کێشەی ئەرمەنستان-ئازەربایجان دەتوانێ هاوسەنگیی دەسەڵات لە ئێران، تورکیە، ڕووسیە هەتا چین بگۆڕێ

کێشەی ئەرمەنستان-ئازەربایجان دەتوانێ هاوسەنگیی دەسەڵات لە ئێران، تورکیە، ڕووسیە هەتا چین بگۆڕێ
فۆربز – مەلیک کایلان. کەماڵ حەسەن‌پوور
وا دیارە کەس نایهەوێ باسی ململانێ قووڵترە ژیۆ-پۆلیتیکییەکەی پشت کێشەی ناگۆرنۆ-قەرەباغ بکات، ئێستا کە سەری هەڵداوەتەوە و لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکانی لە سەرانسەری دنیادا پڕ کردۆتەوە. چیرۆکێکی دەساڵە لەبارەی هەرێمێک لە قووڵایی دەڤەرێکی تەریک کەوتوودا، چۆن دەتوانێ کاردانەوەی بەربڵاوتری بۆ هاوسەنگیی دەسەڵاتی جیهانیی هەبێ؟ چۆن دەتوانێ بۆ وێنە کاریگەریی لەسەر چین یان ئورووپا یان ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێ؟ ئەگەرچی وەک خەیاڵ دێتە بەرچاو، بەڵام ئەوەی لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان ڕوو دەدا، ئەگەری گۆڕینی ڕێکخستنە بەرفراوانە نێوان-کیشوەرییەکانی هەیە. بێتوو بیانهەوێ، تەنیا وڵاتانی دراوسێ باسی دەکەن. هێندێک باسی ناکەن چونکە ئەو فیلەکەی ناو ژوورەکەیە [مەبەست کێشەیەکە کە بوونی هەیە بەڵام کەس باسی ناکات چونکە دەبێتە هۆی دەمەقاڵێ. و.]. ئەو وتارە باسی سکاڵا مێژووییەکان یان تووڕەییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ لە قەیرانی قەرەباغ ناکات. ئەوان گرینگن بەڵام لە شوێنی دیکە بە وردی باسیان دەکرێ. ئەوەی لە هیچ شوێنێک نایبینی بۆچوونێکی پێویست لەسەر بەرژەوەندیی شاراوەی زلهێزان لە جوغڕافیاکەیە.
بە وردی بڕوانە نەخشەی قەرەباغ، شاخێکی چیاکانی قەفقازە کە ئەوسەری هێندە بەرەو باشوور شۆڕ دەبێتەوە کە دەگاتە سنووری ئێران. لە ڕوانگەی لۆجیستیکییەوە، هەر کەس کۆنتڕۆڵی بەرزاییەکانی قەرەباغ لە ئازەربایجانی بە دەستەوە بێ، توانایی سەروەریی ئەو پارچە هەستیارەی سنووری بەدەستەوەیە، ئەوە سەرەداوێکی خوێنڕێژییە دەیان ساڵەکە ئاشکرا دەکات. ئێستا ئەو بەشەی باسەکەمان ناتوانێ بێ سەرنجدانی جیددی بە وردەکارییە ژیۆپۆلیتیکییەکان گەشە بکات. ئێمە ناوی دەنێین چیرۆکی دوو داڵانان.
یەکەم، داڵانی زەنگە زوور، بە درێژایی سنووری ئێران-ئازەربایجان کە چیاکانی قەرەباغ بەسەریدا دەڕوانێ. ئەوسا داڵانەکە بە باسکێکی خاکی ئەرمەنستاندا تێپەڕ دەبێ، بەو شێوەیە ئازەربایجان ڕاستەوخۆ بە تورکیە دەبەستێتەوە، پەیوەندییەکی پچڕاوی لەمێژینە کە ئەو دوو وڵاتە تورکە دەیانهەوێ بیگەڕێننەوە. ئێرانییەکان دژی ئەوەن. ئەرمەنییەکان دژایەتی دەکەن. مۆسکۆ دژی بوو. ئەوە بۆچی هێندە گرینگە؟ وەڵام: چونکە ‘داڵانی زەنگە زوور’ دوایین بەشی ڕێگایەکی گەلێک درێژتر بە ناوی ‘داڵانی نێوەڕاست’ـــە کە دەتوانێ کۆمارە تورکەکانی ئاسیای ناوەندی لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە بە خاکی تورکیەوە ببەستێتەوە. ئێمە باسی ڕێگای ژینەکی خاکیی و ڕێگای ئاسن و، چەند بۆڕیی سووتەمەنی دەکەین کە دەتوانێ جادەی ئاوریشمی کۆن بۆ بازرگانیی زیندوو بکاتەوە کە ڕووسیە دوو سەدە پێش ئێستا لە سەردەمی تزارەکاندا بەستی.
