ئەگەری کۆبونەوەی لوتکەی کەنداو ئەمریکا لە(جەدە)ی سعودیە. درووستبوونی هاوپەیمانی ئەمنی و ئابووری پلۆس ناتۆ. PLUS NATO

ئەگەری کۆبونەوەی لوتکەی کەنداو ئەمریکا لە(جەدە)ی سعودیە. درووستبوونی هاوپەیمانی ئەمنی و ئابووری پلۆس ناتۆ. PLUS NATO .

نووسینی: عارف باوەجانی

١ / مەبەست لە سەردانەکە چییە؟ وتەبێژی کۆشکی سپی و چەندین سەرچاوەی ئیسرائیلی وعەرەبی بە تایبەتی سعودیش، پشت ڕاستیان کردووەتەوە کە بایدن سەرۆکی ویلایەتەکانی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا سەردانی ئیسرائیل و کەناری ڕۆژئاوا و سعودیە دەکات.
لە سەر ئەم سەردانە، هەم گوومانی زۆری لای چاودێران دروستکرد و هەم خوێندەوەنەوەیەکی زۆری لە لایەن وڵاتان و میدیاکانیانەوە بۆکراوە. هێندێک بە شێوەی ئەرێنی وهێندێکیش بە شێوەی نەڕینی لە سەری دەدوێن. هەموو بەڵگەو بۆچوونەکان لە پلەی یەکەم ئاماژەن بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە حکوومەتی پاشایەتی سعودی، کە پێشتر بایدن بەڵێنی دابوو کە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگریت و چەکیان پێ نەفرۆشتێت. بەڵام دواتر بۆ ئەمریکییەکان دەرکەوت کە سعودییە ئەو وڵاتە گرنگەیە کە دەتوانێت زۆربەی وڵاتانی و عەرەبی و ئیسلامی لە دەوری خۆی کۆکاتەوە، و هەر بۆیە ساردی و دابڕانی ئەمریکا لەو وڵاتە، لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناڤین و کەنداو یەک ناگرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە بۆچوونی دیمۆکراتەکانی ئەمریکا لە مەڕ سیاسەتی نێودەوڵەتی زۆر جیاوازترە لە سیاسەتی کۆمارییەکان، بەڵام هەردوو لایەن لەگەڵ مانەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەیانن لە خۆرهەڵاتی ناڤین وکەنداو. هەر بۆیە ئەو بڕیارەی پێشووی بایدن بە خێرایی ئاڵووگۆڕی بە سەردا هات، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا بە گرێبەستێکی چەک لەگەڵ سعودیە بە بەهای نزیکەی ٦٥٠ ملیۆن دۆلار پێوەدنییەکان ئاسایی کرانەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا، نرخی نەوت و غاز بە خێرایی لە ئەمریکا دەستی بە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی ناوخۆیی بۆ بایدن، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای هاوپەیمانی ئەمریکا، و دابڕان لە غازو نەوتی ڕوسیا، وایکرد کە دیسانەوە پەنا بۆ جێگرەوەکانی ببەن، کە لە وڵاتانی کەنداودایە و سعودیەش ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بازاری کەنداودا.

٢ / پۆرتاڵی ئەمنی هاوبەشی عەرەب ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران.
لەو ماوەی کەساردی کەوتە نێوان بایدن وشای سعودییە، ئێران ئەوەی قۆزتەوە وهێرشەکانی بۆ سەر دۆستەکانی ئەمریکا وبەژەوەندییەکانیان زیادیکرد. هەربۆیە یەکێک لەخاڵە گرنگەکانی ئەگەری بەستنی کۆبوونەوە لووتکە چاوەڕوانکراوەکەی جەدە، لە بەرچاوگرتنی پۆرتاڵی ئه‌منییەکانە.
ڕەنگە ئەو لێدوانەی ئەم دواییەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بێت، بێنی گانتز، ئاشکرای کردووە کە تەلئەبیب١٥٠ کۆبوونەوەی ئەمنی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ناو هاوپەیمانی ئەبراهام و دۆستی دیکەی دەرەوە هاوپەیمانییەکەش ئەنجامداوە.
هەروەها ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە لە فرۆشتنی چەک بۆ زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە هاتوونەتە ناو هاوپەیمانییەکەوە. هەر چەند ئیسرائیل ڕاستەوخۆ لەو کۆبوونەوە جەدە بەشداری ناکات، بەڵام ناڕاستەوخۆە هاوبەشێکی سەرەکی دەبێت لە هەر جۆرە باس و ڕێکەوتنێک، لە سەرەوەی هەمووشیانەوە هەر بڕیارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران بدرێت.

