرێته‌وه‌ و ڕێزمان، ڕێسای زمان، مەنتق و ستروکتوری زمان لە خۆ دەگرێ و بە بێ سەرنجدان و خوردبوونەوە (کۆنسێنتراسیۆن) و بە بێ بەشداری لایەنەکانی مێشک کە کاری جیاوازیان هەیە، سەر ناگرێ. زەین، تۆمارگەی کورتخایه‌ن و درێژخایەن، ناوه‌ندی زمان، بیستن، بینیین، قسەکردن، بەشی ڕاست و چەپی مێشک و ملیۆن و ملیارد سیناپس و نۆیرۆن لە خۆ دەگرێ. گەر ئەم پێوەندی و بەیەکەوەکارکردنانەی لایەنەکانی ناو مێشک سەر نەگرێ ، پڕۆسەی فێربوونی زمان و فێربوون بە گشتی تووشی کێشە دێت.

پڕۆسەی فێربوون پڕۆسەیەکی تاکە کەسی و سروشتی یە و تەنیا تایبەت بە مرۆڤ نییە. ئەوە ڕاستە هەر منداڵێک لێهاتووە، بەڵام هەموو وەک یەک فێرنابن، بنەماڵە، دەوروبەر، کۆمەڵگا، سیستەم کارتێکەری به‌ هه‌ردوو باری خاس و خراودا هەیە. هەست و خوزیا، ویست و نەویست کەس بۆ لای فێربوون و فێرنەبوون ده‌کێشن و نابێ تاکبوون و ئیندیویدیۆمی منداڵ لەبەرچاو نەگیرێ و بیر لە دواڕۆژی کەسایەتی و ژیانی نەکرێتەوە. ئەوەش دەبێ لەبەرچاو بگیردرێ کە کۆمەڵێک نەخۆشی و کەمایەسی پڕۆسەی فێربوون تووشی گرفت ده‌که‌ن، کە ئەمە باسێکی پزیشکییە و چاره‌سه‌ر ده‌کرێ.

زمان و ناسنامە (شوناس)

زمانی دایک دەوری جیددی لە پێکهاتەی کەسایەتی و ناسنامەی مرۆڤدا دەگێڕێ، لێرە ئاماژە بە چەند خاڵ دەکرێ:

* ناسنامەی کەلتووری: زمانی دایک بە قووڵی گرێدراوی ناسنامەی فەرهەنگی و کەلتووری مرۆڤە. کەلتوور، مێژوو، داب و نەریت و ترادسیۆن بە هەموو شێوەیەک گرێدراوری زمانە. لە ڕێگای زمانەوە مرۆڤ تێکەڵ نۆڕمەکانی فەرهەنگ و کۆمەڵگا و ستروکتوری کۆمەڵگا دەبێ و خۆی لە ناو کۆمەڵگادا دەبینێتەوە. لە ڕێگای زمانەوە مرۆڤ ناسنامەی هەمەلایەنی خۆی و گرێدراویی بە کۆمەڵگای فەرهەنگی نەتەوەیی دەردەبڕێ.

گرێدراوی هەست: زمانی دایک ئەو زمانەیە کە منداڵ لە کاتی لەدایکبوونەوە لە گەڵی گەورە دەبێ و قسەی پێدەکات. لە ڕێگای ئەم زمانەوە پێوەندی ناوماڵ و بنەماڵە پێک دێت و گرێدراوی هەست و خۆشەویستی سەردەگرێ و بیرەوەری، تاقیکردنەوەی ژیان، پێوەندی نێوان کەسان سەر دەگرێ.

* دەربڕین : زمانی دایک ئەو ئیمکانە بە منداڵ و گەورەساڵ دەبەخشی خۆی لە زمانەکەدا دەرببڕێ و نیشان بدات و بە شێوەی سروشتی و سروشتیانە بیروبۆچوون و هەست وئیدەکانی بێنێتە زمان وکەسایەتی تاکەکەسی و بۆچوونی خۆی دەربخات. زمان فۆڕم دەبەخشێ بە چۆنیەتی بینینی ئێمە کە چۆن جیهان دەبینین و دەیهێنینە زمان.

* خۆناسین وخۆناساندن لە ناو زمانی هاوبەش: زمانی دایک زمانی هاوبەشی کۆمەڵە کەسانە کە خۆیان لە زمانەکە و لەو هاوبەشییەدا دەبینەوە و لە یەکتر گرێدەدرێن. ئەم زمانە هاوبەشە، هەستی هاوبەشی گرێدراوبوون لە گەڵ یەک، تێگەیشتن لەیەک، پشتگیریکردن لەیەک، خۆ لە فەرهەنگ و دابونەریتی هاوبەشدا دیتنەوە، مسۆگەر دەکات. زمانی هاوبەش ناسنامەی نەتەوەیی و گرێدراوی تاک و پێوەندییەکان پتەوتر دەکات.

* نڕخاندنی سامانی نەتەاەیی و کەلتووری: زمان وەک سامانی نەتەوە – سامانی فەرهەنگی سەیر دەکرێ. زمان مرۆڤ گرێدەدات بەم سامانە کە خۆی لە ئەدەبیات، مۆسیقا، فۆلکلۆر، مێژوویی زارەکی، و لایەنەکانی دیکەدا دەبینێتەوە. پارێزگاری لە زمانی دایک وەک پارێزگاری لە ئەو سامانە نەتەوەییە دەبیندرێ. دەکرێ بوترێ، زمانی دایک قووڵترین کاریگەریی لە سەر ناسنامە و کەسایەتی مرۆڤ هەیە.

ڕێگریکردن لە فێربوونی زمانی دایک:

ڕێگری کردن له‌ فێربوونی زمانی دایک جگە لە چەت خستنه‌ ناو پڕۆسەی فێربوونی زمان و لایه‌نی دەروونی، منداڵ تووشی ئەم کێشە و گرفتانە ده‌کات:

* کەمایەسی زمانی: گەر ڕێگری لە فێربوونی زمانی دایک بکرێ، مەترسی لە دەستدانی زمانی دایک و توانای بەکارهێنانی لە ژیاندا زۆرتر دەبێت و کەسەکە تووشی خەساری جیددی لە بواری فێربوونی زمانی تر و لاوازی کەسایەتی دەبێ . زمان لە ڕێگای بەکارهێنانی بەردەوام و پراکتیکی ڕۆژانەوه‌ پێش دەکەوێ. بێبەریکردنی منداڵ لە بەکارهێنانی ڕۆژانەی زمانی دایک جگە لە لەدەستدانی زمانەکە لە دەست دانی هەست بۆ زمانیشی لێدەکەوێتەوە.

* ناسنامە لەدەستدان: زمانی دایک ڕاستەوخۆ گرێدراوی فەرهەنگ، دابونەریت، مێژوو و کۆی ئێلێمەنتەکانی پێکهێنەری کەسایەتی مرۆڤە. کوشتنی زمانی دایک لە منداڵدا لە ناوبردنی هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە و چەشنێک بێگانەبوونی بەرانبەر بە خۆی لێدەکەوێتەوە. لەم ڕێگایەوە منداڵ ڕیشە و بنەچەکی خۆی دەدۆڕینێ و لە خۆی نامۆ دەبێ.

* گرفتی پێوەندی و خۆدەرخستن: زمانی دایک ئیمکانی خۆدەرخستن و دەربڕینی هەست و تێگەیشتن بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێ. ڕێگری لە بەکارهێنانی زمانی دایک گرفت لە خۆدەرخستن و دەربڕینی هەست و بیری مرۆڤ بە زمانی ساز دەکات و مرۆڤ دوورەپەرێز لە قسەکردن و دانووستاندن و بەشداریکردن لە کۆڕوکۆمەڵ دەکات و کەسەکە تەریک دەهێڵێتەوە و دڕدۆنگی ساز دەکات.

* کاریگەری لە سەر پێشنەچوونی پێوەندییەکانی مێشک: بەکارهێنانی زمانی دایک لێهاتووی لە بواری بیرکردنەوە، چارەسەری گرفت، خۆپێگەیاندن پێش دەخات. ڕێگریکردن لەم پڕۆسەیە دەتوانێ پێش بەم پێشکەوتنانە بگرێ. ئەمە گرنگە بزاندرێ ڕێگریکردن چ کارتێکردنێکی لە سەر منداڵ هەیە و کێ ڕێگری دەکات، جار هەیە دایک و باوک، سیستەمی وڵات یان هەرکیان ڕێگرن. منداڵێک کە بکەوێتە ژێر زەختی دایک و باب، کۆمەڵگا و سیستەم، زیانی زۆرتری دەروونی، کەسایەتی و کۆمەڵایەتی دەبینێ، هەتا منداڵێک کە لە ناوماڵ پشگیری دەکرێ. پشتگیریکردنی منداڵ بۆ فێربونی زمانی دایک، پشتگیریکردنە لە ساخی و سڵامەتی جەستە و دەروونی منداڵ.

زمان و زیندەوەران

یەکێک لەم پرسیارانەی کە دایم لام ساز بووە، ئەوەیە کە ئایا زیندەوەرا نی جگە لە مرۆڤ زمان و زمانی داکیان هەیە؟ وڵام ئەوەیە کە بەو مانایەی لای مرۆڤ بۆ زمان هەیە، زیندەوەران زمان و زمانی داکیان نییە. بەڵام ئەوان سیستەمی پێوەندیگرتنی خۆیان هەیە کە لەو ڕێگایەوە لە یەک تێدەگەن و یەکتر ئاگادار دەکەن. ئەوان بە چەشن و فۆڕمی جیاواز لە گەڵ یەک پێوەندی دەگرن وەک زمانی لەش، دەنگ، بۆن و عەتری تایبەت، ناردنی سیگناڵی تایبەت. ئەم سیستەمە لە پێوەندی، بە پێیی جۆری زیندەوەر، باڵندە، پەلەوری هەمەجۆر و زیندەوەری سەرد عەرد و ناو ئاو جیاواز دەنوێنێ کە ناردنی ئەم هەواڵانە لە خۆ دەگرێ، هەواڵی ئاگادارکردنەوە لە مەترسییەکان، هەواڵی گەڕان بە شوێن خواردن، ئاگادارکردنەوە لە بەزاندنی سنوور، مەبەست سنووری ژیانی هەر زیندەوەرێکە.

هێندێک لە زیندەوەران بۆ وێنە باڵندەکان سیستەمێکی چڕوپڕو ئالۆزی کۆمۆنیکاسیۆنیان هەیە کە دەتوانن هەواڵ و زانیاری فرە بۆ یەکتر بنێرن. هێندێک لەم سیستمانە دەکرێ حیسابی چەشنێک زمانیان بۆ بکرێ بۆ وێنە بەکارهێنانی چەشنێک سمبۆل و هێما یان ناردنی چەشنێک سیگناڵ کە دەبێ فێری ببن.

بەم حاڵەوە جیاوازی بنەڕەتی لە چەشنی پێوەندیگرتنی مرۆڤ و زیندەوەراندا هەیە و ئەوان ستروکتوری دەستووری و گراماتیک و لێهاتوویی مانای ئابستراکت سازکردنیان نییە و هەروەها توانایی مرۆڤیان بەم بەربڵاوییە نییە کە مرۆڤ لە ڕێگای زمانەوە هەیەتی. زمانی مرۆڤ ئیمکانی بێسنووری هەیە بۆ باس و گفتوگۆ و دیالۆگ و باس لە ڕابووردوو و ئێستا و داهاتووی و باس لە پلان و بابەتی بێسنوور. ئەم ئیمکان و لێهاتووییە بێنسنوورە بۆ زیندەوەرانی تر نییە.

برایم فەڕشی

٢٠٢٣/٧/٢

ئەم بابەتە لە سمیناری بزاڤی ڕۆشنگەری ژنانی کوردستان لە شاری هانۆڤر خوێندراوەتەوە!