بیست ساڵ وەشان و تێکۆشان. تاهیر قاسمی
بیست ساڵ وەشان و تێکۆشان. تاهیر قاسمی
بیستی مانگی ئاپریلی ٢٠٢٣، ماڵپەڕی گیاڕەنگ بیستەمین ساڵی وەشان و بەردەوامیی تێکۆشانی خۆی لە بواری ڕۆژنامەگەریی کوردیدا پڕ دەکاتەوە. لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا گیاڕەنگ توانیویەتی پێگەیەک بێ بۆ کۆکردنەوەی ئەو قەڵەمانەی پێشمەرگانە لەسەنگەری خەبات و تێکۆشانی گەلەکەیاندا تێکۆشاون. هاوکات زۆر هەنگاوی دەسپێشخەر و داهێنەرانەشی هەڵێناوەتەوە کە ڕەنگە هەر نەفسی دامەزرانی ماڵپەڕێک بەناوی گیاڕەنگ لە ساڵی ٢٠٠٣ کە ساڵانی سەرەتای پەرەگرتن و بڵاوبوونەوەی ئینترنێت لەنێو کۆمەڵگادا بوو، گرینگترین دەسپێشخەری بێ. گیاڕەنگ لەو بیست ساڵەدا گۆڕەپانێکی باشی ڕۆژنامەنووسی و بوارێکی گونجاو بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەدەبی و سیاسیی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
بیست ساڵ ئەگەرچی لە تەمەنی نەتەوەیەکدا بڕگەیەکی زۆر کورتە بەڵام لە ژیانی مرۆڤەکاندا تەمەنی پێگەیشتن و هەڕەتی لاوەتییە. مرۆڤ لە بیست ساڵیدا ئیدی بە تەواوی پێگەیشتوویە. گیاڕەنگیش کە خوڵقاوی دەستی مرۆڤە، ئێستا لەو تەمەنەدایە. گەیشتن بەو تەمەنەش بێگومان دوای بڕینی هەوراز و نشێوی زۆری ژیانە. بە تایبەت کاتێک کە دەزانین هیچ دەزگایەکی حیزبی و حکوومەتی لەپشت وەشانی ئەم ماڵپەڕە نییە و بەرهەمی زەحمەت و ماندووبوونی تاکەکانە. هەر بۆیەش نەفسی مانەوە و بەردەوامی لەسەر پڕەنسیپەکانی خۆی و ڕۆژنامەگەریی کوردی بە درێژایی بیست ساڵی ڕابردوو، کارنامەیەکی سەرکەوتوو بە ماڵپەڕی گیاڕەنگ دەبەخشێ.
دوو دەیە بەردەوامی بۆ هەر مێدیا و ڕاگەیەنەرێک، شانازییە. ئەو شانازییەش بەرهەمی ڕەنج و زەحمەتی بەڕێوەبەرانی ئەو ڕاگەیەنەرەیە. ڕەنگە هەمووشمان بزانین کە لەپشت گیاڕەنگەوە پێشمەرگەیەکی تێکۆشەر، کادرێکی تێگەیشتوو، کەم ئەندامێکی کۆڵنەدەر، هونەرمەندێکی دەنگخۆش، ڕێبەرێکی سیاسی، مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی و گفت و لفت شیرین و کوردێکی پاک و ڕاستەقین هەیە. کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی. کەسێک کە لە تێکۆشانی سیاسی و حیزبیدا ماندویی نەناس، لەگەڵ هاوڕێیانیدا بەئەمەگ و مێهرەبان و لە کاری ڕاگەیاندندا بە حەوسەلە و دەستڕەنگینە. بەڵام وێڕای هەموو ئەو پەسن و تواناییانە، ناحەقییە ئەگەر بڵێین گیاڕەنگ تەنیا بەرهەمی کاری یەک کەسە. سەرەڕای هەموو ئەو نووسەر و قەڵەم بەدەستانەی کە ڕۆژانە هاوکاریی گیاڕەنگ دەکەن و بابەتی بۆ دەنێرن، کەسێکی دیکە و مرۆڤێکی ماندویی نەناسی دیکە هەیە. کەسێک کە توانیویەتی ئەو قسەیەی کە دەڵێ “لەپشت هەر پیاوێکی سەرکەوتوو، ژنێک هەیە” ئاوەژوو بکاتەوە و ئەو بوارەی خۆش کردووە تا بتوانین بڵێین شانبەشانی هەر پیاوێکی سەرکەوتوو، ژنێکی سەرکەوتوو هەیە و بە پێچەوانەش. ئەویش یای شلێری حەسەنپوورە. خاتوونێکی تێکۆشەر، کوردێکی دڵسۆز، کادرێکی هەڵسووڕی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، یەکسانیخوازێکی شێلگیر، و هاوکات هاوسەر و هاوکاری کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی لە هەمووی ئەو ماندووبوون و سەرکەوتنانەدا. لەڕاستیدا گیاڕەنگ بە زەحمەت و ماندووبوونی ئەم ژن و پیاوە تێکۆشەرە و لەسەر دەستی ئەم دایک و باوکە دڵسۆزە، ئەمڕۆ بیست ساڵەی وەشان و تێکۆشانی خۆی پڕ دەکاتەوە. هەر بۆیەش جێی خۆیەتی لێرەوە پیرۆزبایی بە یای شلێر و کاک حەمەڕەسووڵی بەڕێز بڵێم و هیوای ساغی و سڵامەتیی و بەردەوامییان بۆ دەخوازم.
تاهیر قاسمی