ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: جینایەتی زیندانی ئیڤین بێوەڵام نامێنێتەوە
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: جینایەتی زیندانی ئیڤین بێوەڵام نامێنێتەوە
ئەمشەو زیندانی ئیڤینیان ئاگر تێبەردا. ئەوە دووپاتبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٦٧ و بەردەوامیی جینایەت، منداڵئازاری و کوشتوبڕەکانیان لە زانکۆ و قوتابخانەکانە.
ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی ئەو جینایەتە هیچ شک و گومانێکمان نییە کە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە لێبڕاوییەوە دەستدرێژیی ڕووهەڵماڵاوانەی ڕێژیم بۆ سەر گیانی زیندانییانی سیاسی و ڕۆڵە بوێرەکانیان بێوەڵام ناهێڵنەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە لە بڕیارێکی هاومەبەست و یەکخەر لەپێناو “مانگرتنی سەرانسەری”دا هەنگاو هەڵێنینەوە و هەموو هێزە سیاسی، مەدەنی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان هاوهەنگاوی لەگەڵ خەڵکی ئێران ئیرادە و تووڕەیی خۆیان دژی کۆماری ئیسلامی پێشان بدەن. ئێمە لەجێدا ئامادەیی خۆمان بۆ ئەو هاوپێوەندییە سەرانسەرییە دەردەبڕین و هیوادارین کە یەکدەنگ و یەکگر بەگژ کۆماری ئیسلامی و جینایەتەکانیدا بچینەوە.
بە مانگرتنی سەراسەری و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان شوورەی زیندانەکان دەڕمێن و تێکدەڕووخێن. بەرپرسایەتیی گیانی یەک بە یەکی زیندانییانی سیاسی لەئەستۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییە. لەو پێوەندییەدا داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان دەکەین لە هەمبەر ئەو کارەساتەدا بێدەنگ نەبن و بۆ داکۆکی لە زیندانییەکان و خەڵکی بەندکراوی ئێران هەنگاوی بەکردەوە هەڵێننەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠١