گیارەنگ سەنگەری خۆڕاگری. ئەحمەد مەكڵاوەیی
گیارەنگ سەنگەری خۆڕاگری. ئەحمەد مەكڵاوەیی
گیارەنگ تەنیا كێوێك نیە لە ناوچەی سەردەشت سەرسەوز، گیارەنگ هەمیشە لە دژی داگیركەران سەنگەری لە شكان نەهاتوو بووە. گیارەنگ وەك ناوەكەی خۆی ، سەنگەرەكانیشی جۆراو جۆر و هەمەرەنگ بوون.
گیارەنگ سەنگەری پیاوەگەورەكانی شۆڕشی چەكدارانەی ساڵەكانی٤٦ و ٤٧ی هەتاویە. مەلا ئاوارەی نەمر لە بەر سیبەری دارەكانی قەتباڵی گیارەنگ، ماندوو بوونی رێی خەباتی دەر دەكرد و، سەرخەوێكی بێ خەوی شەوگاری رێی كوردایەتی و نیشتمان پەرستی لێ دەر دەكردن. تەختە بەردەكانی بەر دەم كێوی گیارەنگ، سەنیرو دۆشەكی شەهیدی نەمر كاك سمایلی شەریفزادە بوون.
خۆ لە خۆڕانیە گیارەنگ خۆڕادەنێ، سروە شووبای شەوی، زۆرجاران ئارەقەی رێی ماندووبوونی خەباتی لە نێو چاوانی مینەشەم و موعینیەكان سڕیوە.
ئەرێ دەزانن گیارەنگ بۆ هێندە بەرزە؟ ئەدی، ئەدی كاكە، دەڵێم ، دەڵێم: جێ ڕاوگەی شێرانە، زۆر جاران لێی میوان بوون، شەهید زیندوو، فەرماندە شیوەسەڵی قارەمان و نارستی شۆخ و جوان.
هۆ گیارەنگی سەربەرز، ئەرێ كام پارتیزانی نیشتمانم لە دەفەرەكانت دا، لەبەڕ سێبەری شاخەكانت پشووی رێی ماندووبوونی خەباتی نەداوە؟
ئێستاش شەهیدان، سەعدوونە ڕەش، عوسمان ئەحمەدی، حوسێن شەمامی، حەمەدەمینی مەلا عەزیزی، حەمەخان و رەسووڵی مام عەزیزی، ساڵە قەلەرەش و، حەسەنپوور و حەددادەكان، حاجی و مام حاجی و مامائاغاكان و، گشتیان ، لە نێو خاكی پیرۆزی نیشتمانا، لە خۆشی كۆڕی حیزبیان، لە بەر سێبەری كێوی گیارەنگ، قاقا پێدەكەنن و، گوێچكەی دوژمن كەڕ دەكەن.
بەڵێ! گیارەنگ بەرانبەر بە دوژمنانی، پڕ لە سەنگەرە، سەنگەری خۆڕاگریە، سەنگەری سەركەوتنە، سەنگەری تیكشكاندنی نەیارە، سەنگەری رووناكییە، سەنگەری دیپڵۆماسیە، سەنگەری رووناكبیریە.
خوێنەرانی بەڕیز ، خۆ لە خۆڕا نەبوو كە حیزبی دێموكراتی كوردستان، هێزێكی گەورەی بە نێوی كێوی گیارەنگەوە كرد، وەك پێشتر باسم لێكرد، گیارەنگ هەزار رەنگ و هەزار سەنگەرە، لەو سەنگەرانەوە ، كوڕانی نیشتمانپەروەری هێزی گیارەنگ سەدان زەبری بە ژانیان لە هێزەكانی دوژمن داوە، لە ئازاری ئەو زەبرانە بوو دوژمن دەستەوەستان بوو.
كاتێكی زۆر لەو سەنگەرانە تیكۆشانیان بۆ شوێن و بابەتیتر گوازرانەوە و نۆرە گەیشتە سەنگەری رووناكبیری ، بیست ساڵ پێش ئێستا، سەنگەری رۆژنامەگەری گیارەنگ بە هەوڵ و هیمەتی دوو پێشمەرگە، دوو هاوسەر، یەكیان كاك حەمەرەسووڵ كەریمی، پارتیزانی هێزی مینەشەم و زمزیرانی پێشتر و ، دواتر یش راستەوخۆی پێشمەرگەی هێزی گیارەنگ، كە لەو رێگەدا بوو بە شەهیدی زیندوو، دادە شلێری هاوسەری، دڵسۆز و ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستان، دەستی پێكرا.
ئەو سەنگەرە بوو بە جێگەی هیواو ئومێدی زۆری لاوان و پێشمەرگەو، شاعیر و نووسەرو، هەموو چین و توێژێكی نیشتمانپەرەست و دڵسۆزی زمان و ئەدەبیاتی كوردی و، گەلێك زۆر خۆیان تێدا دیتەوەو، كە خزمەتێكی لە بیر نەكراوە.
دوژمن زۆر جاران ویستوویەتی ئەم سەنگەرە بگرێت و دای بخات، بەڵام بە هەوڵ و هیممەتی حەمەرەسووڵ و دادە شلێر و كچە رەزا سووكەكەیان و ئیتری بنەماڵەیان، هەوڵەكانی دوژمن بوونەتە خەیاڵ و هیچی تر و دەستەوەستان بوون.
گیارەنگ زۆر دەوڵەمەندە، دەوڵەمەندە بە بیری نیشتمانی و پێگەیاندنی لاوان بۆ خزمەت كردن بە زمان و ئەدەبیاتی كوردیێكی رەسەن، دەوڵەمەندە بەوە كە بێ جیاوازی بیرو بۆچوونی حیزبایەتی ، بابەتە جیاجیاكانی نووسەران و شاعیران بڵاو دەكاتەوە.
لە كۆتایی دا ئاواتم سەركەوتنی زیاتری رۆژنامەی گیارەنگ و، لە یەزدانی مەزنیش دەپاڕێمەوە كە كاك حەمەرەسووڵ و دادە شڵێر و مندالەكانیان ساغ و سڵامەت بن و، لە كاری رۆژنامەگەریش دا، هەروا ماندوو نەناسانە بەردەوام بن .
براتان ئەحمەد مەكڵاوەیی