٣ / جیهان بەرەو چەند جەمسەری یا دابەشبوونێک دەچێت و ئەمریکا هێزی هاوبەش پێکدێنێت.
دیسانەوە جیهان وەک سەدەی پێشوو بەرەو ٢جەمسەری نێوان باڵی ئەمریکا و باڵی ڕوسیا زەق دەبێتەوە، ململانیەکان ڕاستەوخۆ و لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتی بەگشتی ڕەنگ دەداتەوە. لەهەمووی ڕوونتر دژایەتی ڕووسیا و ناتۆی دەیان وڵاتی، لەسەر خاکی ئۆکرانیا، ڕووداوەکانی سەدەی ڕابردوو و جەنگی سارد دەگەڕێنەوە سەر زەوی. سمڕ سمڕی هیندێک وڵاتی دەورووبەر بۆ بە ئەندامبوونی بە پەلە لە ناتۆ، وەک سوید و فینلاند و ئۆکرانیا و چەندین وڵاتێکی دیکە.

ئەمەش پشت ڕاستدەکاتەوە کە ئەم سەردانەی بایدەن بۆ قایمکردنی کۆڵەکەی ئەمریکایە لە ناوچەکە وەک سەردەمانی پاش شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهان. هەر تازەترین ئاڵۆزی ناوخۆیی کە لە سریلانکا لەم چەند ڕۆژەدا ڕوویدا، یەکسەر ئەمریکا ڕوسیاو چینی بە دەستێوەردان لەو وڵاتە تاوانبار کرد، ئەمەش واتایەکە کە چینیش ناڕاستەوخۆ لەو بەرەیە دەبێت لە داهاتوودا بە دژی ئەمریکا چاوەڕوان دەکرێت. هەم ئاشکرابوونی بەرنامەی ئەمریکایە بۆپشتیوانی لە وڵاتانی دراوسێی چین و ڕوسیا کەڵک لێوەرگرتیان بە دژی ئەو وڵاتانەی کە خۆیان بە نەیاریان دەزانن. ئەوەش هەوڵێکی دیکەی ئەمریکایە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات و هەژموونی هەر سێ وڵاتی ڕووسیا و چین و ئێران، لە وڵاتانی ئاسیای خوار و خۆرهەڵاتی ناڤین و تایبەتر وڵاتانی کەنداو. دواتر بە هێزکردنی پێگەی ئابووری و ئاسایش و جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژیە بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی.

٤ / ئەم هاوپەیمانییە ئەمنی و ئابووری پلۆس ناتۆ. PLUS NATO
تا ئێستا ڕوونە کە بێجگە لە تورکیا هیچ وڵاتێکی ئیسلامی یا وڵاتانی کەنداو خۆرهەڵاتی ناڤین ئەندام نین لە ناو هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی-* ناتۆ*ی ئێستادا. جا وێدەچێت لە داهاتوودا هیندێک لەو وڵاتە بە هێزانەی ناوچەکە بخزێنرێنە نێو هاوپەیمانی ناتۆ. یا جۆرێکی دیکەی هاپەیمانی لە ناوچەکە کە تەواو کەر بە پلوس ناتۆ دروستبکرێت. بە پێکهێنانی هاوپەیمانی نوێی عەرەبی و بیانی کە یارمەتیدەر دەبن بۆ درێژکراوەی هێز و دەسەڵاتی ناتۆ، وەک نموونەی هاوپەیمانی کە ڕێککەوتنێکی ئەمنی پێنج قۆڵی لە نێوان ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا و نێوزلاند و کەنەدایە، کە لە بواری هێزی ژێردەریاییە ئەتۆمییەکانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین لە ناوچەکانی هیندستان و زەریای هێمن.
هەوڵەکانی ئێستای ئەمریکا لەم سەردەمە نوێیەدا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمریکا و ئیسرائیل سەرپەرەستی بکەن. بە هاوبەشی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، وەک سعودییە و میسر و ئوردن و بەحرێن و ئیماراتی عەرەبی وکوەیت، و وێدەچێت چەند وڵاتێکی عەرەبی سنووری ئەفریقا وەک مەغریب و هتدد تێدا زیاد بکرێت، و بەو ناوێکی نوێترەوە لەو هاوپەیمانییە کۆیانکاتەوە. جا ئەو کات وەک لقی خۆرهەڵاتی ناڤینی ناتۆ! ببنە دەسەڵاتی یەکەمی ئەمنی و ئابووری. ئەم بۆچوونی زۆر لە چاودێرانی سیاسی عەرەبی وا ئاماژەی پێدەکەن کە ئەم هاوپەیمانییە! عەرەبەکانی کەنداو لە مەترسی پەلاماردان و دەستێوەردانی بەردەوامی حکوومەتەکانی ئێستاو داهاتووی ئێرانی لە وڵاتەکانیان ڕزگار دەکات. بۆچوونەکان و جووڵە دیپڵۆماسیەکانیش وا دەسەلمێنن کە شازادە لاوەکە : واتە محەممەد کوڕی سەلمان شازادەی جێنشین و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی سعودی، ڕۆڵی سەرەکی لەو بوارەدا دەگێڕیت.
بۆچوونەکانیش وا دەری دەخەن کە ئێرانی داهاتووش لەو هاوپەیمانییە جێگەی نابێتەوە و چوون هەمیشە سەرچاوەی ئاژاوەکان بووە.

٥ / بۆ ئیسرائیلیەکان لە هەوڵی گۆڕینی کابینەکەیاندان.
وەک ئاماژەمان بەو خاڵانەی سەرەوە کرد، بۆ ئەم گۆڕانکارییە گرنگانە لە ناوچەکە وا چاوەڕێ دەکرێت کە ئێسرائیل ڕۆلی سەرەکی هەبێت. لەو بوارەشدا ئێسرائیلیەکان پێویستیان بە سەرکردەیەکی کاریزما هەیە کە بتوانێت ڕۆڵی سەرەکی وڵاتەکیان لەو بوارەدا ببینێت. کە بۆچوونی زۆر لە ناوەندە لێکۆلێنەوەکان و چاودێرانی سیاسی ئیسرائیلی و دەرەکیش وا دەبینن، کە ئەم حکوومەتەی ئێستای ئیسرائیل کە بە برابەش بەڕێوە دەچێت، و لە دایکبووی چەند هەڵبژاردنێکی پشت سەری یەکبووە، هەیمەنەی ئیسرائیلی لە ناوچەکە لاوازکردووە. هەر بۆیەش زۆر کەس پێیانوایە سەردەمانی سەرۆکوەزیری بنیامین نەتەنیاهو ئیسرائیل وڵاتێکی بەهێزتر بەرچاو دەکەوت. دیسانەوە کنێست( پارلەمان)ی ئیسرائیلی بڕیاریانداوە لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختە کە دەبێتە چوارەمین هەڵبژاردنی ئیسرائیل لە نێوان٢ساڵدا بەڕێوە بچێت.
هەرچەند ناکۆیکی بیرکردنەوە لە نێوان بنیامین نەتەنیاهو لەگەڵ سەرۆک بایدندا هەیە، بەڵام شانسی گەڕانەوەی بنیامین نەتەنیاهو بۆ سەر دەسەڵات زیاترە. وێدەچێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریکاش شانسی بایدن و دیمۆکراتەکانیش کەمتر ببێتەوە، و کۆماریخوازەکان براوە ببن و بێنەوە سەر حوکم، چوون ئەوان هەمیشە ڕۆڵی سەرەکی بە هێزکردنی پێگەری ئەمریکایان لە ئاست جهاندا هەبووە. بە گشتی ئەم هەنگاوە نۆیەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، بیرۆکەی کۆنگرسمان و بیرمەندانی ئەمریکایە بە ئەندامانی هەر دوو پارتەوە، بۆ بە هێزکردنی پێگەی خۆیان لە خۆرهەڵاتی ناڤین، بەڵام زیاتر لە سەردەمانی
کۆماریخوازان هەنگاوەکان خێراتر بوون.

٦ . کورد و کوردستان دەبێت چی خوێندنەوەیەکی لەم بوارەدا هەبێت.
بۆ هۆی داگیرکراوی و دابەشبوونی خاک و نیشتیمانمان بە سەر٤ وڵاتی پڕ لە ئاژاوە و ناکۆک لە خۆرهەڵاتی ناڤین، کە هەر کامەو لە بەرەیەکی جیاوازدان، وایکردوە کە خاکی کوردستانیش لە ناو ئەو مەترسییە هەنووکەیی و داهاتووەشدا خۆی ببینێتەوە.
بۆ نموونە ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی ئێستای باشووری وڵات بکەین، کە ئەویش لە نێو شلەژاوی ئێراقی شێواودا گیریخواردووە. بە لایەکی دیکەشدا ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاودەکرێتەوە کە گوایا موقتەدا سەدر لە١٥ ئەم مانگە بڕیارێکی گرنگ دەردەکات، یا وەزعەکە ئاڵۆزتر دەکات، یا گۆڕانکارییەکی نوێ دروست دەکات. ئایا لەوە تێگەیشتووین کە بۆ ڕێک موقتەدا سەدر هەمان ڕێکەوتی کۆبوونەوە لووتکەیەکەی جەدەی دیاریکردووە بۆ ئەو پەیامەی خۆی؟. ئایا دەزانن بۆ خۆی چەند ماوەیەکە بە بیانووی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج لە سعودییە. کەوابێت ئەویش دەیەوێت بزانێت ئاکامی ئەو ڕێکەوتنە بە کۆی دەگات، تا ئەویش پەیامەکەی خۆی لە بەرژەوەندی ئێراق لەو بەرەدا ببینێتەوە. بە بۆچوونی من زۆر پێویستە کە سەرکردەکانی بەشەکانی کوردستان بە گشتی، و بە تایبەت تریش لە هەردوو بەشی نیمچە دەسەڵاتی باشوور و ڕۆژاوای وڵاتمان، کە تا ڕادەیەک دەرگای دیپڵۆماسی جیهانیان بە ڕووداکراوەتەوە، خۆیان لەو کۆبوونەوە گرنگەی (جەدە) نزیک بکەنەوە و هەر لە ئێستاوە زەمانەتی مانەوەی پێگەی کورد لەو ڕێکەوتننامە نۆییەدا پتەو بکەن. نەوەک وڵاتانی داگیرکەری کوردستان: چەند حەسەن خەیرییەکی دیکە دروستبکەن، وبە ناوی کوردەوە لەوێ واژۆی لێوەر بگرن.