مانگی خەرمانان و خەرمانی خەمان. عومەر باڵەکی

ئەو وتارە بۆ دووساڵەی یادی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات نوسراوە وبە هێندیک دەستکاری کورت بۆ رێزدانان لە هەموو شەهیدانی مانگی خەرمانان پێم باش بوو،جارێکی دیکە لێرە دایبنێمەوە.
مانگی خەرمانان و خەرمانی خەمان
عومەر باڵەکی
لە ماوەی نزیک بە سەد ساڵی ڕابردوودا بە هۆی خەباتی بێوەچانی خەڵکی کوردستان بۆ وەدەست هێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی هەموو ڕۆژ و مانگەکانی ئەو ساڵانە پڕن لە کارەساتی سامناک و دڵهەژێن و خوێناوی کە بەدەستی دوژمنانی خاک و خەڵکی کوردستان خوڵقێندراوەن. هێندێک لەو ڕووداوانە بە ڕادەیەک زاڵمانەو خوێناوی بوون کە لە بیروزینی خەڵکی کوردستاندا نەخشیان بەستوە، بە چەشنێک کە بەتێپەربوونی ساڵانی زۆریش لە یادەوەرییەکاندا هەر زیندوون.
یەکێک لەو مانگانەی ساڵ کە هەڵگری کۆمەڵێک کارەسات و ڕووداوی ناخۆش وجەرگبڕە، مانگی خەرمانانە و ئەگەر بمانەوێ هەموو تاوانەکانی لانی کەم چل ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی کە لەو مانگەدا دەرحەق بە گەلی کورد و خەباتگێرانی ئەو گەلە کردوونی کۆیان بکەینەوە خۆی لە سەدان لاپەرە نووسین دەدا، بەڵام ڕەنگە لە نووسینێکی ئاوادا نەتوانرێ هەموو ئەو ڕوداوانە بێنە بەرباس، تەنیا بەهێنانەوەی سێ نموونە لە جینایەت و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو چل ساڵە لە مانگی خەرماناندا دەتوانین وەک ئاوینەی باڵانوێن، شەرئەنگێزیی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قووڵایی هەستی دوژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە دەربخەین .
هەر لەسەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی نیزامی کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە چ بە لێدوان و نووسین و چ بە کردە و کردەوە بەئاشکرا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ مافەکانی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاندوە و بەڕێوەیان بردوە. باشترین بەڵگەش بۆ سەڵماندنی ئەو بابەتە فیتوای ڕاگەیاندنی جیهاد بە دژی خەڵکی کوردستان لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینی لە ڕۆژی ٢٨ی گەڵاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی بوو. ئەوە سەرەتایەک بوو، بۆ بەشەرعی کردنی کوشتاری خەڵکی کوردستان، چونکە هەر ١٥ ڕۆژ دوای دەرچوونی فتوای جیهادی خومەینی بەدژی خەڵکی کوردستان لە ١١ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاویدا هێزە دژی ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاوایی قاڕنێ جینایەتی شەڕیان خوڵقاند. لە تاوانی گوندی قاڕنێ خەڵکی بێتاوان و بێدیفاعی ئەو ئاواییە بێ جیاوازیی تەمەن و ڕەگەز کەوتنە بەر شاڵاوی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و نیزیک بە ٧٠ کەس بوونە قوربانیی سیاسەت و ڕەفتاری دوژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی .
یەکی دیکە لەو کارەساتانەی لە مانگی خەرماناندا تووشی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان هات، ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی بوو کە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ڕیستورانتی میکۆنووس لە شاری بێرلین، پێتەختی دەوڵەتی ئاڵمان بە دەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کران. واتا ١٣ ساڵ دوای تاوانی گوندی قاڕنی پیاوکوژانی کۆماری ئیسلامی تاوانی میکۆنووسیان ئەنجام دام بەڵام بەو جیاوازییە ئەگەر لە تاوان و جینایەتی گوندی قاڕنێ‌دا غەیری خۆمان کەس بەدەنگمانەوە نەهات، لە تاوانەکەی مێکونووسدا بۆ دنیا ڕوون بۆوە کە کۆماری ئیسلامی چ ڕێژیمێکی جینایەتکارە و لە دادگای مێکۆنووسیش‌دا ئەرکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی بە جینایەتکار ناسران و لە ڕادەی هەرە سەرووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بە تاوانبار داندران.
٢٦ ساڵ دواتر، واتا ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی دوژمنکاریی کۆماری ئیسلامی لەو پەڕی بێ‌ئەخلاقی سیاسیی و نێونەتەوەیی بۆ جارێکی دیکە دەرحەق بە تیکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆی نواندەوە و بنکە و بارەگای ئەو حیزبە لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان کەوتە بەر ئاوری مووشەکە دوور هاوێژەکانی سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە. لە ئاکامدا ١٦ کادر و پێشمەرگە و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات شەهید و زیاتر لە ٧٠ کەس بریندار بوون، کە لە نێویاندا ژن و منداڵیش دەبیندران .
ئەگەر هەر ئەو سێ نموونەیە کە ناومان بردن و تەنیا لەمانگی خەرمانان بەڵام لە مەودای زەمەنیی جیاوازدا ڕوویان داوە بکەین بە پێوانەی هەڵسەنگاندنی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە لایەک و زەبروزەنگی بێ بەزەییانەی کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکە؛ لە ئاکامدا دەگەین بە دوو هەڵویستی دژ بە یەک. هەڵویستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ماوەی زیاتر لە چل ساڵە ڕوون و ئاشکرایە، ئەوان دوژمنایەتیی گەلی کورد دەکەن و بە پاساوی بێ بنەما لە هەموو کەرەسەیەکی سەرکوت و کوشتار بۆ بەچوک داهێنانی شۆڕشگێرانی ئەو گەلە کەلک وەردەگرن و لە هیچ جینایەتێک دەرحەق بە گەلی کورد دەست نەپارێزن. هەڵویستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش سەرەڕای ئەو هەموو زەبروزەنگ و کوشتار و ئیعدام و کاولکاریی ژیان و سروشتی کوردستان بە دەستی سپای دڵڕەقی کۆماری ئیسلامی ڕوون و ئاشکرایە، کە هەر لە سەر داوا ڕەواکەی سوورە و ڕۆژ بە ڕۆژ بە کردار دەبینین کە هەست و شعووری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشە کردن‌دایە و ئەو سەڵمێندراوە کە بە کوشتن و ئیعدام و زیندان، گەلی کورد و خەباتکارانی ئەو گەلە مەیدانی خەبات بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چۆل ناکەن.
کاتێک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی فیتوای جیهادیان بە دژی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند، مەبەستیان ئەوە بوو بە هاندانی خەڵکی نەزان و نەفامی خۆیان بە ناوی دینەوە کوشتاری خەڵکی کوردستان حەڵاڵ بکەن و بە خوڵقاندنی جینایەت و تاوانی گوندی قاڕنێ و دەیان شوێنی‌تر؛ خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەتی حیزبی دیموکرات چاوترسین و لە مەیدان بەدەریان بکەن. رێژیم ئەو سیاسەتەی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا و بە شێوازی جۆراوجۆر درێژە پێی داوە؛ وەک کوشتاری بەکۆمەڵ لە شار و گوندەکانی کوردستان، تیرۆری ڕێبەران و تێکۆشەران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بێ لەبەرچاوگرتنی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت بە هێزی پیادە و فرۆکەی شەڕکەر و بۆمب‌هاوێژ و مووشەکی بالستیک بۆ سەرکوتی تێکۆشەرانی ڕێی ئازادی سنوورە نێو دەوڵەتییەکانی بەزاندوە. بەڵام هێزی لەبڕاننەهاتووی حیزبی دێموکرات کە سەرچاوەکەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە هەروا لە مەیدانی خەباتدا قورس و قایم ماوەتەوە.
چوارساڵ لەمەوبەریش لە ١٧ی خەرماندا سپای پاسداران بە نیازی پاکتاو کردنی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە حەوت مووشەکی بالستیک قەڵای دیموکراتی کردە ئامانج. لەگەڵ ئەوەی ئەو هێرشە نابەرابەر و دوور لە هەموو پرەنسیپی سیاسی و تەنانەت نیزامی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان خەساری گەورەی لێ کەوتەوە، بەڵام دیتمان دوای چوار ڕۆژ خەڵکی کوردستان بەو مانگرتنە سەرانسەرییەی وەڕێیان خست؛ بوونە وزە و توانا بۆ شۆڕشگیرانی دێموکرات و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییان تووشی سەرسووڕمان کرد کە پێگەی حیزبی دێموکرات لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان نەک لە کەمی نەداوە، بەڵکوو پێگەی زۆر لە ساڵی پێشووتر بەهێزتر بووە و ئەو نیشاندەری ئەو ڕاستیییە کە جووڵانەوەی نەتەوایەتی کە حیزبی دێموکرات ڕێبەریی کردوە و دەیکا؛ هەڵقوڵاو لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستانە.
ئاکامگیرییەکی کورت لەو باسە دەکرێ ئەوە بێ ئەگەر مانگی خەرمانان بۆ خەباتگێرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەرمانی خەم بووە، لە هەمان کاتدا لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا خەرمانان مانگی سەلماندنی خۆڕاگری و بەربەرەکانی خەباتگێرانی گەلی کوردە بەدژی ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی بووە.