نەک جارێک ٢٠ جار پیرۆزباییتان لێ دەکەم. عەزیز مورادپەرەست

نەک جارێک ٢٠ جار پیرۆزباییتان لێ دەکەم. عەزیز مورادپەرەست

ماڵپەری گیاڕەنگ کە لە هەڵومەرجێکی کەم میدیای لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات دامەزرا، بوو بە دەنگ و رەنگی کوردانی دیاسپۆرا و هەروەها توانی ببێتە پردی پێوەندی نێوان چالاکوانانی بوارە جیا جیاکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات.

ناوی گیاڕەنگ لە لایەک فیداکاری و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕات بە سەر هێزەکانی رێژیمی تیرۆریستی ئاخوندی لەو ناوچەیە دەخاتەوە بیرمان و لەلایەکی دیکەش وەک ماڵپەر و میدیایەکی کوردی کە لە تەمەنی ٢٠ ساڵی نێزیک دەبینەوە، پێمان دەلێت ئەوە خۆشەویستی نیشتمان و هەستکردن بە بەرپرسایەتی بۆ گەیاندنی راستییەکان بە خەڵک و ئاشکرا کردنی پیلانی داگیرکارانی وڵاتە کە مڕۆڤە خاوەن ئیرادە و ماندوونەناسەکان داهێنانی نوێ دەکەن و بە قەول و بەلێنییەکانیان وەفادار دەمێننەوە کە بەرێوەبەرانی دڵسۆزی گیاڕەنگ لەو تێکۆشەرانەن.

 چوونکە ٢٠ ساڵ کار و ماندووبوونی شەو و رۆژی بەرێوەبەرانی ماڵپەڕەی گیاڕەنگ تەنیا لە پێناو خۆشەویستی نیشتمان و ئازادی نەتەوەکەیان نەبێت هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێت ببێتە ئەنگیزەی ئەو هەموو ماندووبوون و وەخت دانانە خۆبەخشانەیە بۆ ئەو ماڵپەرەیە.

 گرینگی دامەزراندن و راگەیاندنی ماڵپەرەی گیاڕەنگ لە چیدا بوو؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بگەرێینەوە بۆ ٢٠ ساڵ پێش ئێستا، ئەو کاتەی بە هۆی هەڵومەرجێکی تایبەت کە لە باشووری کوردستان بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات دروست کرابوو، بە سەدان و بگرە هەزاران تێکۆشەری سیاسی و چالاکوانی بوارەکانی دیکە لە کوردانی ڕۆژهەڵات روویان لە هەندەران کرد و لەو کاتەشدا هیچ دزگایەکی راگەیاندنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوە هەر نەبوو یانیش کەم و تازە دامەزرا بوون، ئا لەم کاتەدا گیاڕەنگ بە دامەزرانی خۆی وەک ماڵپەرێکی کوردی ئەو بۆشاییەی پر کردەوە و هەر زۆر زوو توانی ببێتە دەنگ و رەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک ئەستێرەیەکی گەش تیرێژەکانی بوون بە پێنووسی دەستی نووسەران و چاویلکەی وردبینی خوێنەرانی فێرخوازی بابەتەکانی گیاڕەنگ.

گیاڕەنگ بە بەرنامە و بابەتە هەموو رەنگینیەکانی و رێنوێنی کردنی خوێنەرانی بۆ نووسینی هەر بابەتێکی رێگە پێدرا و هاندانیان بۆ دابەزاندنی ئەلف و بێی کوردی لە سەر کامپیۆتێرەکانیان حزمەتێکی گەورەی بە نووسەران و خوێنەرانی خۆی بە تایبەت کردووە.

من وەک خوێنەرێکی بەردەوامی ماڵپەرەی گیاڕەنگ لە وڵاتی سوئێد شایەتی ئەوە دەدەم کە گیاڕەنگ لە ماوەی ئەم ٢٠ ساڵە تێکۆشانیدا، لە زوربەی کۆر و کۆبوونەوە و خۆپێشادانەکانی کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوئێد و هەتا لە وڵاتانی دیکەش زۆر چالاک و دیار و لە رێزی پێشەوەدا بووە بۆ گەیاندنی دەنگ و رەنگ و ئامانجی ئەو خۆپێشاندان و بۆنانە و کەم کەس لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوئێد بەتایبەت کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو وڵاتە هەن کە لانیکەم جارێک لە زوومی دووربێنی گیاڕەنگی کۆکردنەوەی هەموو رەنگەکان دەرنەکەوتبێت.

قسە کردن و نووسین لە سەر تێکۆشانی ماڵپەرەی گیاڕەنگ نە لە بابەتێکی ئاوهادا جێگا دەبێتەوە و نە پێنووسی منی خوێنەری گیاڕەنگ توانای ئەو نووسینەم هەیە، هەر بۆیە هیوادارم بۆ قسە کردن لە سەر تێکۆشان و داگیرساندنی مۆمی ٢٠ ساڵەی تەمەنی گیاڕەنگ، بەپێ ئیمکان و دەرفەت بەرێوەبەران و خوێنەرانی لە دەوری یەک کۆببنەوە و بە پێشکەش کردنی گوڵی رێز و پێزانین بۆ هەر یەک لە بەرێزان کاک “محەممەدرەسووڵ کەریمی” و خاتوو “شلێر حەسەنپوور” دوو پێشمەرگەی ناو سەنگەری راگەیاندن، شەو ئاهەنگەکی شایانی گیاڕەنگ بەرێوەبەرن.

هەر بەم بۆنەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە کاک “محەممەدرەسووڵ” و خاتوو “شلێر” و هەموو هاوکاران و خوێنەرانی ئێوە لە ماڵپەرەی گیاڕەنگی خۆشەویست دەکەم و هیوای بەردەوامی و داهێنانی نوێتر لە ساڵی نوێی ئەم ماڵپەرەیەدا ئاواتەخوازم.

هەر هەبن.

عەزیز مورادپەرەست