گیارەنگ لە دوێنی و ئەورۆ و سپەینێ دا. نەبەز عەلیدووست
گیارەنگ لە دوێنی و ئەورۆ و سپەینێ دا. نەبەز عەلیدووست
بە پێی نووسراوە مێژوویەکان و گەراندنەوەی خەڵکانی شارەزا گیوی گیارەنگ مێژووی دژداری داگیرکەرانی دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی شەری یەکەمی جیهانی، هەڵمەتی تواندنەوەی زمان و ئەدەب و کولتوری گەلانی غەیرە فارس ، بە مەبەستی یەک دەست کردن و یەکڕەنگ کردنی کۆمەڵگای ئێران لە پانتایەکی بەرین دا رووی لە کوردەواریش کردبوو ئەوکات گیارەنگ دەبێتە مەکۆی خۆراگری و داگیرکەران لە داوێنی گیارەنگ لمبۆزیان لە خۆڵەپۆتێ وەردەدرێ.
لە جووڵانەوەی دژبە پاشایەتی ساڵەکانی ٤٦، ٤٧ دا تاتە بەرد و پچکە دەوەن و نسێو و قەدپاڵی گیارەنگ بە پاڵپشتی لانک داڵدەی شۆڕشگێران دەدەن و خۆف و دڵەراوکەی لە دڵی ژاندارم و چریک و نەیارانی خۆماڵی دا دەروێنن ، سەری بەرزی گیارەنگ بە باڵای غەدر هەڵدەکشێ و داوێنی دەبێتە نوێن و بانی هێزی موژدەهێنەری رزگاری و لاپەرەیەکی نوێ دەخاتە سەر مێژوویەکی پرشەنگدارتریش .
ئەوانەی لە شۆرشی نوێی گەلی ئێمە شارەزان و هەروەها بەشداری ئەو شۆڕشە بوون ، لەسەریان بیستووە یان خوێندوویانەتەوە دەزانن گیارەنگ وشەی هاو واتای سەردانەنواندن و پایەداری و بەچۆکداهێنانی درەندەترینی سوپای دوژمنە .
بەڵام بابێینە سەرماڵپەری گیارەنگ، ئەو سەنگەرە بیرو هزرییەی بۆ دژداری بیست ساڵی رەبەقە بێ ماندوو بوون و پشوودان بۆ ساتەوەختێکیش ئاو راوەستابێ ئەو رانەوەستاوە ، دایمە لە ژێر رەهێلەی هێرشی ئەرتەشی سایبێری دایە و بە تەنیا بەقەدەر دەیان و سەدان سایتی دژبەری کوماری ئیسلامی هێرشی کراوتە سەر و پلانی لە دژ بەکار هێنراوە. زۆرم نەگوتوە ئەگەر بڵێم تەنانەت سایتی بەشێک هێزە سیاسییەکانیش وەک گیارەنگ نەبوونە چەقڵی چاوی کوماری ئیسلامی .
کاک حەمەرەسووڵی زیدە ئازیز و خاتوو شلێری دلۆڤان بیست ساڵ پێش ئێستاو دوای ئەوەی بە ناچاری کاڵەی غەریبیان لێرە کردوە ، شریخەی چەخماخی درێژەی تێکۆشانیان ئەوجار لە سەنگەری قەڵەم دا لێداو رەساڵەتی گیارەنگی مەکۆی خۆراگری و داڵدەدەری شۆرشگێرانیان لە ماڵپەرەیەکی ئێلکترۆنی دا لێدا ، ئەوەش بڵێم ئەم دوو ئازیزە قەت لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی نەوێستاون، کاکم یەکێک لە ڕێبەرانی لێوەشاوی خەبات و خاتوو شلێریش بەبەردەوامی ئەندامی بەرێوەبەری کومیتەی وڵات و یەکیەتی ژنانی دێموکرات بووە.
بۆ ئەو دوو هاورێیە ژیان لە دەرەوەی خەبات بۆ سەربەستی و عەداڵەتی کومەڵایەتی مانا نادات هەر بۆیە خەمخۆرانە لە چەند سەنگەر دا خەبات دەکەن .
گیارەنگی لەبەر دڵانیش نەتیجەی شەو و شەونەخوونی و ماندوونەبوونی ئەو جووتە ئەویندارەی ئازادییە، ئەوان باوەریان بە فرەچەشنی هەیە و رێز لە بیری جیاواز دەگرن هەر بۆیە سەکۆی گیارەنگیان بە پانتای دونیای بیر و ئەندیشە بەرفراوان کردوە و بەربەستیان بۆ بڵاوکردنەوەی کەس نییە ، دەستی رەددیان لە سینگی کەس نەداوە و بە بڵاوکراوەی زانستی و ئەدەبی و سیاسی و دونیای منداڵان … هیتد دەرگایان بۆ بڵاوکردنەوەی بیرو هزر لە سەر گازەرای پشت بووە.
گیارەنگ هەر ماڵبەرێکی ئیلکترۆنی سادە نییە گیارەنگ دەروازەیەکە بەرووی دونیای فێربوون ، توێژینەوە، لێکدانەوە بە سەردانی ئەم ماڵپەرە دەرگای دونیایەکی دیکەت بەروو دا دەکرێتەوە ، ئەو پێوەندی بەوەوە هەیە بە دوای چی دا وێلی ، سیاسەتت دەوێ و بەدوای بیری نەتەوەیی دای ئەوە دەتوانی لە گەڵ لە دەلاقەی گیارەنگەوە سەردانی ماڵپەرەکانی حدکا بکەی، بیرو هۆشت لای مەسەڵەی ژنانە و دەتهەوەێ سەبارەت بە نەخش و رۆڵیان لە کۆمەڵگادابزانی رێنوێنی ماڵپەری ژنانت دەکات.
کێشەی لاوان و گرینگدان بە جێگەو پێگەی ئەوان هەموو کات دەغدەغەی گیارەنگ بووە. دەتوانی سەردانی ماڵپەری شەهیدان رووسووران و سوورخەڵاتانی مێژووش هەر لە گیارەنگ را بەسەر بکەیەوە . گیارەنگ ئادرەسی تاقانە کاناڵەکەی کوردکاناڵە ئەو ساڵ ماڵپەری شەهیدانی شۆرشی ژیناشی لە داوێنی گیارەنگ دا کە دایک بوو.
کەوابوو رەساڵەتی گیارەنگ بەرزە وەک کێوی گیارەنگ بەرفرەوانە بە پانتایی دەروون و قوڵایی و دیدی بەرێوەبەرانی و بۆ گەیاندنی زانیاری ماندوویی نەناسە وەک کاک حەمەرەسووڵ و خاتوو شلێر،
بۆ گیارەنگ بەردەوامی وەشاندن و بۆ ئەم جووتە ماندوویی نەناسەش لەش ساخی و تەندرووستی بە ئاوات دەخوازم.
ڕەساڵەتی گیارەنگ بۆ سبەی ئەوەیە کە بەردەوام بێ، لە درێژەدان لە ئەرکی وەشاندنی لە پێناو بەهێز کردنی بیرو هزری نەتەوەیی ڕۆڵەکانی کورد دا.
گیارەنگی لەبەردڵان بیست ساڵەی تەمەنت پیرۆز بێت.
نەبەز عەلیدووست