چونکە ئەو وتارە قەت لە گوتنی ئەوە ماندوو نابێ، ئێستا کە شەڕی ئەفغانستان کۆتایی هاتووە، ئاسیای ناوەندی، بێجگە لە ئوکراین، شوێنی فرە ژیۆستراتێژیکی داهاتوویە. ئێمە باسی کۆبوونەوەی بایدن لەگەڵ سەرکۆماری ‘ستانەکان’ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مەکۆیەک بە ناوی C5+1 مان کرد. ئێمە باسی تورکمەنستان، ئوزبەکستان، قەزاقستان، قرقیزستان، تاجیکستان واتە C5 دەکەین. لە ئێستادا سەرجەم ئەو وڵاتانە، ڕووسیە، چین، ئێران تاد دەورەیان داون و پێویستە بەناو ئەو وڵاتانەدا طێپەڕ بن تا دەستیان بە دنیا ڕابگات و بتوانن مادە خاوەکانیان کە ڕێژەیەکی گەلێک بەڕچاو و ستراتێژیک زێڕ، نەوت و شتی ئەوتۆ دەگرێتەوە، بفرۆشن. بەڵام کاتێک لە ڕوانگەی جوغڕافیاییەوە ئازەربایجان و تورکیەیان پێوە زیاد بکەی، ئەو ئابلۆقەیە کۆتایی پێدێ. لێرەیە “داڵانی نێوەڕاست” دێتە نێو کایەوە، کە دەبێتە هۆی خۆ بواردن لە زلهێزە ناوچەییەکان و لە ناوەندی ئاسیا تا داڵانی زەنگەزوور پێکەوە دەبەستێتەوە و شاڕێیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان وڵاتانی تورک (و سامانە سروشتییەکانیان) بەرەو دنیای دەرەوە دروست دەکات. ئەوە پێنج ‘ستانەکان،’ دەریای کاسپیەن، ئازەربایجان و ئەولاتر دەگرێتەوە. ئەرمەنییەکان تەنیا بەربەستی جوغڕافیایین. یەکیەتی سۆڤیەت بەو شێوەیە نەخشەی سنوورەکانی داڕشت، تا ژمارەیەکی زۆر وڵات دژی یەکتر بن و تەنیا بە ڕووسیادا ڕێگایان هەبێ. کاتێک قەرەباغ چیدیکە هەڕەشەیەکی تاکتیکی نەمێنێ، شادەماری تورکی هەنگاوێک لە تەکمیل بوون نزیک دەبێتەوە.
بەڵام هەڵبەت بێجگە لە جیاکردنەوەی ڕێگایەکی بازرگانیی سەربەخۆ، ئەو لێک گرێدانە نوێیە دەبێتە هۆی بووژانەوەی ‘پان تورکیسمی’ ناسنامەیی و کولتووری، هاوپشتییەکی لێک گرێدەر کە، سەدان ساڵ بە نوستوویی ماوەتەوە و دەبێتە گۆڕینی لێکدانەوەکانی دەسەڵات لە سەرانسەری ئاسیا. بێتوو بلۆکی تورک یەکگرتوو و هاوئاهەنگ بن، هەڕەشەیەکی نوێ دەبێ بۆ سەر ئێران، ڕووسیە، چین، باسی ئەرمەنستانیش ناکەین. لە چین، تورکە ئۆیغوورەکان هەست بە بوێریی دەکەن. لە ڕووسیە، ژمارەیەک ناوچەی تورک لە تاتارستان تا بوریاتیا ڕەنگبێ دەست بە جیا بوونەوە بکەن. لە پێش هەموویانەوە، ئێران لەبەر ئەو هۆیە کە دانیشتووانی پارێزگای ئازەربایجانی خۆی، بیانهەوێ لەگەڵ ئامۆزاکانیان لە باکوور یەک بگرنەوە، هەست بە هەڕەشە دەکات. لەبەر هاوپشتیی تورکی بوو کە سەرەڕای ڕەخنەی جیهانیی، ئەردۆغان لەو دواییانەدا سەردانی باکوی کرد تا ‘سەرکەوتن’ لە قەرەباغ بە سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلییەڤ پیرۆزبایی بڵێ.
بۆ زۆرێک لە وڵاتانی خۆراوایی، بیرۆکەی ‘پان تورکیسم’ ڕەنگبێ دوور یان خەیاڵی بێ، بەڵام بۆ وڵاتانی دەوروبەری ناوچە، بیرەوەرییەکی دووری باوباپیران لەو دیاردەیە ماوە، ترسێک لە هۆزە تاتار یان هونەکان یان هۆزە داگیرکارە سوارەکان لە ئاتیلا تا تەیمور. بۆیە چین شوورە مەزنەکەی دروست کرد. بۆ وێنە ڕووسەکان بەشێکی زۆری شوناسی مێژوویی خۆیان لە سەر وەخۆ گرتن، دورر کردنەوە و ژێردەستە کردنی ئەو دیاردەیە و لەو ڕێگایەوە پاراستنی ئایینی کریستیان دروست کردووە. دەستەواژەی وەکوو، ‘دایکی پیرۆز، ڕووسیە’ و تزارەکان وەک ‘نێردراوی خودا’ لێرەوە سەرچاوەیان گرتووە.
