داوایەکی بەرپرسانەی خاوەنمڵک و بازاڕییەکانی مەهاباد
داوایەکی بەرپرسانەی خاوەنمڵک و بازاڕییەکانی مەهاباد
بەشێک لە خاوەنمڵک و بازاڕییەکانی شاری مەهاباد ڕایانگەیاندووە لەپێناو سەرخستنی ڕاپەڕینی خەڵک و کەمکردنەوە لە فشار و بارگرانیی دۆخی ئابووری لەسەر کرێنشینەکان، لە کرێی دوو مانگ و زیاتری ماڵ و دووکانەکانیان لە کرێچییەکانیان خۆش دەبن.
ئەو خاوەنمڵک و بازاڕییانەی مەهاباد ڕایانگەیاندووە لەم ماوەیەدا لەسۆنگەی مانگرتنەكان و داخستنی دووكان و بازاڕەكان، یان بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە بەشێكی بەرچاو لە هەموو چین و توێژەكانی خەڵك لە باری ئابووری و ماڵییەوە، تووشی گرفت و گوشارێکی زۆر هاتوون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش بەدەنگەوەهاتن، هاوكاری و یارمەتیدانی یەكتر لە کاتی تەنگانەدا هەمیشە بایەخێکی هەرەجوانی کۆمەڵگەی کوردەواری بووە و لە ئێستادا پتر لە هەموو کاتێک پێویستە، ئێمە بەپێی توانا لە وەرگرتنی کرێی دوو مانگ و زیاتری ماڵ و مڵک و دوکانەکانمان لە کرێنشینەکانمان خۆش دەبین.
خاوەنمڵک و بازاڕییەکانی مەهاباد داوایان لە سەرجەم خاوەن موڵك، خاوەن ماڵ و خاوەن دوكانەكانی شارەکانی دیکەی کوردستانیش کردووە وەك ئەركێكی نیشتمانی و لەپێناو سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانەکاندا، كرێی دوو مانگ یان زیاتریش لە كرێچییەكانیان وەرنەگرن.