کۆچی دوایی دایکی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزب لە شاری سەردەشت

دایە ئامینە ئیبراهیمی، دایکی پێشمەرگەیەکی دێرین و ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٣ساڵی‌دا لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دایە ئامینە ئیبراهیمی، دایکی کاک مەحموود ئەحمەدی پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٣ ساڵی‌دا دڵی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکاری کرد و هەر لەو شارە ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.
حاجی ئامینە کەسایەتییەکی دڵسۆز و نیشتمان‌پەروەر و جێی متمانەی خەڵک و ناسیاوانی بوو، بەهۆی ئەوەیکە کوڕیکی لە نێوی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات‌دا بوو، بەردەوام ئاگای خۆشەویستی و دڵسۆزیی تایبەتی بۆ پێشمەرگەکان هەبوو و لە ماوەی ساڵانی خەباتی پێشمەرگانە‌دا مالەکەی ببووە جێی حەوانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و بەتایبەت پێشمەرگەکانی کۆمیتەی سەردەشت
‎ لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچی دوایی حاجی ئەمینە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.