بۆ یادی ٢٠ ساڵەی دەست بەکاربوونی ماڵپەڕی گیاڕەنگ. محەممەد بایزیدی

بۆ یادی ٢٠ ساڵەی دەست بەکاربوونی ماڵپەڕی گیاڕەنگ. محەممەد بایزیدی

پێشکەوتنی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، لە سەرەوەی هەمووشیان هاتنی تۆڕی ئینترنێت، گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە ڕادەیەک خێرا کردوە کە ئەستەمە بتواندرێ شتێک لە کیس ئەوانە بچێ کە بە ڕاستی بە دوای زانینی دەنگ و باسەکانەوەن. ئەو پێشکەوتنە خێرایە بۆ وەڵاتان، کە دام و دەزگای پان و بەرینی حکوومەتی و سەرچاوەی هەراوی ماڵیان لە پشتە، بۆتە هۆی کرانەوەی زیاتری مەیدانی مانۆڕی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان. زۆر وەڵاتی دیکتاتۆر لێدراو، کە مانەوەی خۆیان لەسەر داپڵۆسین و تواندنەوەی گەلانی ژێر دەستی خۆیاندا دەبینن، هەوڵی تواندنەوەی ئەو گەلانە لە هەموو بوارێکەوە لە کارە هەرە لە پێشینەکانیانە. ئەو پێشکەوتنەی تێکنۆلۆژی زانیارییە ئەگەر بۆ وەڵاتان بۆتە هۆی بەرەو پێشبردنی سیاسەت دەپڵۆسێنەرەکانیان و چاوبەستی خەڵکی دەرەوە بە بڵاوکردنەوەی تەبلیغاتی درۆ و چەواشەکارانە، بۆ گەلانی ژێر ستم بۆتە هەلێکی لەبار و دەروازەیەک بە ڕووی دونیای دەرەوەدا. لەو لاوە بۆتە هۆی لەقاودانی سیاسەتە دژی گەلییەکانی ئەو وەڵاتانە بۆ خەڵکی نێوخۆ و دەرەوە.

گەلانی ژێر ستەم بۆ پاراستن و  دەربازکردن و بەرەوپێشبردنی زمان و چاند و هونەری خۆیان لەو قەیرانەی کە بە هۆی زوڵم و زۆری حکوومەتە دیکتاتۆرییەکانەوە تووشی بوون، هاتوونە مەیدان. نەتەوەی کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە کە بە درێژایی مێژوو هەوڵی سڕینەوەی دراوە. ئەو هەوڵە بە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و دروستبوونی سێ دەوڵەتی، تورکیە، ئێراق و سوریە گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی. ئەو سێ وەڵاتە تازە دامەزراوە، وێڕای ئێران دەستیان دایە دەستی یەک و لە نالەبارترین بارودۆخی نێوخۆیی خۆیاندا لەسەر سەرکوتی گەلی کورد و هەوڵی تواندنەوەی هەموویان هاوڕا بوون. ئەوان بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی، بە تایبەت لە تورکیە و ئێران و سوریە، هەوڵی سڕینەوەی کلتوور و چاند و هونەری کوردیان داوە.

وانەبێ دڵسۆزانی کوردیش دەستیان لەسەر دەست دانابێ و لێگەڕابن دوژمنان بە کەیفی خۆیان ئەسپی خۆیان لەو مەیدانەدا تاو بدەن. زۆر کەسی دڵسۆز قۆڵیان لێ هەڵماڵی و دڕیان بەو پەردە تاریکەی کێشراوی دەستی دوژمنان بە بەر پەنجەرەی زمان و فەرهەنگی کورد دا و بە وەڕێخستنی ماڵپەڕی ئینترنێتی کەلێنێکیان بۆ خوازیارانی وشە و ئەدەبی کوردی و دەنگە شارەوەکانی نێو قەوانی تۆزلێنیشتووی سەر تاقەی ماڵان کردەوەو لە فەوتان ڕزگاریان کردن. ئەو ماڵپەڕانە بوونە هۆی هاندانی زۆر کەس بۆ هاتنە مەیدانی نووسین و خزمەت بە زمانی کوردی.

یەکێک لەو ماڵپەڕانەی کە بە خۆشیەوە ماوەیەکی زۆرە لەو بوارەدا جێ پەنجەی دیارە و بۆتە سەرچاوەیەک بۆ گەڕان بە دوای بەڵگە و زانیاری لە زۆربەی بوارەکاندا، ماڵپەڕی گیاڕەنگە. ئەو ماڵپەڕە مانگی ئاوڕیلی ئەمساڵ مۆمی تەمەنی ٢٠ ساڵەی خۆی دادەگیرسێنی. گیاڕەنگ بە هەنگاوی زۆر چووک و پاڵپشتی تەنیا ئەندامانی بنەماڵە، بەڵام لێبڕاوانە دەستی بە وەشان کرد. لە ماوەی٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە گەڵ کەند و کۆسپی زۆر و هێرشی سایبێری و هەڕەشەی جۆراوجۆری دیکە بەرەوڕوو بووە، بەڵام کۆڵی نەداوەو ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرەو پێشتر دەچێت.

وێڕای پیرۆزبایی گەرم، بە هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ بەڕێوەبەران، نووسەران و ئۆگرانی ماڵپەڕی گیاڕەنگی خۆشەویست.

محەممەد بایزیدی