بە هۆی ئەو پێ سپاردەییە، موسکۆ سەدان ساڵە ڕەوایی بە سەپاندنی هێژەمۆنی نە تەنیا بەسەر موسڵمانانەوە، بەڵکو بەسەر سەرجەم حەشیمەتی کریستیانی ناوچەکانی دەوروبەر، لە ئەرمەنستان تا گورجستان و ئوکراین، بەخشیوە. ڕووسەکان لەوە تێناگەن، پاش ئەو هەموو پارێزگارییە، بۆچی دانیشتووان دەیانهەوێ لە کۆنتڕۆڵی ڕووسیە ڕزگاریان بێ. گەلۆ ئەوان لە سەدەی ١٨، ئوکراینییەکانیان لە تاتارەکانی کەریمە نەپاراست؟ تووڕەیی خۆڕسکی پوتین، کاتێک هەرکام لە وڵاتانی نزیکی ڕووسیە، چوون بەرەو خۆراوایان پێ باشترە، لێرەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەوە تەنیا پوتین نییە، بەڵکو زۆرینەی حەشیمەتی ڕووسیە، کە بەرانبەر بە مێژووی پڕ لە کوشتوبڕی مۆسکۆ بە نێوی پاراستن کوێرن، دەگرێتەوە.
کە وابوو، لە کێشەی ئەو دواییانەی قەرەباغ، بۆچی پوتین ئەرمەنییەکانی لە بەرانبەر ئازەربایجان نەپاراست؟ بۆچی ئەو لایەنی ئازەربایجانی گرتووە؟ ئەوە لێکدانەوەیەکی ئاڵۆزە. وەکوو عەمبەرین زەمان لە وتارەکەیدا باسی کردووە، سەرۆک کۆماری ئەرمەنستان، نیکۆل پاشینیان ئاکامی شۆڕشێکی ڕەنگینی خەڵکە، واتە خراپترین شێوەی هەڕەشە بۆ سەر پوتین، بە تایبەت ئەگەر لە ناوخۆی ڕووسیە ڕوو بدا. ئەو پێی باشترە مامەڵە لەگەڵ دیکتاتۆڕی وەکوو عەلییەڤ، ئەردۆغان و ئیڤانیشڤیلی لە گورجستان بکات. هەروەها لێکدانەوەی نەوتیش دەور دەگێڕێ. بە گوتەی عەمبەرین زەمان، ئازەربایجان بە فرشتنەوەی نەوتی ڕووسیە بە نێوی نەوتی باکو، یارمەتی پوتین دەکات تا ئابلۆقەکان دەور لێداتەوە. بە تایبەت لە ڕێگای تورکیە، بە بۆڕیی باکو-تفلیس-جەیهاندا. لە کۆتاییدا، کرێملین لە سەر ئەو بڕوایەیە کە باشترین شێوازی کۆنتڕۆڵ کردنی وڵاتانی تورک، هاوکاریکردنی ڕێبەران و سیستەمەکانی پاش یەکیەتی سۆڤیەت بۆ ئافراندی سامانی دوولایەنە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە. بە هەمان شێوە، لێکدانەوەی چین ئەوەیە کە دەتوانێ هەمان کار بە یارمەتیدان بە سەر گرتنی ‘داڵانی نێوەڕاست’ لە ڕێگای ‘دەستپێشخەریی پشتێند و ڕێگا’ی بەیژینگە، ئەگەرچی ئابلۆقەی ڕووسیە-چین- ئێران بشکێنێ. وەکوو نەوتی ڕووسیە بە باکودا دەڕوا، کاڵای چینیش دەتوانێ بە ئاسیای ناوەندی دا بگاتە دنیا و کۆمارە تورکەکانیش لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بە بەیژینگ دەبەسترێنەوە.
کە وابوو، ئەوە لێکدانەوەی مۆسکۆ-بەیژینگە. بەڵام لێکدانەوەیەکی دژوارە، چونکە دەتوانێ ببێتە هۆی لە کیس چوونی خێرای کۆنتڕۆڵ. زۆربەی چاودێران دەڵێن ئازەربایجان و ئەرمەنستان بەو زووانە پارێزەرە ڕووسییەکانی ئاشتی دەر دەکەن. وەکوو چۆن من زۆر جار باسم کردووە، وڵاتانی ئەندامی C5 لە ناوەندی ئاسیا وردە وردە دەبنە دێموکڕاتیک، ئابوورییەکانیان گەشە پێدەدەن و بە ئانقەست پەرە بە یەکگرتووییان دەدەن تا خۆ لە بەسترانەوە بە وڵاتانی خاوەن هێژەمۆنیی ناوچەکە ببوێرن. ئەوە هۆی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سەرۆک کۆمار بایدنە. حەزی کۆمپانیا نەوتییە خۆراواییەکان بۆ بۆڕیی نەوتی جێگرەوە، بەو لێکدانەوەیە زیاد بکە و خێراییەکی بەرچاوت بۆ دەردەکەوێ. بەشێکی بەرچاو لە هیواکانی ئەوان لەسەر پەیوەندیی تورکیە-ئازەربایجان بە درێژایی سنووری ئێڕان و بەسەر خاکی ئەرمەنستاندا هەڵچنراوە. قەرەباغ بەربەستێک بوو، بەڵام چیدیکە بەربەستی داڵانی زەنگە زوور نییە.