لە بەرنگاری چەکداریەوە هەتا شەڕی کارا وکاریگەری ڕاگەیاندن و میدیایی . ناسر سادقی
لە بەرنگاری چەکداریەوە هەتا شەڕی کارا وکاریگەری ڕاگەیاندن و میدیایی . ناسر سادقی
زیاتر لە بیست ساڵ … ناسر سادقی
شەڕی کورد لەدژی داگیرکەران هەمیشە لەچیا وبەندەن نەبووە زۆرجار لە جەرگەی شار وشەقام و کۆڵان ومەکتەب و زانکۆش بووە. بەڵام ئەوەی شەڕی لە چیاوە بۆ مەکتەب و زانکۆو جەرگەی شار و ناو ماڵی یار و نەیار وخەنیمان لە سەراسەری کوردستان و، دیوە نەدیوەکانی دوور لە مەیدان و خەباتی چەکداری و سەنگەرە هەڵەمووتەکانی چیا دەگوازێتەوە، دنیای مەجازی و ئامێر و کەرەستەی نوێی هەواڵنێری وماڵپەڕ و ڕۆڵی میدیایە . بەڵام هونەری بەڕێوەبەری و ئەرکی گواستنەوە و هەستی بەرپرسایەتی و سەرخستنی خەبات لە قۆناغی شاخەوە بۆ مەیدانی بەربەرینی دنیای ڕاگەیاندنی مەجازی و تەئسیر وکاریگەری هەواڵ و جۆری خەبات لە ئەستۆی مرۆڤە نیشتمان دۆست و باوەڕمەندەکانە کە دیسان پیشمەرگەئاسا و جەربەزانە بوونەتە مەیداندار و سەنگەر وشوورەی دیار وبەرگری ، و بەوپەڕی سەخاوەت و لێبڕاوانه کات وتەمەنی زێرین و پڕ بەهایان بەنرخی شەونخوونی و خۆبەخشانە لەسەرشانە بۆ نووسینەوەی مێژوویەک لە شۆرشی گەل.
لە بەرنگاری چەکداریەوە هەتا شەڕی کارا وکاریگەری ڕاگەیاندن و میدیایی .
سایتی گیاڕەنگ ناوێکی پڕ بە باڵای خەبات و خۆڕاگری و گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی چیای گیاڕەنگ و بۆن وبەرامەی مەندێ و بیزا وبە ساردی بەفراوی کانیاوە سەرتەزێنەکانی ئەو سەرانە و بە روونی شەونم وئاونگی پەڕی گوڵە شەوبۆ و مێلاقە و بەجوانی گوڵە شڵێرەی لێوار هەڵدێر و بە هەیبەتی هەنگاوی پێشمەرگە و بە وزەی وەسەرکەوتنی هەوراز و توولە رێیەکانە.
شەرتی سەرکەوتن بۆ ژوناڵیستی نیشتمانی ئەوەیە لە دژایەتی و بەرهەڵەستی دوژمن نەوەستی ئەو شەرتە بۆ کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی و خاتوو شلێری حەسەنپوور لە مەیدانی خۆڕاگری و ئێدارکردنی ئەو ماڵپەرە لە ماوەی بیست ساڵ لە ناو ئەو هەموو هەرا وهەنگامەی ژیان و تاراوگە وئەرکی قورسی ئابووری و کەمی کات .. تەنیا هێزی بەهێزی ئەوان و ئیرادە و جوامێریانە کە توانا و تەحەموولی ئەو ئەرکە بێ وێنەیە و رچەشکێنەیان گرتۆتە ئەستۆ، ئەو بەڕێزانە لە مەیدانی خۆڕاگری میداڵی سەربەرزی میدیاکاریان لە گەردنی خۆیان کردە نەخش و مێژوویەکی پیرۆز و هەرمانانیان تۆمار کرد، بەحەق شەرتی سەرکەوتنیان بردەسەر. خاتوو شلێری هێژا و کاک حەمەرەسوڵی کەریمی هەرگیز لە دژایەتی و بەرهەڵەستی دوژمن نەوەستان و ناوستن . ئەوان لە هەموو وەرزەکاندا ژیاون و دەژین، وەزی خۆڕاگری لە ژێر مووشکباران وەرزی ڕاپەرین و شۆرشی ژن ژیان ئازادی وەرزی هێرشی بەربڵاوی چەواشەکاری دوژمنان بەرامبەر بە ڕاستی رووداوەکان وسەرئەنجام وەرزی پەیوەندی و پردی متمانە و سەداقەتی خۆیان و گەل و ڕاسانی شاخ و شار…
هەربژین وسەرفرازبن.
ناسر سادقی