ڕاگەیاندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد

ڕاگەیاندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد
بەداخەوە سەرلەبەیانیی ئەوڕۆ یەکشەممە، ١٩ی پووشپەڕ کاک عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری “بۆن” لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.

کاک عەلی قازی ساڵی ١٣١٢ لە شاری مهاباد چاوی بە دنیا هەڵێناوە و دواتر بۆ خوێندن چووەتە شارەکانی تەورێز و تاران. ئەو لە پاش هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی کە شوێنەواری لەسەر ژیان و ڕوح و ڕەوانی کاک عەلییەوە دانا و کاریگەریی ئەو کارەساتانەی تا کۆتایی تەمەنی پێوە دیار بوو، بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد و لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە.

کاک عەلی کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد و حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەکرد، لەم ساڵانەی دواییدا و لەسەر داوای خۆی شەرەفی ئەندامەتی و پێشمەرگایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێ بەخشرا و بە دوای ئەوەدا وەک ئەندامێکی بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەرکەکانی بەجێ دەهێنا.

کاک عەلی قازی هەرکات کە سەردانی هەرێمی باشووری کوردستانی دەکرد، بە تامەزرۆییەوە دەهاتەوە نێو کۆڕی ڕێڕەوانی ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد و سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دەکرد و بە گەرمی پێشوازیی لێ دەکرا. بەڵام بەداخەوە مەرگ دەرفەتی ئەوەی نەدا کە کاک عەلی ڕزگاری کوردستان و وەدیهاتنی ئەو ئاواتانەی کە پێشەوای مەزن و هەزاران کادر و پێشمەرگە و ڕۆڵەی کورد سەری خۆیان لە پێناودا دانا، بە چاوی خۆی ببینێ و ئەمڕۆ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کۆڕی ڕێبوارانی ڕێبازی دێموکرات کرد.

بەو بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قازییەکان و هەموو ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێگەی پێشەوا قازی محەممەد دەکەین و خۆمان بە بەشداری خەمیان دەزانین.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

١٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی

بە ١٠ی جوولای ٢٠٢٢