ناوەندی هاوکاری: بە هەموو توانای خۆمانەوە و وەك مافێكی ڕەوا لە بەرانبەر ھێرشی دوژمندا بەرگری لە خۆمان دەکەین

ناوەندی هاوکاری: بە هەموو توانای خۆمانەوە و وەك مافێكی ڕەوا لە بەرانبەر ھێرشی دوژمندا بەرگری لە خۆمان دەکەین

راگەیاندنی ناوەندی هاوكاریی سەبارەت بە: هەڕەشەی هێرشی سەربازیی رژیم بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان
كۆمەڵانی خەڵكی خەباتكاری كوردستان
حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان
لەماوەی رابردوودا و پاش سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی كە لە كوردستانی پێشەنگی خەبات و خۆڕاگرییەوە سەریهەڵدا و سەرجەم شار و ناوچەكانی ئێرانی گرتەوە و بڕیاری روخاندنی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی داوە، دامودەزگاكانی رژیم لە تریبونەكانی خۆیانەوە بانگەوازی شەڕێكی نابەرابەری سەربازیی و رەوانییان دژی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وەڕێخستووە.
سەرەڕای سەركوت و كوشتاری رۆژانەی خەڵكی ناڕازی لەسەر شەقامەكان، كۆماری ئیسلامی بە موشەك و دڕۆن هێرشی كردە سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكان و ئێستا بە ھێنانی هێزێكی زۆری سەربازیی بۆ سەر سنورەكانی كوردستان، هەڕەشەی بەزاندنی سەروەریی حکومەتی هەرێمی كوردستان و لەشكركێشی بۆ سەر حیزبەكان دەكات.
ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەرەڕای مەحكوم كردنی هەرچەشنە دەستدرێژییەكی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنین كە ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانە و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان مەحكومە و دەبێت ریسوا و لەقاو بدرێت.
ئێمە لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە کە ڕێزمان لە سەروەری حکومەتی ھەرێم گرتووە و دەیگرین و بەو هۆکارە ھیچ چەشنە جوڵەیەکی نیزامی و پێشمەرگانەمان نەبووە، رایدەگەیەنین کە: لە حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانمان لە قوڵایی خاکی ھەرێمدا بە هەموو توانای خۆمانەوە و وەك مافێكی رەوا لە بەرانبەر ھێرشی دوژمن بەرگری لە خۆمان دەکەین. هاوكات داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرجەم نوێنەران و كۆنسوڵگەرییەكانی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئامریكا لە هەرێمی كوردستان دەكەین بەرامبەر بەم ملهۆڕییانەی كۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و هەڵویستی جیدییان هەبێت. كۆماری ئیسلامی پلانی ئەوەی هەیە بە سازكردنی شەڕێكی دیكە هەوڵ بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بدات.
داوا لە روناكبیران، كەسایەتییەكان و سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم كوردانی تاراوگە دەكەین لەبەرامبەر ستەمكاری كۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و بە هەموو شێوازێكی گونجاو ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن و پاڵپشتیمان لێبکەن.
كۆماری ئیسلامی نزیكە لەوەی كە سڵاو لەكۆتایی دەسەڵاتی 43 ساڵەی خۆی بكات، هەر بۆیە نەك ئەم هەڕەشانە و نەك سازكردنی شەڕێكی دیكە لە ناوچەكە ناتوانێت پێش بە شەپۆلی ناڕەزایی خەڵكی كوردستان و ئێران بگرێت.
بژی هاوپشتی و یەكگرتووی خەڵكی كوردستان
بڕوخێ كۆماری ئیسلامی ئێران
ژن ، ژیان، ئازادی

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
20ی رەزبەری 1401
12ی ئۆکتۆبری 2022