ئەو سەرکردانەی مێژوو درووست دەکەن و لە هەگبەی دیرۆکدا دەدرەوشێنەوە، نموونەی دوکتۆر قاسملوو

ئەو سەرکردانەی مێژوو درووست دەکەن و لە هەگبەی دیرۆکدا دەدرەوشێنەوە، نموونەی دوکتۆر قاسملوو

نووسینی عارف باوەجانی
مڕۆڤە نموونەکان وجێگرتووەکانی ناو لاپەڕەکانی مێژوو، لە٢ قۆناغی جیاوازدا بەرچاودەکەون.
یەکەمیان: ئەوانەن کە نیشتمانیان داگیرکراوە و لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەیان، و ئاشتی و ئارامی بۆ جیهان لە تێکۆشاندا دەبن. لەو جۆرە خەبات و بەرخۆدانانەدا دەبنە نموونەیەکی نێونەتەوەیی بۆ گشت ئازادی و ڕزگارییخوازان.
دووەمیان: ئەو جۆرە مرۆڤانەن کە وڵاتیان ئازاد و سەربەخۆییە، بەڵام ئەوانە دەبنە داهێنەری بوارەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤایەتی. کە لە هەردوو بەشدا بە دەیان و سەدان کەس خزێندراونەتە نێو لاپەڕەکانی دیرۆکی مرۆییدا.
لە کوردستانی بە زۆر داگیرکراو پارچە پارچەکراوی ئێمەشدا: لە هەر بەشەو چەندین کەس و کەسانی شارەزاو لێزانی تێدا هەڵکەوتووە، و بەشێکیشیان بوونەتە کاریزمای سەردەمی خەباتی نەتەوەیی. لەوانە بەشێکیان لە ژیاندا نەماون و ڕێبازییان هەر زیندووە. هەروەها بەشێکی دیکەیان هەر لە نێو سەنگەری خەباتدان و لە ئاست کوردستان و جیهاندا جێگەی پێگەی خۆیان هەیە و هیوای تەمەندرێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
لە بەشی خۆرهەڵاتی نیشتیماندا: لە پاش پەلاماردانی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان، و کپ بوونەوەی خەباتی نەتەوەیی چەند ساڵێک لەو سەردەمەدا. بەڵام بە دەرکەوتنی کەسێکی شارەزاو خوێنەوار لێزانی سەردەمی تەنگانەی گەلەکەمان، وەک دوکتور “عەبدولڕەحمان قاسملوو” پووختەو پۆشتەیی و ڕووناکییەک دەخاتە نێو خەباتی سیاسی و دیپلوماسی و نەتەوەیی گەلەکەمان، کە لە ئێستا و سەدانساڵی دیکەشدا مێژوو ناتوانێت نکۆڵی لێبکات.
لە خۆڕا نییە کە بەو کەسە دەڵێین سەرکردەیەکی ژیرو لێزان، چوون بەڕاست دوکتۆر قاسملوو لە سەردەمی خۆیدا، واتە لە کاتەکانی پڕ لە جەنجاڵی ناوچەکانی ئوروپا و ئەمریکا و خۆرهەڵاتی ناڤینی تەنراو لە جیهانی جەمسەری ئیمپرالیزم و سوسیالیزم، یا کۆمۆنیسم وکاپیتالیزمدا.
لەو سەردەمە ئاڵۆزەدا ئەو سەرکردە کوردە لێزانە! دەیزانی چۆن دۆست و پشتیوانی بۆ گەلەکەی بە دەستبهێنێت، و چۆن کاروانی پێوەندییەکەی لەو نێوەنجەدا ڕاگرێت و بە هیچ لایەکەدا لاری نەکاتەوە، ببێتە هۆکاری ئەوەی کە لایەنی دیکە دەرگای لێنەکەنەوە.
زۆر زانستیانە و شیکارانە لە هوونەرەکانی گوونجاندنی سیاسەتی سەردەمدا هەنگاوی دەنا. هەرچەند بیرکردنەوەی خەباتەکە لە نیمچە چەپیدا بوو، بەڵام جوڵانەوەی نەتەوەکەی نەکردبووە قوربانی ئایدولۆژیای گشتگیری سەردەم، و بگرە بە شۆرشێکی نەتەوەیی وڕزگاریی نیشتیمانی، هەم بە گەلەکەی و هەم بە دونیای دەرەوەشی دەناساند، و هاواری داگیرکراوی وڵاتەکەی بەگۆی جیهاندا دەگەیاند. من زۆرجار ئاماژەم بەوە کردووە کە دەبێت هەڵسەنگاندنەکانمان لە سەر سەرکردە وتێکۆشەرانمان، بە پێی سەردەمانی هەلومەرجەکانی قۆناغەکانی خەباتدا بێت.
گرنگی وئازایەتی و بوێری و لێزانی ئەو مڕۆڤانە لەو سەردەمانە دەردەکەوێت کە ئاستەنگییەکان چەندە زۆر بوون، ناکرێت سەردمی سەدەکانی ١٨و١٩ و٢٠ لەگەڵ سەردەمی ئێستای٢٠٢٢ بەراورد بکرێت. بیر لە جۆری سیاسەت وشیکارییەکانی زیاد لە٥٠ساڵ پێشتر بکەنەوە. واتە لەو سەردەمانەی کە لە پاش تێکچوونی کۆمارە جوانەمەرگەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەلی کورد وێرای بوونی سەدان تێکۆشەری ماندوو نەناس لە شار وشاخەکاندا، بەڵام بە هۆی نەبوونی چاوساغێکی سیاسی کە جووڵێنەری شۆرشەکە ببێت لە ئاست نێوخۆی و نێونەتەوەییدا، بۆشاییە گەورەکە بە دیدەکرا.
بە تایبەتیش لە سەردەمانی سەرهەڵدانی شۆرشی سەرتاسەری و گۆڕینی ڕێژیمی شاهەنشایی، ناوچەکان بەرەو ئاڵۆزی و سیستەمێکی زۆر جیاوازتر دەڕۆیشت، کە مخابن زۆری نەخایاند ئاکام و بەرهەمی ئەو شۆڕشە بەرەو ئاقارێکی دیکتاتۆری لە ژێر ناوی ئاییندا گیرسایەوە. دیسانەوە بە ناچاری و بۆ بە دەستهێنانی مافی ڕەوای گەلی کورد، خەباتی چەکداری لە شاخەکاندا دەستی پێکردەوە. بەڵام بە لێهاتوویی و شارەزایی دوکتۆر قاسملووی تێکۆشەری نێو مێژووی وڵاتەکەمان، شۆڕشەکە لە ئاست جیهان و گەلانی ناوچەکە دەنگی دایەوە. هەروەها لە بوارەکانی پێوەندی و دێپڵۆماسی و شارەزایی سیاسەت وپەروەردەیی کادیران، و دابینکردنی یارمەتی لۆجیستیکی و پزشکی بۆ هەزاران پێشمەرگە و بنەماڵە! توانایی و ژیری دوکتۆر قاسملووی سەلماند.
هەم مێژووەکان هەم بەرهەم و بەڵگەکان پێمان دەڵێن، کە بە سەرهەڵدانی دوکتۆر قاسملوو لەو سەردەمانەدا، ئەو بۆشاییە گەورەییە کە لە خۆرهەڵاتی نیشتیمان دەبینرا، پڕکراوەتەوە.
ڕۆڵی ئەم شەهیدە سەرکردە، لەو سەردەمانەی پاش کۆمار بەگشتی، و لە ساڵانی١٩٧٩تا١٩٨٩ واتە کاتی شەهید بوونەکەشی، ڕۆڵێکی گەورەی لە ئاست کوردستان و جیهاندا هەبووە. هەربۆیەش ئەو ڕێژیمە دڕندەو دژی ئازادی ودژی مافی گەلی کوردو گەلانی دیکەی بندەست، لە ماوەی ئەو١٠ساڵە لە هەوڵی شەهیدکردنی ئەو سەرکردە نموونەیەی گەلی کوردا بووە.
پێویستە ئەوە بزانین کە بوونی ئەو جۆرە مرۆڤانە، لە ڕۆژانی تەنگانەو پڕ لە ئاستەنگ لە سەر ڕیگەی خەباتکردندا. سەرمایەیەکی گەورەی نەتەوەیی بوون، بۆیەش هەرگیز مێژوو ناتوانێت لە یادیان بکات. ئەمەش تەنیا بۆچونێکی سۆزداری من یا هیچ کوردێکی دیکە نییە بۆ ئەو سەرکردەیە، بگرە بەڵگە گرنگەکانی باڵوێز و کۆنسۆلگەرییەکانی وڵاتانی جیهانی. دەیان و سەدان پەرتووک وتار و وێنەو ڕۆژنامە و گۆڤاری مێژوویین، کە ئەو ڕاستییانە دەسەلمێنن.
هەمیشە پرشنگدار بێت یادت ئەی سەرکردەی شەهیدی نەتەوەیی.
عارف باوەجانی/ سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.
پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی. یولای ٢٠٢٢ی زائینی