ژن، ژیان، ئازادی. سەرچاوە لاپەرەی فەیسبووکی شەهلا دەباغی

ژن، ژیان، ئازادی. شەهلا دەباغی
25ی سێپتامبر بەشێک لە شێعری “یادگاری شیرین” لە شاعیری نەتەوەییمان “مامۆستا هێمن”م لەسەر دیواری خۆم دانا، بەڵام بەداخەوە بومباران و ئینجا ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات فرسەتیان نەدا شتێک لەسەر پێوەندی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و شێعری “یادگاری شیرین” بنووسم.
ئەم ڕۆژانە باسێک لەسەر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” هاتۆتە گۆر. نازانم باسێکی وا لەم ساتانەدا چەند بە قازانجە، ئەویش کاتێک ئەو دروشمە لەناو دڵی شەقام و لە زاری شۆڕشگێران دژی ئەو تاوانانەی کە دەسەڵات دەیانکا، مەیدانی داگیر کردووە. بەڵام دیسان ڕەنگە باسێکی فراوان و بێلایەنانە زەرەری نەبێ.
ئەو دروشمە لە ڕۆژاوای نیشتمان پێشتر هەڵگیراوە. بەڵام ئەمە کۆی حەقیقەتەکە نییە. دروشمەکان لە دنیادا لەم شۆڕش بۆ ئەو شۆڕش و لەم وڵات بۆ ئەو وڵات دەگوزرێنەوە. ئیدی کەس ناتوانێ بڵێ ئیدەی “سۆسیالیزم” یا دروشمی “بەرابەری” تەنیا هی شۆڕشگێرانی ڕووس و فەڕانسەیە. ئەو دروشمانە ئەوەندە هی ئەوانە کە هی دادخوازێکی ئەفریکی یا کورد یا ئەمریکای لاتین. بەهەمان جۆر کە ئێستا دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بۆتە دروشمی هەموو دنیا و بۆتە هۆی ڕاچڵەکاندنی کۆمەڵگای ئینسانی.
هەر دروشم و دیالۆگ و دیسکورسێک پێشینەیەکی هەیە. ئەو پێشینە دەتوانێ کولتووری، هونەری، ئەدەبی و سیاسی بێ. دروشمی “ژن. ژیان، ئازادی” لە ڕاستیدا کۆکەرەوەی مێژووی سیاسی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی کوردە. لە دوای کومارێ کوردستان بەشێوەیەکی گشتی باسی بەشداری ژنان لە کاری سیاسیدا لە ڕۆژهەڵات هەبووە. بەڵام ئەمەش هەمێسان پێی لە چالاکییەکانی کولتووری پێشووتردا هەیە. هەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیست کچانی بەدرخانی لە بنەماڵەی بەدرخانی یەکان لە ئیستانبوڵ و فەڕانسە لە ژنانی مۆدێڕنی سەردەمی خۆیان بوون. لەیلا بەدرخان لەسەر شانۆی پاریس سەمای کردووە. مەستوورەی ئەردەڵان 1805- 1848 لە ژنانی ناوداری کورد، شاعیر و مێژوونووس لە دەرباری ئەردەڵانەکان دا ناسراوە. ئەگەر بگەڕێینەوە دوای کۆماری کوردستان و جوڵانەوەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان ژنانی بەرجەستەی وەک ئەحلام مەنسوور و لەیلا قاسم شوێندەستیان بە مێژووی سیاسی و ئەدەبی کوردوە دیارە.
ئێنجا لە دوای ئینقلابی ئیسلامی لە ئێران بە سەدان کچ چونەتە ڕیزەکانی پێشمەرگە لە ناو پ.ک.ک. و کۆمەڵە و دێمۆکڕات دا. هەر ئێستا هەزاران کچ ئامادەن بۆ ڕزگاری گیانیان بەخت بکەن. ژنان لەم چل ساڵەدا ڕۆژانە دژی دەسەڵات ڕاوەستاون. هەمووی ئەوانە دار لەسەر بەرد دانان و گەشەیە. بەڵام کۆمەڵگایەکی سیاسی حیزبی پیاوسالار گەرچی لە بەیاننامە و ئەساسنامەکانیاندا باسی ماڤی ژنانیان کردووە، بەکردەوە لە هیچکام لە حیزبەکان دا ژنان بڕیاردەر نەبوون. ئەوە بۆ یەکەمجار لەم ڕاپەڕینەی ڕۆژهەڵاتدایە کە “ژن، ژیان، ئازادی” نەک تەنیا دەبێتە دروشمی سیاسی سەر زاری حیزب و پیاوانیش، بەڵکوو هەموو لایەک دان بەوە دادەنێن کە ژنان هێزی گرینگی گۆڕانکارین.
بەڵامێکی زۆر گەورە دەمێنێتەوە کە ڕەنگە هیچ حیزب و هیچ بیرمەندێکی کورد وەک شاعیری نەتەوەییمان مامۆستا هێمن بەشێعری خۆی، یادگاری شیرین 1945، مانیفیستی ڕزگاریی ژنی کوردی نەنووسیبێ. هێمن زۆر زووتر لە هەر حیزب و دروشمێکی سیاسی دەچێتە قووڵایی گرفتەکانی کۆمەڵگا و نایەکسانی ژنان و نەبوونی ئازادی بۆ ژن وەک لەمپەرێکی جیدی دەبینێ و پێیوایە کە تا سەرچاوەی ژیان واتە ژن ئازاد و ڕزگار نەبێ، کومەڵگا لە لێنخی دا دەمێنێتەوە.
مامۆستا هێمن لە شێعری یادگاری شیرین دا کۆمەڵگای باوکسالار دێنێتە بەر ڕەخنە کە کچ لە ژووردا دابەسته دەکا و درگای لەسەر دادەخا، لەکاتێکا دەرگا داخستن لەسەر کچان، دەرگا داخستن لەسەر گرینگترین هاندەرمان واتە هومێدە. کۆمەڵگایەک کە ژن زیندانی نوڕم و چوارچێوەکان بکا پێشی گەشەی خۆی دەگرێ. هێمن بە ئەم کۆمەڵگایە دەڵێ داڕزێ کە بەهۆی جنسێ ژن بوون ماڤەکان لە نیوەی کۆمەڵگا دەستێنێ و بەجێی خوێندن و پەرەی زانست ژنان بەکاری دەستی و نەریتی سەرگەرمن و یا زەحمەتی کاری سەر زەوی و ناو ماڵی ژنان دەچێتە گیرفانی دەستبڕان. بەڵام لەهەمووی ئەوانە گرینگتر شاعیر زۆر ڕوون و ئاشکرا دەست بۆ بڤەکان دەبا واتە “حجاب” کە ژن دەبێ خۆی لەژێریدا حەشار بدا. هێمن ئەو شڕوشاڵاتە وەک دیاریی دوژمن دەبینێ و پێیوایە کە دەبێ ئەو پەچە و ڕووبەندە فڕێ بدرێ و تا ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەی ژین لیخنە. سەرئەنجام شاعیر داوا لە کیژان دەکا کە ڕاپەڕن، دەرگاکان بشکێنن جونکە ئەسیری باوی نەماوە.
شێعری یادگاری شیرین 77 ساڵ پێش وەک مانیفێستێکی بیرمەندانەی ڕزگاریخوازانەی فێمینیستی نووسراوە. و بەدڵنیاییەوە ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” پێی لەچەندین بنەمای فکریدا هەیە نەک تەنیا لە دروشمی حیزبێک. ڕووداو و ڕاپەڕین و شوێن و بیرەکان لە چرکەیەکدا کۆدەبنەوە و ڕوانگەیەکی قووڵتر بەرهەم دێنن و دیسکۆرسێکی تازە دەخوڵقێنن.
[….] نایەڵێ گۆشەی برۆکەت دەرکەوێ چارشێوەکەت
ئەی لە دەس ئەو چڵکە هەورە مانیعی مانگ دیتنە
چۆن دەبێ سەربەست گەلی ژێردەست کە کچ دابەستە بێ
بەس نەبێ ئەو کۆیلەتی و ئەو کچ لە ژوور دابەستنە
دەرکی داخستووە لە تۆ بابت کەچی دەرکی نییە
دەرکەداخستن لە تۆ دەرکی هومێد داخستنە
داڕزینە، مردنە، ئاخر هەتا کەی پێت بڵێن
نابێ بێتە دەر لە ماڵ، مافی ژیانی کوا؟ ژنە
لادە چارشێوی ڕەشت با دەرکەوێ کوڵمەی گەشت
چون لە قەرنی بیستەما زۆر عەیبە ئەو ڕووگرتنە
کیژی خەڵکی بۆمی ئاتۆمی دروست کرد و ئەتۆش
هەر دەزانی ناوی «ئەستێوڵک» و «دەرخۆنە» و «پنە»
فێری زانست و هونەر بوو ئەو لە سایەی خوێندنی
تۆش تەشیمان بۆ دەڕێسی یادگاری شیرنە
ئەو بە ئاسمانا فڕیی، دنیا گەڕا، چووە بن بەحر
دەک نەمێنم کاری ئێوەش هەر لە ژوور دانیشتنە
کوڕ بەزێنە ئەو لە عیلم و ئەو لە کار و سەنعەتا
گۆرەویشە سەنعەتی تۆ، پێت خەنی بووم بیچنە
ئەو پەچە و ڕووبەند و چارشێوەی نەدیوە نەنکی تۆ
ئەو شڕ و شاڵاتە دیاری دوژمنی دڵ چڵکنە
کیژی شێخ و کیژی حاجی و کیژی ئاغا ڕەنجەڕۆن
کیژی ئازادە ئەوی ژینی بەنووکی گاسنە
شەنگەبێری یار و دەسباری کوڕی کۆچەر نەبێ
چۆن دەگاتە جێ هەوار و هۆبە ئەو بارگە و بنە؟
قەڵشی دەست و کوڵمی سووتاوی کچی لادێ نەبێ
چۆن دەگاتە دەستی دەسبڕ ئەو هەموو تا تووتنە؟
نیسک و نۆک و ماشی ناو عەمباری ئاغای مفتەخۆر
پاک لە سایەی دەسکەنەی زین و مرۆت و سوێسنە
شۆڕەژن بنکۆڵ نەکا بڕکەی بەقرچەی نیوەڕۆ
چۆن لە کاڵەک تێر دەبێ ئەو زگ زلە بێستان ڕنە؟
کوا مەتاعی کوردەواریمان دەچوو بۆ هەندەران؟
گەر بەسەربەستی نەژیبا ئەو کچە مازووچنە
بێر و هاوێری لەگەڵ کاکی نەکردبا بن پشک
چۆن دەمانبوو ئەو هەموو گۆشت و پەنیر و بەرگنە؟
دەست و کەرکیتی کچی نازداری هەوشاری نەبا
چۆن دەڕازاوە بەقاڵی شار و بازاڕی سنە؟
با هەزار «زێ» و «گادەر» و «لاوێنی» ڕوونیشمان هەبێ
تاکوو ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە
کۆیلەتی باوی نەماوە، کیژی کوردی خۆشەویست!
ڕاپەڕە، هەستە لە خەو، ئاخر چ وەختی خەوتنە؟
دەرکە بشکێنە، پەچە بدڕێنە، ڕاکە مەدرەسە
چاری دەردی کوردەواری خوێندنە، هەر خوێندنە
دایکی زانایە کوڕی ئازا دەنێرێتە خەبات
من گوتم تۆش تێبگە «ناگاتە دەریایە زنە»
گوارەکەی زێڕت بەکار نایە، لە گوێ بگرە قسەم
لایقی گوێی تۆ عەزیزم شێعری سادەی هێمنە
مامۆستا هێمن، 1945 ، مەهاباد