گیاڕەنگ، ئەوکاتەی چەکی قەلەمی لە شان کرد. ڕەشید قازی

گیاڕەنگ، ئەوکاتەی چەکی قەلەمی لە شان کرد. ڕەشید قازی

هیچ دەرفەتێکیان بۆ نەهیشتمەوە، لە عەرز و ئاسمانەوە بۆمب و رەهیلەی تۆپ و خۆمپارەیان بەسەردا دەباراندم. هیچم نەکردبو، لە چیا سەربەرزەکانی وڵاتەکەم، دەگەڵ دار و درەخت و سروشتی جوان و بێوێنەی نیشتمانەکەم خەریکی کاری کشت و کاڵ بووم. رۆژانە بە قاپێک ماستاوی ساردی کانیاوەکان قەناعەتم دەکرد. نە کردەوەیەکی ترۆریستیم کردبوو نە فرۆکەم رفاندبوو و نە خاکی عەجەمم داگیر کردبوو. بەڵام لە خۆرا بە دژە شۆرش و دابەشکردنی سنورەکان و یاغی، ناوزەدیان کردم. ئالاهەڵگرانی سەردەمی شا و ئاخوندەکان، لە هەردووک دەستەڵاتی سکۆلار و ئاینیدا حیسابی مرۆڤیان بۆ نەکردم و بە پانەوە هیرشیان بۆ هێنام و لە ماڵی خۆمدا قەتل و عامیان کردم . چارم نەما ، هەروەک باب و باپیرانم، دیسان پەنام بۆ چەک بردەوە و کوردستانم لە داگیر کەران کردەوە گۆرستان.

لە شالاوە پان و بەرینەکاندا، ئاوارە و دەربەدەر کرا، بەڵام کۆلم نەدا و لە سەنگەرێکی دیکەدا چەکی قەلەمم لە شان کردەوە و ووتە و نوسراوەکانم بوونەوە رەهێلەی گوللە و بە بێ ناسینی سنورەکان بەسەر دوژمنانمدا باراندەوە. لە مێژوودا هەموو مردنەکانیان بەسەردا تاقی کردمەوە، نسکۆم هینا و کەوتم و پێشەواکانیان لێ لەسیدارە و رێبەرانیان شەڵالی خوێن کردم، بەڵام نەمردم و دیسان بە ئیرادەیەکی پتەوترەوە هەستامەوە و کۆلم نەدا دیسان کەژاوە و لانکی شۆڕشم تین دایەوە. ئیستاش ماوەی ٢٠ ساڵی رەبەقە بێ پسانەوە ووشەکانم بۆ نەیاران دەبنە گوللە و بۆ دۆستان دەبنە چەپکە گوڵێکی خۆشەویستی و بۆ یاران دەبنە هەوێنی خەبات و تێکۆشان و تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکان هەروا سەربەرزانە درێژەدەری ئەم رەهەندە پڕ لەهەوراز و نشێوە دەبم.

بەریزان کاک حەمەرەسوڵ و شلێر خانمی بەرێز لە بیست ساڵەی ماڵپەری گیارەنگادا ماندوو نەبن و سەرکەوتو بن بۆ گەل و نیشتمان جێگای شانازین.

دەگەل رێزم ڕەشید قازی