بەڕێوەچوونی کوبوونەوەی سیاسی تەشکیلاتی بۆ کۆمیتەکان و بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات

بەڕێوەچوونی کوبوونەوەی سیاسی تەشکیلاتی بۆ کۆمیتەکان و بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات
کۆمیتەی بەرێوبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، کۆبوونەوەیەکی سیاسی تەشکیلاتی بۆ سەرجەم کۆمیتەکانی حیزبی، یەکێتی لاوان و ژنان ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەرەوەی ولات بەرێوە برد.
پاش‌نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی بەرێوبەریی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر کۆمەڵێک باسی سیاسی و تەشکیلاتی، کۆبوونەوەیەکی بۆ بەشێک لە بەرپرسان و ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات بە شێوەی ئۆنلاین پێکهێنا. .
لە کۆبوونەوەکەدا دوای ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان بەڕێز کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند باسێکی تایبەتی سیاسی و تەشکیلاتیی پێشکەش کرد.
بەڕێز کەریمی لە سەرەتای قسەکانی‌دا بە بۆنەی نزیک بوونەوە لە ٢٢ی پووشپەڕ، ٣٣ ساڵەی تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزب و هاوڕێیانی لە وییەنی پێیتەختی وڵاتی ئوتریش بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، باسێکی کورتی لە سەر کەسایەتیی شەهید د. قاسملوو و کاریگەرییەکانی ئەم ڕێبەرە مەزنە لە بوار و قۆناغە جیاوازەکان لە مێژووی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد بە گشتی پێشکەش کرد..
بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەدا بە ئاماژەدان بە بەرز ڕاگرتنی ساڵانەی یاد و بیرەوەریی شەهید دوکتور قاسملوو و باسکردن لە بیر و ئەندێشەکانی ئەم ڕێبەرە ناوەدارە لە کۆڕ و سمینارەکان و هۆگریی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتری خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی سیاسی بە بیر و باوەڕەکانی شەهید دوکتور قاسملوو، باسی لە کاریگەریی کەسایەتیی شەهید قاسملوو و حیزبی دێموکرات لە بزووتنەوەی کورد‌دا کرد.
بەڕێز کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە تایبەت به هێندێک باس و بابەتی تەشکیلاتی بوو، سەرنجی خستە سەر پرسی چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و لەم پێوەندییەدا وێڕای ئاگادارکردنەوەی هاوڕێیانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی پرسی یەکگرتنەوە، سەبارەت بە ئەرکی ئەندامانی حیزب لەم پێوەندییەدا قسەی کرد.
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کاک کەماڵ کەریمی بە وردی وڵامی پرسیار و تێبینیی هاوڕێیانی بەشدار لە کۆبوونەوەکەی دایەوە.