سپاسنامەی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی بەڕێوەچوونی بۆنە نەورۆزییەکانەوە
سپاسنامەی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی بەڕێوەچوونی بۆنە نەورۆزییەکانەوە
خەڵکی ئازادیخواز و کۆڵنەدەری کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
هاونیشتمانانی کوردی نیشتەجێ لە دەرەوەی وڵات!
نەورۆزی ئەمساڵ کە لەلایەن ناوەندی هاوکارییەوە بە “نەورۆزی شۆڕشی ژینا، (ژن، ژیان، ئازادی)” ناودێر کرا، بوو بە گۆڕەپانێکی دیکەی خەبات دژی دیکتاتۆڕی و دەسەڵاتی ڕەش و ئەهریمەنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئێوەی تێکۆشەر و نەسرەوتوو، ئێوەی مافویست و خەباتکار، سەرەڕای ڕێگرییە هەمەچەشنەکانی ناوەندە ئەمنییەتی و سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم بە بەڕێوەبردنی بۆنە نەورۆزییەکان جارێکی دیکەش یەکگرتووانە کۆمەڵێک مانا و پەیامی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی دیکەتان پێشان دایەوە. ئێوە کوردستانیانی هێژا چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات هەروەک ناوەندی هاوکاری لە بانگەوازی نەورۆزیی خۆیدا داوای کردبوو، تابلۆیەکی دیکەتان لە هاوخەباتی، یەکڕیزی و پێکەوەبوون لە هەموو ئاست و مەیدانەکاندا پێشان دایەوە.
خەڵکی کوردستان جامانە لەمل، هەوری لەسەر و، گوڵی سوور لە بەرۆک و بەدەستەوە، خاوەندارەتییان لە جووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەیی بەرحەقی خۆیان کردەوە. بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا هەر لە ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵ بە بەشداریی چڕوپڕیان لە چلە شەهیدانی شۆڕشی نوێ و دواتر بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز و بەشدارییان لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری و ئامادەبوونیان لەسەر مەزاری ڕۆڵە شەهیدەکانیان پێشانیان دایەوە ئەرخەوانی خەونی شەهیدانمان ناژاکێ و خەبات و تێکۆشان بۆ وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد بەردەوامە؛ هەروەها پەیمانیان تازەکردەوە ئەم شۆڕشە تا سەرکەوتنی کۆتایی بەردەوام دەبێت. چالاکانی فەرهەنگی، ئەدەبی و مەدەنییش بە شێوازی جۆراوجۆری وەک بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەتەوەیی و نیشتمانی و پێدانی کتێب لە “هەلاوەمەلاوە”ی کوردیدا منداڵانیان پتر بە فەرهەنگی نەتەوەیی و کولتوور و کەلەپووری گەلەکەیان ئاشنا کرد. لە دەرەوەی وڵاتیش دیاسپۆرای کورد بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان پێشانیان دایەوە هەموو دەرفەتەکان دەکەن بە مەیدانی خەبات و تێکۆشان دژی سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
لە نەورۆزی ئەمساڵدا جارێکی تر ڕوحی هاوخەباتی و هاوچارەنووسی لەنێو دڵی خەڵکی کوردستاندا ڕەنگی دایەوە و تینی زیاتری بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە ئێران بەخشییەوە. سەبارەت بە خۆڕاگری و پاراستنی یەکیەتیی نەتەوەییمان، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستخۆشیتان پێ دەڵێ و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەشتان لێ دەکا. ئەو یەکدەنگی و یەکگرتووییە بێگومان دەبێتە چرای ڕووناککەرەوەی ڕێگای خەبات و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەتا گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن.
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران،
سڵاو لە ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان دژی سەرەڕۆیی،
سەرکەوێ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی