رەنج سەنگاوی لە نوێترین شیعری بۆ رۆژهەڵات دەڵێت:

رەنج سەنگاوی لە نوێترین شیعری بۆ رۆژهەڵات دەڵێت:
سڵاو ڕۆژھەڵاتی خوێنم
سلاو ڕۆژھەڵاتی ئاڵا
سڵاو ڕۆژھەڵاتی باڵا
سڵاو گوڵاوی شەھیدان،
ھاوارەکانی بەرخۆدان
لە ناو دڵی باشورەوە
سڵاو بە گوڵی سورەوە
سڵاو سنەی ڕەچەشکێن
سڵاو کرماشانی ھەوێن
سپێدە باش مەریوانم
لە ڕۆژئاوای ڕەنگینەوە
بە سرودێکی کورمانجی شیرینەوە
بە شیعری جگەرخوێنەوە
بە جەمەدانی شەڕڤان و پشتێنەوە
سڵاو بۆکانی شیرینم
سڵاو بە فرمێسکی سوێری پڕ لە سوێی گۆلی وانەوە
بەکەفاوی، دڵی گەلی زیلانەوە
سڵاو سەقز من ئامەدم، گوڵم بۆ ژینا ھێناوە
وەک ئازادی لەلام پیرۆزە ئەو ناوە.
ژینای ئێوەش وەک گەریلایەکی شەھید
لە دڵم ھەڵکۆڵراوە
پێشمەرگەیەو مەھاباد ناوی لێ ناوە.
سلاڤ بانە سلاڤ شنۆسلاڤ ئیلام
من عەفرینی دەستبەسەرم
لێم ببورن کە ناتوانم پڕ بە گەروم ھاوار بکەم ھەمو دنیا بێدار بکەم
لێم ببورن کە ناتوانم یەک بەیەک ناوتان بھێنم
یەک بەیەک بتانلاوێنم
سلاوم بۆ کەسوکاری شەھید ژینا و شەھید رامین
شەھید کۆمار، شەھید خاک و شەھید باران
شەھید گەرمیان شەھید کوێستان
شەھید زاری ئەردەڵانی و شەھید کەلھوری لورستان
سەدان زەردەشتی ھەورامان
شەھید گۆرانی و ئاوازو شەھید ھۆنراوە و داستان
سلاو بۆ شەھید ڕۆژ ژمێر
شەھید پێنوس شەھید مۆمدان
شەھید گوڵ و شەھید دارو شەھید باخچەو شەھید بەرد و شەھید گوڵدان
جاکوێ گولەی پێوە نیە!
شەھید زەوی و شەھید ئاسمان. پێیان بڵێن عەفرین سڵاوی ناردبو بۆ ھەموتان.