سپاسنامەی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان

سپاسنامەی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان
ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دۆست و هاوپەیمان

کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان

کەسایەتییە ئازادیخواز و نیشتمانپەرەرەکان

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان

زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر

هەروەک ئاگادارن ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، بەرانبەر بە ٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ی زایینی، پاش تێپەڕاندنی ڕەوتی دانوستانی پێوەندیدار، پرۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بە ئاکام گەیشت و لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا مژدەی سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە بە ئاگاداریی ڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەیشت.

پێویستە بڵێین، لە سەرەتای ڕەوتی دیالۆگەکانەوە تا دوایین هەنگاوی ئەو پرۆسەیە، پاڵپشتی و هەوڵ و هەڵوێستەکانی تێکڕای ئەندامان و لایەنگران و کادر و پێشمەرگە و دۆستان و دڵسۆزانی حیزب و بزووتنەوە ڕەواکەمان، مایەی دڵگەرمی و هاندەری هەیئەتەکانی یەکگرتنەوە و ڕێبەریی هەر دوو لا بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوتی یەکگرتنەوە و لابردنی کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگا بۆ وەڵامدانەوە بە داخوازیی ڕەوای ئەوان و سەرخستنی ئیرادەی یەکڕیزیخوازانەی ڕێبەری و بەدەنەی دێموکراتەکان بوو.

لە پاش یەکگرتنەوەش، شەپۆلێکی بەربڵاو لە گەشانەوەی هیوا و دەربڕینی خۆشی و شادی بە شێوەی جۆراوجۆر، هەموو کوردستان و گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی ئازادیخوازانەی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و خەڵک و لایەنە سیاسییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانی دۆست و هاوپەیمانمان بە ناردنی برووسکەی پیرۆزبایی و سەردانی بنکە و بارەگاکانمان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، خۆشحاڵی و پاڵپشتیی خۆیان بەو بۆنەیەوە دەربڕی.

بەم بۆنەیەوە، بە پێویستی دەزانین بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سپاسی هەستی هاوخەباتی و پاڵپشتیتان بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە بکەین و وێڕای بایەخدان بە دەربڕینی هەستی پیرۆزتان و پەیام و ناوەڕۆکی برووسکەی پیرۆزباییەکان و هەروەها پێوەندیگرتن و سەردانەکانتان ڕادەگەیەنین حیزبەکەمان لە ئاست ئەو هەموو پاڵپشتی و گەورەییەتاندا خۆی بە ئەرکدار دەزانێ و بەردەوام دەبێ لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی، مێژوویی و سیاسیی خۆی و بە جەختکردنەوە لەسەر پرەنسیپە دێموکراتیک و مرۆییەکانی، هەنگاوی کاراتر بۆ تۆکمەتر کردنی ڕیزەکانی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بزووتنەوە ڕەواکەمان هەڵدەگرێت و گرینگییەکی تایبەت بە پێوەندیی دۆستانە و هاوخەباتی لەگەڵ هەموو دۆستان، دڵسۆزان و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی گەل و ڕزگاریی نیشتمانەکەمان دەدات.

لەگەڵ ڕێز و سپاسی دووبارەماندا

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی