ئێوارەیە دڵپڕ خەمە کۆساری مەریوان . شەریف

مامۆستا شەریف حوسێن‌پەناهی (شەریف)

ئێوارەیە دڵپڕ خەمە کۆساری مەریوان

هەرگیز وەکوو ئەمڕۆ نەبووە شاری مەریوان

دایکێ لە پەنای کێوی سەری گوڵی زرێبار

خەمبارە دەگریێت و دەکا شیوەن و هاوار

دانیشتوە ڕەشپۆش و دەپاڕێتەوە خەمناک

سەرپۆشی ڕەش و زوڵفی سپی ڕشتووە سەرخاک

ئەو دایکە پەشێوە بە دڵی پڕ خەمو ئێش

بەشێوە دەناڵێت و دەڵێ بەخاکی دەروێش

خەو بەسیەتی دەروێش دەسا هەستە درەنگە

نازانی دڵی مەردومی ئەم شارە چ تەنگە

چۆن بێ خەبەری کە فەیلەقووس هاتووە دیسان

نوێژێ بکە دوعایێ کە دەروێش هەمیسان

ئەمڕۆ لە بەیان خۆێنی گەشی لاوی ڕژاندم

کوشتی دوو کوڕی ژێر دڵی پیر شکاندم

هەر شوێنێ دەچی خوێنی گەشی لاوە ڕژاوە

هەر لاوە دەیبینی کە لە سێدارە دراوە

ئەم شارە ببینە کە چ خوێنێکی لە چاوە

ڕەشپۆشە هەموو خەڵکی و فرمێسکی نەماوە

بۆ نوێژ درەنگە سەرت هەڵبێنەوە دەروێش

نوێژی بکە دۆعایێ کە دروێش هەمیسان

دەروێش بەشی ئەم گەلە گریانە دەمێکە

بەرگی ڕەش و جەرگی ڕەش و بریانە دەمێکە

هەر کەس کە نمامێکی بە خوێنی دڵی ناوە

دارێکی لە بۆ ژینی کوڕی ناوەتە لاوە

بەم چەشنەیە ئاواتی بەدەم باوە دراوە

ئیستا کە هەر ئەو دارە بە سێدارە کراوە

بۆ نوێژ درەنگە سەرت هەڵبێنەوە دەروێش

خێراکە دەی ئەم شارە بڕووخێنەوە دەروێش

نوێژێ بکە سەر هەڵ مەبڕە هەر وەکوو ئەوجار

دیسانەوە ئەم شارە بکە بەحری زرێبار

ئیوارەیە دڵپڕ خەمە کۆساری مەریوان

هەرگیز وەکوو ئەمڕۆ نەبووە شاری مەریوان

ئەو ساتە کە شەو هاتە سەر و شار خەمۆشە

ڕێبواری دەڵێ بەو ژنە ڕەشپۆش و پەرۆشە

هەستە بڕۆ دایە کە لە ماڵی تۆ هەرایە

کوژراوە کوڕێکی ترت هەستە بڕۆ دایە

شەو هەر وەکوو سەرپۆشی سەری ئەو ژنە تەنیا

ڕەنگێکی ڕەش و پڕ لە تەمی داوەتە دونیا

دەروێش وڵامێ نیە بۆ جەرگی بریندار

ئەو دایکە وەکوو شێت ئەوا دێتەوە بۆ شار

هاوار چ خەمبارە هەوای شاری مەریوان

ئەمشۆ کە چ پڕ ماتەمە شەوگاری مەریوان

کاتێ کە بەیان خۆری خەمین خۆی دەنوێنێ

تابووتێکی سوور دێت و دڵی شار ئەشکێنێ

یارانی لە گەڵ دایکی بە گوڵ تەرحی دەپۆشن

خەڵکی وەکوو دەریایێ بە شوێنیا دەخرۆشن

وێنەی گوڵە سوورەی کە لە سەر بەحرێ بمێنێ

چۆن پۆلی شەپۆل هەر لە پەسا ڕایدەشەکێنێ

لافاوی گەلی شار کە ئەو لاوە دەهێنێ

بای ساردی بەیان پەردەی سوور ڕادەوەشێنێ

ئاسمان و مەل و دار و زرێبار و هەموو شار

هاوار دەکەن بەرز و دەڵێن پێکەوە جارجار

چۆن بێ خەبەری کە فەیلەقووس هاتووە دیسان

نوێژێ بکە دۆعایێ کە دەروێش هەمیسان