پەیامی خالید عەزیزی بۆ ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست: باشترین چارەسەر بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی پشتگرتنی خەڵکی ئێرانە

پەیامی خالید عەزیزی بۆ ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست: باشترین چارەسەر بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی پشتگرتنی خەڵکی ئێرانە
بەڕێز جۆرج پاپاندریۆ، سەرۆکی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست!
بەرێز لوئیس ئەیالا، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست!
بەشدارانی بەڕێزی کۆبوونەوەی شوڕای ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست!
میوانە بەڕێزەکان!
وێڕای سڵاوی گەرم، زۆرم پێخۆش بوو ڕاستەوخۆ بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیەی شوڕا بوایەم، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک سەرقاڵی و ئەرکی حیزبی نەمتوانی خۆم بگەیەنمە کۆڕی یارانمان لەو ڕێکخراوە بەپڕستیژ و خاوەن پێگەیەدا.
بەڕێزان!
کۆبوونەوەی ئەمجارەی ڕێکخراوەکەمان، شوڕای ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە کاتێکدا دەگیرێ کە کۆمەڵگەی جیهانی بەرەوڕووی کۆمەڵێک شەڕ و قەیرانی جۆراوجۆر بۆتەوە کە هەرکام لەلایەک و بە شێوەیەک، هەڕەشە و مەترسییان لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی جیهانی دروست کردوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران یەک لەو وڵاتانەیە بە شێوازی جۆراوجۆر لە هاوکێشە نێودەوڵەتییە ڕۆژەڤەکانی وەک بەرجام‌دا دەوری سەرەکی دەبینێ و هاوکات هۆکاری بەشێکی بنەڕەتی لە قەیران و ناسەقامگیرییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لە پێوەندی لەگەڵ بەرجام‌دا کە نیشانەی نیگەرانیی زۆر و قووڵی کۆمەڵگەی جیهانی لە شەڕانشۆیی و مەزنیخوازییە ئەتومی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامییە، ئێمە پێشتریش گوتومانە و ئێستاش پێداگریی لەسەر دەکەینەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پرسی بەرجام‌دا خەڵک و کۆمەڵگەی ئێرانی بەبارمتە گرتوە و ئەو کارتە بۆ کات کوشتن و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەی جیهانی بەکار دێنێ بۆوەی لە نێوخۆی وڵاتدا سیاسەتی زەبروزەنگ و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان درێژە پێ بدا و دەسەڵاتی میلیتاری و سەرکوتگەرانەی خۆی بەسەر خەڵکدا مسۆگەر بێڵێتەوە. ئەوەش لە جێی خۆی کە چەکی ئەتومی و تێکنۆلۆژیی مووشەکیی کۆمەڵکوژ شتێک نییە کە خەڵکی ئێران بیانەوێت و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش تەنیا بۆ دەستەبەر و گەرەنتیی دەسەڵاتەکەیەتی کە بەئاشکرا و بەنهێنی و، بە پێشێلکردنی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی دەستخستنی دەدات. بۆیە پێم باش بوو جارێکی دیکەش ڕابگەیەنم کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای بەئاکام گەیشتنی پڕۆسەی ژیاندنەوەی بەرجام یان شکستی دانوستانەکان، ڕێژیمێکی دڵنیا و جێی باوەڕ بۆ کۆمەڵگەی جیهانی و هاوبەشە سیاسییەکانی نییە و بە سەرنجدان بە دنیابینیی ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە ناشتوانێ خاوەنی ئەو پێگەیە بێت. ڕێژیمێک کە دەسەڵاتەکەی بە سیاسەتی بارمتەگیری دەست پێ کرد و بە پاڵپشتی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و باج‌ئەستێنی بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەتا ئێرەی هێناوە، هەتا هەبێ و بمێنێ هۆکاری ناسەقامگیری و قەیرانە لە ناوچە و جیهاندا.
بەڕێزان!
حیزبی دێموکراتی کوردستان بەدرێژایی تەمەنی دێموکراسی ئامانجی بنەڕەتیی بووە. ڕێزگرتن لە پڕەنسیپە نێونەتەوەییە جیهانداگرەکان هەم ئەسڵی نەگۆڕی حیزبی ئێمە و هەم چرای خەبات و تێکۆشانی بۆ دەستخستنی ماف و ئامانجەکانی بووە و لەو پێناوەدا خەباتێکی سەخت و خوێناوی و بەرگرییەکی زۆری لە بەردەم شاڵاوی سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی کردوە. جیاواز لەوەش حیزبی ئێمە قوربانیی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە. د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزب کە لەو مانگەدا یادی ٣٣ ساڵەی تێرۆرکرانی دەکەینەوە، لە ١٣ی جولای ١٩٨٩دا و لە کاتێکدا بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لەگەڵ نێردراوانی کۆماری ئیسلامی کۆ ببۆوە، لەسەر مێزی دانوستان لەلایەن ئەو دیپلۆمات ‌تێرۆریستانەوە تێرۆر کرا. سێ ساڵ دواتر د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری حیزبەکەمان کە بۆ بەشداری لە کۆنگرەی ١٩ی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست لە وڵاتی ئاڵمان بانگهێشت کرابوو، شەوی ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ و دوو ڕۆژ دوای تەواوبوونی کۆنگرەی ئێس ئای لە بڕلین، لە ڕیستورانتی مێکونووس کەوتە بەر دەستڕێژی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەهید کرا. هەر لەم ساڵانەی دواییشدا کۆبوونەوەی ڕێبەریی ئەو حیزبە دێموکرات و ئاشتیخوازە کە ئەندامی ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستە، لە ڕۆژی ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨دا کەوتە بەر هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەم پەلامارە تێرۆریستییەشدا ١٦ تێکۆشەری ئەم حیزبە شەهید کران کە شەش کەس لەوان ئەندامی ڕێبەریی حیزبەکەمان بوون.
بەشدارانی بەڕێزی کۆبوونەوەی شوڕای ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست!
خەڵکی ئێران و لەنیو ئەواندا بە تایبەت کوردەکان زیاتر لە چوار دەیەیە لە خەباتێکی سەخت و دژوار بۆ مافەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بەربەرەکانی‌دان. ئێمە لەو باوەڕەداین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستاش ‌وێڕای پاڵپشتی لە تێرۆریزم، قەیرانخوڵقێنی و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان و نائەمنکردن ناوچەکە بۆ متمانەپێکردن نابێ. بۆیە ئەمن داوا لە شوڕای ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست دەکەم پشتیوانی بزووتنەوە ئێعترازییەکانی گەلانی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی بەگشتی و، بەتایبەتی جووڵانەوەی مافخوازیی کورد لەو وڵاتە بێت. حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێک بە ڕابردووی زیاتر لە حەوت دەیە خەبات و تێکۆشان کە باوەڕی قووڵی بە پەیماننامە و پرەنسیپە جیهانداگرەکان مافی مرۆڤ هەیە لەسەر ئەو باوەڕەیە، کە باشترین چارەسەر بۆ تێپەڕین لە هەڕەشەی بەردەوام و هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچە، پشتیوانی‌کردن لە بزووتنەوەی مەدەنیی کۆمەڵانی خەڵکە لە پێناو گەیشتن بە مافەکانی ئینسانی و دیموکراتیکی خۆیاندا و هێنانەسەرکاری ڕێژیمێک، کە لە نێوخۆی وڵاتدا دێموکراتیک بێت و شەرعییەت و پاڵپشتیی گەلانی ئەو وڵاتەی لەپشت بێت و؛ لە دەرەوەی وڵاتیش حکوومەتێکی دەروەست و هاوبەشێکی دڵنیا بۆ کۆمەڵگەی جیهانی بێت.
لە کۆتاییدا داوا لە هاوڕێیان و هاوئامانجەکانمان لە ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست، بەتایبەت گرووپی کاری کوردان دەکەم کە دەوری کاراتر لە پرسە هەستیار و ڕۆژەڤەکانی ناوچەدا بگێڕن و بە گوشار خستنەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتیدەری چارەسەری پرسی کورد لەم وڵاتە و، لە هەمان کاتدا پشتیوانی پرسی ڕەوا و دێموکراتیکی کورد لە وڵاتانی دیکەی دراوسێی بن.
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان