گواستنەوە بەرەو هێزی زمزیرانی حدکا: کتێبی بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەریی نیشتیماندا !

گواستنەوە بەرەو هێزی زمزیرانی حدکا: کتێبی بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەریی نیشتیماندا !
لاپەڕەی ٨٩. نووسینی عارف باوەجانی.

لە سەر پێشنییاری چەند هاوپێشمەرگەیەکی دێرینم، کە پەرتووکەکەی منیان خوێندووەتەوە، وا ئەو بەشەی کە پێوەندی بە بیرەوەرییەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتیم لە هێزی زمزیرانەوە هەیە.، و لە نێو کتێبی بیرەوەرییەکانمدا بڵاوم کردووەتەوە. لە نێو واڵی توڕە کۆمەڵایەتییەکانم ئەو بەشە تایبەت دەخەمە بەردست خوێنەران.

دوای نزیک بە ٥ مانگ مانەوەم لە یەکێتی لاوان، بەشداری سەرکەوتووانەمان لە خولەکانی فێربوون و دەورەی سیاسی و نیزامی، هەموومان بە سەر هێز و مەڵبەندەکانی ئەو کاتی حدکا دابەشکراین.
من نێردرامە هێزی زمزیران کە تایبەت بوو بە ناوچەکانی ڕەبەت. بارەگاکانیان لە ناوچەکانی قاسمە ڕەشبوون، کە دەبوو سنووری نێوان قڵادزێی باشوری کوردستان و سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان. لەوێشەوە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گەیشتنم بەو هێزە، توانیم لەگەڵ پێشمەرگەکانی ئەو هێزە پێوەندی باش دروست بکەم. ٢ خاڵی تایبەتی لە خۆمدا شک دەبرد ئەوە بوو، کە دەمتوانی زوو لەگەڵ خەڵکی سیاسی و ڕۆشنبیر تێکەڵ بم.
یەکەم: لەو کاتەدا یاری تۆپێنم دەکرد، ناڵێم لە یاریکردندا زۆر باش بووم، بەڵام لەو بوارەشەوە کەسێکی بەرچاو بووم، بۆچوونی زۆر لە پێشمەرگەکان وابوو کە من زۆرجاردەبوومە هۆکاری بردنەوەی تیپەکەمان لەگەڵ لایەنی دیکە، ئەمەش وایکردبوو کە تۆزیک خۆشەویستیی بۆ خۆم دروست بکەم.
دووەم: لایەنی دیکەشی ئەوە بوو کە بۆخۆم خولیای کتێب و گۆڤار و رۆژنامە خوێندەوە بووم، و بەردەوام کتێبم هەبوو دەمدا بە هاورێکانم بیخوێننەوە، خۆشم کتێبم لەوان بە ئەمانەت وەردەگرت، ئەمەش هۆکارێکی دیکە بوو کە پێوەندییەکانم بەردەوام بوو.
وەک پێشەی ساڵانەی پێشمەرگەکانی حدکا، کاتی گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکبوونەوە. هەموو لق و پەلەکانی هێز کەوتبوونە جموجۆڵی خۆئامادەکردنی پێشمەرگەکان بۆ گەڕانەوە، لای پێشمەرگەیەک بیستمەوە وتی کاک عارف دەزانی بە نیاز نین ئەم جەولەیە تۆ بگەڕێنینەوە بۆ ناوخۆی وڵات، لە بەر ئەوەی تەمەنەکەت و کەم ئەزموونیت بۆ شاخ گوونجاو نییە. کە ئەوم بیست یەکسەر رۆشتم بۆ لای کاک ساڵح ڕەبەتی کە فەرماندەی هێزی زمزیران بوو، بە نیگرانیەوە وتم کاک ساڵح من زۆر حەز دەکەم لەگەڵ هێز بگەڕێمەوە ناوخۆی وڵات، من لە بەر ئەوەی هاتووم ببمە پێشمەرگە. ئەویش باسی ناخۆشی و دژواری و زۆر شتی دیکەی بۆ کردم، من هەموو شەرتەکانم قبووڵ کرد، و بە خۆشییەوە ڕەزامەندی بۆ بەشداریم لەو گەشتەی ناوخۆ پێشاندا، و بە دڵخۆشییەوە گەڕامەوە ناو پەلەکەی خۆمان کە پەلی ژمارە٢١ بوو. ئیترمنیش بە دڵخۆشییەوە خەریکی پاککردنەوەی چەکەکەم بووم کە ژیرسێیەک بوو.

شەوی ڕێکەوتنی پێشمەرگە دیاریکراو، پۆل پۆل لە ڕیزێکدا بەرێکەوتین. ئەو کات شەهید مەحمود خاس، وەک پێشمەرگەی بەرگری، کەوتە پێش هەموو پێشمەرگەکان، و نزیک بە١٥٠پێشمەرگەیەک دەبووین، دوای٢ڕۆژ گەیشتینە نزیک گووندێک کە نزیک لە گوندی وابزانم نۆکان بوو، لەوێ بارەگایەکی یەکێک لە پارتەکانی باشوری کوردستانی لێ بوو، کە چۆڵکرابوو، بەڵام کەل و پەلی زۆری لێمابوو. بە تایبەت ڕەخت و مەخزەن و نارنجۆک و بڕێکی دیکەی کەلوپەلی پێشمەرگایەتی. کە بەشێک لە پێشمەرگەکان وایاندەزانی کە بە تەواوی چۆڵکراوە، هیندێک مەخزەنەکانیان هێنا بۆ خۆیان، بەڵام من چوومە ناو کتێبخانەکەیان، هیندیک کتێبی هەڵبەست و گۆڤارم هێنا. کە تازە هەڵەبجە شەهیدکرابوو، زۆربەی ئەو بابەتانە بە نووسین و وێنە لە سەر هەڵەبجە بوو. بەڵام دواتر برێک گلێێ هاتە سەرمان، بەس ئەوەی من چوونکە کتێب و گۆڤار و نامیلکە بوو، زۆر بەر گلێی نەکەوت. لەو گەشتەدا بۆ ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ من تام و چێژێکی تایبەتی هەبوو، چوون لە دوای ئاوارە بوونمان یەکەم جارم بوو کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ببینم، و هەروەها یەکەمجاریشم بوو کە ناوچەکانی پێشمەرگە پەروەری رەبەت و ناوەندی کوردستان ببینم.

لەو ماوەدا زۆر چالاکی سەربازی و ڕووداوی خۆش و ناخۆشم بینی. دێتەوە بیرم لە گووندی سێونێ بوو، چووینە مالێک کە کوڕی ئەو ماڵەش ناوی کاک سەعید بوو لەگەڵ ئێمە پێشمەرگە بوو، ناوبراو لە نان وچاو کۆڵەپشتی پێشمەرگایەتی لەگەڵ من هاوبەش بوو، واتە هەر ٢پێشمەرگە پێکەوە بە هاوبەشی خواردنیان دروست دەکرد. یا لە گووندەکان هەر خواردنێکیان پێ بداین بە هاوبەشی دابەشمان دەکرد.

کاک سەعید داوای لە کاک قادر مکڵاوەیی کە فەرماندەی لق بوو کرد کە لەگەڵ باوکی ئاشتی کاتەوە، باسی ئەوەی کرد کە باوکم زۆر لێم توڕەیە، چوونکە بە هۆی بە پێشمەرگە بوونمەوە، هەموو ئەرکی مەزراو و کشت و کاڵ و خوشک و براکانم بە تەنیا بە سەر ئەودا جێهێشتووە، ئێستا قسەم لەگەڵ ناکات، بەشکوو ئێوە ڕازی بکەن.

کاتێک گەیشتینە ماڵیان لە گووندی سێونی. باوکی شەهید سەعید ماڵەکەی جێهێشت و نەهاتە لامان، هەرچی لێی پاڕاینەوە و دەستمان ماچکرد ڕازی نەبوو، ئەو پیاوە بە تەمەنە بە دەم گریانەوە وتی خۆ من پێمناخۆش نییە کە کوڕم بووەتە پێشمەرگە، بەخودای خۆشم بۆم بگوونجایە دەبوومە پێشمەرگە، بەس ئەم کوڕەم، وەک کوڕە گەورەی من نەدەبوو لەو هەموو ئەرکەی ماڵەوە بە سەر منێکی بە تەمەندا بە تەنیا بە جێبهێڵێت. هەرچی هەوڵدرا سەرکەوتوو نەبووین لە ئاشتکردنی باوکی کاک سەعید لەگەڵ کوڕەکەی، دوای نانخواردن هەموو هێزەکە لە گووندەکە دەرچووین، و زۆر دوور نەکەوتینەوە. لە شوێنێک بە ناوی بەردەزەردی پشتی ئەشخەڵی سەربە نەڵێنی رەبەت، بە هۆی تۆپ و خومپارە بارانەوە، بە داخەوە کاک سەعید دەستبەجێ شەهید بوو. تەرمەکەیمان لە ناو خەرمانێکی گووندەکە شاردەوە، دوای هێوربوونەوەی تۆببارانەکە، چەند پێشمەرگەیەکیان جیاکردەوە کە بچن خەبەر بدەن بە ماڵی شەهید سەعید، بۆ ئەوەی تەرمەکەی لەو خەرمانە دەربهێنن و بە خاکی بسپێرن، منیش بەر ئەو پۆلە پێشمەرگە کەوتم. کاتێک هەر نزیکی ماڵەکەیان بووینەوە، باوکی سەعید بە دەنگی بەرز وتی بەخودای دیارە سەعید شەهیدبووە، بۆیە لەگەڵتان نییە. بەڕاستی ئەو چرکەساتە ناخۆشەم هەرگیز لە یاد ناچێتەوە، کە ئەو پیاوە بە تەمەنە چۆن لە خۆی دەدا و هاواری دەکرد، سەری خۆی لە ئاسنی تراکتۆرەکە دەدا، ئێمەش زۆر لە باوک و دایک و خوشک و براکانی شەهید سەعید پاڕاینەوە کە بە دەنگی بەرز نەگرین، نەوەک جاشەکان لە نزیک گووندەکە بن. هەموومان بە دەم گرینەوە باوک و کەسوکاری شەهید سەعیدمان بە جێهێشت. بەڵام تا یەک کیلۆمیتریکیش لە دووری گووندەکەیان هەر گوێمان لە دەنگی گرینەکەی بوو. ئەو پیاوە زیاتر نیگرانی ئەوە بوو کە بۆ لەو کاتە کورەکەی ئاشت نەکردەوەو بە عاجزی گیانی لە دەستداوە.

لەو کاتەدا ئەوەندە بە بیروباوەڕەوە پێشمەرگایەتیمان دەکرد، هەرگیز لە شەهیدبوون ترسمان نەبوو، ئەو کاتانە زۆر خۆشحاڵ دەبووین، کە بەرنامەی ئەنجامدانی چالاکیمان هەبایە، و دواتر گوێمان لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان بایە، هەواڵەکەی بڵاوکردبایەتەوە.

کاک مەحمود دەشتی کە بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت بوو، هەروەها کاک ساڵح رەبەتی کە فەرماندەی هێزی زمزیران بوون، زۆرجار پێشنیاریان بە من دەکرد کە من هەواڵی چالاکییەکان بنووسمەوە، چۆن زۆر وشەی شۆڕشگێڕیم لەگەڵ دەگوونجاند، دواتر لە رێگەی بێسیمی کۆڵیەوە بۆ ڕادێۆ دەخوێنرایەوە. ڕادیۆش بەو دەنگە زووڵاڵەی شێربەیگی لە بەشی هەواڵەکانی خۆی بڵاوی دەکردەوە. لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا گەلێك کارەساتی دیکەی ناخۆشم بینیوە، بەڵام لە بەر ئەوەی کە مەبەستمان خەباتێکی پاک بوو بۆ ڕزگاری نیشتیمانەکەمان، هەرگیز لەو کارەساتە ناخۆشانە ورەی بەر نەدەداین و بگرە لە جاران زیاتر حەماسی دەبووین.
وەک لە پێشەکی ئەم پەرتووکەدا باسمکردوە، کە وەک گەشتێک بە نێو بە سەرهاتەکانمدا بە کورتی باسیان دەکەم. ئەگەر بێت ومن باسی هەموو ڕووداوەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی و سیاسیم بکەم، بە ڕاستی پێویستە وەک زەنجیرە ڕۆمانێکی چەند بەرگی درێژەی پێبدەم.

پێمخۆشە وەک بە سەر هاتێک دوابەشی بابەتی پێشمەرگایەتیم لە هێزی زمزیران لە یادنەچێت، کەبە ڕاستی هەڵوێستێکی جوانی بەرپرسانی ئەو هێزەی حدکا بوو، کە لای من وەک هەڵوێستێکی زۆر شۆرشگێڕانەو ژیرانەبوو، و هەروەها جۆرێک لە ڕاگری باڵانسی نێوان پێشمەرگەکان بوو لەو سەردەمەو لەو دۆخە تایبەتییەدا.

ئەو بەسەرهاتە ئەوەیە کە لەو کاتانەی من و چەند پێشمەرگەی دیکە خەڵکی ناوچەکانی سەر بە کرماشان بووین، و لە بواری خزم و بابەتی کۆمەڵایەتییەوە، لەگەڵ ناوچەکانی ڕەبەت نامۆ بووین، زۆربەی پێشمەرگەکانی دیکە بۆ خۆیان خەڵکی ناوچەکانی رەبەت و سەردەشت بوون.

لەو گەشتەدا کاتێک دەچووینە هەر گووند و ناوچەیەک، ئەوان تووشی کەس و کاری خۆیان دەهاتن، وەک خۆشەویستی و ئەرکی خزمایەتی، کە یەکێکە لە نەریتە جوانەکانی کوردەواری، پارەیان دەخستە گیرفانیان، یا بنەماڵەکانیان لە ناوشارەوە پارەیان بۆ دەناردن بۆ شاخ.

کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت لەو کاتەدا بریاریدا کە مووچەی مانگانەی پێشمەرگانەی ئێمە، لەو چەند مانگەی کە لە ناخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانین، واتە ئەو چەند کەسەی دەڤەری کرماشان بکرێت بە ٢ بەرامبەر، لە بەر ئەوەی ئێمە هەست بە بێگانەبوون نەکەین.

……………………………

لە داهاتوودا بە پێی کات پێویست بەشەکانی دیکە بڵاودەکەینەوە.