بۆ دێموکرات و قەڵاخۆڕاگرەکەی. ڕەزا دانشجوو

بۆ دێموکرات و قەڵاخۆڕاگرەکەی. ڕەزا دانشجوو

پێشەکی

تێرۆر و تێرۆریزم وشەگەلێکن کە لەگەڵ بوونی کۆماری ئیسلامی وەک پێناسەیەک بە ناوی ئەو ڕێژیمەوە گرێ دراون و هەموو کاتێک ئامرازێکی جێگرەوەی دەستی دەسەڵاتی جینایەتکاری ئاخوندی بوون.

مێژووی تێرۆر و تێرۆریزم لە قوتابخانەی بیری کۆماری ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە بۆ تەنانەت پێش دامەزراندنی حکوومەتی ولایەتی فەقیهـ وسەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی. ئه‌مه‌ له‌ بیره‌وه‌رییه‌کانی ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی بۆ وێنە هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی، موحسین ڕه‌زایی و هتددا به‌ڕوونی ده‌بینرێ. تێپەڕبوونی کات دەریخست بۆ حکوومەتێک کە لە زمانی دیالۆگ تێ‌ناگا و هیچ گرینگیی پێ نادا، ئەمە تاکە ئامرازە بۆ مانەوە لە دەسەڵات.

لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ڕێژێم هەر ڕۆژ فۆرمێکی نوێی تێرۆری لە جیهاندا پیشان داوە. هەناردەکردنی سەدان تێرۆریست بۆ سەراسەری جیهان تا دەگاتە دروستکردنی دەیان گرووپی تێرۆریستیی بەوەکالەت، بەشێکن لە پلانی گەشەپێدانی تۆڕی تێرۆریزمی جیهانیی کۆماری ئیسلامی. تۆڕێک کە یەک لەدوای یەک سنوورە جوغرافییەکانی بەزاندوە و لە دووریی هەزاران کیلۆمەتر گەیشتووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هیچ شتێكدا سەركەوتوو نەبووبێ، بەڕاستی لە پەرەسەندن و گەورەکردنەوەی تۆڕی تێرۆریستی و هەناردەی تێرۆریستەكانی بۆ چوارقوژبنی جیهان هەڵسوکەوتێکی بێوێنەی هەبووە!

بە چاوخشاندن بە هەندێک هەواڵی ئەم دواییانە تەنیا لە ئەمریکا، ئەویش لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆمان دەردەکەوێ کە تێرۆر و تێرۆریزم لە ڕێژێمی ویلایەتی فەقیهـ چ جێگەوپێگەیەکی هەیە.

– هەوڵی ڕفاندنی مەسیح عەلی‌نژاد: وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئێران هه‌وڵی ڕفاندنی ڕۆژنامه‌نووس و چالاكێکی مافی مرۆڤی له‌ نیویۆرك داوە. لە بەیاننامەی وەزارەتی دادی ئەمەریکادا ناوی ئەم ڕۆژنامەنووسە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام مەسیح عەلی‌نژاد لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ “ڕادیۆ فەردا” پشتڕاستی کردەوە کە ئامانجی ئەم هەوڵە ڕفاندنە بووە. دادگای فیدراڵی ئەمریکا لە نیویۆرک چوار هاووڵاتیی ئێرانی بە پیلانگێڕی بۆ ڕفاندنی ئەم ڕۆژنامەنووس و چالاکەی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی سزاکان و ساختەکاری لە بانکەکان و سپیکردنەوەی پارە تۆمەتبار کرد. دوای چەند کاتژمێرێک لە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، “مەسیح عەلی‌نژاد” لە پەیامێکی تویتەریدا سوپاسی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکای کرد کە پیلانی ڕفاندنی ئەویان پووچەڵ کردەوە.

– هەوڵی کوشتنی هەمان ڕۆژنامەنووس: بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI) کەسێک لە دەرەوەی ماڵی “مەسیح عەلی‌نژاد” لە شاری بروکلینی ویلایەتی نیویۆرک قۆڵبەست کراوە کە کڵاشینکۆفێکی پێ بووە. سەرچاوەکان و بەڵگەنامەکانی تۆمەتبارکردنی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا دەری دەخەن کە “خالد مێهدیێڤ”، تەمەن ٢٣ ساڵ بە تفەنگێکی جۆری کڵاشینکۆف و زیاتر لە هەزار دۆلار دەستبەسەر کراوە. ئەم چەکە توانایەکی بەرزی هەیە بۆ شەڕی چەکداری. بەپێی زانیارییەكان “خالد مێهدیۆڤ” هاووڵاتیی كۆماری ئازەربایجانە و ئەندامی تیمی میللیی جودۆی ئەم وڵاتە بووە.

– هەوڵی کوشتنی “سەلمان ڕوشدی”: ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر سەلمان ڕوشدی و بە چەقۆ بەربووە گیانی، چووە بەردەم دادگا. ناوبراو ڕایگەیاندوە کە “بێ‌تاوانە” و بەبێ کەفالەت لە گرتنگەی پۆلیسدا دەمێنێتەوە. “هادی مەتەر”، تەمەن 24 ساڵ، تۆمەتبارە بە ڕاکردن بۆ سەر شانۆ و بەلانی کەمەوە 10 چەقۆی لە دەم و مل و سکی “سەلمان ڕوشدی” داوە. کەناڵی “ئێن بی سی نیوز”ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، پشکنینی نێوەڕۆکی هەژماری بەکارهێنەرانی “هادی مەتەر” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەری‌دەخا کە ئەو لایەنگری سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بووە. ئەو بڵاوکراوە ئەمریکاییە دەڵێ تا ئێستاش ڕوون نییە کە ئایا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێوەندیی بە سپای پاسدارانەوە هەبووە یان نا، بەڵام ئەوانەی تۆزێک کۆماری ئیسلامی بزانن هەتا ئەوسەری چیرۆکەکەیان خوێندۆتەوە.

– هەوڵی کوشتنی “جان بۆڵتۆن”: وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌ندامێكی سوپای پاسدارانی ئێران به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ تێرۆركردنی جان بۆڵتۆن، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی “دۆناڵد تره‌مپ”دا تۆمه‌تبار كراوه‌. بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە، “شەهرام پوورسەفی” ناسراو بە “مێهدی ڕەزایی”، تەمەن ٤٥ ساڵ تۆمەتبارە بە پێشنیاری پێدانی ٣٠٠ هەزار دۆلار بە ئەو کەسانەی کە “جان بۆڵتۆن” بکوژن. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لەلایەن ئەو کەسەوە لەم پیلانە ئاگادار کرانەوە کە” شەهرام پوورسەفی” بۆ تێرۆرکردنی “جان بۆڵتۆن”ی دەستنیشان کردبوو. تا ئێستا ناسنامەی ئەم کەسە ئاشکرا نەکراوە. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وێدەچێ کوشتنی بۆڵتون لەبری هێرشەکەی ئەمریکا کو کوژرانی “قاسم سولەیمانی”، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێرانی لێ کەوتەوە، پاڵنەری هەوڵدان بۆ ئەو کردەوە تیرۆریستییە بووە. “قاسم سولەیمانی” لە ئاکامی هێرشێکی سوپای ئەمریکادا کوژرا کە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ و بە فەرمانی” دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک‌کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا لە بەغدای پایتەختی عێراق کرایە سەر ناوبراو.

ئه‌مانه‌ ته‌نها به‌شێكن له‌ چالاكییه ‌تێرۆریستییه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ دووریی هه‌زاران كیلۆمه‌تر له ‌ناخی ئه‌مریكا كه‌ گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازیی جیهانه‌ به‌ ئامێره‌ سیخوڕییه‌ فراوان و درێژه‌كانیه‌وه‌! دیارە ئەمانە تەنیا ئەو جۆرە کردەوە تێرۆریستییانەن کە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئەمریکاوە دۆزراونەتەوە و، بە دڵنیاییەوە ڕادەی چالاکییە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە زۆر لەوە زیاترن.

دێموکرات و قەڵا خۆڕاگرەکەی

هەواڵنێری تۆڕی مێدیایی “ڕووداو” لە کاک مستەفا هێجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەپرسێ: دوای یەكگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، ترستان لەوە نییە كە كردەوە تێرۆریستییەكانی كۆماری ئیسلامی لە دژی ئێوە زیاتر بێ؟ دوای بێدەنگییەکی کورت، کاک مستەفا هیجری وەڵامی دەداتەوە: “جا بۆ هیچ شتێک ماوە کە کۆماری ئیسلامی بەرامبەرمان نەیکردبێ و نەیکات؟!”

بەڕاستی چ شتێک ماوە کە کۆماری ئیسلامی دژ بە حیزبی دێموکرات نەیکردبێت؟ هەر لەو کاتەوە کە لە وەڵامی نامەکەی دوکتور قاسملوو بۆ هەوڵی دامەزراندنی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ پرسی کورد لە ئێران، بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی شەڕیان دژ بە خەڵکی کوردوستان ڕاگەیاند و ڕۆژهەڵاتیان داگیرکرد و هەزاران کەسیان کوشت و بێسەروشوێن کرد، هەتا ئەمڕۆ “پێڵاوەکانیان دانەکەندوە” و ئامادەن هەموو دەم و ساتێ هێرش بکەنە سەر گەلی کورد و حیزبی دێموکرات. دوای هێرشی سەربازی و شەڕی نایەکسانی لەگەڵ گەلی کورد، کاتێک حیزبی دێموکرات بۆ پاراستنی گەل، ناچار چیاکانی هەڵبژارد تا کۆچی زۆرەملێ بۆ باشوور، هەمیشە و هەمووکات حیزبی دێموکرات کەوتووەتە بەر پەلامارە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و شەڕێکی نەخوازراو. لە تێرۆری ترسنۆکانەی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندییەوە تا تێرۆرکردنی سەدان فەرماندە و تەنانەت ئەندامی ئاسایی حیزب لە سەرانسەری جیهاندا، لە چەند قۆناغێکی دەستدرێژی‌کردنە سەر خاکی باشوورەوە بۆ داگیرکردنی ئۆردوگاکانی حیزبی دێموکرات هەتا مووشەک‌بارانی بارەگاکانی حیزب، لە دەیان جار بۆمبدانانەوە تا ناردنی سیخوڕ و جاسووس، لە دەیان حاڵەتی تۆپباران لەسەر گوندەکان و شاخەکان تا گوشار بۆ سەر گوندنشینان و دانیشتووان بە مەبەستی هاوکاری‌نەکردنی حیزبی دێموکرات، لە ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و تورکیە تا گوشارەکان بۆ سەر حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕەخساندنی کەشێکی نائەمن بۆ حیزبی دێموکرات و… ئەوانە تەنیا بەشێکن لە کارەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی حیزبی دێموکرات بۆ لەنێوبردن و ناچار بە تەسلیم کردنی ئەم حیزبە. به‌ڵام ده‌ستكه‌وتی كۆماری ئیسلامی له‌م هه‌موو گوشار و تێرۆر و بۆمباران و ده‌ستدرێژی و هێرشی سه‌ربازی چی بووه‌؟ هیچ، هەر بەڕاستی هیچ!

ئێستا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتێکدا یادی ٧٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە کە بە یەکخستنەوەی ڕێزەکانی دوای ١٦ ساڵ، ڕێبازێکی نوێی خەباتی دژی کۆماری ئیسلامیی دەست پێ کردۆتەوە. حیزبێکی تۆکمە و یەکگرتوو کە بەڵێنی ئەوە دەدا کە ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر بێت لە دژی ڕێژیم نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە ئاستی ئێرانیشدا.

کەواتە ،با هەستینە سەرپێ بۆ ڕێزلێنان لەحیزبی دێموکرات و زیاتر لە حەوت دەیە خەباتی سیاسی پڕ لە شانازی بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای خەڵکی ڕۆژهەڵات، با هەستینە سەر پێ بۆ ڕێزلێنان لە قەڵای زاڵنەکراوی دێموکرات کە لەژێر ئەو هەموو گوشار و پەلامارانەدا هیچ‌کات کڕنۆشی نەبرد، درزی نەدا و، هەر جارێک بەهێزتر لە جاران درێژەی بە خەباتی خۆی دا.

بەڵێ با هەستینە سەر پێ بۆ ڕێزلێنان لە حیزبی دێموکرات و قەڵا سەربەرزەکەی کە لە ماوەی ساڵانی خەباتی بێوچاندا هەرگیز تەسلیمی ستەمکار نەبوو و خۆی بەدەستەوە نەدا. با هەستینە سەر پێ بۆ شەرەفی حیزبی دێموکرات و قەڵا سەربەرزەکەی، کە لە ساڵانی ژیانی سیاسی و لەژێر توندترین گوشارەکاندا، هەرگیز نەچووە ژێر چەتری هیچ حکوومەتێکی داگیرکەر. برسێتی و توونیەتیی چاشت، بەڵام دەستی بۆ لای هیچ کەس درێژ نەکرد و نەچووە سەر خوانی خەیانەت. با هەستینە سەر پێ بۆ ڕێزلێنان لە حیزبی دێموکرات، قەڵای خۆڕاگری نەتەوەی کورد کە سەرەڕای هەموو ڕووداو و لێکترازانە ناخۆشەکان، هەرگیز دیالۆگ و زمانی گفتوگۆی لەبیر نەکرد و بە دێموکرات و دێموکراسیەوە پابەند مایەوە. تاڵی و ناخۆشیی دابرانی دێت، بەڵام لە دەروونیدا تامەزرۆی دووبارە دیتنی براکەی و لەئامێزگرتنی مایەوە.

با هەستینە سەرپێ بۆ ڕێزلێنان لە دێموکرات و قەڵای دڵەکان کە شاهیدی شەهیدبوونی تاقمێک لە خۆشەویسترین ئازیزەکانی بوو، بەڵام تازیەی نەگێڕا، چۆکی دانەدا، جل و بەرگی ماتەمینی لەبەر نەکرد و هەر جار حەماسە و گۆرانییەکی نوێی گوتەوە و دوژمنەکانی پتر شەرمەزار، ڕیسوا و تووشی سەرسووڕمان کرد.