بە هاک کردنی گیاڕەنگ و هەڕەشە ناتوانن پێش بە کار و چالاکی و خەباتم بگرن.

بە هاک کردنی گیاڕەنگ و هەڕەشە ناتوانن پێش بە کار و چالاکی و خەباتم بگرن.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
لە ماوەی نزیک بە ٤ دەیە خەباتی نەپساوەی خۆم دا ، لە لایەن رژێم و کاسەلێسانی کۆماری ئیسلامی گەلێک کەند و کۆسپ و تەگەرە خراونەتە بەر دەمم و تەنانەت هەوڵی کوشتن و پاک کردنەوەم لە لایەن رژێمەوە دراوە.
ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا بە گرتن و ئەشکەنجە و زیندانی کردن و دەرکردنی باوکم و دوورخستنەوەی لە شوێنی ژیانی و داخستنی دووکان و شوێنی کاری، بە هەڕەشە کردن لە دایک و خوشک و برا و کەس و کارم نەیانتوانی زەڕڕەیەک لە ئیرادەی پێشمەرگانەم داببەزێنن و تەنانەت دوای سێ جار برینداری و لاق پرینم دوژمن نەیتوانی بە ئامانجە گوڵاوەکانی خۆی بگا.
لە ماوەی نزیک بە چوار دەیە خەبات دا هەموو جۆرە خەباتێکم تاقیکردەوە و کەم و زۆر لە سەرکەوتنی ئەرکەکانم دا ئەوە هاورێیان و خەڵکن دەتوانن شاهیدی بدەن کە کار و ئەرکەکانم چۆن بەڕێوە بردوون و بۆ خۆم لەوبارەوە هیچ نانووسم.
چەند ساڵ لەوە پێش لە ڕێگای بەکرێگیراو و سیخورەکانیانەوە بە جیاجیا هەوڵی ڕفاندن و گیرانی هاورێی بەرێزم کاک سەعید بەگزادە و خۆم و چەند هاورێیک درا و ئەگەر هاوکاری چەند کوردێکی باشووری کوردستان نەبووایە ڕەنگ بێ ئێستا ئەگەر نەکوژرابایین، حەتمەن لە گۆشەی گرتووخانە و ئەشکەنجەگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا باین.
لە ماوەی ڕاپەرینەکانی ئەمجارەی خەڵکی کوردستان و ئێران و شۆڕشی ژینا دا بە هۆی باسەکانم لە سەر جاش و سیخور و بەکرێگیراەکانی رژێم و هاندانی خەڵک، چەندجارێک هەڕەشە لە کەس و کارم لە نێوخۆی وڵات کراوە و زۆر بە تووندی خەریکی لێ پرسینەوە کراونەوە و ئاخرین هەوڵیشیان بۆ کپ کردنی کار و تێکۆشانم، هاک کردنی ماڵپەری گیاڕەنگ (www.giareng.com) بووە.
لە هاک کردنی ماڵپەری گیاڕەنگ دا(www.giareng.com) تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون، بەڵام نەیانتوانیوە و ناتوانن کە دەنگی بوێری گیاڕەنگ و گیاڕەنگی‌یەکان بۆ هەمیشە کپ بکەن، بە دڵنیایەوە ماڵپەری گیاڕەنگ(www.giareng.com) دوای نزیک بە ٢٠ ساڵ وەشانی خۆی بە ئەزموونێکی دوور و درێژ و پڕ بەرهەم، نە بێدەنگ دەبێ و نە دەتوانن کپی بکەن و دوژمن خەیاڵی خاوە و دەنگی بەرێوەبەر و هاوکار و هاورێیانی ماڵپەری گیاڕەنگ هیچ کات کپ نابێ و وەک هەمیشە بە ئیرادەوە، هەموو دەربیجە و پەنجەرە و دەلاقەیەک دەکەینە شوێنی هێرش و بەرگری و هاوار و بەگژ داچوونەوەی دوژمنان.
هەروەک چۆن خەڵکی کوردستان و ئێران لە ڕاپەرین و شۆڕشی ژینادا، هەموو ئێوارە و شەوانەیەک لە پشتەبان و باڵکۆن و پەنجەرەی ماڵەکان و لە سەر شەقام و شوێنە گشتی‌یەکان درووشمی ژن ژیان ئازادی ، مەرگ بۆ دیکتاتۆر ، مەرگ بۆ خامەنەیی و نیزامەکەی و سروودی نەسرەوتن تا سەرکەوتن دەڵێنەوە، بێ‌شک ئێمەش وەک گیارەنگ دەنگی خۆمان هەر بەرزتر و بە گوڕتر دەکەین و نە لە هاک کردنی ماڵپەری گیارەنگ (www.giareng.com) و نە لە هەڕەشەی ئەندامانی بنەماڵەکەمان و نە لە هەڕەشەی کوشتنی خۆمان ناترسین و درەنگ یا زوو ئەو جاش و جاشکۆلە و سیخورانەی کە لە ماوەی ڕاپەرین و شۆڕشی ژینا دا لە پەیامەکانی خۆم و هاورێیانمان ترساون بە سزای خۆیان و کردەوەکانیان دەگەیێندرێن.
لە یەکەم دەرفەت دا گیارەنگ، سەرسەوزتر لە جاران و بە گوڕتر لە پێشوو میوانی هەموو خەڵکی کوردستان و ئێران و جیهان دەبێتەوە.
سوپاس بۆ هەوڵی خەڵکی کوردستان و ئێران کە هەتا ئێستا لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دا هەروا چاونەترسانە و بوێرانە لە گۆڕەپان و شەقام دا ئاڵای راپەرین و شۆڕشی ژینایان بەرز ڕاگرتووە.
بە سزا گەیاندنی زۆڵەکورد و خۆفرۆش و جاشەکان بمێنێتەوە بۆ کاتی خۆی.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
١٩ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٢ی زائینی